
ئه‌زموونی بێماڵیی و شیعرییه‌تی به‌رهه‌ڵستکاریی…1
ئه‌زموونی بێماڵیی و شیعرییه‌تی به‌رهه‌ڵستکاریی
راڤه‌یه‌ک له "ژیانێک له ماڵێکی به کرێ ده‌گه‌ڕێ"ی رابه‌ر فاریق
هه‌ندرێن
ده‌روازه‌یه‌ک
"ژوورەكەم،
ئێستە، هیچی بیر نەماوە
جگە لە قاپەكانی سەر مەغسەل و
تەنافە قەمبوورەكە و
تەشتە جلە نەشۆردراوەكانی خۆی نەبێ.
ژیان بەبێ ئەم ژوورە بێ خانووە…" (رابه‌ر فاریق)
دهروهزهیهک
ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر کۆشیعرێک، "ژیانێک به دوای ماڵێکی به کرێ ده‌گه‌ڕێ" هاوپێچکراو له‌گه‌ڵ نامه‌یه‌کی ئه‌لکترۆنیم به ده‌ست گه‌یشت. نووسه‌ری کۆشیعرهکه، رابه‌ر فاریق بوو. به‌ڵێ، له‌و نامه‌یه‌دا شاعیری ئه‌و کۆشیعره له من ده‌خوازێ تێگه‌یشتنی خۆم له‌مه‌ڕ ئه‌زموونی ئه‌و "ژیان"ه، کۆشیعره‌ی وی بنووسم که هێشتا به‌ده‌م "گه‌ڕان"، پرۆسه‌ی بووناندن، یان به کرێگرتنی "ماڵ"ه‌که‌یه‌تی. لێره‌دا گرفته‌که ئه‌وه‌یه، که من به گشتی نه ئه‌و چێژه سروشتییه له ده‌قێکی شیعریی و بگره تیۆرییش له سه‌ر شاشه‌ی کۆمپیوته‌ره‌وه وه‌رده‌گرم و نه چاوه‌کانیشم له‌بارن بۆ ئه‌و گفتوگۆیه بێده‌نگییه‌ی که ده‌خوازێ له نێوان خۆم و ئه‌و جۆره ده‌قانه‌دا رووبدات. بۆیه زۆر جار که هاوڕێیه‌کی نووسه‌ر یان هه‌ر نووسه‌رێکی تر که ده‌قه‌کانیان بۆ من ده‌نێرن، تووشی نیگه‌رانی ده‌بم. به کورتی بۆ من ئاسان نییه له شاشه‌ی کۆمپیوته‌ره‌وه له سرووتێکی روحیی و جه‌سته‌ییدا تێکه‌ڵاوی ده‌قێکی شیعریی یان هه‌ر ده‌قێکی تری هیدڵیی بم. خوێندنه‌وه‌ی ده‌قێکی شیعریی، به تایبه‌تی کۆشیعرێک که نووسه‌ره‌که‌ی، یان ره‌هه‌ندێکی ده‌قه‌که‌ی هانمدهدا راشکاوانه تێگه‌یشتنی خۆمی له‌باره‌یه‌وه بنووسم، گه‌ره‌که له نزیکه‌وه هه‌ست به تام و بۆن، نهێنییه‌کانی ناوه‌کی ئه‌و ته‌رزه ده‌قه بکه‌م. گرفتی خوێندنه‌وه له شاشه‌ی کۆمپیوته‌ره‌وه بریتییه له خوێندنه‌وه‌یه‌کی دێجیتالیی. مرۆ به‌و ته‌رزه خوێندنه‌وه‌یه نه‌ک هه‌ر ناتوانێت رۆبچێته ناو راڕه‌وه‌کانی جه‌سته‌ی ده‌ق، به‌ڵکو مه‌رجه ته‌کنیکییه‌کانیش چاوه‌کانی خوێنه‌ره‌وه جڵه‌و ده‌که‌ن. بۆیه ئاستی ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه به گشتی رووکه‌ش یان تێپه‌ڕه و زووش له بیر ده‌چێته‌وه. که‌واته، له کن من، هێ له‌و نزیکایه‌تییه‌ی نێوان من و ده‌ق، ئه‌و خوێندنه‌وه چاوه‌ڕوانکراوه به‌رجه‌سته نابێته‌وه.
