Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
له‌ باره‌ى میدیاوه‌… (7)… Tv … محه‌مه‌د حاجى كه‌ریم

له‌ باره‌ى میدیاوه‌… (7)… Tv … محه‌مه‌د حاجى كه‌ریم

Closed
by January 4, 2009 گشتی

 له‌ باره‌ى میدیاوه‌… (7)
… Tv …
محه‌مه‌د حاجى كه‌ریم
 

  
 هه‌موومان له‌رۆڵ و  كاریگه‌رییه‌كانى ته‌له‌ڤزیۆن تێده‌گه‌ین، ئه‌مڕۆ هیچ كه‌ناڵێكى میدیایى، نه‌یتوانیووه‌ له‌ ته‌له‌ڤزیۆن ره‌ت بكات. راسته‌ هه‌موو ئامرازه‌كانى میدیاو گه‌یاندنى زانیارى به‌ خه‌ڵك زه‌رورین و بایه‌خى خۆیان هه‌یه‌، لێ به‌و پێیه‌ى ته‌له‌ڤزیۆن له‌ رووى ده‌نگ و ره‌نگ و جوڵه‌ مامه‌ڵه‌یه‌كى خێرا له‌گه‌ڵ رووداوه‌كان ده‌كات، له‌ هه‌مووان گرنگتره‌، چونكه‌ به‌هۆى ته‌له‌ڤزیۆن وه‌رگر ته‌نها پشت به‌ زانیارى نووسراو، یان بیسراو نابه‌ستێ، به‌ڵكو له‌سه‌ر بینین ده‌وه‌ستێ.
 ئه‌وه‌ى ته‌له‌ڤزیۆن ده‌یگه‌ینێت، به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى دیكه‌ى میدیا، هه‌قیقه‌تى زیاترى تێدایه‌، چونكه‌ تۆ به‌چاوى خۆت رووداوه‌كان ده‌بینیت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له‌ سه‌رده‌مى په‌ره‌سه‌ندنى ئه‌لیكترۆنیدا، زۆر كه‌ناڵى دیكه‌ى راگه‌یاندن بوونیان هه‌یه‌، لێ هیچ كامیان نه‌یتوانیووه‌ به‌قه‌د ته‌له‌ڤزیۆن كاریگه‌ریان هه‌بێ و به‌و ئاسانییه‌ ده‌ربكه‌ون.
 بایه‌خى ته‌له‌ڤزیۆن ئه‌و كاته‌ زیادى كرد، كاتێك بۆیه‌كه‌م جار وڵاتى ژاپۆن له‌ساڵى 1987 توانى به‌هۆى مانگى ده‌ستكرد، یه‌كه‌م به‌رنامه‌ى  ته‌له‌ڤزیۆنى ئاسمانى  بڵاو بكاته‌وه‌.
  له‌وه‌ به‌دواش وڵاتانى پێشكه‌وتوو كه‌وتنه‌ خۆو چه‌ندین كه‌ناڵى سه‌ته‌لایت په‌یدا بوون، دواتریش پێشبڕكێى كردنه‌وه‌ى ئه‌و كه‌ناڵانه‌ ده‌ستى پێكرد و په‌ره‌سه‌ندنێكى خێراى به‌دوا داهات. دیاره‌ كوردیش له‌م داهێنانه‌ گرنگه‌ى ته‌كنه‌لۆژیاى مۆدێرن، بێ به‌ش نه‌بووه‌. ئه‌گه‌رچى ره‌نگه‌ دواى زۆر له‌ میلله‌تانى دونیا بووبێته‌ خاوه‌ن كه‌ناڵى ئاسمانى، به‌ڵام به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌وانى كاغه‌ز و دواتریش رادیۆ، جیاوازییه‌كه‌ى زۆر نییه‌و ته‌نها نزیكه‌ى ده‌ ساڵێك ده‌بێت.
 هه‌نووكه‌ به‌هۆى ئه‌و چه‌ند كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌ى بوونیان هه‌یه‌، كوردێك له‌ هه‌ر شوێنێكى دونیا هه‌بێ، ده‌توانێ ئاگادارى ره‌وشى كوردستان بێ. له‌ به‌یه‌كتر به‌ستنه‌وه‌ى كوردانى پارچه‌كانى كوردستان و ده‌ره‌وه‌ى وڵاتیش ناكرێ رۆڵى ئه‌و كه‌ناڵانه‌ فه‌رامۆش بكرێت، ئه‌و ته‌له‌ڤزیۆنانه‌ ئاسۆیه‌كى تازه‌یان له‌به‌رده‌م دونیابینیی كورد كرده‌وه‌.
