لە ژێر سایەى دەسەڵاتە دۆزەخییەكاندا
لە ژێر سایەى دەسەڵاتە دۆزەخییەكاندا
رێبوار رەزا چوچانى
سەردەمێك كە بەهاى مرۆڤایەتى و خەون و ئومێدەكانى مرۆڤ، لەسەر زەمێنێكى لێوڕێژ لە مەرگ و لە ژێرپێى گەندەڵەكاندا بە دواى هەناسە كوژراوەكانى خۆی بگەڕێت، سەردەمێك كە حورمەتە ئینسانییەكان بوونیان نیەو كەرامەتى مرۆڤ سەوداى پێوە دەكرێت و لە بازاڕى گەندەڵیدا موشتەرى بۆ پەیدا دەكرێت و مرۆڤ وەك كاڵایەك بازرگانى پێوە دەكرێت و هەمووشمان بەشێك لە رسواییەتییەكانمان بەردەكەوێت، چونكە لە بەرچاوماندا ئیهانە بە مرۆڤ دەكرێت و تیرۆرى رۆحى مرۆڤ و كەسایەتییەكەى دەكرێت، یان ناچارى هەڵهاتن دەكرێت لەسەر زەمینى لە دایكبوونیەوە بەرەو بەهەشتێكى وەهى و تواناى زار كردنەوەمان نیە، بۆیە ئیتر باسكردن لە عەدالەتى كۆمەڵایەتى و بەهاو حورمەتى ئینسانى، لە باسكردنى نەهامەتییەكانى رێى مرۆڤایەتى و ژێرپێنانى سەنگى مرۆڤ زیاتر هیچى تر نیە، كاتێك مرۆڤ شاهێدى كوشتنى خەونەكانى خۆى بێت، ژیانیش وەك دۆخێكى دژوارى بن دەستى دەسەڵاتە دۆزەخییەكان دەبینێت، كاتێك گەندەڵى خۆى دەخزێنێتە ناو ئەخلاقیاتى مرۆڤ و مرۆڤ ناچار دەكات، كە بیر كردنەوەى گەندەڵ و باڵاكردنى ئەخلاقیاتى گەندەڵ و روانین و بینى ژیانى گەندەڵ زاڵ بێت بەسەر رەهەندەكانى ترى بیركردنەوەیدا، ئەوكات مرۆڤ هەوڵى دروستكردنى فەزایەكى بەرتەسك دەدات، كە جگە لە دنیاى ماددى، ناتوانێت ئاراستەكانى ژیاندۆستى و بیركردنەوە لە رەها بوونى عەقڵ و بەرفراوانكردنى دنیابینییەكانى و بیركردنەوە قوڵەكانى، بكاتە مانیفێستەكانى خۆى، ئەو سەرزەمینانەى كە بونەتە بەهەشتى عەقڵە كۆنزەرڤاتیڤەكان، كە ئەو عەقڵانەش كە تاكە پرۆژەیان، هەوڵدانە بۆ باڵاكردنى بیركردنەوە چەقبەستووەكان و وێناكردنەوەى ناشیرینییەكان و كاركردن بۆ دەستەبەسەرداگرتنى شكۆى بەشەرى و لە گۆڕنانى خەونەكانى مرۆڤ، ئەو عەقڵانەى تاكە ئامانجیان پیرۆز كردنى دنیایەكى ناشیرینە، كە مرۆڤ لە ناویدا جگە لە بونەوەرێكى كڵۆڵ، لە هیچ كەناڵێكى ترەوە ناتوانێت، مانیفێستى هەستە ئینسانییەكانى خۆى بكات، ئەو سەرزەمینە جگە لە دۆزەخێك بۆ مرۆڤەكانى، ناتوانێت سەرزەمینێك بێت بۆ دروستكردنەوەى مرۆڤى ئازاو ئازاد، كاتێك مرۆڤگەلێكى سەردەستى كۆمەڵگا لەسەر خوانێكى گەندەڵ كۆ دەبنەوە و تاكە پرۆژەیان، سوركردنى كەڵبەكانیان بێت بە خوێنى میللەت و ئامانجیان وێرانكردنى ژیان و رەهەندە فیكرى و ژیانییەكانى ئەوانى تر بێت، تاكە مەبەستیان