له ئاکامی ئه‌وه‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی له نزیکه‌وه بچمه ناو جیهانی ئه‌و "ژیان"ه‌وه که سۆراغی "ماڵ"ێک ده‌کا، ناچار بووم چه‌ند ده‌قێک له‌و کۆشیعره بخه‌مه سه‌ر کاغه‌ز که ده‌بوو هۆگرانه له نزیکه‌وه بیانخوێنمه‌وه. به‌ڵێ، ئه‌وه‌ی که له راڕه‌وی زمانی ئه‌و چه‌ند شیعره کۆپیکراوانهی سه‌ر کاغه‌ز سه‌رنجیان کێشکردم، شێوازی هونه‌ری زۆر نوێی ئه‌و شیعرانه نه‌بوون، به‌ڵکو ره‌هه‌ندی ئه‌و بێماڵیی؛ نیهیلیستیی؛ بێباکیی؛ ته‌نیایی ناوه‌کیی؛ بێبنهماییه بوون له خاکی ئه‌و ئه‌زموونه شیعرییه‌دا. راستییه‌که‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌و ره‌وشه نیهیلیستیی و روحه بێماڵییهی که ئاماژه‌م پێکردن، وه‌ک دۆخێکی باڵاده‌ست، روحی ئه‌و نه‌وه گه‌نجه و جڤاکیی ئه‌مڕۆی کوردستانی سیخناخکردوو.
به‌ڵێ، ئه‌و کۆپله شیعره‌ی که کردمان به ده‌ستپێکی رێگای سه‌فه‌ره‌که‌مان به‌ره‌و ناسینی جیهانی ئه‌و شوێنپێیانه‌ی که ئه‌زموونی ئه‌و "ژیان"ه له گه‌ڕان به دوای "ماڵ"ه که‌یدا ئاپۆره‌یان ده‌کا، کرۆکی ئه‌زموون، چڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه بێمالیی و روحه نێهێلیستییه ناوه‌کییه‌ی رابه‌ر فاریق و کۆی ئه‌و مرۆڤه روح سه‌هه‌نده، بێڕهچهڵهک و پشت له ئاکاری چاکه کردووه‌ی جڤاکی کوردیی راده‌گه‌یه‌نێت. لێره‌وه ئه‌و کۆشیعره له ئاستێکی ئۆنتۆلۆژیی (بوونناسیی)ه‌وه سه‌رنجی منی بۆ وێنه‌ی ئه‌و روحه سه‌رگه‌ردانییه‌ی مرۆڤی کورد کێشکرد که دوای رمانی رژێمی به‌عس و باڵاده‌ستی ته‌کنیک گیرۆده‌ی بووه.
له‌و ناوکۆییه‌وه، جێگه‌ی خۆیه‌تی ره‌خنه‌یه‌کی ئێتکی ئاراسته‌ی نائاگایی و خه‌مساردیی ره‌خنه‌ی کوردیی و به‌شی زانسته مرۆییه‌کان، به تایبه‌تیش به‌شی ئه‌ده‌ب و زمان و کۆمه‌ڵناسی زانستگاکانی کوردستان بکه‌ین. دیاره ئه‌وه ئه‌رکی پرۆگرامه‌کانی خوێندنی ئه‌و به‌شانه و خوێندکارانهیهتی به‌رێگای ئه‌زموونی ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌کانه‌وه، خوێندنه‌وه‌ی فره ره‌هه‌ند بۆ ئه‌و دۆخه بێماڵیی و باڵاده‌سته نیهیلیزمه پیشکه‌ش بکات که ئه‌مڕۆ به‌رۆکی ئه‌و نه‌وه گه‌نجه و مرۆی کوردیی گرتووه.
