Skip to Content

Sunday, November 3rd, 2024
بۆچی ڕۆژئاوا ده‌یه‌وێت حه‌ماس له‌ناوبه‌رێت؟

بۆچی ڕۆژئاوا ده‌یه‌وێت حه‌ماس له‌ناوبه‌رێت؟

Closed
by January 18, 2009 گشتی

 بۆچی ڕۆژئاوا ده‌یه‌وێت حه‌ماس له‌ناوبه‌رێت؟
 نووسینی: تاریق عه‌لی
 و. له‌ ئینگلیزی یه‌وه‌: ئازاد ئارمان

 azadarman@hotmail.com

 ده‌قی ئه‌م وتاره‌ قسه‌و باسێكه‌ له‌ خۆپیشاندانی "ئیسرائیل له‌ غه‌ززه‌ برۆ ده‌ره‌وه‌" له‌ له‌نده‌ن كردویه‌تی ، دواتریش له‌ ڕۆژنامه‌ی "كرێكاری سۆسیالیست" سه‌ر به‌ پارتی كرێكارانی سۆسیالیست- به‌ریتانیا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.
 ڕێگه‌م پێ بده‌ن ئه‌وه‌تان به‌ بیر بێنمه‌وه‌ كه‌ كۆلۆنیالی یه‌كان و داگیركه‌ران چیان كردووه‌ به‌ درێژایی ١٥٠ ساڵی رابردوو. دووبه‌ره‌كی دروست كردن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار بمێنه‌وه‌.
 ئه‌م كاره‌یان ئه‌نجام داوه‌ له‌ هه‌موو شوێنێك- له‌ باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا، مه‌غریب، هیندستان، ئه‌فریقا، ئیرله‌ند و قوبرس. هه‌روه‌ها له‌ فه‌له‌ستینیش. ئه‌مه‌ خالی ده‌ست پێكردنیانه‌.
 برا فه‌له‌ستینی یه‌كانی ئێمه‌ یه‌كێتی گه‌لی فه‌له‌ستینیان پاراستووه‌‌، هه‌روه‌ها دۆزه‌‌كه‌شیان. من زۆر به‌ توندی ئه‌وه‌ ده‌ڵێم كێ ئه‌م یه‌كێتی یه‌ی تێكشكاند، هه‌ر ئه‌وانه‌شن به‌ كردوه‌ به‌رپرسن له‌م وه‌زعیه‌تی ئه‌مرۆ له‌ غه‌ززه دا به‌رێوه‌ ده‌چێت.
 ئێمه‌ ده‌زانین بۆچی ئه‌م یه‌كێتی یه‌ شكستی هێنا. له‌ ڕێكه‌وتننامه‌ی ئۆسلۆ وه‌ له‌ ساڵی ١٩٨٣ وه‌ ده‌ستی پێكرد. كۆچكردوو ئیدوارد سه‌عید بیرمه‌ندی فه‌له‌ستینی ئه‌و كه‌سه‌ی جێگای دیار بوو له‌ كاتی خۆی دا- ده‌ڵێت: ئه‌م ڕێكه‌وتننامه‌یه‌ فیرسای فه‌له‌ستینی یه‌كان بوو، ئه‌مه‌ ته‌سلیم بوون بوو.
 ئه‌و سه‌ركردانه‌ی له‌ گفتوگۆكه‌ دا بوون هه‌موو هه‌وڵێكیان دا بۆ دامركانه‌وه‌ی ڕژێمی ئیسرائیل، ئه‌وه‌نده‌یان هه‌وڵ دا كه‌ پشتیان له‌ گه‌ل دا چه‌مایه‌وه‌. بیركردنه‌وه‌یان و لێكدانه‌وه‌یان ئه‌وه‌ بوو خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ بده‌ن، هاوكاری بكه‌ن،خۆیان بگونجێنن.
 له‌وێدا شتێك نی یه‌ به‌ ناوی حكومه‌تی فه‌له‌ستین ئه‌گه‌ر به‌ راستی قسه‌ بكه‌ن. سوپای ئیسرائیل بریار ده‌دات چی ده‌بێت هه‌تا له‌و شوێنانه‌ش كه‌ داگیر نه‌كراوه‌. به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك سه‌ربه‌خۆیی یان ده‌سه‌ڵات مانا و وجودی نی یه‌ بۆ فه‌له‌ستینی یه‌كان.