  ره‌نگه‌ به‌راورد كردنى میدیاى كوردى به‌گشتى، چجاى ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانمان له‌گه‌ڵ ته‌له‌ڤزیۆنه‌ غه‌یره‌ كوردییه‌كان، كارێكى نالۆژیكى بێت، بێگومان ئێمه‌ هێشتا زۆر له‌دواوین، زۆربه‌ى كاره‌كانمان ته‌قلیدین و نه‌بوونه‌ته‌ خاوه‌ن په‌یامی روون. ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانى ئێمه‌ چونكه‌ كه‌ناڵى ئاراسته‌كراون و حزبه‌كان دامه‌زرێنه‌رو پشتیوانیانن، نه‌یانتوانیووه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى پیشه‌یی و بابه‌تیانه‌ كار بكه‌ن، یان ببنه‌ كه‌ناڵى تایبه‌تمه‌ند، بۆیه‌شه‌ هه‌موویان له‌یه‌كتر ده‌چن. ئه‌وان له‌یه‌ك كاتدا ته‌له‌ڤزیۆنى هه‌موو بواره‌كانن، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ خاڵه‌ لاوازه‌كانیان.
 ئێستا له‌ دونیا میدیا جۆرێك له‌ تایبه‌تمه‌ندى وه‌رگرتووه‌، تۆ به‌و تێكه‌ڵى و پێكه‌ڵییه‌ ناتوانىِ وه‌ك پێویست سه‌ركه‌وتوو بیت. به‌داخه‌وه‌ ئه‌و ته‌له‌ڤزیۆنانه‌ خۆ له‌ قه‌ره‌ى زۆر  له‌و دیارده‌و پرس و شتانه‌ ناده‌ن كه‌ نادیارن، به‌ڵكو به‌دواى شتى سوواو  و دوباره‌ ده‌گه‌ڕێن، له‌سه‌ر ئه‌و شاشانه‌ ره‌خنه‌و به‌دواداچوونى جددى و مه‌یدانى ئاماده‌ییه‌كى ئه‌وتۆى نییه‌، به‌دواداچوونه‌كان پتر ده‌رخه‌رى كاره‌ جوان  و ئه‌رێنییه‌كانن، نه‌ك ناشیرین و نه‌رێنییه‌كان.
  من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام ته‌له‌ڤزیۆنه‌ كوردییه‌كان، وه‌ك میدیاى هه‌ر وڵاتێكى دونیا به‌رژه‌وه‌ندى میلله‌تى خۆیان بزانن و كار بۆ گه‌شه‌پێدانى وڵاته‌كه‌یان بكه‌ن، به‌ڵام نه‌ك له‌سه‌ر حیسابى بزركردنى جه‌وهه‌رى میدیا ته‌واو ببێت، كه‌ خۆى له‌ ره‌خنه‌و چاودێریكردنى ورد ده‌بینێته‌وه‌. ته‌له‌ڤزیۆنه‌ كوردییه‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌ده‌ست حزبه‌كاندان و سه‌ربه‌خۆ نین، به‌دواى زۆر پرسى گرنگ داناچن، له‌ رووماڵكردنى هه‌واڵه‌كانیشدا بێ لایه‌ن نین، بۆشیان نییه‌ خۆ له‌ قه‌ره‌ى جۆرێك هه‌واڵ بده‌ن، كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا هه‌واڵى گرنگن. به‌كورتى تۆ له‌و كه‌ناڵانه‌ ناتوانى پیشه‌ییانه‌ كار بكه‌یت و به‌دواى هه‌موو رووداوێكدا بچیت. به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى زۆر هه‌واڵى بێ مانات به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێ، كه‌ رووى مه‌جلیسییان نییه‌. من ناڵێم ئه‌و ته‌له‌ڤزیۆنانه‌ كارى باشیان نه‌كردووه‌، یان ره‌خنه‌یان نه‌گرتووه‌و پرۆگرامى باشیان پێشكه‌ش نه‌كردووه‌، به‌ڵام ده‌كرێ بڵێم له‌ ئاستى پێویست و چاوه‌ڕوانییه‌كانى بینه‌ردا نین. پرسیارێك دێته‌ پێشه‌وه‌، بۆچى ئه‌م كه‌ناڵانه‌ پرۆگرامى وایان نییه‌، بینه‌ر به‌ په‌رۆشه‌وه‌ چاوه‌ڕوانى كاتى بڵاوبوونه‌وه‌یان بكات؟ یان شتى وا روویداوه‌ كه‌سێك بۆ بینینى پرۆگرامێك بگه‌ڕێته‌وه‌ ماڵ؟ دڵنیام ئه‌گه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌ بوونیشى هه‌بێ، ده‌گمه‌نه‌. من وایده‌بینم ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانى ئێمه‌ له‌جیاتى ئه‌وه‌ى زیاتر روو له‌ كرانه‌وه‌ بكه‌ن، پتر پاشه‌كشێ ده‌كه‌ن. بۆچى كوردیش وه‌ك میلله‌تانى دیكه‌ نه‌بێته‌ خاوه‌ن ئه‌و میدیایه‌ى كه‌ له‌و ئاوێنه‌یه‌ بچێ كه‌ هه‌موو كوردێك خۆى تێدا ببینێته‌وه‌. ناكرێ ئیدیعاى فه‌راهه‌م بوونى دیموكراسیه‌ت و ئازادى میدیاو راده‌ربڕین بكه‌ین، كه‌چى ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانمان به‌ بیانووى هه‌ستیارى بارودۆخه‌كه‌ به‌لاى ئێش و ئازارى خه‌ڵكى دانه‌چن و چاو له‌هه‌زاران سه‌رپێچى و بێ دادى و نابه‌رابه‌ریی ئه‌و وڵاته‌ بپۆشن. نكۆڵى لێناكرێ كۆمه‌ڵگاى كوردستان له‌قه‌یرانێكى گه‌وره‌ى سیاسى و ئابورى و كۆمه‌ڵایه‌تی دایه‌، ئه‌مه‌ش پێویستى به‌ به‌دواداچوون و چاودێرییه‌كى وردو راستگۆیانه‌ى میدیا هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگاى عه‌ره‌بیش به‌نموونه‌ بهێنیینه‌وه‌، ماناى ئه‌وه‌نییه‌ له‌ قه‌یران و كێشه‌ى گه‌وره‌ به‌ده‌ر بێت، كه‌چى ئه‌وان خاوه‌ن كه‌ناڵى ئه‌وتۆن به‌رده‌وام ره‌خنه‌ له‌ كه‌توار و ترادسیۆنى وڵاته‌كانیان ده‌گرن، زه‌ره‌ریشیان  نه‌كردووه‌. كه‌ناڵه‌كانى جه‌زیره‌و عه‌ره‌بییه‌ به‌هۆى ئه‌و شێوازه‌ى په‌یڕه‌وى ده‌كه‌ن، نموونه‌یه‌كى جوانى میدیاى عه‌ره‌بى پیشان ده‌ده‌ن. ئاخۆ بۆچى ته‌له‌ڤزیۆنه‌ كوردییه‌كانیش بیر له‌ خۆ دۆزینه‌وه‌ ناكه‌نه‌وه‌؟.
 جه‌زیره‌ كاتێك كه‌ له‌ ساڵى 1996 وه‌ك یه‌كه‌مین كه‌ناڵى هه‌واڵ له‌ جیهانى عه‌ره‌بى ده‌ستى پێكرد، بینه‌ر ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ى لێ نه‌بوو، كه‌ ئێستا له‌ سه‌ر ئاستى جه‌ماوه‌ریى به‌ده‌ستى هێناوه‌، ده‌كرێ ئه‌وانى ئێمه‌ش خۆیان بگۆڕن. جێى داخه‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانمان به‌م ته‌مه‌نه‌ بچووكه‌ى خۆیان چوونه‌ته‌ قۆناخى پیری، مانه‌وه‌شیان به‌و شێوه‌ كلاسیك و ده‌ق گرتووه‌، جگه‌ له‌ خولانه‌وه‌ له‌یه‌ك بازنه‌ شتێكى دیكه‌ نییه‌.
 
 
 mehemedkerim@gmail.com
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.