له‌و دیده‌وه، پرسیار ئه‌وه‌یه: گه‌لۆ ده‌کرێ ئه‌و کۆشیعره، ئه‌زموونی ئه‌و "ژیان"ه بێماڵهی رابه‌ر فاریق دابڕاو له‌و دۆخه هاوبه‌شه‌ی بوونی کورد بخوێنینه‌وه؟ ئاخۆ کرده‌ی شیعریی گه‌وهه‌ری بوونی زمانێک- بوونی کوردییه یان ته‌نیا کرده‌ی بوونی تاکێکی گۆشه‌گیره له‌و کۆ-بوونه‌ی که له زمانه‌که‌یدا ئاماده‌یه؟
به‌ڵێ، به ده‌م خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و کۆشیعرهوه شهپۆڵگهلێک له‌و ته‌رزه پرسیار و گومانه به‌ناو زه‌ینمدا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. هه‌ڵبه‌ت به‌های ده‌قێکی ئه‌ده‌بیی، شیعریی له‌وه‌دایه که هانمان ده‌دا به رێگای هه‌ڵکۆڵینه‌وه بگه‌ین به ده‌ڤه‌ره داپۆشراوه‌کانی هه‌ناوی زمان، تاکوو له‌وێدا ئه‌زموونه نادیار و نه‌گوتراوه‌کانی بدۆزینه‌وه و ئاوه‌ڵای بکه‌ینه‌وه.
له‌و دیده‌وه، سه‌رچاوه‌ی ئه‌و راڤه‌کارییه، خوێندنه‌وه‌ی من بۆ پرسی ئه‌و ره‌هه‌نده بێـماڵیی و نیهیلیستییه ده‌گه‌ڕێته‌وه که له هه‌ناوی ئه‌و کۆشیعره‌دا له زاو زێدایه. له‌بۆیه ئامانجی ئه‌و نووسینه رێکردنه به‌ره‌و ئه‌و بنه‌ما و ره‌هه‌نده بێماڵیی و نیهیلیزمییهی که له راڕه‌وه‌کانی جیهانی ئه‌و کۆشعرهدا له جمه و فراژاندایه. که‌واته په‌رۆشی ره‌هه‌نده شیعریی و جوانناسییه‌کانی ئه‌و کۆشیعره، ئه‌رکی سه‌ره‌کی ئه‌و نووسینه نییه. چونکه راستییه‌که‌ی ئه‌وه‌ی که زمانی منی به گۆهێنا، سه‌ره‌تاتکێی ئه‌و خه‌می بێـماڵیی و گمه‌ی ئه‌و روحه نێهیلیستییه بوو له‌و کۆشیعره‌دا. دیاره، له کن من، به‌های خاکی ده‌قێکی ئه‌ده‌بیی به گشتیی و ده‌قێکی شیعرییش به تایبه‌تی له‌وه‌دایه، که هه‌ڵگری رۆشناییه‌ک، تۆوێکی هزریی بێت. لێره‌وه به‌های ئه‌و کۆشیعره ئه‌وه‌بوو، که به‌ره‌و سه‌فه‌ری ئه‌و خاکه هزرییه بانگهێشتی کردین.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م نووسینه به هۆی گرفتی کات، مه‌رجی ئه‌و "ژیان"هی که به دوای ئه‌رکه داسه‌پێنراوه‌کانی، بێماڵییه‌وه سه‌رقاڵه، بواری نییه، به مه‌یلی خۆی، به رامانێکی فره‌ده‌نگییه‌وه ئه‌و کرده‌ی هه‌ڵکۆڵینه فره ئاقاره، ناوکۆیی (کۆنتێکست)ه کوردییه بخوێنێته‌وه که ئه‌زموونی "ژیانێک به دوای ماڵێکی به کرێ ده‌گه‌ڕێ" هه‌ڵگریه‌تی یان ئاوێنهیهکییهتی. بۆیه کاتێک ئه‌م نووسینه راڤه‌کانی له‌سه‌ر ره‌هه‌ندی "بێماڵیی" به کرده‌ی "به‌رهه‌ڵستکاریی" ده‌به‌ستێته‌وه، مانای فه‌رامۆشکردنی ره‌هه‌ندی زمان و جوانناسیی له‌و کۆشیعره‌دا نییه، به‌ڵکو خودی ره‌هه‌ندی بیرلێکراوه، جه‌ختکردنه‌وه‌یه‌که له دیوه جوانناسیییهکانی تری زمانی ئه‌و کۆشیعره‌دا.
