وه‌رچه‌رخان….خاڵه به‌کر
وه‌رچه‌رخان
خاڵه به‌کر
چ،مناڵ بین،چ،گه‌وره بین..!
یاده‌وه‌رێکان..،
هێنده‌ی سپێنه‌و ڕه‌شێنه‌ی چاو لێمان دوورن
ئه‌مێستاکه،هه‌رچیه‌ک بم
چ،مناڵ بم،چ،گه‌وره بم، یاخود پیرو په‌ککه‌وته‌بم
ته‌ونی ڕۆژگار چۆن ئه‌توانێت؟
ئادگاره‌کانی ته‌مه‌ن ڕاسپێرێت
دار تووه‌که‌ی نێو حه‌وشه ڕه‌ق و ته‌قه‌که‌ی مناڵیم.،
له‌ئه‌ندێشه‌ی په‌رته‌وازه‌ی حه‌سره‌ت کێشما وه‌ده‌ر بێنێت
یاخود،ته‌ونی ڕۆژگار چۆن ئه‌توانێت..؟
لقه چڕه گه‌یوه‌کانی
له‌باوه‌شی ئه‌م عومره‌ما نه‌ته‌کێنێت
ئه‌ی چ زه‌مه‌ن و ڕۆژگارێ..؟
له‌حه‌نای ئه‌م ته‌ونانه
به‌ربه‌سته
تاکو،نه‌هێڵێت
ئاهو،نزوله‌و،هه‌ناسه،
بکه‌م به په‌رژێنێکی بێ په‌یکوڵ بۆ ئه‌م خواسته
یاخود،گه‌ردوون
چۆن ئه‌توانێت
سه‌ره‌تاتکێی ئه‌ستێره‌کانم له‌یاد به‌رێته‌وه
که‌چۆن به‌ده‌م وه‌نه‌وزه‌وه
نیگاکانیان
ئاوێته‌ی تیشکی
گڵۆپه‌کانی شه‌قام و کۆڵانه‌کانی سلێمانی ئه‌کردو بزه‌ی چاویان ده‌هاتێ
له تێڕوانینی ڕه‌وتیشم زیاتر،
نه‌یان ئه‌ڕوانیه هیچ ڕه‌وتێ
که‌چۆن،به‌و مێرد منداڵیه
کفنی زیندوێتیم*
تووره‌که‌یه‌کی خامی سپیه
شه‌قاو،شه‌قاویش
به‌ره‌و فڕنی سه‌مونخانه‌که‌ی ئه‌م دیوو ده‌رگای سینه‌مای سیروان شه‌وگار ئه‌کووتم*
پێش سفتاحیش
له‌تریسکه‌ی تیشکی گڵۆپێک و پڕشنگی نیگای ئه‌ستێره‌یه‌ک
هه‌ر،له‌به‌ر مزگه‌وتی کاک ئه‌حمه‌یی شێخا
سفتاحم له تریسکه‌و پڕشنگی ده‌ستی کرێکاره‌کان ئه‌کرد
هێنده به‌تام سه‌موون وشه‌ربه‌تی مێوژیان ئه‌نۆشی
تاریکی له‌لایان چراخان بوو
شاه گه‌دا بوو هه‌ر ناویشیان نه‌بیستبوو
پاشان،به‌ده‌نگێکی ناقۆڵا
به‌ڕێڕه‌وی کۆڵانه ته‌نگو خۆڵاوییه باریکه‌کانی کانێسکانا
به‌ره‌و کۆڵانه قیرتاوو فراوانه‌کانی عه‌قاری ئه‌که‌وتمه ڕێ
پڕ به‌گه‌روو ئه‌مچڕان
کاره‌بایه سه‌مووووون
چڕینه‌که‌م
پێش داچڵه‌کینی دڵی ئه‌ستێره‌کان
ڕۆحی گوڵناری
گوڵه هیرۆو لاولاوه ڕاکشاوه‌کانی سه‌ر دیواره‌کانی دائه‌چڵه‌کان
چڕینه‌که‌م
عه‌رشی خه‌وی به‌یانیانی زۆر خه‌وتوانی ئه‌هــــــه‌ژان
ئه‌وه‌ی لێی ده‌کڕیم ده‌یکڕی
ئه‌وه‌ی تووڕه‌ش ده‌بوو ،به‌تووڕه‌یی ده‌خه‌وته‌وه
لێ..،
ده‌رگا په‌مه‌ییه‌که‌ی لاسیله‌ی کۆڵانی ئه‌ودیوو
به‌زمان و،وه‌سفی ئێستام،
پایزه ئه‌ستێره‌یه‌ک ئه‌یترازان
تیشکی زێڕکه‌فتی گڵۆپی سه‌ر دیواری به‌ر ماڵه‌که‌ی
له‌چاوه‌کانیا،ببوون به‌تیــــــر
وه‌ک ڕاوکه‌رێ،عه‌وداڵی نێچیرێ بێ
به‌ڕاست و چه‌پدا ئه‌یڕوانی