 ئه‌و سه‌ركردانه‌ چی ده‌كه‌ن؟ گیرفانی خۆیان پر ده‌كه‌ن له‌ پاره‌. خۆیان ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كه‌ن. ته‌نها ئه‌م كارانه‌ ده‌كه‌ن. ڕێژه‌یه‌كی زۆر كه‌میش بۆ خه‌ڵكی فه‌له‌ستینه‌. هه‌روه‌ها كاتێكیش خه‌ڵكی فه‌له‌ستین یه‌كه‌مین هه‌لیان بۆ ده‌ره‌خسێ بۆ هه‌لبژاردن له‌ ساڵی ٢٠٠٦ دا، ئه‌م سه‌ركردانه‌ یان لابرد كه‌ هاوكاری یان ده‌كرد له‌ گه‌ل دوژمن دا، ئه‌وانه‌شیان هه‌ڵبژارد كه‌ ئه‌م په‌یوه‌ندی یانه‌یان نی یه‌.
 هاوكاری كردن
 ئێمه‌ ئێستا ده‌زانین، به‌ هۆی وتاره‌كه‌ی دایڤید رۆس (David Rose) كه‌  له‌ گۆڤاری ڤینه‌تی فایه‌ (Vanity Fair) بڵاوكرایه‌وه‌. هاوكاری یه‌كی سیسته‌ماتیكی هه‌یه‌ له‌ نێوان ده‌زگای پاراستنی فه‌تح و وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا.
 ته‌واوی پیلانه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن شكست به‌ ده‌وڵه‌تی هه‌لبژێردراو بێنن له‌ ڕێگای كاری سه‌ربازی یه‌وه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن واشنتۆن و قاهیره‌ وه‌ به‌ هاوكاری مه‌حه‌مه‌د ده‌حلان كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ركرده‌كانی ڕێكخراوی فه‌تح. ئه‌و كه‌سه‌ سێ جار جۆرج بوشی بینیوه‌.
 ئه‌م بڕیاره‌ له‌ لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه‌ به‌رێوه‌ ده‌چێت، نایانه‌وێ ئه‌وه‌ قه‌بوول بكه‌ن كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی دیموكراسی یانه‌ شكستی یان خوارد. ده‌حلان له‌ یه‌كێك له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كانی دا به‌ ڕۆژنامه‌نووسێكی گوت كاریان كردووه‌ له‌ گه‌ل ئه‌مریكی یه‌كان بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن تا كاتێكی دیاری نه‌كراو، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی فه‌تح ده‌ی دۆڕاند.
 ئه‌مریكی یه‌كان پێیان وا بوو دڵنیان سه‌ركه‌وتن به‌ ده‌ست دێنن، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئاوا بیریان ده‌كرده‌وه  په‌یوه‌ندی یه‌ گشتی یه‌ی یه‌كانیان له‌ ئۆكرانیا و شوێنه‌كانی تر سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه‌.
 له‌وكاته‌دا، ئه‌وان پێیان وابوو ئیسرائیل ژماره‌یه‌كی باشی له‌ سه‌ركره‌كانی حه‌ماس كوشتووه‌، وه‌ پێیان وابوو پاره‌ ده‌ور ده‌گێرێت بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌. هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌تی میسریش ده‌ورێكی كاریگه‌ری هه‌یه‌، به‌ڵام وا ده‌رنه‌چوو ئه‌وان شكستیان هێنا.
 به‌ڵام ئه‌م شكسته‌ په‌ستی كردن، بۆیه‌ له‌ هه‌وڵی سازدانی كوده‌تایه‌كی سه‌ربازی بوون له‌ غه‌ززه‌ دا. كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌حلان و میسر و مۆساد و ئه‌مریكاوه‌ ڕێكخرابوو بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی حه‌ماس.
