Skip to Content

Wednesday, September 18th, 2024
له‌یادی هونه‌رمه‌ند کاروان عوسمان دا….سه‌ردار عه‌بدوڵڵا

له‌یادی هونه‌رمه‌ند کاروان عوسمان دا….سه‌ردار عه‌بدوڵڵا

Closed
by January 16, 2009 دیمانە

  

  ده‌نگه‌کان: ده‌کرێت که‌مێك له‌مه‌ڕ ئاشنایه‌تیتان له‌ته‌ك خودی هونه‌رمه‌ند و کاره‌ هونه‌رییه‌کانی، بیرکردنه‌وه‌ و شێوازه‌ هونه‌رییه‌که‌ی بۆ خوێنه‌رانی ماڵپه‌ڕی ده‌نگه‌کان بدوێن؟ 
 
 سه‌ردار عه‌بدوڵڵا: ئاشنایه‌تی من و کاروان عوسمان ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ کۆتایی هه‌شتاکان، ئه‌و کاته‌ی که‌ بووێنه‌ دراوسێی یه‌کتر، ته‌مه‌نێکی کورت له‌ هاوڕێیه‌تی به‌ڵام پڕ یادگاری و له‌ ئاستیکی پڕ جدیه‌ت بوو، زیاتر شه‌وان یه‌کترمان ده‌بینی و تا دره‌نگان له‌سه‌ر مه‌سائیلی هونه‌ری و سیاسی قسه‌مان ده‌کرد. ئه‌و کاسێته‌ی که‌ دوای خۆی بڵاوکرایه‌وه‌، له‌سه‌ر کاسێتیکی شینی  مارکه‌ی ماسته‌ر تومارکرابوو، چه‌ندین شه‌و پێکه‌وه‌ گوێمان لێده‌گرت و سه‌رنجه‌کانی منی لامه‌به‌ست بوو. ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ گۆرانییه‌ به‌ده‌ر له‌وه‌ی که‌ له‌ رووی سیاسیه‌وه‌ نه‌ده‌توانرا بڵاوبکرێته‌وه‌، به‌ڵکو له‌رووی هونه‌ریشه‌وه‌ له‌ ته‌له‌ڤیزیۆنه‌کانی وه‌ک که‌رکوک دووباره‌ ئه‌و شیوازه‌ نوێ و مۆدێرنانه‌ رێگه‌ی پێنه‌ده‌درا، کاروان ته‌نیا گۆرانییه‌کی له‌ ته‌له‌ڤیزوێنی که‌رکوک بۆ تۆمارکرا که‌ بۆخۆی له‌و ستایله‌ی که‌ له‌و ده‌زگایه‌ به‌سه‌ریدا فه‌رزکرابوو ناڕازی بوو. هونه‌ری کاروان عوسمان له‌ ده‌وره‌یه‌کدا هاته‌ مه‌یدان که‌ بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی کوردی شکستی خواردبوو، له‌هه‌مان کات حکومه‌تی قه‌ومی به‌عس خه‌ریکی قڕکردنی خه‌لکی کوردستان بوو، ئه‌وکات چه‌پی ئێران کاریگه‌ری خۆی هه‌بوو له‌سه‌ر ساخکردنه‌وه‌ی چه‌پی کوردستانی عێراق، هه‌روه‌ها چه‌پێکی رادیکاڵ خه‌ریکی خۆڕێکخستن بوو، نه‌ک ته‌نیا مه‌سه‌له‌ی میللی به‌ڵکو پرسه‌کانی تری کۆمه‌ڵگه‌ی به‌ هه‌ن وه‌رگرتبوو، پرسه‌کانی یه‌کسانی و دژه‌ دین بوون پایه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی بوو،‌ هه‌ر چه‌ند هه‌ندێ باڵی ئه‌و چه‌په‌ حساباتی ته‌واوی خۆی له‌ته‌ک پۆپۆلیزمدا یه‌که‌ڵا نه‌کردبۆوه‌، هونه‌ری کاروان عوسمانیش وه‌ک ده‌رده‌که‌وه‌ێت له‌ دایکبووی ئه‌و زه‌مه‌نه‌یه‌ و کاریگه‌ریه‌کانی ئه‌و ده‌وره‌ی له‌سه‌ربووه، چوونکه‌ بۆخۆی که‌سێکی به‌ ئاکا و خاوه‌ن په‌یوه‌ندییه‌کی به‌رفراوان بوو، هه‌روه‌ها له‌ خیز‌انێکی زه‌حمه‌تکێشش بووه‌‌. هه‌ر‌وه‌ک چۆن پێش په‌یدابوونی چه‌پی رادیکاڵ له‌ کوردستان هێچ بزووتنه‌وه‌یه‌ک خاوه‌نی پرسه‌کانی یه‌کسانی ژن وپیاو مه‌سه‌له‌ی کرێکاری و منداڵان نه‌بووه‌، به‌و شێوه‌یه‌ش  تایبه‌تمه‌ندی هونه‌ره‌که‌ی کاروان له‌وه‌دایه‌ که‌ هیچ که‌سێک پێش ئه‌و به‌و شیوه‌ هونه‌رمه‌ندانه‌یه‌ نه‌چووبووه‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ حه‌ساسه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌، کاروان عوسمان لایه‌نی که‌م له‌نێو ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌ندانه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌ رووی فۆرم و ناوه‌ڕۆکه‌وه‌ ته‌نیا بوو.
 
