
میدیای عه‌ره‌بی له‌نێوان…..ئیبراهیم مه‌لازاده
میدیای عه‌ره‌بی له‌نێوان
بێده‌نگی له‌ئاست دادگاییكردنی تاوانبارانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و بایه‌خدان و هاوارێكی بێسنووری ڕووداوه‌كانی غه‌ززه‌دا *
ئیبراهیم مه‌لازاده
با سه‌ره‌تا له دیارده‌ی دووه‌مه‌وه ده‌ست پێبكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی ده‌ره‌نجامی دیارده‌ی یه‌كه‌ممان بۆ ده‌ربكه‌وێت. لێره‌دا پرسیارێك خۆی ده‌سه‌پێنێت، ئه‌ویش ئه‌و باكگراوندانه چین كه وتاری عه‌ره‌بی هه‌ر وه‌كو دوێنێ، ئه‌مڕۆش به‌بێ گۆڕان به‌رهه‌م دێننه‌وه؟ عه‌ره‌به‌كان له چ پانتاییێكی مێژوودا ده‌وه‌ستن؟ بۆچی تا هه‌نوكه‌ش له وه‌همی "كنتم خیر امە اخرجت للناس" ڕزگاریان نه‌بووه؟ ده‌زانم وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه له‌بابه‌تێكی ئاوادا وه‌ڵامیان ئاسان نابێت، به‌ڵام هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌كورتی بگه‌ینه چه‌ند سه‌ره‌داوێك و چه‌ند وه‌ڵامێكمان ده‌ستبكه‌وێت.
فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی ماوریس هالوۆكس "1877-1945"، ناسراو به سۆسیۆلۆگی یاده‌وه‌ری كۆللێكتیڤ، كه خوێندكارێكی ئیمێل دۆركهایم بووه، پێی وایه، یاده‌وه‌ری كۆللێكتیف ده‌توانرێت وه‌كو به‌شێك له كێڵگه یا له كایه‌كانی كولتوری سیاسی ببینرێت.
هالوۆكس به ئه‌رگومێنته‌وه قسه له‌وه ده‌كات كه یاده‌وه‌ری به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌مبار "repository"ی هه‌موو ئه‌زموونه‌كانی پێشوو نیه، به‌ڵام به تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌ن ئه‌و ئه‌زموونانه ده‌گشتێنرێن ‘generalized’ده‌بن و وێنا ده‌كرێن. ئه‌و جۆره وێنایانه‌ش پێویستیان به چوارچێوه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه بۆ پارێزگاری لێكردنیان. یاده‌وه‌ری به‌و مانایه بریتی ده‌بێت له به‌رهه‌مهێنانی چه‌ند سیمبۆڵ و ئه‌فسانه‌یه‌كی به‌رده‌ست، ئه‌مه‌ش مانایێكی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه بۆ ئه‌مباركردن و گواستنه‌وه‌ی بۆ نه‌وه‌كان.
لێره‌دا ده‌گه‌ینه ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه یاده‌وه‌ریه‌كان شێوه‌ی كه‌لوپه‌لیان نیه له پیشانگایه‌ك دابنرێن و ته‌ماشایان بكرێت، به‌ڵكو هه‌موو ڕووداوه‌كانی ڕابردوو له‌شێوه‌ی سیمبۆڵ و چیرۆك به‌رهه‌م ده‌هێنرێنه‌وه و به‌پێی تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌ن و ڕووداوه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌كان په‌یوه‌ندیه‌كان به‌و سیمبۆڵ و چیڕۆكانه نوێ ده‌بنه‌وه، به‌و مانایه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام له وه‌چه‌یه‌كه‌وه بۆ وه‌چه‌یه‌كی تر، خۆیان بینا ده‌كه‌نه‌وه و هه‌موو جارێك وه‌زیفه‌یه‌ك جێبه‌جێ ده‌كه‌نه‌وه، چونكه له ناوه‌وه‌ی بازنه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا به‌رهه‌م ده‌هێنرێنه‌وه. چوارچێوه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان وه‌كو نۆربێرد ئێلیاس وێنایان ده‌كات، برتیین له سوڕی كۆمه‌ڵایه‌تی، سوڕێك كه له ده‌ره‌نجامی كار و كاردانه‌وه‌دا به‌رده‌وامی ده‌بێت و بیناده‌كرێته‌وه. كه ئه‌و ناوی ده‌نێت پڕۆسه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی.