به‌مجۆره ئه‌م نووسینه به ده‌م رێکردنه‌وه، هه‌وڵده‌دا شوێنپێیه‌کانی دیمه‌نی شارێکی شه‌كه‌ت، کۆڵانه تاریک، رووخساره راماو، پێشهات، روحی جڤاکێکی گه‌مارۆدراو به ژیانێکی نیهیلیستیی و… تاد بچنێته‌وه که ئه‌و "ژیان"ه به‌ده‌مڕێوه به‌ره "ماڵ"ه‌که‌یه‌وه له دوای خۆیدا دیمه‌نه ناوه‌کییه دڕدۆنگهکانی ئاپۆڕه ده‌کا. به کورتی ورووژاندن و به گۆهێنانی ئه‌و ره‌هه‌نده "بێماڵیی" و "به‌رهه‌ڵستکاریی"ه، په‌رۆشی سه‌ره‌کیی ئه‌م نووسینه‌یه.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر نووسین، وه‌ک پرۆسه‌ی بوون، سه‌فه‌رێکی هه‌میشه به‌ڕێوه بێت، که‌واته ده‌کرێ ئه‌و نووسینه‌ش وه‌ک شوێنپێیه‌ک له‌و پرۆسه‌ی بووناندنهوهی دیمه‌نگه‌لێک له شوێنپێیه‌کانی سه‌فه‌ره‌کانی ئه‌و کۆشیعره بخوێنرێته‌وه. به واتایه‌کی تر: وه‌ک چۆن سه‌فه‌ری "ژیانێک به دوای ماڵێکی به‌کرێ ده‌گه‌ڕێ" شوێنپێگهلێک له ئه‌زموونه‌کانی ژیانی و دۆخه‌که‌ی له دوای خۆیدا بۆ خوێنه‌ر ئاپۆره و نمایشده‌کا، به هه‌مان شێوه‌ش ئه‌م نووسینه له پرۆسه‌که‌یدا به‌ره‌و بووناندنی زمانه‌وه ته‌رزه شوێنپێگهلێکی تر له پرسی "بێماڵیی"، "نیهیلیزم" و شیعرییه‌تی "به‌رهه‌ڵستکاریی"، له دوای خۆیه‌وه به‌جێده‌هێڵێت.
به دیوێکی تریشه‌وه، له کن من، ئاخاوتن له ده‌قێکی ئه‌ده‌بیی هێنده‌ی مه‌یلی دۆزینه‌وه‌ی خاكێکه بۆ دۆستایه‌تی نێوان هزر و ئه‌ده‌ب، ئه‌وه‌نده ئاخاوتن نییه له‌مه‌ڕ کۆی جیهانی ئه‌و ده‌قه شیعرییه و په‌سندانی کۆپله‌یه‌ک له‌وێ، وێنه‌یه‌کی شیعریی لێره و جوانی زمان یان سه‌رکۆنه‌کردنی هه‌ڵه‌ی رێزمانیی و … تاد نییه. لێ هاوکاتیش ئه‌وه ده‌سه‌ڵاتی ئاوازی زمان و جوانناسیی شیعرییه که به زایهڵهکانییهوه، خاکی ئه‌و دۆستایه‌تییه‌ی نێوان شیعر و هزره ده‌ئافرێنێ و ئاوه‌ڵا ده‌کاته‌وه.