 كوده‌تا كه‌یان شكستی هێنا له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵك پشتیوانی له‌م ڕێكخراوه‌ كرد كه‌ ده‌نگیان بۆ دا. ئه‌وان ده‌یانزانی ئه‌و گروپه‌ی هه‌ڵیانبژاردووه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ نی یه‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا دۆڕاندی.
 ئه‌م ستراتیژی یه‌ی پێی ده‌ڵێن چوار لایه‌ن – وڵایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، یه‌كێتی ئه‌وروپا، ڕوسیا، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان. ده‌یانه‌وێت درێژه‌ به‌ ئابلووقه‌ی ئابووری بده‌ن، هه‌تاكو ئه‌و كاته‌ی حه‌ماس رازی ببێت و هه‌ر چی یه‌كیان بوێت بیكه‌ن.
 ئه‌وان هه‌ڵسوكه‌وتیان وا له‌ گه‌ل خه‌ڵكی ده‌نگده‌ری فه‌له‌ستن و سه‌ركرده‌كانی ده‌كرد وه‌كو ڕێكخراوێكی ناده‌وڵه‌تی (NGO) و پاشكۆی ڕۆژئاوا بن له‌ ڕووی پاره‌ و كۆمه‌كه‌وه‌. به‌ڵام حه‌ماسیش پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی نیشان دا.
 هێرشی سوپایی
 ئه‌م په‌لاماره‌ی بۆ سه‌ر غه‌ززه‌ به‌شێك‌ و گورزێكه‌ له‌م كه‌مپینه‌ی بۆ ڕامالینی حه‌ماس. ئه‌مه‌ ئه‌و كاره‌یه‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌نجامی بده‌ن. له‌ به‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئیسرائیل ئاگاداری ئه‌مه‌ریكای كرده‌وه‌ و، ئه‌مه‌ریكاش پشتیوانی خۆی راگه‌یاند.
 بۆیه‌‌ یه‌كێتی ئه‌وروپاش له‌  توانایاندا نی یه‌ هیچ كارێك بكه‌ن بۆ غه‌ززه‌، چونكه‌ ئه‌م راستی یه‌ باش ده‌زانن. كه‌واته‌ گرنگی چی یه‌ بانگه‌واز بكه‌ن بۆ "شه‌ڕ ڕاگرتن"؟ داواكاری یه‌كه‌ زۆر ڕۆشنه‌- تۆ پێویستیت به‌ شه‌ڕ ڕاگرتن نی یه‌، ده‌بێت داوا له‌ ئیسرائیل بكه‌یت له‌ غه‌ززه‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌.
 به‌ڵام ئیسرائیل ته‌نها كێشه‌ی سه‌ركرده‌كانی حه‌ماس نی یه‌- به‌ڵكو ئه‌و كه‌سانه‌شن كه‌ ده‌نگیان بۆ داون. ئه‌مه‌ش كارێكی ئاسان نی یه‌ ئه‌م خه‌ڵكه‌ پارچه‌ پارچه‌ بكه‌ن و یه‌كێكی تر سه‌ر له‌ نوێ هه‌لبژێرنه‌وه‌.
 كه‌وابوو ده‌بێت چی بكه‌ین؟ چی رووده‌دات دوای ئه‌وه‌ی ئیسرائیل كشایه‌وه‌، زوو یان دره‌نگ ده‌بێت ئه‌م كاره‌ بكات؟ بۆ خه‌ڵكی فه‌له‌ستین زۆر قورسه‌ چ بڕیارێك بده‌ن. به‌ڵام یه‌ك ڕێگا هه‌یه‌، به‌ بۆچوونی من ڕێگا چاره‌ی دوو ده‌وڵه‌ت (two state solution)كۆتایی دێت.
