
له باره‌ى میدیاوه… رادیۆ…..محه‌مه‌د حاجى كه‌ریم
له باره‌ى میدیاوه
…. محه‌مه‌د حاجى كه‌ریم
(8)
رادیۆ
كه‌سانێك واى بۆده‌چوون به هاتنه پێشه‌وه‌ى میدیاى ئه‌لیكترۆنى، له نێویشیدا ته‌له‌ڤزیۆن، رادیۆ باوى نامێنێ و ورده ورده ماڵئاوایى له بیسه‌رانى ده‌كات. یان هیچ نه‌بێ رووبه‌رووى پاشه‌كشێیه‌كى به‌رچاو ده‌بێته‌وه.
به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌م تێڕوانیینه كورتى هێنا، ئه‌وه‌نییه رادیۆ نه‌ك هه‌ر بێ بیسه‌ر نه‌ماوه‌ته‌وه، به‌ڵكو وه‌ك كه‌ناڵێكى گرنگى راگه‌یاندن تا ئه‌مڕۆ ئاماده‌یى هه‌یه‌و بایه‌خى خۆى نه‌دۆڕاندووه.
هه‌نوكه له هه‌موو وڵاتانى دونیا ژماره‌ى كه‌ناڵى رادیۆیى زۆر زیاتره له ژماره‌ى رۆژنامه‌و ته‌له‌فزیۆن و ماڵپه‌ڕه‌كانى ئینته‌رنێت. ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ى رادیۆ ئاسانتر په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ مرۆڤ دروست ده‌كات، چونكه تۆ ده‌توانیت ته‌نها له رێى ئامێرێكى بچووكه‌وه گوێبستى پڕۆگرامه‌كانى بیت، ئینجا له هه‌ر كوێیه‌ك بیت، له ماڵه‌كه‌ت یان له دوورترین شوێنى دونیا.
رادیۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى خه‌رجییه‌كى زۆر ناخاته ئه‌ستۆى بیسه‌ر، كه‌چى زۆر به ئاسانى و له‌نزیكترین كاتدا له هه‌موو رووداو گۆڕانكارییه‌ك ئاگادارت ده‌كاته‌وه، بۆیه‌شه نه‌ك هه‌ر گرنگییه‌كه‌ى له‌ده‌ست نه‌داوه، به‌ڵكو زۆر زه‌حمه‌ته له كێبه‌ركێى كه‌ناڵه‌كانى میدیا داببڕێو بایه‌خه مێژوویه‌كه‌ى له‌ده‌ست بدات. رادیۆ به‌و پێودانگه‌ى ته‌مه‌نێكى زۆرى هه‌یه و مێژووه‌كه‌ى بۆ ساڵى (1864) ده‌گه‌ڕێته‌وه، رۆڵى له پرۆسه‌ى گه‌شه‌سه‌ندنى كۆمه‌ڵى مرۆڤایه‌تى به‌رچاوه، چونكه جاران رادیۆ وه‌ك به‌هێزترین و دیارترین كه‌ناڵى راگه‌یاندنى جیهانى خۆى ده‌بینییه‌وه. دواى په‌یدابوونى ته‌له‌ڤزیۆنیش، رادیۆ رۆڵ و كاریگه‌رییه‌كه‌ى له‌ده‌ست نه‌دا، ئێستاش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ئامرازه‌كانى په‌یوه‌ندى و گه‌یاندن به‌شێوه‌یه‌كى زۆر فره‌وان زیادیان كردووه و میدیاى ئازاد پێى ناوه‌ته سه‌رده‌مێكى تازه، لێ هێشتا رادیۆ له ریزى پێشه‌وه‌ى كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندن دێت. ده‌شێ له‌م رووه‌وه ئه‌و كاریكاتێره به نموونه بهێنینه‌وه، كه ساڵی 2000 رۆژنامه‌ى (نیۆیۆرك تایمز)، كه پڕفرۆش‌ترین رۆژنامه‌ى ئه‌مریكایه بڵاوى كرده‌وه، له‌و كاریكاتێره‌دا رۆژنامه‌فرۆشێك ده‌رده‌كه‌وێت، كه له پشتییه‌وه سه‌رجه‌م رۆژنامه‌كانی وڵات نمایشكراون، كه‌چى رادیۆیه‌كی به گوێچكه‌ى خۆیه‌وه گرتووه و له رادیۆكه‌دا بێژه‌ر ده‌ڵێت (بفه‌رموون له‌گه‌ڵ نوێترین هه‌واڵه‌كانی رۆژ).