به‌هه‌مه حاڵ، ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی نووسین، وه‌ک پرۆسه‌ی بوون، سه‌فه‌رێکی هه‌میشه به‌ده‌مڕێوه بێت، که‌واته ده‌کرێ خوێنه‌رانی تر، ئه‌و ره‌هه‌ندانه‌ی که له‌و کۆشیعره‌دا فهرامۆشمکردوون به‌سه‌ر بکه‌نه‌وه که مه‌یلیان لێیه‌تی. هه‌روه‌ک خوێنه‌ر ده‌توانێ ئاسۆیه ناڕۆشن، ساتی خافڵان، تشته نه‌گوتراوه‌کانی خودی ئه‌و نووسینه‌ی منیش هه‌ڵسه‌نگێنێته‌وه و به‌ره‌و ئاقارێکی تر ئاراسته‌ی بکاته‌وه. لێره‌وه کاری چاکه‌ی ئه‌و کۆشیعره ئه‌وه‌یه، که بوارێکمان بۆ ده‌ڕخسێنێ تاکوو بتوانین به‌ره‌و سه‌رچاوه و نهێنییه‌کانی ئه‌و بێماڵییهی که له خاکی ئه‌و کۆشیعره‌دا ئاماده‌یه رۆبچین. جێگه‌ی ئاماژه‌یه، که ئه‌و دۆخه له بێماڵییهی که له‌و کۆشیعره‌دا باڵاده‌سته هه‌ر ته‌نیا دیارده‌یه‌کی ده‌ڤه‌ریی، یان ئه‌زموونی رابه‌ر فاریق نییه، به‌ڵکو ئاکامگیرییهکیشه له‌و دۆخه‌ی بزۆکه، دێجیتالییه جیهانگیرییه‌ی که ئه‌مڕۆ مرۆڤی له "بێ-شوێن"ییدا هه‌راسان کردووه. ئه‌وه به‌خشنده‌یی شیعره که ئه‌رکی ده‌ستپێوه‌گرتن به‌و دۆخه و بیر کردنه‌وه له‌و ژیانه بێ-ماڵه به یاد ده‌هێنێته‌وه.
به‌مجۆره دوای ئاماژه‌یه‌کی خێرا به چه‌مکی "بێماڵیی" و "جێنشینبوون" وه‌ک ره‌هه‌ندێک له بیرکردنه‌وه و بوون، په‌یوه‌ندی ئه‌و بێماڵیی و بێخانووییه به "نیهیلیزم" له لای مارتین هایدگه‌ره‌وه، ئاوڕێک له سه‌رچاوه و پاشخانی ئه‌و دۆخه بێماڵیی، ده‌ستپێکی ژیانه نیهیلیستیی و پرسی به‌رهه‌ڵستکاریی له ژیانی جڤاکیی کوردییدا ده‌ده‌ینه‌وه. به‌مجۆره ئه‌م نووسینه به‌ناو ئه‌و ره‌هه‌ند بیرلێکراوهکانهوه رۆده‌چێت که به ئه‌رکی سه‌ره‌کی خۆی ده‌زانێت. دواجاریش ئاکامگیرییه‌ک له رامانگه‌لێکدا، ده‌بێته چڕکردنه‌وه‌یه‌ک له کۆی دانووساندن، هه‌ڤپه‌یڤینه‌کانی نێوان ئه‌م راڤه‌کارییه به‌ده‌مڕێوه و شوێنپێکانی ئه‌و "ژیان"هی که سۆراغی دۆزینه‌وه‌ی "ماڵ"ه‌که‌ی ده‌کات.
باڵاده‌ستی ته‌کنیک: ته‌نگژه‌ی بێماڵیی و نیهیلیزم
لێره‌وه، له په‌یوه‌ندی به‌و ره‌هه‌ندی "بێماڵیی"، "نیهیلیزم"هی که له کۆشیعری رابه‌ر فاریقدا ئاماده‌یی هه‌یه، روانگه فێنۆمێنۆلۆژییه فه‌لسه‌فییه‌که‌ی مارتین هایدگه‌ر له‌مه‌ڕ په‌یوه‌ندیی چه‌مکی "بێماڵیی" و "ته‌کنیک"، بایه‌خی خۆی هه‌یه. هایدگه‌ر له کتێبی "گه‌وهه‌ری ته‌کنیک و تێزه‌کانی تر"دا (1)، باس له گه‌وهه‌ری ته‌کنیک و نزیکایه‌تی نێوان چه‌مکی "”tiko، واتا "خانووسازکردن" و "techne"، واتا "ته‌کنیک"ده‌کا، که هه‌ردوو چه‌مک له زمانی گرێکیی کۆن، هزری گرێکییدا نمایشکردن، یان "ره‌خساندنی-ئاماده‌بوون" ده‌گه‌یه‌نێن نه‌ک به‌و واتای چێکردن و به‌و مهکینهبوونهی که له‌و سه‌رده‌مه باڵاده‌سته‌ی ته‌کنیکدا له ئارادایه. ئه‌و دوو چه‌مکه په‌یوه‌ندی به بیرکردنه‌وه ته‌کنۆلۆژییه‌کانه‌وه نییه، به‌ڵکو مه‌به‌ستی گه‌وهه‌ری خانووچێکردن، "مه‌یسه‌رکردنی ژیان، بوونه"، به ئاماده‌کردنی شوێن و سازاکردنی ده‌ڤه‌رێکه بۆ نیشته‌جێبوون.
