بەشى یەكەم لە: چەند هەناســـــــەیەكى عاشقانە … هۆشەنگ شێخ محەمەد
لە عەشقدا روح لە قوڵایى ئەگەڕێت.
لە عەشقدا تەنیا قوڵایى هەیە.
ئەوانەى باس لە خیانەت و بێوەفایى و كۆچى یار و شتى لەو بابەتانە ئەكەن، ئەوانە غەریبن لە قوڵایى ناگەڕێن. روحیشیان ئاراستەیان ناداتىَ بۆ قوڵایى.
ئەوانەى لە عەشقدا دڵ دەدۆڕێنن، مایەى بەزەیى نین، بەڵكو نەفرەت.
ئەوانەى لە عەشقدا سەر دادەنێن، مایەى پێكەنینن.
لە عەشقدا عاشق و مەعشوق نین، حەبیب و حەبیبە نین، ئەو جۆرە زمانە بەكەڵكى عەشق نایەت، چونكە عەشق هەیە و هیچى نیە.
وشەى عاشق، ئەگەر گەڕان نەبێت لە قوڵایى زماندا، هەر مانایەك بۆى سنووربەندى ئەكات.
لە عەشقدا هەر چییەك هەبێت سنوور نیە، سنوور بۆ شەڕ و تاڵانكردنى یەكدى.
لە عەشقدا، روح لە هیچ ناگەڕێت تەنیا لە قوڵایى خۆیدا نەبێت، جا ئەگەر هاتوو بە رێككەوت گریان، یان خەندە، یان پێكەنین یان شعر، یان هەر شتێكى دیكەى دیت، ئەوە لەوە نیە كە عەشق لەوانە گەڕابێت، بەڵكو ئەوانە لە روحدا جێگیرن.
ئەوەى دەیوىَ لە من فێرە عەشق بێت، حەتمەن ئەبێت لە من بىَ ئاگاتر بێت لە حاڵى دڵ و دنیا؟!
هەر عەشقە و رێى تایبەتى خۆى هەیە.
عەشق رێگەیە مال َو مەنزڵگە نیە.
ئەوانەى بۆ عەشق ئەچنە خەڵوەت، لە دەسەڵات ئەگەڕێن.
عەشق گەڕانى جەستەیە لە قوڵایى خۆیدا.
عەشق (من)ە (ئەو) نیە.
عەشق لە خۆیدا بوونى هەیە، نەوەك لە دەرەوەى خۆى.
تا جەستە عەشق نەدۆزێتەوە، عەشق بوونى نیە.
عەشق جەستەیە.
ئەوەى ئەڵىَ عەشق پیرۆزە، پیرۆزى ئەباتەوە و عەشق لەدەست ئەدات،
ئەوەى ئەڵىَ عەشق خیانەتە، خیانەت ئەباتەوە و عەشق ئەدۆڕێنىَ.
ئەوەى ئەڵێت عاشقان رەنگ زەرد و لێو بەبارن، درۆ ئەكەن، ئەوانەى ئەڵێن عاشقەكان هەمیشە ئەمرن ، ئەوانیش درۆ ئەكەن.
ئەوەى پێى وایە عەشق گریانە یان پێكەنینە یان هەردوكییانە ، ئەو هەمیشە ئەتوانێت پێبكەنێت و بگریەت، بەڵام با گومانى هەبێت كە عاشقە.
ئەوەى ئەڵیت خوا سەروكارى لەگەڵ عەشق هەیە، رەنگە بچێتە بەهەشت، بەڵام ناگاتە عەشق.
عەشق سەروكارى لەگەڵ بەهەشت و جەهەنەم نیە.
عەشق میتافیزیك نیە، بەڵكو زەحمەتە بەتەواوى بێتە سەر زمان.
عەشقى سۆفییانە، فۆڕمى گەڕانى هەستەكانە، لە خوا نەوەك لە عەشق.