یاده‌وه‌ری مرۆڤی عه‌ره‌ب له‌سه‌ر مێژووێك بیناكراوه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بریتییه له مێژووی خه‌لیفه و والییه‌كانیان و شه‌ڕ و هه‌ستان و كه‌وتنه‌كانیان. به‌مانایێكی تر، مێژووێكه كه‌م وایه ڕووه ناشیرینه‌كانی ده‌ربكه‌ون، هه‌میشه ڕووه جوانه‌كانی به شێوه‌یه‌كی ئه‌فسانه‌یی هۆنراونه‌ته‌وه. یه‌كێك له گرنگترین هۆیه‌كانیشی تێكه‌ڵبوونی ئه‌و مێژووه‌یه به ئاین، به‌شێوه‌یه‌ك خۆیان له‌یه‌كتر ئاڵاندووه زۆر ئه‌سته‌مه باس له مێژووی عه‌ره‌ب بكه‌یت به‌بێ ئیسلام و له‌یه‌كتر جیا بكرێنه‌وه.
هه‌موو ئه‌و ڕه‌فتار و كردانه‌ی خه‌لیفه‌كان به‌رهه‌میان هێناوه ده‌رهاوێشته‌ی بیركردنه‌وه‌ی ئاینی و به‌نوێنه‌رایه‌تی خوا بوون. هه‌رچی كرده‌یه‌كی ئه‌وان پێی هه‌ڵسابن مه‌به‌ستێكی ئاینی له‌پشته‌وه بووه، یا به‌پێچه‌وانه‌وه ئاین وه‌كو ئامرازێك به‌كار هێنراوه و ڕووی كرده‌كانیان پێ سواخ داوه، ته‌نانه‌ت وتاره‌كانیشیان به‌هه‌مان شێوه هه‌ڵگری هه‌ناسه‌ی ئاینی بوون، مه‌ترسیه‌كه‌ش لێره‌دا ده‌ستی پێكردووه، چونكه وتاری ئاینی له‌شمشێری ئاینی مه‌ترسیدارتر و بێ ئه‌مان تر بووه و ده‌بێت. ئا لێره‌وه جۆرێك له پیرۆزی به ڕه‌وڕه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه به‌خشراوه. من پێم وایه كه‌م مێژوو هه‌ن هێنده‌ی مێژووی عه‌ره‌ب سیمبۆڵێنراو و پیرۆزێنراو بن. چونكه ئه‌گه‌ر عه‌ره‌ب له ئاین دابڕنین به‌تایبه‌تیش دوای هاتنی ئیسلام، شتێكی ئه‌وتۆیان بۆ نامێنێته‌وه، به‌و مانایه‌ی ئیسلام ڕۆحی ئه‌و پڕۆسه كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسی و ڕۆشنبیریه‌یه كه خۆیان تێدا ده‌بیننه‌وه و به‌رده‌وام خۆیان له‌و به‌رگه‌دا بیناده‌كه‌نه‌وه. به‌مانایێكی تر مرۆڤی عه‌ره‌ب و كه‌سایه‌تی عه‌ره‌ب له‌سه‌ر ڕوحی ئاین سۆسیالیزه كراوه، بۆیه هه‌ڵه‌یه ئه‌گه‌ر بڵێین یاده‌وه‌ریه‌كانی عه‌ره‌ب خاڵین له هۆكاره پۆزه‌تیف و نێگه‌تیفه‌كانی ئاین.
