دایە؛ بۆ نانى نیوەڕۆ نایێمەوە……..بەشدار سامى
دایە؛ بۆ نانى نیوەڕۆ نایێمەوە
لە تەماشاكردنى ئاسمان دام
بەشدار سامى
هێندەى ساڵەكانى تەمەنم،
پتریش،
ماڵى خودا هەیە؛
لێ ماڵى یەكەمى ئاسمانە.
0
ئاسمان لە تەماشاكردنى زەویدایە
لە تەماشاكردنى زەوى دا
تێر نابىَ
بۆیە لە سایەیدا میقاتی كردووە.
1
ئاسمان لە دەریاكان بەخت دەگرێتەوە؛
بەختى ئاسمان لە دەریاكان دایە.
2
ئاسمان تەنها لە دەریاكاندا
تەماشاى شێوەى خۆى دەكا؛
دەریاكان
ئاوێنەى ئاسمانن.
3
كە زەوى زامدار دەكرىَ
ئاسمان بۆى دەگرى.
4
لەگەڵ ئاسمان ئارام بن
جنێو بە ئاسمان مەدەن
ئاسمان توڕە بىَ
بەرد دەبارىَ.
5
ئەگەر ئاسمان تاوانى تێدا نەكرىَ
شینە.
6
ئاسمان ئاوە
ئەستێرەكان مەلەوانى تێدا دەكەن.
7
هەر مەخلوقێك باڵى ببىَ لە ئێستادا
لە زەوی دا دانانیشىَ
دەڕوات بۆ دوورترین ئاسمان.
8
كۆترەكانم بۆ پیاسە چوونە ئاسمان
بۆ هەمیشە نەگەڕانەوە.
9
ئاسمان پۆشاكى زەوییە
ئەگەر خۆر بیدزىَ
زەوى هەم ڕووت دەردەكەوىَ
هەم سەرماى دەبىَ.
10
ئەگەر ئاسمان نزیك بوایە
من پارچەیەكیم لێ دەكردەوە
بانى ژورەكەم پێى دادەپۆشت.
11
ئاسمان لە من بە تەمەنترە
باوكم گوتى:
بەبیرم دىَ كە تۆ لە دایكبووى
لە دایكبوونى ئاسمانم بەبیرنایێ.
12
هەواڵى زەوى
لە باڵندەكانەوە
دەڕوا بۆ ئاسمان.
13
كە زەوى چڵكن دەبىَ
ئاسمان سەرى دەشوات.
14
دەبىَ كێ
ناوى لە ئاسمان نابىَ
(ئاسمان)؟
15
با
فوى ئاسمانە.
16
بۆ هەر شوێنێك چوو بم
ئاسمانم لەوىَ دا بینیوە؛
ئاسمان لە هەموو شوێنێكە.
17
ئاسمان هێندە گەورەیە
لە بەرزایی دا نەبىَ
لە هیچ شوێنێكی تر جێگەى نابێتەوە.
18
جەنگ لە زەوی دا داگیرسا
جەنگ لە زەوی دا پەرەى سەند؛
جەنگى زەوى ئاسمانیشى گرتەوە.
19
تا ئاسمان نەنوىَ شەو دانایێ
ئەو كاتە شەودا دىَ
كە ئاسمان دەنوىَ.
20
ئاسمان تایبەت نەكراوە
تا ئەو شوێنەى حەزت لێیەتى
كۆیكەرەوە.
21
ئەى ئاسمان
زەویم نییە پێشكەشتكەم
ئەوەى هەمە دوو چاوە و بەس
ئەوانیشم دەمێكە بەخشیون بە تۆ.
22
ئاسمان شوێنێكى خۆشە
بۆیە خودا لەوێ دا
بێزارى دەرنابڕىَ.
مانگی 12ی ساڵی 2008/ هەولێر