خەیاڵ لە عەشقدا، لە هەموو شتێك كورتترە.
خەونەكانى جەستە، ئارەقە بە عەشق ئەكەن.
(من) لە عەشق ناگەڕێت، لەناویدا ئەگەڕێت.
من لەگەڵ عەشقدا رىَ ناكەم. لە ناویدا رىَ ئەكەم.
رۆیشتن بەكەنارى عەشقدا، ماناى عاشقبوون نیە.
نووسین لەسەر عەشق، نووسین نیە لە عەشقدا.
زمان هەمیشە عەشق لە نووسین ئەشارێتەوە.
ئەوانەى بە یار ئەڵێن ، نەیار، بەر نەفرەتى زمان كەون.
ئەوانەى لە عەشقدا لە ئەخلاق ئەگەڕێن، رەنگە ئەخلاق بگرن و عەشق بەردەن.
ئەوانەى ئەڵێن یار بىَ وەفایە، مایەى پێكەنینن، و ئەوانەى ئەشلێن غەدرمان لە یار كرد، مایەى گریانن.
عەشق فێربوون نیە، بۆیە وانەى عەشقم مەدىَ.
ئەوەى بیەوێت پیاوانە عەشق بكات، دەبێتە پیاو و نابێتە عاشق.ئەوەى ژنانەش عەشق ئەكات ئەبێتە ژن نابێتە عاشق.
ژنایەتى لە عەشقدا، پیاوەتى لە عەشقدا، جەستەییان لىَ دەركەیت، هیچى دیكەیان بۆ نامێنێتەوە.
بەدیار مانگەوە قەت تۆم نەدیووە، تۆش نابینم، لە دەنگى رووبارەكانیش قەت گوێم لە چرپەكانى تۆ نەبووە، لە تۆوەش هەر وا لە خۆت زیاتر و لە تۆ زیاتر تۆم نەدیووە.لە تۆوەش تەنیا جەستەى خۆم.
من نازانم بۆ عاشقتم، ناشتوانم لێت بپرسم، باشترە ئەم پرسیارە لە جەستەم بكەیت؟
من داگیرت ئەكەم، خۆم ئازادئەكەم.
تا پێمبكرىَ خەونەكانت، تاڵان ئەكەم، تۆش تا پێت ئەكرىَ تاڵانم كە.
هەموو موقەدەسەكانت، لاى من مایەى پێكەنینن، تۆش تا پێت ئەكرىَ نەفرەت لە موقەدەسەكانم بكە.
تۆ پیرۆز نیت، منیش پیرۆز مەكە.
ئیدیال، وەهمێكە، هەرگیز لە عەشقدا جێگەى نیە.عەشقى ئیدیالیش، تەنیا ئیدیالە و عەشق نیە.
بەو هەموو شعر و قسانەوە نابیتە عاشق، عەشق خۆى قسەى خۆیەتى و شعرییەتە.
لە عەشقدا شعر ئەبێتە ئاماژە، لە شعریشدا عەشق ئەبێتە زمان.
عەشق راپێچى ناو ژیانت مەكە، بە پێچەوانەوە.
ئەدەبیات هێشتا نەیتوانیوە ببێتە جەستەى عەشق، لىَ عەشق خۆى ئەدەبى جەستەیە.
ئەتوخوا داوات لێئەكەم، بەس باسى مەم و زینم بۆ بكە.
عەشق چەتر نیە، بەسەر جەستەتەوە، بەڵكو ئەوە جەستەیە بارانى عەشق ئەبارێنىَ.
ئەگەر بە ئەخلاقەوە عەشق بكەیت، تەنیا ئەخلاق ئەبەیتەوە.
نا ئەخلاقگەراكان، پەیوەندییان بە عەشقەوە نیە، عەشق پەیوەندییان پێوە ئەكات.