 ئێمه‌ بینیومانه‌ له‌ سه‌رده‌مانی په‌یمانی ئۆسلۆ وه‌ ئیسرایل ته‌نها به‌وه‌ رازی یه‌ ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین وه‌كو بووكه‌ سه‌ماكه‌رێك بێت (وه‌كو وڵاتێكی ژیرده‌سته‌) به‌ ده‌ستی ڕژێمی ئیسرائیله‌وه‌. ته‌نها تێزی دوو ده‌وڵه‌تی ئه‌و كاته‌ مانای هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی فه‌له‌ستین به‌شدار بن له‌ خاكه‌كه‌یان به‌ ئه‌ندازه‌ی ژماره‌ی دانیشتوان. ئه‌گه‌ر خاكه‌كه‌یان هاوسنوور بێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ سه‌ربه‌خۆ بێت و پاشكۆی ئیسرائیل یان ڕۆژئاوا یاخود كه‌سی تر نه‌بێت.
 من باوه‌ڕ ناكه‌م ئیسرائیل ئه‌مه‌ قه‌بوول بكات، به‌ باوه‌ری من ته‌نها ئه‌لته‌رناتیڤی سه‌نگین كه‌ سه‌رده‌مانێكه‌ ئێمه‌ سۆسیالیسته‌كان باوه‌رمان پێیه‌تی كه‌ ڕێگاچاره‌ی یه‌ك ده‌وڵه‌ته (‌single state solution).
 ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ یه‌ك ئیسرائیل – فه‌له‌ستین، ده‌كاته‌ ئه‌وه‌ی جوله‌كه‌ و كرستییان و موسلمانه‌كان هه‌روه‌ها هی تریش به‌یه‌كه‌وه‌ بژین و هاوڵاتی یه‌كسان بن. بۆچوونێكی پێچه‌وانه‌ هه‌یه‌ له‌ لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی زایۆنیزم پێی وایه‌ ده‌وڵه‌تی جووله‌كه‌ نامێنێت. وه‌ڵامه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌وڵه‌تێك دروست ده‌بێت بۆ هه‌موو هاوڵاتییان هه‌تا جوله‌كه‌ش.
 له‌ دوورماوه‌دا سوودی هه‌یه‌ بۆ هه‌موو لایه‌ك له‌م ناوچه‌یه‌دا، به‌بێ له‌ به‌رچاو گرتنی كێ له‌ باری ژماره‌وه‌ زۆرینه‌یه‌.
 ڕێگاكه‌ی تر هه‌یه‌ زۆر ترسناكه‌- نه‌ك هه‌ر بۆ فه‌له‌ستینی یه‌كان به‌ڵكو بۆ ئیسرائیلش. مێژوو نووسی مه‌زن ئیسحاق دیوچه‌ر كه‌ یه‌كه‌م جار لایه‌نگیری ئیسرائیل بوو. به‌ڵام له‌ دوایین چاوپێكه‌وتنی دا، له‌ دوای جه‌نگی شه‌ش ڕۆژه‌ له‌ ساڵی ١٩٦٧ دا. زۆر به‌ توندی هۆشداری دا به‌ ئیسرائیل و گوتی: " ئێوه‌ بوونه‌ به‌ پرووسی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، زۆر ئاگادار بن له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نها سه‌ركه‌وتنتان ڕۆیشتنه‌ به‌ره‌و مه‌رگ‌".
 
 كورته‌یه‌ك ده‌رباری نووسه‌ر:
 تاریق عه‌لی: ڕۆماننووس، مێژوو نووس، هه‌ڵسووراوی سیاسی یه‌ له‌ به‌ریتانیا، وه‌ سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری (ڕوانگه‌ی چه‌پی نوێ) یه‌، هه‌روه‌ها هه‌لسووراوێكی دیار و ناسراوی بزووتنه‌وه‌ی دژی شه‌ڕه‌، له‌ شه‌ری فێتنامه‌ له‌ شه‌سته‌كان تاوه‌كو شه‌ڕی ئه‌مه‌ریكا له‌ ئه‌فگانستان و عێراق.
 خاوه‌نی ده‌یه‌ها په‌رتووكه‌ و سه‌ده‌ها وتاری جۆراو جۆره‌، بۆ ئاشنا بوون به‌ بیرو بۆچوون و په‌رتووكه‌كانی ده‌توانیت سه‌ردانی ماڵپه‌ره‌كه‌ی بكه‌یت به‌م ناونیشانه‌: www.tariqali.org
 
 
  
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.