له دوای كۆلۆنیالیزم و دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه له دونیای عه‌ره‌بی و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه دوو ڕه‌وتی سه‌ره‌كی كاریان له‌سه‌ر عه‌قلی عه‌ره‌بی كردووه و یاده‌وه‌ریه‌كانیان له‌شێوه‌ی جیاوازه‌وه به‌رهه‌مهێناونه‌ته‌وه.
یه‌كه‌میان: ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی به هه‌موو باڵه‌كانیه‌وه، له‌وانه‌ش باڵی قوتابخانه‌ی عیلمانی ئیسلامی، كه محه‌مه‌د حوسێن هه‌یكه‌ل پێشه‌نگی ئه‌م باڵه بووه و ڕه‌وتێكی ته‌وفیقی بوون، به‌مانای به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ئاین و گونجاندنی له‌گه‌ڵ نوێگه‌ری و عیلمانیه‌ته‌وه. باڵه‌كه‌ی تریان قوتابخانه‌یه‌كی ڕادیكالی به‌ڕۆژئاواكردنی كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی بوو، سه‌لامه مو‌سا و شبلی شمێل به‌پێشه‌نگی ئه‌و باڵه داده‌نرێن. باڵی سێیه‌میشیان قوتابخانه‌ی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی بوو و ساتیع حوسه‌ری پێشه‌نگی ئه‌و باڵه بوو. ئه‌مانه بۆ ماوه‌ی زیاتر له نیو سه‌ده هه‌ر باڵه‌و به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز كاریان له‌سه‌ر چه‌مكه‌كانی ڕابوون و نوێبوونه‌وه و ڕۆشنگه‌ری و داڕشتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵ به‌پێی بنه‌ماكانی ڕۆژئاوایی و یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب كردووه. به‌ڵام هیچێك له‌وانه له ئاین دوور نه‌كه‌وتوونه‌ته‌وه و له شێوه‌ی به ڕێژه‌ی جیاوازه‌وه هه‌وڵی به‌رهه‌مهێنانیان داوه‌ته‌وه.
دوه‌میان: سه‌رهه‌ڵدانی ڕه‌وتی ئیسلامی و به ئیسلامی كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا بوو. هه‌ڵبه‌ت دوای ڕوخانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی ده‌توانین بڵێین هه‌وڵه‌كانی به ئیسلامیكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا پچڕانی تێنه‌كه‌وتووه، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵانه كزبوون و شێوازی هه‌مه‌جۆریان وه‌خۆ هه‌ڵگرتوون. گۆڤاری العوروە الوپقی و ئینجا گۆڤاری ئه‌لمه‌ناری ڕه‌شید ڕه‌زا به‌دوای یه‌كدا كاریان له‌سه‌ر ئه‌و بواره كردووه، ئه‌گه‌رچی ڕه‌شید ڕه‌زا دێت و ڕه‌وتی چاكسازی محه‌مه‌د عه‌بده و جه‌ماله‌دین ده‌گۆڕێت بۆ ڕه‌وتێكی سه‌له‌فی و حه‌سه‌ن به‌ناش به‌دوای ئه‌ودا دێت و قالبێكی ڕێكخراوه‌یی به‌و سه‌له‌فیه‌ته ده‌به‌خێشت و له بزاڤی ئیخوان موسلیمیندا مۆبیلیزه‌ی ده‌كات. لێره‌شه‌وه به‌ئیسلامیكردنه‌وه قالبێكی ڕێكخراوه‌یی وه‌رده‌گرێت و هه‌ناسه‌یه‌كی نوێی ده‌كرێته‌وه به‌ر. ئه‌و ڕێكخستنه‌وه‌یه‌ش گه‌وره‌ترین زه‌بر له هه‌موو فیكرێكی چه‌پخواز ده‌وه‌شێنێت و ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بیش به ئاین مۆبیلیزه ده‌كاته‌وه.