عەشق، تا ئەبەد، خۆى ئەگۆڕىَ، لە بەستاوى هیچ وێرانەیەكدا خۆى نابەستێتەوە.
ئەوانەى شەوان قسە بۆ مانگ و ئەستێرەكان ئەكەن، لەوێوە بانگى یارەكانیان ئەكەن، ئەوانە گاڵتە بە خۆیان ئەكەن.
كە ئەزانى عاشق نیت، درۆ لەگەڵ یارەكەت ناكەیت، بەڵكو لەخۆتى ئەكەیت.
هەى بارانى خوا بتگرىَ، ئەگەر ویستت بەسەرخۆشى و بە گۆرانى عاشق بیت، بەفرى شەیتانیش رەقت كاتەوە ئەگەر ویستت لە نائاگایییدا خۆت ون كەیت، تا ببیتە عاشق، گێلە، بەو شتانە نابیتە عاشق، عەشق هەبوونە، ئینجا شتى تر.
ئازادیت ئەوەیە، لە عەشق رانەكەیت، تا ببیەوە بە مرۆڤێكى بە ئەخلاق.
سێكس لە عەشقدا، نە مایەى شانازییە و نە ئابڕووچوون، تەنیا نووسینەوەى خەونەكانە لەسەر جەستە، ئازادیشە لە بیركردنەوە و هۆشى ئەخلاقگەراكان.
كۆمەڵگە، هەمیشە دوژمنى عەشقە. چونكە ئەو لەكەرامەت و نامووس ئەگەڕێت نەوەك چێژ.
كۆمەڵگە، سەخیفترین بوونەوەرە لە باسى عەشقدا، كەئیبترین زیندەوەرە كە ناتوانێت عەشق بە فانتازیا ببینێت.
رۆڵە خەریكى چیت؟ عەشق بسەلمێنێت یان بسەپێنیت؟ توخوا لەوە زیاتر رەزاى خۆت گران مەكە و دەست لەو گەمەیە بەردە، كە یاساى هەموو دین و دنیا جىَ بەجىَ ئەكات و جەستە فەرامۆش ئەكات.
هەر كەسێك پێمبڵىَ، بە شعرێك یان بە رۆمانێك یان بەتەواوى فكرى مرۆڤایەتییەوە، بە ساڵێك یان بە سەدەیەك بۆت ئەسەلمێنم كە من عاشقم، ئەوە من تەنیا ئەتوانم پێبكەنم!
هێى مرۆڤ، هەمیشە شتێك هەیە بیرت بێنێتەوە تۆ مرۆڤیت، كەواتە بیرمەكەوە تۆ عاشقیت.
دەربازبوون لە نائومێدییەكانى عەشق، مەحاڵە، لە عەشق دەرباز ئەبیت و تەنیا نائومێدى ئەدۆزیتەوە.
تێكەڵكردنى نائومێدییەكانى بیركردنەوە بە نائومێدییەكانى جەستە، تێكەڵكردنى عەشقە بە شتێك كە پەیوەندییان بەیەكەوە نیە و ناتوانن ئاوێتەى یەكدى ببن.
لەگەڵم مەبە، نا، لەناوم بە، ئاوێتەم بە، كە ناشتوانى ، بڕۆ وازم لێبێنە.
كە رۆیشتیشى بزانە، هەرگیز ئاوێتەم نەبوویت.
تۆ مرۆڤێكى بە نامووسى، و جوانى و زیرەكیت، دواى ئەوە چى؟ ئەبێت عاشقت بم؟ هەزاران كەس وەك تۆ جوان و بەنامووس و زیرەكن، بەڵام من ئەو كەسە ئاوێتەم بووە، كە نامووسى لە جەستە ستاندۆتەوە، جوانى لە روح دەركردووە، زیرەكیشى دەمێكە فرۆشتۆتە شاعیر و رۆمان نووسەكان.
مەگریىَ حەیوان! تۆ وەرە من بگریێنە!