تاڵانكردنى وڵات و دەستبەسەرداگرتنى بیركردنەوەى مرۆڤ و بە كۆیلەبینیى ئەوانى تربێت، ئەو كۆمەڵگایە بەر نەفرەتەكانى ژیان و خواوەندە رەمزییەكانى دەسەڵات دەكەوێت، ئەوكاتەى مرۆڤ جگە لە تلانەوەى لە ناو ئازارە خۆ كردەكانى، نەیتوانى هێماكانى ترى ژیان بدۆزێتەوە، تاكە ئامانجى باڵاكردنى عیشقى مەرگدۆستى دەبێت لە ناو بیركردنەوەكانیدا، مرۆڤ لە ژێر سایەى دەسەڵاتە دۆزەخییەكاندا، بە دواى ئومێدەوە نابێت تا ژیان پڕكات لە جوانى، چونكە لە ئەزەلەوە هەنگاوەكانى تواناى بڕینى رێگایان نیە بەرەو ئومێد، تاكە ئامانجى مرۆڤ لە ژێر سایەى دەسەڵاتە دۆزەخییەكاندا، تەنهاو تەنها هەڵاتنە، هەڵهاتن لەو دۆزەخەى كە تێیدا دەژى، بەرەو ئەو بەهەشتە وەهمییەى كە لەناو خەیاڵیدا بونێكى رەمزى هەیە، ئەو جۆرە لە هەڵهاتن بەشێكە لە پرۆسەى وەگەڕخستنەوەى ئومێدە فەوتاوەكانى مرۆڤ، كە لە سەرزەمینە دۆزەخییەكەى خۆیدا لە ناو براوە، گەڕان بە دوا سەرزەمینێكدا كە لە ئەزەلەوە سەرزەمینى لە ناوبردنى رۆحى مرۆڤە لەناو ئازارەكانى غوربەتدا، كە بە تاڵاوى تەنیاییەوە دەست پێدەكات و لە داڕزاندنى رۆحى مرۆڤدا كۆتاییى دێت، خۆی لە خۆیدا نیشاندانى روى راستى سەرزەمینێكە كە مرۆڤ لەسەریدا، جگە لە دیلێكى بێڕۆح و بىَ ئومێد، كە تاكە بیركردنەوەى جگە لە شاهێدیدانى رۆژى كوشتن و لە سێدارەدانى خۆى، ناتوانێت وەك مرۆڤ خۆى ببینێت، چونكە مرۆڤ كاتێك لە سەرزەمینى خۆیدا بەرەو سەرزەمینێكى تر هەڵدێت، ئەو كات لە نێوان دوو دنیاى جیاواز و دوو فەزاى جیاوازدا، بە دواى كەلاكى رابردووەكانى خۆیدا دەگەڕێت و بەسەر تەرمى ئومێدەكانى خۆیدا هەنگاو دەنێت، ئەو سەرزەمینەى كە جێیدەهێڵێت، جگە لە یادەوەرى سەرزەمینێكى تیاچوو، ناتوانێت ببێتە بەهەشتێكى واقیعى بۆى، چونكە پیاوە خوا پێداوەكان تێیدا وەك راوچى، بە دواى رۆحى مرۆڤەوە وێڵن تا دەستگیرى بكەن و بیفەوتێنن، بۆیە دۆزەخێكیش ناتوانێت ببێتە سەرزەمینێك، كە مرۆڤ تێیدا باڵا بكات، دۆزەخێكى لە بن نەهاتوو، ناتوانێت وەك بەهەشتێك لە ناو زاكیرەى مرۆڤدا خۆى بهێڵێتەوە، مرۆڤ لە ناو هەناوى ئەو جۆرە سەرزەمین و دەسەڵاتە دۆزەخیانەدا، هەموو پەلە قاژەكانى بۆ دۆزینەوەى بەهەشێك دەبێت، ئەگەر وەهمیش بێت، بەرەو ئەوىَ هەڵبێت و خۆى لە ئازاردانى مەلیكەلمەوتەكانى دۆزەخەكەى خۆى، خۆى قوتار كات و رۆحى بپارێزێت.
تێبینى:
ئەم نوسینە لە ژمارە ( 484)ى رۆژى 24/ 12/ 2008 ى رۆژنامەى هاوڵاتی بڵاوكراوەتەوە.
rohani1983@gmail.com