دیاره ئه‌م واقیعه له‌خۆیه‌وه دروست نابێت، هه‌وڵ و په‌یامه‌كانی حه‌سه‌ن به‌نای دامه‌زرێنه‌ری ئیخوان موسلیمین بۆ بیریاره ناسیۆنالیزمه‌كان زۆر گرنگ بوون. حه‌سه‌ن به‌ننا ده‌ڵێت،"الجامعە العربیە نواە للجامعە الاسلامیە" واته گردبوونه‌وه‌ی عه‌ره‌بی ناوه‌رۆكی گردبوونه‌وه‌ی ئیسلامییه. هه‌روه‌ها زانای ئیخوانی و ئه‌زهه‌ری میسری محه‌مه‌د غه‌زالی له كتێبی "حتی نعلم"دا ده‌ڵێت، "عربنا الاسلام،" واته ئیسلام ئێمه‌ی عه‌ره‌باندووه". له چركه‌ی داگیركردنی كوێتیشدا سه‌ركرده ئیسلامیه‌كان دێنه لای سه‌ددام حوسێن و پشتیوانی خۆیان بۆ شه‌ڕه‌كانی ئه‌و ده‌رده‌بڕن، سه‌رۆكی ئه‌وسای جیهادی فه‌له‌ستینیش دێته لای و پێی ده‌ڵێت "خه‌لیفایه‌تی خۆت بۆ مسوڵمانان ڕابگه‌یه‌نه بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی هه‌موو ئه‌وانه بكه‌ین كه موبایه‌عه‌ت ناكه‌ن". ئا لێره‌وه تێده‌گه‌ین كه ئه‌و دوو ڕه‌وته سه‌ره‌كییه چۆن به‌ره‌و یه‌ك پانتایی ده‌گه‌ڕێنه‌وه و تێكه‌ڵ ده‌بنه‌وه، ناسیۆنالیزمه‌كان جارێكی تر خۆیان له ڕۆحی ئایندا بینا ده‌كه‌نه‌وه و له ئیسلامۆناسیۆنالیزمه‌وه نزیك ده‌بنه‌وه، له‌به‌رامبه‌ریشدا بزاڤه ئاینیه‌كان ده‌بینین چۆن له ئینته‌رئیسلام و ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ته‌وه پاشه‌كشێ ده‌كه‌ن بۆ هه‌ڵگرتنی كێشه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان، له‌پێشه‌وه‌ی هه‌موشیانه‌وه كێشه‌ی عه‌ره‌ب و ئیسرائیل و وتارێكی ئیسلامۆناسیۆنالیزم به‌رهه‌م دێنن، تا له نیوه‌ی ڕێگا له‌گه‌ڵ ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بیدا یه‌كده‌گرنه‌وه. له‌دوای هه‌شتاكانه‌وه ئه‌م دوو ڕه‌وته له‌شێوه‌ی یه‌ك ڕۆح له دوو جه‌سته‌دا ده‌رده‌كه‌ون. دوو هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌و دوو ڕه‌وته مۆبیلیزه ده‌كه‌ن، ئه‌وانیش كاره‌ساته‌كانی دونیای عه‌ره‌بی و ئاینن. وتاری عه‌ره‌بیش له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بنگرتوو ده‌بێت.
ده‌ره‌نجامه‌كانی ئه‌م وێناكردنه‌ش، هاشم ساڵح بیریاری فه‌ڕه‌نسی به‌ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌ب له دوا بابه‌تی خۆیدا له ڕۆژنامه‌ی ژماره " 10990" ی "شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت" و له‌پرسی كۆچیدوایی "ساموێل هانتگتۆن" دا بارودۆخی عه‌ره‌ب به‌و شێوه‌یه وێنا ده‌كات و ده‌ڵێت،"جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی له دابڕانێكی گه‌وره‌ی پێچه‌وانه‌دا ده‌ژیێت له‌وه‌ی كه ڕۆژئاوا تێیدا ده‌ژیێت. ئێمه، له‌وه‌تی ئیبن ڕوشد كۆچی كردووه له كۆتایی سه‌ده‌ی دوازده‌می زاینی له فه‌لسه‌فه دابڕاوین، خۆمان له سه‌له‌فیه‌تێكی ته‌سك و سۆفیگه‌ری و ده‌روێشایه‌تی و دووباره‌كردنه‌وه‌یه‌كی نه‌زۆك و له‌دوخۆڕاكێشاندا گل داوه‌ته‌وه"، پاشان ده‌ڵێت،"به‌كورتی عه‌قل مرد و ئاینداری ته‌قلیدی به‌ته‌واوه‌تی سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێنا، به‌رهه‌مه‌كه‌شی بن لادن و تالیبان و بزاڤه فه‌نده‌مه‌نتالیزمه سوننی و شیعیه‌كان بوون".