تاوه‌کو،تیری چاوه‌کانی
له که‌وانی مێرد منداڵیما بهاوێ
بێ بڕست بووم
پایزه ئه‌ستێره
خواستی دڵیی به‌سه‌ردا ئه‌سه‌پانم
که،مه‌ره‌خه‌سیشی ئه‌کردم
له‌شه‌رمانا
هه‌ر وه‌کو ئه‌سپێکی ڕه‌سه‌ن سه‌رسمم ئه‌دا
بێ باکانه‌ش..،
په‌نجه‌ی دۆشاومژه‌ی ئه‌کرد به‌قامچی و لێی ڕائه‌وه‌شانم
ناخ و ده‌رونی مێرد منداڵیی ئه‌ته‌زانم
پێی ئه‌ووتم
نه‌خه‌ڵه‌تێی
ئه‌م بێنه‌و به‌ره‌یه‌ی که‌ڕویدا له‌لای هیچ که‌س بیدرکێنی
ده‌نا سبه‌ی به‌یانی
سفتاح له‌ده‌ستی مه‌رگ ئه‌بینی
ئیدی،منیش..،
گه‌رووم،ده‌بوو به‌ده‌ریاچه‌ی قوڵپه قوڵپی گریان
بۆ سۆراخی ژیربوونه‌وه
ده‌مڕوانیه ئاسمان
خواست و ئاوه‌زی مناڵیم په‌یتا په‌یتا هانیان ئه‌دام
هه‌رچی دار ئه‌له‌کتریکی سلێمانی هه‌یه بیانخه‌مه سه‌ر یه‌کو بیانکه‌م به‌په‌یژه
هه‌موو ترپه ترپێکی دڵیشم بکه‌م به‌پله
تاوه‌کو،بچمه سه‌ر ئاسمان و هه‌ڵزنێم به‌باڵای ئه‌ستێره‌کانا
لێ..،
خواست و ئاوه‌زی مناڵیم
به‌هه‌مان پله‌ی په‌یژه‌ی هه‌ڵزنانا دایان ئه‌به‌زانم
چونکه،ئه‌ستێره‌کان
له‌شه‌که‌تیــــــــــــــــــا
ئاسمانیان کردبوو به‌سه‌رین و خۆیان به‌مانگ داپۆشیبوو
ئیدی،ناچار..،
به‌سه‌ر شۆسته پان و به‌رینه‌که‌ی حه‌دیقه‌ی( شه‌عب)ـــــــــــــــــــا
به‌ره‌و کانێسکان و ماڵه‌وه ئه‌چوومه‌وه
کفنی سپی زیندوێتی به‌تاڵم،وه‌لا ئه‌ناو،
پڕم ئه‌کرد به‌ترمۆزه په‌مه‌ییه‌که‌ی کارگه‌ی چلووره‌ی ئه‌رخه‌وانا*
تا،ده‌مه‌و ئێواره،ململانێم بوو له‌گه‌ڵ خۆره‌تاوا
ئه‌و ده‌مه‌ی له چلووره فرۆشتنیش ده‌گه‌ڕامه‌وه
دایکه کڵۆڵه به‌د به‌خته‌که‌شم
پرتـــــــــــاوه ماچێکی کوڵمه هه‌تاو بردووه‌که‌ی ئه‌کردم
سه‌رمایه‌که‌می جیا ده‌کرده‌وه‌و قانزاجه‌که‌ی ده‌بژاردم
گه‌ر،د‌رکی بکردایه،له قانزاج زێاترم پێ بوایه
به‌ده‌سته ڕه‌ق و ته‌قه چوون کۆڵه‌وژه‌که‌ی
دارکاریه‌کی خه‌ست و خۆڵی ئه‌کردم
نه‌شمده‌وێرا،پێی بڵێم
ئه‌ستێره پایزه شه‌نگه‌که‌ی عه‌قاری و پێشهاته‌کانی فروێد چیان به‌سه‌ردا هێناوم
ده‌نا زیاتر
ئه‌و شیره‌ی که‌پێی دابووم،
هه‌ڵمده‌هێنایه‌وه‌و
کاسپی کردنی هاوینه‌شی لێ حه‌رام ئه‌کردم
بۆ ساڵی ئاینده‌ی مه‌کته‌بیش جلی جوانی بۆ نه‌ئه‌کردم
به‌حه‌رامزاده‌و باش به‌خێو نه‌کراو ناوی ئه‌بردم
کاتی نوستنیشم(وه‌زه‌نی)نه‌ئه‌یا له‌کوڵمه‌کانم*
ئیدی ئێستا،کێ ئه‌توانێت..؟
خواستی ئه‌وسام،به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت،
کێ ئه‌توانێت،
