رۆژنامه‌نووسی تۆزوبا!…..نزار جاف
رۆژنامه‌نووسی تۆزوبا!
نزار جافله شاری سلێمانی ناوه‌ڕاستی حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی رابردوو، کۆمه‌ڵه"کۆلکه"رۆشنبیریك پێکه‌وه گرووپێکمان پێکهێنا و، که‌مه که‌مه جۆره که‌سایه‌تییه‌کی مه‌عنه‌ویمان بۆ گرووپه‌که‌مان هێنایه‌ئاراوه و، له به‌رامبه‌ر گرووپی شاعیر و نووسه‌ره ناسراوه‌کانی"پله‌ی یه‌که‌می" ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی وه‌ك ره‌فیق سابیر و فوئادی مه‌جید میسری و دڵشاد مه‌ریوانی و له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و هه‌ندێکی دیکه‌ی که له چایخانه‌ی"مام عه‌لی"به‌رامبه‌ر سینه‌مای سیروان داده‌نیشتن و وه‌ك شوێنی کۆبوونه‌وه‌یان وابوو، ئێمه(که پێکهاتبووین له ره‌خنه‌گری کۆچکردوو ئومێد ئاشنا و شاعیری کۆچکردوو عوسمان شه‌یدا و، گۆران مه‌ریوانی و محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان و، محه‌مه‌د ره‌نجاو و، فاتیح عیزه‌دین و، محمه‌د ساڵح لاجانی و، نووسه‌ری ئه‌م دێرانه و چه‌ند که‌سێکی دیکه‌ش)له به‌رامبه‌ر ئه‌واندا چایخانه‌ی قهڵادزهییهکان که گهوتبوو به‌رامبه‌ر ده‌رگا لاوه‌کییه‌که‌ی سینه‌مای سیروان، کردمانه شوێنی به‌یه‌ك گه‌یشتن و کۆبوونه‌وه‌مان. ئه‌و سه‌رده‌مه، باو باوی شیعر بوو و، کێ هه‌ڵده‌ستا نازناوێکی تایبه‌تی بۆ خۆی ده‌ستنیشان ده‌کرد و، ئیدی یه‌کێك فه‌وتاو ئه‌وی دیکه لێقه‌وماو یان داماو و هیچ وشه‌یه‌کی چه‌وسانه‌وه و له‌ناوبردنی مرۆڤیان نه‌هێشته‌وه و به‌کاریان هێنا و خۆی به شاعیرێکی نوێ له لیستی شاعیرانی کورد داده‌نا که هه‌ر درێژه به خۆیه‌وه ده‌بینی و، ده‌تووت حیکایه‌تی مێشه! هه‌ڵبه‌ته، له‌و ژماره براده‌رانه‌ی که له چایخانه‌ی قهڵادزهییهکان داده‌نیشتن، ژماره‌ی هه‌ره زۆریان شاعیر بوون، به‌ڵام، ئه‌و چه‌ند شاعیره پێم وایه به جۆرێك و دیکه بوون و رۆڵی خۆیان له گۆڕه‌پانه‌که‌دا سه‌لماند، هه‌رچه‌نده من به‌ش به حاڵی خۆم تیبینی تایبه‌تی خۆم له‌سه‌ر ئه‌م براده‌رانه‌ش هه‌بووه"هێشتاش ماوه"، ناوێکی وه‌ك محمه‌د عومه‌ر عوسمان یان عوسمان شه‌یدا، یاخود گۆران مه‌ریوانی یان ته‌نانه‌ت فاتیح عیزه‌دین، شێوازێکی دیاریکراو و تایبه‌تی خۆیان له شیعر نووسیندا هه‌یه و، هه‌ر یه‌کێکیان توانیوێتی به جۆرێك و دیکه رووبه‌رێکی باش بۆ خۆی له جیهانی شیعری کوردی‌دا بقۆزێته‌وه، له‌و کاته‌دا و، له‌ناو ئه‌و گرووپه‌دا، ته‌نها