  ده‌نگه‌کان: هه‌ندێك لایان وایه‌، که‌ که‌سانێك له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌ته‌ك ده‌زگه‌کانی ڕژێم دا په‌یوه‌ندییان هه‌بووه‌ و بریاره‌ هونه‌رییه‌کان به‌ده‌ست ئه‌وان بوون، به‌ وه‌رگرتنی پله‌ی یه‌که‌می له‌ ئامێره‌کانی (عود) و (گیتار)دا له‌سه‌ر ئاستی عیراق له‌ ساڵی 1986دا و بوونی شیوازێکی تایبه‌ت به‌خۆی له‌ ئاواز و ستایلدا و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بیری ئازادیخوازی و یه‌کسانیخوازی و ئه‌تاهیستی له‌ گۆرانییه‌کانیدا، هه‌راسان بوون و گوایه‌ پێشتر ڕێگرییان بۆ کاره‌ هونه‌رییه‌کانی کردووه‌ئه‌و تۆمه‌ته‌یان بۆ هه‌ڵبه‌ستبێت ؟
 
 سه‌ردار عه‌بدوڵڵا: له‌ راستیدا من نموونه‌یه‌کی ئه‌وتۆی وام له‌به‌رده‌ستدا نییه‌، به‌ڵام بێ گومان که‌سانێک هه‌بوون که‌چاویان به‌تواناییه‌کانیدا هه‌ڵنه‌ده‌هات. ئه‌ی پێتان سه‌یرنییه‌ که‌سێک له‌سه‌ر ئاستی عێراق له‌ ژه‌ندنی عودا جێگه‌یه‌کی هه‌بێت که‌چی له‌ په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌کانی سلێمانی قبوڵ نه‌کرێت! کاروان عوسمان ئێستاشی له‌سه‌ر بێت له‌زۆرێک له‌و که‌سانه‌ هونه‌رمه‌ندتر ده‌رچوو که‌ ئه‌و کات به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی مۆسیقا له‌ په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌کان وه‌ریگرتبوون. به‌ڵێ ئێستاش بڕیاره‌کان هه‌ربه‌ده‌ست هه‌مان که‌سانن، به‌هه‌مان تێڕوانینه‌وه‌، هونه‌رێکی وه‌ده‌نگهاتوو له‌ ناعه‌داله‌تیه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌، گه‌ر به‌ده‌ست ئه‌وان بێت ناهێڵن چاو به‌دنیا هه‌ڵبهێنیت.
 
 ده‌نگه‌کان: که‌سانێك پێیان وایه‌، که‌ ڕژێم بۆ له‌ناوبردنی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ نه‌یویستووه‌، هه‌مان ڕێگه‌ی له‌ناوبردنی هونه‌رمه‌ند «قادر کابان» بگڕێته‌ به‌ر و سوودی له‌ له‌ناوبردن و ناوزڕاندنی هونه‌رمه‌ندانی تری وه‌ك جه‌وهیل و …   وه‌رگرتووه‌؟
 
