Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
نیشتیمان و سەرگێژ بوونەكانى مرۆڤ

نیشتیمان و سەرگێژ بوونەكانى مرۆڤ

Closed
by January 14, 2009 گشتی

 نیشتیمان و سەرگێژ بوونەكانى مرۆڤ
 رێبوار رەزا چوچانى

 جاران مرۆڤ لە پێناو نیشتیماندا گیانى خۆى دەسپارد، هەوڵى بەردەوامى دەدا، بۆ ئەوەى شكۆى نیشتیمانەكەى بە بەرزى بمێنێتەوە، هەموو جەنگەكانى مێژووى مرۆڤایەتى پێماندەڵێن، مرۆڤ زۆرجار لە ژێر كاریگەى خۆشەویستى سەرزەمینێكى دیاریكراودا، شەڕى هەڵگیرساندووە، كۆبوونەوە لەسەر ئەو سەرزەمینە واى كردووە، هەمیشە بڕوایەك بۆ مەقەدەساتى ئەو سەرزەمینە درووست ببێت لە لاى مرۆڤەكانى، كە لەو روانگەیەوە بەرخوردى لەگەڵ بكەن، سەروەرییەكانى نیشتیمان، زۆرجار مێگەلبوونى دروستكردووە و بۆتە هۆى دروستبوونى هەندێك بەربەست، كە ئەستەم بێت مرۆڤ لێیان دەربچێت، چونكە ئەو دەرچوونانە هەمیشە بە خیانەت لەو سەرزەمینە واتە نیشتیمان حساب بۆ كراوو بووە، بەڵام نابێت هیچ كاتێك ئەو راستییە لە یاد بكەین، كە دەبێت بۆ دۆزینەوەى نیشتیمانى حەقیقەت، هەموو ئەو بڕوا كۆنینانە لە خەیاڵدانى خۆماندا دەربكەین و لە نیگایەكى فراوانترەوە لە چەمكى نیشتیمان تێبهزرین، ئەوكات دەتوانین نیشتیمانى حەقیقى و جەوهەرى نیشتیمان بدۆزینەوە، چونكە هەمیشە مرۆڤ لەناو سەرگێژییەكى كوشندەدا، هەوڵى دۆزینەوەى نیشتیمانى داوە، كە زۆرجاریش ئەو سەرگێژ بوونە، حەقیقەتى نیشتیمانى لێبزر كردووە، شۆڕش لە پێناو نیشتیمان ناكرێت، ئەوەندەى لە پێناو مەرام و بەرژەوەندى شەخسى دەكرێت، ئەزموونى شۆڕشەكانى دنیا ئەوەیان بۆ سەلماندین، كە شۆڕگێڕەكان هەوڵى ئازادبوونى مرۆڤ نادەن، لەناو رۆحى كۆیلەیتیدا، ئەوەندەى دەیانەوێت كۆیلایەتییەكى خۆماڵى دروست بكەن، كەواتە هەر هەوڵێك لەو رەهەندەوە بۆ نیشتیمان، لە درۆیەكى زەبەلاح زیاتر هیچى تر نیە، نیشتیمان شوێنگەى شۆڕش نیە، بە قەد ئەوەى شوێنگەیەكە بۆ فراوانبوونى خەیاڵى مرۆڤ، بە دەورى هەستە مرۆڤایەتییەكاندا، نیشتیمان شوێنگەى ژیانى بەردەوامە، كە رەچەڵەك و جەوهەرى ئینسان بە خۆیەوە گرێبداتەوە.
 نیشتیمان مەنزڵگاى هیوا بەردەوامەكانى مرۆڤە بۆ ئیدامەدان بە ژیان، مرۆڤ بۆ ئەوەى نیشتیمان لە ناو زاكیرەیدا بهێڵێتەوە، هەمیشە هەوڵى دروستكردنى حیكایەتگەلى وەهمى دەدات، بۆ ئەوەى رەوایەتى بە نیشتیمان بدات و فەزیلەتى هاونیشتیمانێتى لە بیر نەكات، تا هەمیشە موقەدەساتەكانى نیشتیمان لە پرۆسە بەردەوامەكانى ژیاندا، خۆیان دووبارە بكەنەوە و هەمیشەش خەریكى وێناكردنەوەى خۆیان بن، بەڵام كاتێك نیشتیمان دادەماڵرێت لە ئەرك و مافى هاونیشتیمانى، ئەو كاتە خۆمان خەریك دەكەین بە حاڵەتێكەوە كە لێوڕێژە لە خۆ گێل كردن، لە بەرانبەر ئەو حاڵەتانەى كە دێنە پێشەوە، كاتێك نیشتیمان دەبێتە بەشێك لە غوربەتەكانى مرۆڤ، ئیتر دەبێت باوەڕ بەوە بهێنین، كە هەموو ئەو پێناسە و بەرخودرانەى ئێمە لە نیشتیمان و دەرەوەى نیشتیمان لەگەڵ ئەو وشەیەدا دەیكەین و بۆى دادەتاشین، سەرەتایى گێلبونێكى كوشندەیە، گێلبوونێك كە ناتوانین ئیتر بە دواى نیشتیمانى حەقیقەتى خۆماندا بگەڕێین، بە بڕواى من نیشتیمان شوێنگەى لە دایكبوونمان نیە، چونكە هەموو ئاراستەكان پێماندەڵێن، ئێمە لە غەفڵەتگیرییەكداین، كە