بۆ كوردیش رادیۆ له رۆژگاری زوودا هێنده گرنگ بووه، ده‌كرێ به فریادڕه‌س وێناى بكه‌ین، چونكه تاكه ئامرازى به‌ئاگاهێنانه‌وه‌ى میلله‌تێك بوو له خه‌وى خه‌فڵه‌ت. رادیۆ توانى هه‌م ببێته پردی به‌یه‌كتر به‌ستنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌كى سته‌ملێكراو، هه‌م ببێته كه‌ناڵى گه‌یاندنى زانیارییه‌كان. ناحه‌زانى كورد چه‌نده كاریان بۆ سه‌ركوتكردن و له‌نێوبردنى كورد كردووه، هێنده‌ش زیاتر بۆ كپكردنى ده‌نگى راسته‌قینه‌ى ئه‌و میلله‌ته كه‌وتوونه‌ته خۆ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش كۆششیى زۆریان كردووه، به‌تایبه‌ت له رێگاى ته‌شویش خستنه سه‌ر په‌خشى رادیۆكانى شۆڕش.
هه‌رچۆنێك بێت له‌دایكبوونى یه‌كه‌مین رادیۆى كوردی له ساڵى1939 له به‌غدا، ئه‌گه‌رچى له پایته‌ختى ئه‌وساى عێراق ده‌ستى به په‌خشى رۆژانه‌ى خۆى كرد، به‌ڵام ده‌كرێ به ده‌سكه‌وتێكى گرنگ بزانرێت.
رۆڵی ئه‌م رادیۆیه له پێشخستنى زمان و كولتورو مۆسیقا‌و گۆرانى ناشاردرێته‌وه. وێڕاى ئه‌وه‌ى پڕۆگرامه‌كانى، له بواره‌كانى كۆمه‌ڵایه‌تى و مێژوویى و رۆشنبیری‌دا بێ كاریگه‌ریى نه‌بوون، هاوكات دنیابینییه‌كى نوێشیان بۆ كۆمه‌ڵى كورده‌وارى به‌رهه‌مهێنا. دواتریش چه‌ندین رادیۆى دیكه له‌دایكبوون، كه به هه‌مووان ئاسۆى بینینى كوردیان فره‌وانتر كرد.
كێ بێ گوێبیستى ناوى رادیۆى كرماشان نه‌بووبێ، كه له‌ده‌ستپێكى چله‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو ده‌ستى به بڵاوكردنه‌وه‌ى به‌رنامه‌كانى كرد، ئه‌و خزمه‌ته‌ى ئه‌و رادیۆیه به رۆڵه‌كانى كوردى به‌خشى، ره‌نگه بۆ ئه‌و سه‌رده‌م بێ وێنه بووبێ. وێڕاى ئه‌مه‌ش په‌یدابوونى چه‌ند رادیۆیه‌كى دیكه‌ى كوردى بۆ ماوه‌ى جیا جیا له وڵاتانى ( عێراق، ئێران، فه‌له‌ستین، فه‌ره‌نسا، میسر، لوبنان و یه‌ریڤان) وه‌ك ده‌ستكه‌وتى دیكه‌ى نه‌ته‌ویى ده‌ركه‌وتن، ئه‌و رادیۆیانه زۆر باش ده‌نگى كوردیان تێدا ده‌بیستراو وه‌ك میدیاى كوردى له‌و كات مێژوویه‌كى جوانیان تۆمار كرد. به دامه‌زراندنى یه‌كه‌م رادیۆى شۆڕشى كوردیش(ده‌نگى كوردستانى عێراق) ده‌ریچه‌ى ئاسۆیه‌كى تازه له‌به‌رده‌م ئه‌و میلله‌ته كرایه‌وه. له‌وێوه بۆ یه‌كه‌مین جار په‌یامى مه‌زڵومیه‌تى كورد به ئاشكرا راگه‌یاندرا. ئه‌و رادیۆیه‌و رادیۆكانى دواتریش، كه له‌لایه‌ن حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانى كوردستان هاتنه كایه‌وه، له رۆژگارێكدا په‌خش ده‌كران و خزمه‌تى رۆڵه‌كانى ئه‌و میلله‌ته‌یان ده‌كرد، كورد له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى سڕینه‌وه‌دا ده‌یناڵاند، ئه‌و كات ئه‌و رادیۆیانه تاكه پردى پێكه‌وه به‌ستنه‌وه‌ى شۆڕشى كوردستان و جه‌ماوه‌ر بوون، له‌و رێیه‌وه مژده‌ى زیندوویه‌تى شۆڕش و بزوتنه‌وه‌ى كوردایه‌تى ده‌گه‌یشته خه‌ڵكى كوردستان و ئومێده‌كان دروست ده‌بوونه‌وه.
ئێستاش كه له‌سه‌رده‌مى دواى راپه‌ڕینى 1991 ده‌ژین، ئه‌و هه‌موو رادیۆ سه‌رتاسه‌رى و لۆكاڵانه، بێگومان بێ گاریگه‌رى نین، به‌ڵام وه‌ك چۆن رۆژنامه‌گه‌رى كوردى له پاشاگه‌ردانى دایه، ئه‌و رادیۆیانه‌ش له‌و ره‌وشه به‌ده‌رنین. له ئه‌ڵقه‌كانى داهاتووى ئه‌م ستوونه زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ده‌وه‌ستین .
mehemedkerim@gmail.com