 سه‌ردار عه‌بدوڵڵا: ئۆپۆزسیونی هونه‌رمه‌ندانی ئازادیخواز زۆرجار له‌ کوردستان و عێراق ته‌نیا به‌هونه‌ره‌کانیان نه‌بووه‌، به‌ڵکو زیاتر به‌ ده‌ربڕێنی هه‌ڵویست و ناره‌زایی ده‌ربرینی رۆژانه‌ بووه‌، قادر کابان زیاتر  که‌سێکی ئۆپۆزسیون بوو، هونه‌ره‌که‌ی ئۆپۆزسوێنانه‌ نه‌بوو. شاعیر به‌کر عه‌لی له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌ چینایه‌تی و به‌شداریکردنی له‌ ناڕه‌زاییه‌تیه‌کانی یه‌کیتی بیکاراندا تیرۆرکرا، نه‌ک له‌سه‌ر شیعره‌کانی. کاروان عوسمان هونه‌ره‌که‌ی خه‌ته‌رێکی گه‌وره‌بوو له‌سه‌ر رژێم، خاوه‌نی ئۆتۆریته‌یه‌کی به‌هێزبوو له‌ نێو گه‌نجاندا، به‌ ماوه‌یه‌کی که‌م کاریگه‌رییه‌کانی بینرا. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌لیلی ته‌واو بۆ پرسیاره‌که‌تان شک نابه‌م، به‌ڵام تا راده‌یه‌ک ئه‌نجامه‌که‌ هه‌ر ئه‌وه‌بوو که‌به‌سه‌ر جه‌وهێل هات. نابێت بشراێته‌وه‌ حکومه‌تی به‌عس و دادگای سلێمانی پێکه‌وه‌ توانیان پێکه‌وه‌ رۆڵی تێکده‌رانه‌ی خۆیان له‌سه‌ر خۆشه‌ویستی و ئۆتۆریته‌ی کاروان له‌نێو گوێگره‌کانیدا بگێڕن، به‌داخه‌وه‌ زۆر که‌س به‌ڵێی وت به‌و حوکمه‌، زۆر که‌س تۆران و زۆر که‌سی تریش له‌ بری هه‌ڵوێستنواندن بێده‌نگیان هه‌ڵبژارد. 
 
  ده‌نگه‌کان: وه‌ك ده‌زانین، «کاروان عوسمان» هونه‌رمه‌ندێکی سۆشیالیست بووه‌ و گۆرانییه‌کانیشی گه‌واهی بۆ ئه‌مه‌ ده‌ده‌ن، ئایا ئه‌و بێده‌نگییه‌ به‌رامبه‌ر دادگایی و سزای له‌ سێداره‌دانی هونه‌رمه‌ندێکی ئاوا به‌ توانا و ناودار و پێشه‌نگی هونه‌ری مرۆڤدۆستانه‌، که‌ له‌و کاته‌دا ته‌نیا 22 ساڵ ته‌مه‌نی بووه‌ و په‌رده‌پۆشکردنی ئه‌وسا و ئێستا له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌ هونه‌رییه‌کان و هێزه‌ رامیارییه‌کان و ده‌سه‌لاتدارانی پاش ڕژێمی به‌عس له‌ کوردستان و عیراقدا، گومان له‌سه‌ر ڕاستگۆیی ئه‌و دادگه‌یه‌ دروست ناکات؟
 
 سه‌ردار عه‌بدوڵڵا: بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ئێمه‌ ده‌بێت له‌ خودی دادگاو قه‌زاکانه‌وه‌ ده‌ستپێبکه‌ین. دادگاکان هه‌میشه‌ باشترین خزمه‌تکاری رژێمه‌ سیاسییه‌کان بووه‌، هه‌میشه‌ له‌خزمه‌ت ده‌سته‌ڵاتداران و له‌ دژی جه‌ماوه‌ری به‌رینی خه‌ڵک بووه‌، دادگا تاکو ئێستا له‌ کوردستان و عێراق سه‌ر‌به‌خۆ نییه‌، زۆر که‌سی تاوانباری خه‌ته‌رناکمان بینی که‌ بۆ هه‌ڵواسین ئامادده‌کرابوون، پاشان حکومه‌تی به‌عس لێبوردنی بۆده‌رده‌کردن و پاشان به‌کاری ‌هێنان، چه‌ندیین ساله‌ موزه‌لیمان بینی که‌ سه‌رۆک و ده‌سته‌ڵات له‌ زیندانه‌کان هێنایانه‌ده‌رێ بۆ گیانی خه‌ڵکی. به‌ڕای من هیچ پێویست به‌وه‌ ناکات خۆمان به‌ راستگۆیی و ناراستگۆیی ئه‌و دادگایانه‌ خه‌ریک بکه‌ین، دادگایه‌ک که‌ تاکو ئێستا ئیلهام له‌ تاشه‌به‌رده‌که‌ی حاموڕابی( چاوێک به‌چاوێک، دانێک به‌ دانێک) وه‌رگرتبێت، دادگایه‌ک که‌ حوکمی ملپه‌ڕاندن و سێداره‌ی تێدابێت، به‌گومانترین و کۆنه‌په‌رستانه‌ترین دادگایه‌ و ده‌بێت هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌. حوکمی مه‌رگی کاروان به‌ هه‌ر هۆیه‌ک بێت مه‌حکوم و قابیلی قبوڵ نییه‌، دادگا پیش هه‌رکه‌سێک موجریمی سه‌ره‌کییه‌ له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانه‌، ئه‌وان به‌پشت و په‌نای ده‌سته‌ڵات و به‌شێوه‌یه‌کی فه‌رمی گیان له‌خه‌ڵکی ده‌ستێننه‌وه‌، گه‌ر قسه‌ له‌سه‌ر کوشتنه‌، که‌س نییه‌ ئه‌وه‌نده‌ی دادگاکان و حاکمه‌ رێزداره‌کان بکوژبن.
 
