Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
رۆژنامەنووسى دانیماركى و ئاسایشى كوردى!!……نورى بێخاڵى

رۆژنامەنووسى دانیماركى و ئاسایشى كوردى!!……نورى بێخاڵى

Closed
by January 4, 2009 گشتی

 رۆژنامەنووسى دانیماركى و ئاسایشى كوردى!!
 نورى بێخاڵى

 رۆژنامەنووسێكى دانیماركى ئامادەیى نیشان داوە وەك شایەتحاڵى كارەساتى كیمیابارانى هەڵەبجە لە دادگاى باڵاى تاوانەكانى عیراق ئامادە بێت، لەولاش شایەتحاڵ و بكەرێكى پرۆسەى قڕكردنى كورد (فڕۆكەوانە عەرەبەكە)، لەبەر دەستى ئاسایشى سلێمانى را دەكات. ئەوانە هەردووكیان شایەتحاڵن، یەكەمیان ئامادەیە بە پێى خۆى بێتە دادگا، دووەمیشیان لەلایەن ئاسایشى كوردى بە موژدەى بردنە بەردەم دادگا دەگیرىَ، كەچى دواتر لە كون فەیەكون و رەوشێكى نادیار و گوماناویدا دیار نامێنىَ و تا رۆژى دادگاییەكەش ئاسایشى سلێمانى دادگا ئاگادار ناكاتەوە.
 سەیرە ئەو فڕۆكەوانە چۆن و بۆ كوىَ چوو، نازانین؟ لە كاتێكدا چەندین جار زیندانى لە دەستى ئاسایش و پۆلیس رایان كردووە و گیراونەتەوە، گرنگترینیان ئەوانەى قەڵاى (سوسىَ) بوون، كە زۆرى نەبرد بە قودرەتى قادر گیرانەوە، بەڵام ئەوەى فڕۆكەوانەكە وەك ئاوى دەستنوێژ هات و رۆیى، بىَ ئەوەى مێش میوانى شەقامى كوردى و قوربانیان بێت، ئىَ هەرنا ئاسایشى سلێمانى دەیتوانى وێنە و ناوى ئەو فڕۆكەوانە لە بازگە و شوێنە گشتییەكان و خاڵە سنوورییەكان هەڵواسىَ و خەڵاتێكیش بۆ ئەو كەسە ببڕێتەوە،كە زانیارى لە بارەیەوە بداتە ئاسایش، بۆ نەیان كرد، ئەوە وەك دەڵێن (المعنى فى قلب الشاعر!!)، ئیتر ئێستا مرۆ لەوە دەترسىَ ئەو بەستەزمانە دانیماركییە بێت و لەلایەن ئاسایشى كوردى بە هەمان فەتارەتى فڕۆكەوانەكە بچێت!!
 سەیرە! كورد یان شوڤیننیەكى زۆر تەندڕەوە، یان كەسێكى زۆر لاتەریك و بىَ ئینتیما و ساویلكە، بۆ نموونە (حەماس) هەڵگرى هەر شوناسێك بێت و چەندە تیرۆریست و پیاوى ئێران بێت، بەڵام ئیسرائیل بەو بیانووە ناتوانىَ پاساوى كارە نامرۆییەكانى و شكاندنى بەندى رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكانى تایبەت بە شەڕ و پاراستنى گیانى خەڵكى سڤیل بداتەوە. واتە وێڕاى جیاوازیمان لەگەڵ (حەماس) و ئایدیۆلۆژیا توندڕۆ و مومارەسە تیرۆرییەكانى، بەڵام هەرگیز ماناى ئەوە نییە رژاندنى خوێنى مناڵان و ژنانى سڤیل بۆ ئیسرائیل بە رەوا بزانین، وەك ئەوەى زۆرێك لەوانەى گوایە كوردى عەیار بیست و چوارن بەو قەسابخانەیەى (غەززە) شاگەشگە بوونە، كەچى لە بەرامبەریان و لەبەرچاویاندا بكوژى هاوزمان و هاونیشتمانییەكانى خۆى لە هەڵەبجە، كە هەموویان منداڵ و ژن و پیر و پەككەوتەى بێدیفاع بوون لەبەر دەستى ئاسایش ون دەبىَ، نوققە ناكەن و دەچنەوە قاوغى خۆیان و زۆرەبەیان بە تەشى ئاسایش و دەزگا هەواڵگرییەكانى كوردستان دەرستنەوە!!
 ئەوەى كورد دەیكا لە فەرهەنگى هیچ نەتەوەیەكى ئازادیخوازى دونیادا نەبووە و نییە، نەتەوەیەكى قوربانى جینۆساید نابینى بە كوشتنى ژن و مناڵ و بە ناوى نەتەوەیى بوون و لە رقى دوژمنایەتى دیكتاتۆرییەت، بە قڕكردنى گەلێكى تر و بەتایبەتى كوشتنى ژن و مناڵ كەیفساز بێت، وەك ئەوەى هیچ نەتەوەیەكى خاوەن شەهید و ئەنفال و قوربانى دەستى جینۆسایدیش لە دونیادا نادۆزیەوە، لە بەرامبەر دوژمن و جەللادەكانى خۆى و دیارنەمانیان دەستەوەستان و بێدەنگ بێت. ئەگەر كورد ئەوەندەى لە رقى نەبوونى كارەبا و كەمى ئاو و خزمەتگوزارییەكان لە دژى دەسەڵاتى كوردى و حزبەكان دەڕژێتە سەر شەقام و دنە دەدرىَ، چارەكى ئەوە هوشیارى ناڕەزایى هەبووایە، دژى بەكرێگیراوانى ناوخۆ و فایلدارەكانى و ئەو بكوژانەى بە رۆژى رووناك و زۆر بە ئاسانى و بىَ تەفسیرێكى مەعقول لە بەردەستى ئاسایش ون دەبن و دەسەڵاتى كوردى لێیان ناپێچێتەوە، كە بكوژى مناڵى كورد و جەللادەكانى پرۆسەى جینۆساید بوون، حاڵى كورد بەوەى ئێستا نەدەگەیشت، كە (سەدام) لەسەر گوندێكى چكۆلەى ئەهوارەكان لە دار بدرىَ و پیاو و جەللادەنیشى هەندێكیان بە كوڕى دڵسۆزى نیشتمان و هەندێكى تر بە بێتاوان بناسرێن، هەندێكیشیان دادگاكردن و بە سزا گەیاندنیان ببێتە هەقایەتى مێش و نەبڕێتەوە!! 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.