هایدگه‌ر له گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ره‌چه‌ڵه‌کی "خانووکردن، ژیان، بیرکردنه‌وه"دا باس له دۆخێکی واقیعی، سه‌ره‌تای ساڵی په‌نجاکان، دوای شه‌ڕی جیهانی دووه‌م ده‌کا، که له‌وێدا ئه‌لمانییه‌کان به ده‌ست ته‌نگژه‌ی خانوو و بێماڵییدا ده‌یان ناڵاند. لێ هایدگه‌ر له روانگه‌ی ته‌کنیک و نێهیلیزمهوه ئه‌و دۆخه‌ی بێماڵییه راڤه ده‌کا. مه‌به‌ستی هایدگه‌ر له‌و راڤه کردنه مه‌به‌ستی ئه‌فراندنی فه‌لسه‌فه یان جوانناسییه‌کی ته‌لارسازیی نییه، به‌ڵکو تاکوو مرۆڤ رووبه‌ڕووی پرسیارگه‌لی له‌م چه‌شنه‌مان بکاته‌وه: چۆن له سروشتی نیشته‌جێبوون له ماڵدا، به‌و مانایه‌ی که خانووکردن به‌نده به نیشته‌جێبوونه‌وه؟ هاوکاتیش خانووکردن و نیشته‌جێبوون پێکه‌وه چتۆ رۆڵێک له بیرکردنه‌وه‌دا ده‌بینن؟ ئه‌و ده‌قه‌ی هایدگه‌ر بریتییه له هزری ئه‌و له ره‌چه‌ڵه‌کی زمان که له نووسینه‌کانی دوایی ئه‌ودا هه‌میشه دووباره ده‌بێته‌وه. هاوکاتیش هایدگه‌ر له‌و ده‌قه‌دا هزرین له زمان وه‌ک "خانوو، ماڵی بوون"، مه‌به‌ستی دۆخێکی کۆنکرێتی تایبه‌ته، مه‌به‌ستی ئه‌و بێماڵییهیهی مرۆڤی ئه‌لمانییه که دوای خه‌راباتی شه‌ڕی جیهانیی دووه‌م و رمانی رژێمی هیتله‌ره‌وه گیرۆده‌ی بوو بوو. به‌مجۆره هایدگه‌ر ده‌ڵێ، له ره‌چه‌ڵه‌کدا خانووکردن و نیشته‌جێبوون له زمانی ئهلمانییدا بۆ کرداری ”bin”، هه‌بوون: "هه‌بوون" مانای "بناغه‌دانان، خانووکردن" و "نیشته‌جێبوون"ه وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی "مرده‌نی"، ده‌گه‌ڕێته‌وه. بۆیه ده‌بێ سازکردنی خانووه‌کان ره‌گی له نیشته‌جێبووندا داکوتا بێت و خۆی به یه‌کێتیه‌کی ره‌سه‌ن له زه‌ویی و ئاسمان، خواوه‌ندیی و مردهنییدا گرێدابێت، هایدگه‌ر ئه‌وه به چوارگۆشه‌یی (das Geviert) نادێر ده‌کا. به‌مجۆره نیشته‌جێبوون شێوه‌ی مردهنییه که په‌یوه‌سته به‌و چوارگۆشه‌ییه‌وه، به تایبه‌تیش که به‌ند بێت به "تشت"ه‌وه. (2)
هزرینه زمانییه‌که‌ی هایدگه‌ر له‌مه‌ڕ ره‌چه‌ڵه‌کی "خانووکردن" و "نیشته‌جێبوون" و "بێماڵیی" و "ته‌کنیک" جێگه‌ی سه‌رنجن، لێ ئه‌م نووسینه بواری نییه له‌وه زیاتر به‌ناو جیهانی ئه‌و هزرناوه رۆبچێت. به‌و ئومێده‌ی له ده‌رفه‌تێکی تردا، به بیانۆی بابه‌تێکی له‌و چه‌شنه‌وه، ئاوڕێکی چڕتر له‌و کتێبه‌ی هایدگه‌ر ده‌مه‌وه.