 هونه‌ری باو، فه‌رهه‌نگی باو کاتی به‌عس و پاشی به‌عس هه‌ر یه‌کن و خاون هه‌مان تێڕاونینی فکرین. هونه‌رێک له‌ چوارچیوه‌ی ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ بترازێ سه‌رکوت ده‌کرێت، دژایه‌تی ده‌کریت. یه‌کێک له‌ گۆرانییه‌کانی کاروان به‌ناوی بێنه‌پێش چاوه‌ که‌ له‌ هێچ شوێنێک له‌ مێدیاکانی به‌ تایبه‌ت ده‌سته‌ڵاته‌وه‌ بچوکترین ئاماژه‌ی پێناکرێت، ئه‌و گۆرانییه‌ له‌ شیعری لینگستۆن هیوس و وه‌رگێرانی ریبواره‌( موسڵح شێخ ئیسلامییه‌) که‌ تێیدا هه‌ڵوێستی ئینساندۆستی و سوسیالستی ئه‌وی تێداده‌رده‌که‌وێت، خۆشحاڵانه‌ پاشی هه‌وڵێکی زۆر ئه‌و گۆرانیه‌مان لای رێبواری شاعیر ده‌ستکه‌وته‌وه‌ و دوباره‌ بڵاوکرایه‌وه‌.
 
  ده‌نگه‌‌کان: به‌رای ئێوه‌ بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ و سه‌رله‌نوێ کردنه‌وه‌ی وه‌ها په‌روه‌نده‌یه‌کی گوماناوی، له‌ ئێستادا چی بکرێت یا چۆن ده‌کرێت هه‌نگاوی بۆ بنرێت؟
 
 سه‌ردار عه‌بدوڵڵا: ئه‌وه‌ی من بزانم کاسێتی گۆرانییه‌کانی کاروان ته‌سلیمی دادگا کرابوو وه‌ک کارتێکی فشار له‌ دژی کاروان،به‌ڵام سه‌رله‌نوێکردنه‌وه‌ی په‌روه‌نده‌یه‌کی وا له‌ کاتێکدا دادگاکان هیچ ئاڵوگۆڕێکیان نه‌کردبێت و هێشتا په‌تی سیداره‌کانیان به‌ده‌سته‌وه‌بێت پێم وانییه‌ کاریکی هه‌روا ئاسان بێت، ده‌بێت کاری جدی له‌سه‌ر بکرێت. له‌ راستیدا ئێمه‌ ده‌بێت له‌وه‌ ببڕێینه‌وه‌ که‌ حوکمی سێداره‌ی کاروان عوسمان ناعادیلانه‌ و کۆنه‌په‌رستانه‌بووه‌، ده‌بێت دادگاکان په‌شیمانبکرێنه‌وه‌ له‌ حوکمه‌ شه‌رمهێنه‌ره‌کانیان. ئه‌م کاره‌ش کاری به‌ره‌ی رزگاریخواز و پێشکه‌وتووی کۆمه‌ڵگه‌یه،‌ که‌ ئینسان حورمه‌تی خۆی وه‌ربگرێته‌وه‌، ئیتر هیچ ئینسانێک له‌خۆرا و له‌ ژێر ته‌موومژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ سیاسییه‌کاندا په‌تی بۆ هه‌ڵنه‌خریت، ئه‌مه‌یه‌ خزمه‌ت به‌ ئاسۆ و ئاواته‌کانی کاروان عوسمانه‌کان، ئه‌مه‌یه‌ که‌ گیانی ماندوی کاروان ده‌حه‌سێنێته‌وه‌
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.