وتاری ڕاگه‌یاندنی عه‌ره‌بی به‌ر له ڕووداوه‌كانی غه‌ززه و دوابه‌دوای ئه‌و ڕووداوانه‌ش، "كه گومان له‌وه‌دانیه زنجیره ڕووداوێكی دڵته‌زێن و خه‌مناكن و خه‌ڵكی بێتاوانی زۆر تێدا چووه"، وتارێكی برینداركه‌ره بۆ ده‌سته‌ڵاتی عه‌ره‌بی، وتارێكی ئیسلامۆناسیۆنالیزمی ناعه‌قڵانییه و سواری شه‌پۆڵ و ته‌وژمه‌كانی عاتیفه‌یه. هێنده‌ی به‌هات و هاوار و برینداركه‌ره، هێنده‌ش بێده‌سته‌ڵات و بێ چاره‌سه‌ره. ئا لێره‌دا ئه‌گه‌ر به وردی ته‌ماشای بكه‌ین و گوێی لێبگرین، یاده‌وه‌رییه عه‌ره‌بییه‌كان له‌چوارچێوه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌كاندا به‌توندی ئاماده‌ن، كۆمه‌ڵه یاده‌وه‌ریێكی گه‌مارۆدراون به به تونێڵێكی تاریك. ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌رنجی ڕه‌فتاری سه‌رۆكی حكومه‌تی حه‌ماس ئیسماعیل هه‌نییه له غه‌ززه بده‌ین، به‌ر له چه‌ند حه‌فته‌یه‌ك ڕایگه‌یاند و گوتی،"ئه‌وه‌ی سارۆخ له ئیسرائیل بگرێت خائینه و ده‌یه‌وێت بارودۆخه‌كه‌مان لێ تێك بدات"، به‌ڵام له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی هودنه و به‌ر له چه‌ند ڕۆژێك هه‌مان ئه‌و ئیسماعیل هه‌نییه ڕووی سارۆخه‌كانی ده‌كاته ئیسرائیل و مۆشه‌كبارانیان ده‌كات. ته‌ماشا ده‌كه‌ین هه‌موو كه‌وتن و كاره‌ساته‌كان په‌یوه‌ست ده‌كرێن به ئیسرائیل. مرۆڤی عه‌ره‌ب به‌شێوه وتارێك سۆشیالیزه و مۆبیلیزه ده‌كرێت كه "له‌دیدی ئه‌واندا" هه‌موو كاره‌ساته‌كان له ئیسرائیله‌وه دێن و په‌یوه‌ستن به‌و واقیعه‌ی كه ئیسرائیل و ئه‌مریكا دایانهێناوه.
لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا له‌بارودۆخێكی له‌و شێوه‌دا چ له‌و ڕاگه‌یاندنه چاوه‌ڕێ ده‌كرێت؟ بێجگه له‌وه‌ش له‌وتاری عه‌ره‌بیدا، قانا و سه‌براو شاتیلا له یاده‌وه‌ری كۆللێكتیڤی عه‌ره‌به‌كاندا هه‌میشه له‌هه‌ر نوێبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌و ململانێیه‌دا به‌توندی ئاماده‌ن، به‌ڵام هه‌ڵه‌بجه و دادگاییكردنه‌كه‌شی نه‌ك هه‌ر ئاماده نابێت، به‌ڵكو له‌دیدی زۆرێك له‌و عه‌ره‌بانه‌دا به‌یه‌كێك له‌پاڵه‌وانێتی عه‌ره‌به‌كان ده‌ژمێردرێت. هۆكاره‌كانیش بۆ وتاربێژه‌كان زۆر ئاسانن. ڕاسته‌وخۆ كورد ده‌لكێننه‌وه به ئیسرائیل، ده‌یكه‌نه‌وه به خه‌نجه‌ری ژه‌هراوی له په‌راسووی عه‌ره‌بیدا. مادام ئیسرائیل هۆكاری هه‌موو كاره‌ساته‌كانی عه‌ره‌به، كوردیش په‌یوه‌سته به ئیسرائیل و ئه‌وه‌ی عه‌ره‌بیش به‌رامبه‌ری ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ به‌رامبه‌ر ئیسرائیلی ده‌كات. ئا لێره‌وه ده‌كرێت له‌وه تێبگه‌ین بۆچی گروپه چه‌كداره به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی عێراقی دوای سه‌ددام خوێنی سێ كوردیان به‌رامبه‌ر یه‌ك ئیسرائیلی دانابوو. ئه‌وه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه كورد به به‌كرێگیراوی ئیسرائیل و ئه‌مریكا ده‌زانن و مه‌ترسی زیاتره له دوژمنی بنه‌ڕه‌تی. بۆیه قاعیده كه ناوی كورد له وتاره‌كانیدا دێنێت هه‌میشه به به‌كرێگیراو ناوی كورد دێنن.
وتاری عه‌ره‌بی نه‌ك هه‌ر به‌رامبه‌ر هه‌ڵه‌بجه و كاره‌ساته‌كانی كورد بێده‌نگه، به‌ڵكو به‌رامبه‌ر دارفور و كێشه‌ی كه‌مینه‌كانی وڵاته عه‌ره‌بیه‌كانیش بێده‌نگ و به گومانه. یه‌ك لۆژیك له یاده‌وه‌ری عه‌ره‌بیدا كاریگه‌ره و گوێی لێده‌گیرێت، ئه‌ویش پیلانی كوفری جیهانیه و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی دابه‌شكردن و له‌بار بردنی نیشتمان و ئوممه‌ی عه‌ره‌بی ده‌دات. دارفوریه‌كان له‌وتاری عه‌ره‌بیدا بێجگه له‌كۆمه‌ڵێك قه‌بیله و تیره‌ی سه‌رپێچیكار و دژه عه‌ره‌ب و چه‌ته شتێكی تر نین، له‌دیدی ئه‌واندا ئه‌وه‌ی له دارفور ڕووده‌دات كێشه‌یه‌كی عه‌شایه‌ری و موڵكداریه و دوره له سیاسه‌ت، بۆیه ده‌بێت به تانك و زرێپۆشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌وه‌ی كه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌گان و ڕۆژئاوا ده‌یكات به‌شێكه له‌و پیلانه‌ی كه له‌سه‌ر ئوممه‌تی عه‌ره‌بی هه‌یه، "وه‌كو خۆیان ده‌ڵێن" به‌مه‌به‌ستی دابه‌شكردنی دابه‌شكراو و پا‌رچه‌پارچه‌كردنی پارچه‌پارچه‌كراو. ئه‌وه‌ی له عێراقیش ڕوو ده‌دات هه‌مان مه‌به‌ستی له‌پشتته‌وه‌یه، قیبتیه‌كان به‌شێكن له‌و پیلانه. هه‌موو ئه‌و كێشانه ده‌به‌سترێنه‌وه به كێشه‌ی عه‌ره‌ب و ئیسرائیل. له‌وه‌تی ئیسرائیل دامه‌زراوه هه‌موو گه‌لی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه‌وه سۆشیالیزه ده‌كرێت و یاده‌وه‌ریه‌كانیش له‌و پێناوه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام مۆبیلیزه ده‌كرێنه‌وه.
* ئه‌م بابه‌ته له ژماره "4767"ی ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ‌دا بڵاو كراوه‌ته‌وه.