دوو که‌س شاعیر نه‌بوون، یه‌کێکیان ئومێد ئاشنا بوو که وه‌ك ره‌خنه‌گرێکی ئه‌ده‌بی ناسرابوو و، دووه‌میشیان، نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه‌ش، که سه‌ره‌تا کاری ئه‌ده‌بی به وه‌رگێڕانی شیعر لو کوردییه‌وه بۆ عه‌ره‌بی ده‌ستپێکرد و پاشان ده‌ستی دایه ره‌خنه‌ی شانۆیی و ئنجا له هه‌شتاکاندا ده‌ستی دایه کاری رۆژنامه‌گه‌ری له ئێران و درێژه‌ی پێدا له کوردستان له کۆتایی نه‌وه‌ده‌کان و سه‌ره‌تای هه‌زاره‌ی سێیه‌میش. ئه‌مڕۆ، له سایه‌ی ئه‌و گۆڕانکارییه سیاسییه‌ی که به‌سه‌ر ناوچه‌که و جیهاندا هات و، ئه‌و بارودۆخه تایبتییهی که بۆ کورد هاته‌ئاراوه، که‌مه که‌مه ئاره‌زووی به"شاعیر" بوونی له‌ناو لاوانی کورددا کاڵترکردووه و، ته‌وژم و ئاراسته‌یه‌کی نوێ دروستبوو که له بری شاعیر بابه‌تی"رۆژنامه‌نووس"هاته‌کایه‌وه و، ئیدی له خوا و سیسته‌می تاك جه‌مسه‌رییه‌وه به‌زیاد"نه‌بێت"، رۆژنامه‌نووسی کوردی"زۆر و بۆر" وه‌ك جووجه‌ڵه‌ی مه‌کینه زیادیان کردووه و ده‌یکه‌ن و، سوپاس بۆ خوا که هه‌موویان خۆیان به (کارا و لێهاتوو و پسپۆر) داده‌نێن و،ئه‌وانه‌ی که ساڵانی ساڵه ره‌نج ده‌ده‌ن و خۆیان ماندوو ده‌که‌ن، نه‌ك ته‌نها هیچ جۆره ئیعتیبارێکی ئه‌وتۆیان بۆ دانانێن، به‌ڵکو ته‌نانه‌ت به که‌سانێکی نامۆ بۆسه‌ر کاری رۆژنامه‌گه‌ریشیان ده‌ژمێرن. هه‌ندێك جار، ئێمێلی"سه‌یر و سه‌مه‌ره‌م"بۆ دێت و، رووبه‌ڕووی ناوێکی نه‌ناسراوی که‌سێك ده‌بمه‌وه که خۆی به"رۆژنامه‌نووس"ناوزه‌د کردووه و، به‌بێ ئه‌ملاوئه‌ولا خستوومییهته به‌ر ئه‌مری واقیع و، هه‌روه‌ك فه‌رمان داوام لێده‌کات که به‌شداری بکه‌م له"دۆسییه‌ك"که به‌ڕێزیان ئاماده‌ی کردووه و، چه‌ند پرسیار و داواکاری و مه‌رجی جۆراوجۆری بۆ ده‌ستنیشان کردووم تا له‌و دۆسییه"پیرۆزه"ی‌دا په‌سه‌ند بکرێم، بێگومان وه‌ك نه‌ریتێکی په‌یڕه‌وکراو له کاری رۆژنامه‌وانیدا، کاتێك داوا له رۆژنامه‌نووسێك یان نووسه‌رێك ده‌که‌یت که به‌شداری له دۆسییه‌ك یان بابه‌تێکی دیاریکراودا بکات، ئه‌وا به‌ر له هه‌موو شتێك جۆره"ره‌وه‌شت"و ماریفتێکی به‌رامبه‌ر ده‌نوێنیت و، به شێوازێکی گونجاو داواکاری خۆی ده‌خه‌یته‌ڕوو، به‌تایبه‌تی کاتێك تۆ ئه‌و کاره‌ت به‌بێ به‌رامبه‌ر ده‌وێت، ئیدی ده‌بێت چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوێستی ئه‌و بکه‌یت که ئایا رازی ده‌بێت یان نا، من بۆ خۆم له‌گه‌ڵ که‌سانی وه‌ك نه‌وال سه‌عداوی ود. فه‌یسه‌ڵ قاسم و نایف حه‌واتمه و د.