خورافاته‌کانی مه‌زهه‌ب و دووڕوویی ده‌سه‌ڵات..!….دارا مه‌حمود
زیاده‌ڕه‌ویمان نه‌کردووه، ئه‌گه‌ر بڵێین له‌م سه‌رده‌مه‌دا کێشه‌کانی نێوان مه‌زهه‌ب و سکولاریزم گه‌وره‌ترین کێشه‌یه. و له‌خۆڕانییه، که‌سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌م به سه‌ده‌ی مه‌زهه‌ب ناوده‌برێت.
ناوچه گه‌رمه‌کانی جیهان که‌له شه‌ڕو توندوتیژی خوێناویدا به‌سه‌رده‌به‌ن، که‌میان هه‌یه که فاکته‌ری مه‌زهه‌بی له‌پشتییه‌وه نه‌بێت: کێشه‌ی نێوان عه‌ره‌ب و ئیسرائیل، عیراق، ئه‌فغانستان، پاکستان، لوبنان، سودان… و به‌درێژایی دیرۆکی مرۆڤایه‌تی خوێناوی‌ترین و درێژخایه‌نترین جه‌نگ و کێشه ئه‌وانه‌ن که په‌یوه‌ندییان بهمهزههبهوه هه‌بووه‌و هه‌یه.
ئیمڕۆ کاریگه‌ریی مه‌زهه‌ب، ته‌نیا له‌چوارچێوه‌ی سنووریتاک تاکی وڵاتان ڕاناوه‌ستێت و کاریگه‌رییه‌کی جیهانی و ئه‌و کێشه‌یه‌ش که به‌دی ده‌هێنێت جیهانییه. و بۆ چاره‌سه‌ریی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌شی پێویستی به وهخۆکهوتنێکی جیهانی و له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌کاندا هه‌یه. ئه‌و ئاستانه‌ش ده‌توانین به: چاره‌سه‌ریی نیزامی، فکریی، ئابووریی، یاسایی، کو‌لتووریی، و په‌روه‌رده‌یی… ده‌ستنیشان بکه‌ین. و ئه‌مانه هه‌ریه‌ک به‌ڕۆڵی خۆی و له‌و کات و شوێنه‌دا که پێویسته هێنده گرنگه که‌ده‌ست لێهه‌ڵگرتنی، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌رییه‌که مه‌حاڵیش نه‌کات ئه‌وه زه‌حمه‌ت و به‌دوای ده‌خات. و هه‌رله‌به‌ر نه‌بوونی ئه‌م چاره‌سه‌رییه هه‌مه‌لایه‌نه‌یه که ئه‌م کێشانه ته‌شه‌نه ده‌که‌ن و بێ چاره‌سه‌ریی ده‌مێننه‌وه. و گرفته‌کانی ڕێگای چاره‌سه‌ریی هه‌مه‌لایه‌نه‌ش گه‌لێکن: به‌رله‌هه‌موویان گرفتی ده‌ستپێکه، واتا له‌کام له‌م چارهسهرییانهوه ده‌ست پێبکه‌ین و کامه‌یان کلیلی چوونه ناو ناخی کێشه‌که‌یه. و ده‌بینین هه‌ر لایه‌نه له‌پێگه‌ی خه‌سڵه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی و دیدو ئه‌زموون و تواناکانی خۆیه‌وه چاره‌سه‌ریی هه‌ڵده‌بژێرێت. بۆنموونه ده‌سه‌ڵاته‌کانی سیاسی و حکومه‌تی، زوو په‌ناده‌به‌نه به‌ر چاره‌سه‌ریی سیاسی- نیزامی. نووسه‌ران و قه‌ڵه‌م بهدهستانیش زۆرتر لایه‌نی فکری و فه‌رهه‌نگی هه‌ڵده‌بژێرن و له‌جیهانی خۆیانه‌وه ده‌ڕوانن. یانیش ئه‌وکاره‌ده‌که‌ن که‌له‌ده‌ستیان دێت و بواری کار‌و چالاکی ئه‌وان ده‌گرێته‌وه. پسپۆرێکی ده‌روونناسیش له‌دیدی ده‌روونناسییه‌وه شیکردنه‌وه ئه‌نجام ده‌دات و چاره‌سه‌ریی به‌دی ده‌کات… ئه‌مانه هه‌موو ئاسایین و هه‌رده‌بێ واشبێ. به‌ڵام گرفتێکی تر دێته ئاراوه که زۆربه‌ی جاره‌کان (له‌ناو ئێمه‌دا هه‌میشه)، ئه‌م ئاست و بووارانه ده‌که‌ونه به‌رانبه‌ر یه‌ک و کاری یه‌کتر له‌بارده‌به‌ن. له‌مه‌ش خراپتر ئه‌وکاته‌یه که‌هه‌ر لایه‌نه ئه‌رکی خۆی به‌باشی به‌جێ نههێنێتت، و یانیش ئه‌وکاته‌ی له‌پێناو له‌ده‌ستنه‌دانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی تر، دووڕوویی و هه‌ڵخه‌ڵه‌تان دێته‌ئاراوه.