رەنگە نەتوانین مەفهومى نیشتیمان و دەلالەتەكانى نیشتیمان و هاونیشتیمانیبوون بدۆزینەوە، نیشتیمان شوێنى گەشەى ئیمتیازەكانى مرۆڤ نیە، بەقەد ئەوە شوێنگەیەكە بەر لەوەى مرۆڤ هەوڵى دۆزینەوەى ئیمتیازاتى تێدا بدات، دەبێت ئەرك لەسەر مرۆڤ فەرز بكات بۆ ئەوەى سەروەرى نیشتیمان و ژیانى مرۆڤەكانى بەردەوام بێت، بەڵام كاتێك شوێنگەیەك بوار بۆ مرۆڤەكانى نەهێڵێتەوە، ئەو شوێنگەیە لەسەرەتاوە لە ناو خەمى داماڵینى شوناسى نیشتیمانبووندا، هەوڵى پەراوێزخستن و كوشتنى هەستى ئینسانى ئینسانەكانى دەدات.
 وڵاتى ئێمە وڵاتى كوشتن و بڕین و قڕكردن و لەناو بردنى مرۆڤ بووە، هەرگیز زەمانێك نەبووە و نابێت مرۆڤ هەست بە ئارامى بكات، رۆژێك نابێت ئەم سەرزەمینە فەزیلەتى هاونیشتیمانی بدات بە مرۆڤەكانى، مرۆڤ لەم سەرزەمینەدا ناتوانێت هەوڵى داهێنان بدات، چونكە لە ئەزەلەوە ئێرە سەرزەمینى داهێنان نەبووە و لە هیچ سەردەمێكیشدا گەشە بۆ داهێنان لێرە بەدى ناكرێت، مرۆڤ ئەوەندەى هەوڵى كۆكردنەوەى پارچەى شكاوى كەسایەتى و شعور و كەرامەتى خۆى داوە، ئەوەندە نەیتوانیوە هەوڵى پتەوكردنى كەسایەتى خۆى بدات، چونكە لە ئەزەلەوە كەسایەتى مرۆڤ لەم سەرزەمینەدا بایەخى نەبووە و هەمیشە لە ناو بێبەهاییدا، بەدواى سەروەرییە كوژراوەكانى مرۆڤەوە، ژێرپێ كەوتنى بەها مرۆڤایەتییەكانى بینیوە، مرۆڤایەتى لێرە لە ناو رسوابونێكدا ئیدامە بە خۆى دەدات، كە لە ژێر پێى خواوەندە رەمزییەكاندا هەناسە هەڵدەمژێت، بەڵام لێرە واقیعێك خۆى سەپاندووە بەسەر مرۆڤدا، كە هەمیشە ژیان لە ناو بێدەنگییەكى كوشندەدا بەسەر دەبەن، ئەمەش ئاماژەیەكى روونە بۆ ئەوەى ئەو بڕوایەمان بۆ دروست بێت كە ئەم سەرزەمینە، هێشتا نەبۆتە نیشتیمان بۆ مرۆڤەكانى، چونكە نیشتیمان ئەرك و بەرپرسیارەتى دەخاتە سەر مرۆڤ، كەواتە پرسیار ئەوەیە بۆچى مرۆڤ لێرە هەست بەو بەرپرسیارەتییە ناكات، بۆچى هەوڵى گەڕانەوەى حورمەت و بەهاو فەزیلەت و شوناسى نیشتیمان نادات بۆ نیشتیمان ؟ كە بە قەولى ناسیۆنالیستە بەدبەختەكانى كورد، ئەم سەرزەمینە واتە كوردستان، نیشتیمانى كوردە، بە بڕواى من ئەمەش لە ناو خەیاڵدانى مرۆڤگەلێكى كەم حاڵى بوو لە ناسیۆنالیزم و چەمكى نەتەوە و فەزیلەتى نیشتیمان، مانیفێست بووە، چونكە ئەگەر بەشێوەیەكى فراوانتر لە نیشتیمان بڕوانین، نیشتیمان مانایەكى یونێڤەرساڵى وەردەگرێت، كەواتە ئەم گەردوونە نیشتیمانى منە، ئەم سەرزەمینە كە نیشتیمانى خواوەندە رەمزییەكانە، نابێتە نیشتیمانى ئەو مرۆڤانەى كە هەمیشە خەمى بێ نیشتیمانى، خەریكى داڕزاندنى رۆح و كەسایەتى و ئیحساسەكانیانە، ئەوانەى بە دواى نیشتیماندا دەگەڕێن و لە نێوان سنورى وڵاتاندا دەكوژرێن و لە ناو دەریاكاندا دەخنكێن، مرۆڤگەلێكى بێنیشتیمانن و گەڕان بە دواى نیشتیماندا ناچارییان دەكات، لە ناو هەناسە ساردیدا گیان بسپێرن، كەواتە مرۆڤ لە سەرەتاى دروستبوونیەوە بەدواى نیشتیمانەوە وێڵە تا ئەو كاتەى گیان دەسپێرێت، كە رەنگە نیشتیمان زۆرجار لەم ژیانەدا نەدۆزرێتـەوە و سەرگێژییەكانى مرۆڤیش بۆ دوزینەوەى نیشتیمان بەردەوامى هەبێت.
 
 
 تێبینى:
 
 ئەم نوسینە لە ژمارە 153 ى رۆژنامەى ئاوێنە بڵاو كراوەتەوە
 
 
 rohani1983@gmail.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.