Skip to Content

Friday, December 13th, 2024
له‌ژاپۆنه‌وه‌ بۆ هه‌ورامان…..عومه‌رمحه‌مه‌د

له‌ژاپۆنه‌وه‌ بۆ هه‌ورامان…..عومه‌رمحه‌مه‌د

Closed

 له‌ژاپۆنه‌وه‌ بۆ هه‌ورامان…..عومه‌رمحه‌مه‌د
   
 چه‌ند سالێك له‌ مه‌وبه‌ر به‌یانیه‌كیان له‌گه‌ڵ كارمه‌ندێكی‌ (سۆیاكا تیڤی‌) ژاپۆنی‌، به‌مه‌به‌ستی‌ كاری‌ رۆژنامه‌نوسی‌ له‌سلێمانییه‌وه‌ ئۆغرمانكرد به‌ره‌و ناوچه‌ی‌ شاره‌زوور، به‌ر له‌وه‌ی‌ بگه‌ینه‌ وه‌ڕگێره‌كه‌مان كه‌ له‌شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ چاوه‌ڕوانی‌ ده‌كردین، به‌ ئینگلیزییه‌ شه‌ق‌وشڕه‌كه‌ی‌ خۆم توانیم ئه‌وه‌نده‌ی‌ تێبگه‌یه‌نم كه‌خه‌ڵكی‌ ناوچه‌ی‌ شاره‌زوور، ڕوح سوك‌و میوان دۆستن‌و تیرۆرسته‌كانی‌ هه‌ورامان خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌نه‌بوون، بۆ دڵنه‌وایی‌ زیاتریش ووتم: به‌تایبه‌تی‌ زۆر رێز له‌ئێوه‌ی‌ ژاپۆنی‌ ده‌گرن، چونكه‌ هه‌ردولاتان قوربانی‌‌و كوشته‌ی‌ یه‌ك ژه‌هری‌ كوشنده‌ن. له‌راستیدا هه‌رواش بوو، زۆر رێزیان لێگرتین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ به‌لای‌ "تابۆ جوجی‌" رۆژنامه‌نوسه‌ ژاپۆنیه‌كه‌وه‌ ناخۆش بوو، ئه‌وه‌بووكه‌ ده‌چوینه‌ هه‌ر ماڵێك بۆبینینی‌ بریندارێك یان قوربانیانی‌ چه‌كی‌ كیمیاوی‌، ده‌بوایه‌ پیڵاوه‌كانی‌ داكه‌نێ‌ ئینجا ته‌شریف به‌رێته‌ ژوره‌وه‌، به‌ڵام قه‌ناعه‌تم پێكردبوو كه‌ ئه‌مه‌ نه‌ریتی‌ دانیشتنی‌ ماڵانی‌ ئێمه‌یه‌، كه‌چی‌ زۆری‌ نه‌برد ئه‌م قسه‌یه‌م پوچه‌ڵكرایه‌وه‌، ڕۆژی‌ 23/2/2006 له‌گه‌شته‌كه‌ماندا بۆ هه‌ورامان زۆر پێكه‌نین، به‌وه‌ی‌ كه‌ چوینه‌ فه‌رمانگه‌یه‌ك، هه‌ر له‌ ده‌رگای‌ پێشوازیه‌وه‌ داوایان لێكردین،كه‌ده‌بێت له‌ ژوری‌ به‌رێوه‌به‌ر پیڵاوه‌كانمان داكه‌نین، ئه‌و نه‌ریته‌ی‌ له‌ماڵان باوه‌ نه‌ك له‌ فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان..! خواهه‌ڵناگرێ‌ كاكی‌ به‌رێوه‌به‌ر، ئه‌وه‌نده‌ ڕێزی‌ لێگرتین خه‌ریك بوو واز له‌نوسینی‌ ئه‌م بابه‌ته‌ بهێنم، به‌ڵام هه‌ر نوسیم، هه‌تا منیش وه‌ك سه‌رۆكی‌ ئه‌و وه‌فده‌ی‌ مفه‌وه‌زاتم لێبه‌سه‌ر نه‌یات كه‌ بۆ گفتوگۆ چوبوون بۆ به‌غدا، كه‌ هاتبوونه‌وه‌ خه‌ڵك‌وخوا لێیان پرسیبوون: ئه‌رێ‌ گه‌یشتنه‌ كوێ‌‌و داوای‌ چیتان بۆ كورد كردووه‌ ؟ له‌وه‌ڵامدا وتبووی‌: جا چی بێ‌ له‌ ئێوه‌ نهێنی‌ بێ‌، ئه‌وه‌نده‌ ئیحترامیان گرتین له‌ڕومان نه‌هات هیچ داوا بكه‌ین.
 لە رۆژنامەى هاوڵاتى ژمارە ( ) ى بەروارى بڵاوكراوەتەوە
 

Previous
Next