جه‌به‌رووتی،
حه‌قیقه‌تی،
مه‌ستییی ئێستام،
به‌نا مه‌ستییی ئه‌وسا بچوێنێت
کێ ئه‌توانێت
ئاواز‌و تریقه‌ی پێکه‌نینی ئه‌وسام
به‌گریانی بێ سه‌مه‌ری ئێستام بچوێنێت
یان کێ ئه‌توانێت؟
نه‌هێڵێت…،
ڕاستگۆییم..،
له‌دێڕه شیعرێکا..،
به‌دڵۆپه ئه‌سرینێکی پاراو نه‌چوێنێت
یان کێ ئه‌توانێت.؟
بۆژوو جاڕس کردن و نزا‌و سنگ کوتانی دراوسێکانم له‌یاد به‌رێته‌وه
له‌گه‌ڵ بینینی هه‌ر دار توویه‌کیش
چ،زڕ بێت یان به‌سه‌مه‌ر
سنگ کوتان و نزاکانیان
به‌هه‌مان ئاواز‌و سه‌داوه،
له‌گوێکانما نه‌زرنگێته‌وه‌و نه‌یڵێمه‌وه
ــــ هه‌تیوه سه‌ره‌خۆره‌که‌ی (ئامه‌ی سه‌مه‌ن)ڕه‌ببی خێر له‌خۆت نه‌بینی*
مه‌زمه‌عیل و نابینابی
توولله‌ل عومر دڵ سافی به‌شت بێت و هه‌میشه هه‌ڵخه‌ڵه‌تاوبی
نزا‌و پێشبینی دراوسێکانمان
بوو به کاڵاو، به‌به‌ژنی ته‌مه‌نا بڕا
لێ،جارێ..،
مه‌زمه‌عیلی توخنی چاوه‌کانم نه‌که‌وتووه
نه‌با،یاده‌وه‌رێکانی مناڵی و هه‌رزه‌یی و ئێستا،له‌تاریکیدا بۆ ئێستا بگێڕمه‌وه
لێ.،
بی گه‌ردیی و پاکژی دڵ
مه‌حاڵه ده‌ست له‌به‌رۆکم هه‌ڵگرێت
له‌به‌ر هێندێ
به‌وهۆیه‌وه.،
ده‌یان جاری تریش وه‌ک ئه‌سپێکی ڕه‌سه‌ن سه‌رسم ئه‌ده‌م و نزام لێ ئه‌کرێت
بریا،عیشق..،
گه‌مه‌ی به‌پاکژیی نه‌کردایه
کفنی بێ واده‌ی
به‌باڵا خڕۆڵه‌که‌ی دڵما نه‌بڕیایه
بریا..،
کاژێڕی زه‌مه‌ن و مێژوو له‌حه‌نای ژینا ڕووی خۆیان ڕه‌شکردایه
سوتانی دۆزه‌خی ئێستام نه‌چێژایه
ئه‌وی دیتم نه‌مدیتایه
ئه‌ستێره شۆخ و شه‌نگه‌که‌ی(عه‌قاری)یــــــش
هاوار هاواری سه‌مونه‌که‌می به‌جه‌ڕه‌سه‌که‌ی سه‌گه‌که‌ی (بافلۆف)نه‌زانیایه*
هه‌یهـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــات
ئێستا چی بکه‌م..؟
پێکێ باده‌ی پێکه‌نین و تریقه،
له تووه شیرینه‌که‌ی حه‌وشه ڕه‌ق و ته‌قه‌که‌ی مناڵیم به‌م پیریه چۆن نۆشکه‌م
ده‌نکه توویه‌کی کاڵیش چۆن بکه‌م،به‌مه‌زه‌ی زه‌رده‌خه‌نه‌که‌م
یه‌کی ته‌مووزی 1957 ی سه‌پێنراویش
له‌فه‌رهه‌نگی دنیای بێ دادیا چۆن فه‌رامۆش که‌م
دوا هه‌ناسه‌ش به‌ڕۆژی له‌دایک بوون چۆن فه‌راهه‌م که‌م
******
*کفنی سپی: تووره‌که‌ی سپی سه‌مون فرۆشتن.
*تاسه‌ره‌تای ساڵی هه‌شتاکانیش ئه‌و سه‌مونخانه‌یه مابوو(سه‌مونی ئۆتۆماتیکی سیروان).
*وه‌زه‌نی: هه‌توانێکه بۆ نه‌رم کردنی پێست.
پڕم ئه‌کرد:په‌لامارم ئه‌دا.
*ئامه‌ی سه‌مه‌ن: دایکمه.
*بافلۆف: زانای ڕوسی،خاوه‌نی(نڤریه الانعکاس الشرگی)
20/7/2008