شاکر نابولسی و، د.سادق جه‌لال ئه‌لعه‌زم و ناوی ناسراوی دیکه له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌که و جیهان، پێوه‌ندیم کرد تا چاوپێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ بکه‌م بۆ میدیای کوردی له میانه‌ی رۆژنامه‌ی"کوردستان راپۆرت" و گۆڤاری"گوڵان"ه‌وه و، هه‌ندێکیان به راشکاوانه داوای دیاریکردنی به‌رامبه‌رێکی"مادی"یان کرد تا ئه‌و کاره ئه‌نجام بده‌ن و ژماره‌یه‌کیش هه‌ر رازی نه‌بوون، کاتێکیش شێوازی زمان و ره‌فتاری ئه‌و نارۆژنامهنووسانه ده‌بینم له جۆری دواندنی به‌رامبه‌ر و خستنه‌ڕووی داواکارییه‌کانیان، ئه‌وا بزهییم به خوێنه‌ری داماوی رۆژنامه‌کانی کوردستان دێته‌وه، چونکه ئه‌و"رۆژنامه‌نووسه ته‌زویر"انه ده‌توانن هێلێکی ناله‌بار و پڕ له نه‌هامه‌تی بهێننه‌ئاراوه و، ده‌توانن و توانیویانه هه‌روه‌ك ئه‌و ده‌نگه"زڕ و ناخۆشانه"ی که وه‌ك گۆرانی بێژ له که‌ناڵه ته‌له‌فزیۆنی و رادیۆکانی کوردستانه‌وه ده‌نگه ناسازهکانیان بڵاوده‌که‌نه‌وه و هه‌ست و سۆزی بیسته‌ران ده‌شێوێنن. ساڵی پار، له به‌رلین، کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانی کوردی گرێدرا به بۆنه‌ی ساڵیادی دامه‌زراندنی رۆژنامه‌گه‌ری کوردییه‌وه و، ژماره‌یه‌کی زۆر له‌وانه‌ی که بۆ ئه‌و بۆنه‌یه بانگهێشت کرابوون، نه‌ك ته‌نها هیچ جۆره پێوه‌ندییه‌کیان به کاری رۆژنامه‌نووسییه‌وه نه‌بوو، به‌ڵکو، به تاوان ده‌ژمێردرا گه‌ر به رۆشنبێرێکی سادهشمان دابنانایه، بۆ نموونه، که‌سانێك له ئه‌ڵمانیاوه بانگهێشت کرابوون که له بنه‌ڕه‌تدا کاری"لۆقهنتچی" و پاککردنه‌وه و شتی دیکه‌ی له‌و بابه‌تانه‌یان ده‌کرد. لێره‌شدا، جارێکی دیکه ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ بابه‌تی ئه‌و شاعیره"درۆینانه"که ته‌نها کۆمه‌ڵه رسته‌یه‌کی پڕ و پوچ و بێ سه‌ر و بن بۆ خوێنه‌ری داماوی کورد پێکه‌وه ده‌لکێنن و جگه له‌وه هیچی تریان له ده‌ست نه‌هاتووه و نایه‌ت، چونکه ژماره‌یه‌کی ره‌چاوکراو له‌و نموونانه له‌و بۆنه‌یه‌دا ئاماده‌بوون و، خۆیان وه‌ك رۆژنامه‌نووسێکی کورد نیشان ده‌دا له کاتێکدا که هیچ له‌وانه رۆژێك له رۆژان بابه‌تێکی رۆژنامه‌نووسییان ئاماده‌نه‌کردووه، ته‌نها ئه‌و دێره بێ سه‌ر و بنانه‌ی که ناوی شیعریان پێوه لکاندووه له پاڵ چه‌ند وتارێکی کاڵ و کرچیشدا نه‌بێت که له هێڵه گشتتیهکهیاندا هیچ بایه‌خێکی ئه‌وتۆ بۆ کاری رۆژنامه‌وانی کوردی پێك ناهێنن، ئیدی نازانم ئه‌مانه به‌سن تا گه‌واهی رۆژنامه‌نووسی به که‌سێك ببه‌خشن یان نا؟ کاتێکیش ده‌ڵێین هیچ جۆره چالاکییه‌کی رۆژنامه‌گه‌رییان ئه‌نجام نه‌داوه، ئه‌وا مه‌به‌ستمان له‌وه‌یه که بابه‌تی ئاماده‌کردنی هه‌واڵ یان راپۆرته هه‌واڵ یان راپۆرتێکی رۆژنامه‌نووسی یان ریپۆرتاج یان دیمانه و هه‌ر بابه‌تێکی تری له‌و جۆره که بیسه‌لمێنێت ئه‌و که‌سه رۆژێك له رۆژان چالاکییه‌کی رۆژنامه‌گه‌ری جێبه‌جێ کردووه، به‌ڵام، ژماره‌یه‌ك له‌و که‌سانه‌ی له‌و بۆنه‌یه‌دا ئاماده‌بوون، که خۆیان له‌ملا و له‌ولا وه‌ك باده‌ده‌ن و، وه‌ك که‌ڵه رۆژنامه‌نووس له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، به هیچ شێوه‌یه‌ك چالاکی له‌و جۆره‌یان لێ نه‌وه‌شاوه‌ته‌وه و، ته‌نها به"ناسنامه" رۆژنامه‌وانی که به هۆی حزبایه‌تییه‌وه ده‌ستیان که‌وتووه، رۆژنامه‌نووسن و به‌س! لێره له ئه‌وروپا، که‌سانێکی خوێن گه‌رم و چالاك و کورد په‌روه‌ر هه‌ن که به راستی هه‌وڵ و کۆششێکی ئه‌وتۆ ده‌که‌ن تا خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌که‌یان بکه‌ن له بواری رۆژنامه‌نووسیدا و، ئیدی به‌پێی توانای خۆیان که‌مته‌رخه‌مییان نه‌کردووه، به‌ڵام، ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنجه هیچ کام له‌وانه، وه‌ك ئه‌و رۆژنامه‌نووسه وه‌همییانه خۆیان بانه‌داوه و وه‌ك عه‌له‌شیش فوویان نه‌کردۆته خۆیان و، هه‌چ بۆنه‌یه‌ك پێته پێشه‌وه راسته‌وخۆ به‌ر له هه‌موو که‌سێکی دیکه ئاماده ده‌بن، ئیتر ده‌ڵێیت به‌س کورد خاوه‌نی ئه‌و جۆره نموونه"سه‌یر و سه‌مه‌ر"و"نائاسایی"یانه‌یه. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنج و تێڕامانه، که‌سانێك له‌و ناڕۆژنامهنووسانه، نه‌ك ته‌نها ناسنامه‌ی سه‌ندیکای رۆژنامه‌نووسی کوردستانیان پێیه به‌ڵکو ته‌نانه‌ت هی نێودهوڵهتیشییان پێ به‌خشراوه!! لێره‌شدا، جارێکی دیکه ده‌زگاکانی راگه‌یاندنی"حزبی"یه‌کان کوردستان په‌نجه‌ی تاوانیان بۆ راده‌کێشرێت و، به تۆمه‌تبارێکی سه‌ره‌کی داده‌ندرێن له"راگهناندنی" میدیای کوردی و تاوان کردن ده‌رهه‌ق به کارێکی پیرۆزی وه‌ك رۆژنامه‌گه‌ری، چونکه هه‌ر ئه‌و ده‌زگا تاوانبارانه‌ن که به هۆی ئیعتیباراتی حیزبی و واسیته‌وه و شتی تری له‌مبابه‌ته‌وه، پشتیوانی و به‌ڵگه ده‌ده‌ن به‌و جۆره که‌سانه تا رووبه‌ڕووی سه‌ندیکای رۆژنامه‌نووسانی کوردستانی بکه‌نه‌وه تا وه‌ك ئه‌ندامێکی لای خۆیان بی ناسێنن و، ناشزانم که‌ی کاتی ئه‌وه دێت سه‌ندیکای رۆژنامه‌نووسانی کوردستان به‌بێ فشاری حیزبی گوڵ بژێرێکی ئه‌ندامانی خۆی بکات و، بزانێت ئایا به راستی ئه‌مانه هه‌موو رۆژنامه‌نووسن یان نا؟ ماوه‌ته‌وه ئه‌وه‌ش بڵێین که که‌سانێك له‌و"گرووپه ته‌زویر"ه، به هۆی کاری رۆژنامه‌گه‌ریشه‌وه خۆیان ده‌که‌ن به ئاهه‌نگ و بۆنه جیاوازه‌کان که له‌م شار و له‌و شاره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا به‌رپا ده‌کرێن و، به‌سه‌ر ریزه‌کانی خه‌ڵکیدا تێده‌په‌ڕن و، به به‌رچاویانه‌وه خۆیان ده‌که‌ن به ناو هۆڵه‌کاندا گوایه رۆژنامه‌نووسن و، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هاتوون، به‌ڵام، له راستیشدا، ده‌توانیت هه‌موو سیفتهتێکیان بۆ دابنێیت ته‌نها رۆژنامه‌نووسی نه‌بێت چونکه هیچ جۆره پێوه‌ندییه‌کیان پێوه نییه چ له دوور یان نزیکه‌وه. له کوردستان، له دوای داڕمانی رژێمی به‌عس له به‌غدا، که‌سانێکی نه‌فس نزم که‌وتنه دزینی ئۆتۆمبێل له ناوچه‌کانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق و، له کوردستان ژماره‌کانیان ده‌گۆڕی و ده‌یانفرۆشت، له ناو بازاڕیشدا ئه‌و ئۆتۆمبێلانه نازناوی"تۆزوبا"یان پێوه لکابوو، چونکه دزرابوون، ئه‌مڕۆش، ئه‌و گرووپه باشترین نازناو که پێشنیاری بکه‌ین بۆیان"تۆزوبا"یه چونکه به هه‌مان شێواز کار و ره‌فتاریان ئه‌نجامداوه و، له‌بری ئه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێك بدزن، پیشه‌یه‌کی پیرۆز ده‌دزن که له راستیدا نه‌یانتوانیوه و ناشتوانن به‌رجه‌سته‌ی بکه‌ن، چونکه نایانه‌وێت توانای راسته‌قینه خۆیان له‌و بواره‌دا تاقی بکه‌نه‌وه و، کورد وته‌نی ده‌یانه‌وێت"به…ببنه کوڕێك". ئه‌و خاڵه‌ی که گرنگه لێره‌دا تیشکی بخه‌ینه‌سه‌ر، ئه‌وه‌یه که که‌سانێك له‌و جۆره به هۆی ئیعتیباراتی حزبی و پێچ و په‌نای دیکه‌وه، له‌م که‌ناڵ یان له‌و که‌ناڵی ئاسمانی چاوپێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵدا جێبه‌جێ ده‌کرێت، ئه‌مه سه‌رباری دیداره‌کانی دیکه‌یان له چاپه‌مه‌نییه‌کاندا، له راستیدا من نازانم، ئایا به‌رپرسانی ده‌زگاکانی راگه‌یاندنی کوردی ناتوانن هه‌ندێك خۆیان ماندوو بکه‌ن تا راستی ئه‌و که‌سانه بزانن و، ئایا تا که‌ی به‌شداری ده‌که‌ن له پرۆسه‌ی به ره‌وا ناساندنی رۆژنامه‌نووسه‌کانی"تۆز و با"؟!
nezarjaff@gmail.com