دیاره خوێندنه‌وه‌ی هایدگه‌ر له بێماڵیی، کتومت له‌و ته‌نگژه‌ی "خانوو"، "جێنشینبوون" و" بێماڵیی"هی مرۆڤی کورد ده‌چێ، که به بڕوای من، له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی له هه‌شتا و نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی رابردوودا رهگئاوژۆیه. له‌وه‌ش خهمینتر، ئه‌و دۆخه بێماڵییهی له ژیان و نووسینی ئه‌و نه‌وه نوێیه‌ی کورد رهنگدانهوهیهکه له شکستی خه‌ونی راپه‌ڕینی 1991، ئازاره جه‌سته‌یی و روحییه‌کانی شه‌ڕی خۆکوژیی له نێوان هه‌ردوو زلحیزبی کوردیی، پارتیی و یه‌کێتیی، دیسانه‌وه مانه‌وه‌ی کورد له دۆخی وابهستهبوونهوهی به عیراق، نه‌گه‌یشتنی کورد به خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی و تلانه‌وه‌ی زۆرینه‌ی هاووڵاتیانی کورد له ژێر سایه‌ی سیاسه‌تی گه‌نده‌ڵی حیزب کوردییدا، که بێبه‌رییه له هزرکردنه‌وه له ته‌نگژه‌ی "خانوو" و "جێنیشتهجێبوون" و باڵاده‌ستی "ته‌کنیک"دا، ئه‌و دۆخه بێماڵیی و نیهیلیزمه‌ی له ئاستی پراکتیکییه‌وه کرد به دۆخێکی بێماڵیی ناوه‌کیی، روحێکی سه‌رگه‌ردان، بێ ئینتما. به کورتی زه‌مینه‌ی بۆ داڕمانی کۆی به‌ها، بێمانایی ماڵ، نیشتمان، ئاکاری چاکه، به به‌رهه‌مداریی، ژیانێکی به‌خته‌وه‌رییانه‌ی هاوبه‌ش و … تاد خۆشکرد. به‌مجۆره له ژیانی کوردییدا هه‌رچی به‌های جوامێرییه تووڕههڵدرا: هه‌تکردنی ژن بوو به نه‌ریت، گه‌نده‌ڵیی هه‌ر له ئاستی پاره‌وه نه‌مایه‌وه، به‌ڵکوو بوو به نۆرم و ئه‌خلاقێکی باڵاده‌ست، سپڵه‌یی بوو به لێزانی، وه‌ده‌رنانی مرۆڤه به ته‌مه‌نه‌کان بوو به ئاسایی، منداڵ فڕێدان و لێکترازانی خێزان بوو به دیارده…. تاد.
به‌هه‌مه حاڵ، لێره‌دا به‌های ئه‌و هزره‌ی هایدگه‌ر له‌وه‌دایه، وێڕای شوێنکاتێکاته جیاواز و دوورکهشی، ده‌توانێ بۆ تێگه‌یشتن و راڤه‌کردن له پرسیارێک، ته‌نگژه‌یه‌ک کۆمه‌کیمان بکات و له زمانی کوردییدا بۆشاییه‌ک رۆشنبکاته‌وه.
ماویه‌تی…….