گوناهەكانى عیشق و..نیشتیمانى خۆڵەمێش…سەرهەنگ خامۆش
كاتەكان لە یەك دەچن
ڕۆژترین شەو لەگەڵ تۆدا
شەوترین ڕۆژیش لەگەڵ ئەو
ژیان ئاڵۆزترین سادەیى یە
زەمەنێكە لە هاتنەوەى
سوڵتانەكانى عیشقەوە دەست پىَ دەكا
من والى مەملەكەتى عیشقم
كورسیەكەم باوەشى یارە
دیوانەكەشم دڵى ئەو,
من لە مەنفاوە هاتووم
عەباكەم خەڵتانى خوێنە
تابوتم جەستەى ئەنفالە
ساباتیشم پرچى خۆڵەمێشى هەڵەبجەیە
دەلۆ..لۆ هایىَ هایىَ ىَ ىَ ىَ ىَ
مارشى دەسپێكى ژیانم
هەر سەردولكەى مەرگ بووە
حەیرانیشم
(هەر لۆ بسك و باخەرى
كیژۆرە ئەسمەرىَ بووە)
پێنج فەرزەى نوێژیشم
هەر بۆ خواى عاشقان بووە
خودایە
خوداى عیشق و ئەنفالستان
لەوەتەى هەم تەمەن بەئازارى ناساندووم
كەچى تۆش دەمخەیتە قوڵایى دۆزەخەوە,
من لەنزیكترین خاڵى قەدەرەوە هاتوم
لەگەڵ ئەشكەنجەو كۆژانەكانم ڕاهاتووم
لەگەڵ فیراقیش دەچمەوە…
ئیدى كۆتایى یەكان
سەرەتاكان دەپێچنەوە,
ئازارەكانیش
گوناهەكانم دەشۆنەوە
گوناه..گوناه
ئەى جوانترین و گوناهترین ئاگرى دۆزەخ
بێرەو حەزەكانم یاخین لێت
ئیدى كرنۆش بۆ كىَ بەرم؟
دەپێم بڵىَ:
هەڵچونى ڕووبارێك خوێن
یا باوەشى ژنێكى پڕ تامەزرۆ
یاخود نیشتیمانێكى ئەنفالكراو,
كەچى ئاوێتەى لێوى
گوڵێك و پەپولەیەك
لە گەڵ چاوتروكانێك
لە چۆلەكەیەكى سەرداتێلەكانى شەقام
گوناهن…
گوناه لەیەكەم سورەتى عیشقەوە
دەست پىَ دەكا
تا دەگاتە دوایین هەناسەى مەرگ
من نە بووم تۆم خستە نێو مەراقى گوناهەوە
بەلێوى وشكى خەمم ناساندى
لە نێو كتێبە پیرۆزەكانى عیشقم شاردیەوە,
بەڵام من گەورەترین گوناهم كرد
كەتۆو نیشتیمانى خۆڵەمێشم خۆشویست..!!!
Xamosh_s@hotmail.com