بەقەد سەرە دەرزییەك رەحمت پێناكەم، پشك پشك ئاوى جەستەت ئەمژم، قەترە قەترە تێكەڵت ئەبم.
عەشق شەڕە، هەى ناشیرین، عەشق شەڕى ئەو خاڵە ناشیرینانەیە كە تا ئێستا لە ئەدەبدا بە جوانى وەسفیان ئەكرێت و ئەو جوانیانەشە كە تا ئێستا ئەدیبەكان لەسەر جەستە نایبینەوە.
شەرم مەكە و مەترسىَ، بە رووتى تەماشاى روحم كە، بىَ ئەوەى پەردەى دین و خوا و خواوەندەكانى فكر و كۆمەڵگەى بەسەردادەیت.
خۆت بەڕەلڵا كە لە ناو لەپەكانمدا، بزانە چیت بەسەردىَ؟
عەشق بەسەرهاتە، ئەبێت رىَ بدەین بێت و وەك خۆى، خۆى بنووسێتەوە.
ئەگەر رێگەكانى عەشقت گۆڕى، عەشق ون ئەكەیت و رێگەكان ئەدۆزییەوە.
تۆ چیت چیرۆكى عەشق بنووسیتەوە، بێدەنگ بە با ئەو خۆى ، خۆى حەكایەت كات.
تۆ بە عەشق ناڵێى من عاشقم، ئەو ئەتوانىَ پێت بڵىَ من تۆم.
ئەگەر من گووتم هۆشەنگێكى عاشقم، درۆ ئەكەم، تەنیا عەشق ئەتوانێت بڵێت من لە هۆشەنگدا رەگێكم هەیە.
ئەگەر لە عەشقدا باست لە خێر و شەڕ كرد، ئەوە هەر ئەوانەت بۆ دەمێنێتەوە.
ئەگەر باس و گریان و پێكەنینت كرد، ئەوە هەر ئەوانت بۆ ئەمێنێتەوە.
ئەگەر باسى جوانى و ناشیرینیت كرد، ئەوە هەر ئەوانت بۆ ئەمێنێتەوە.
ئەگەر باسى شەو و رۆژت كرد، ئەوە هەر ئەوانت بۆ ئەمێنێتەوە.
ئەگەر باسى پاڵەوانى و ترست كرد، ئەوە هەر ئەوانت بۆ ئەمێنێتەوە.
ئەتوخوا ئەگەر عاشقیت خۆت لەو باسە توڕەهاتانە دەرباز كە.
عەشق پاڵەوانییەتى نیە، پێغەمبەرایەتى نیە، شانۆگەریى نیە، شعر نیە، زەمەنێك نیە، هەقایەتێك نیە، هەتیم عەشق ئەوانە نیە نا؟!
ئەگەر وا تێبگەیت عەشق جۆرە دینێكە، عاشقانیش جۆرە سۆفییەكى خوداى ئەو دینەن، یان باوەڕدارانى دەستورى ئەو دینەن، ئاى چەند گێلى؟!
عەشق موعجیزە نیە، چاوەكەم.ئەگەر موعجیزە بوایە ئەوە تەنیا پێغەمبەركان عاشق ئەبوون، عەشق زۆر لەوە گەورەترە كە پێغەمبەركان بە سادەیى بیناسن.
عەشق سادەیە وەك رۆیینى ئاو لە رووباردا.
عەشق وەك بۆنى گۆڵ ئەڕوا و ئەڕوا.
وەك دەنگ لە شەودا دێت و دێت.
عەشق وەك تریفە تەنكە. وەك پەلكەكانیش نەرمە، وەك خۆیشى بىَ شووناسە.
باسى سەرەتا و كۆتایى عەشقم بۆ مەكە.
بیر لە عەشق مەكەوە، عاشقانە بیر بكەوە.
Hoshang72@yahoo.com
16/12/2008