خاڵێکی گرنگتر له‌مانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌ستنیشانکردن و پێناسه‌ی کێشه‌که‌یه. واتا کاتێک باس له کێشه‌ی نێوان مه‌زهه‌ب و سکولاریزم، یان کاریگه‌ریی نێگه‌تیڤانه‌ی مه‌زهه‌ب، یان مه‌زهه‌ب و سیاسه‌ت،… و بابه‌ته‌کانی تری له‌م جۆره ده‌که‌ین، و بۆ ئه‌وه‌ی ته‌م و مژ له‌سه‌ر باسه‌که هه‌ڵبگرین پێویسته سه‌ره‌تا به‌ڕوونی ئه‌مه ده‌ستنیشانبکه‌ین که ده‌رباره‌ی چی ده‌دوێێن..! و بۆ ئه‌مه من پێموایه ئه‌گه‌ر پێکه‌وه ئه‌م ڕاستییه قبوڵ بکه‌ین که مه‌زهه‌ب له‌م سه‌رده‌مه‌دا گه‌وره‌ترین له‌مپه‌ری به‌رده‌م پێشکه‌وتن و ئازادی و گه‌شه‌کردنی عه‌قڵی مرۆڤه.. ئه‌وکات ده‌لاقه‌یه‌کی گه‌وره له‌به‌رده‌م باسه‌که‌ماندا ده‌بێته‌وه. و ئه‌وکات ناچارین وه‌ڵامی دووپرس بده‌ینه‌وه. یه‌که‌م: بۆچی و چۆن ده‌یسه‌لمێنین کهمهزههب له‌مپه‌ره.؟ دووه‌م: بۆ ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی چی بکه‌ین و چ مامه‌ڵه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ مه‌زهه‌بدا بکه‌ین..؟
له‌وه‌ڵامی پرسیاری یه‌که‌مدا ده‌ڵێین: زۆر پرس و بابه‌ت له‌مه‌زهه‌بدا هه‌ن که هیچ میکانیزمێکی گرده بڕو ڕه‌ها لهئارادانین بۆسه‌لماندن یان ڕه‌تکردنه‌وه‌یان. بۆنموونه بوون و نه‌بوونی خوا! بۆیه خۆخه‌ریک کردن به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسه ئه‌به‌دییه‌ی مرۆڤایه‌تی لهههربوارو ده‌رفه‌تێکدا کارێکی بێهوده‌یه. به‌ڵکو لێدوان له‌م پرسه ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی فه‌لسه‌فه. ئیتر له‌مه به‌دواوه من به‌ئاسانی و به په‌نا بردن بۆ عه‌قڵ و لۆژیک و زانست، به‌م ڕاستتیه ده‌گه‌م که مه‌زهه‌ب نه‌ک هه‌ر پڕ له خورافاته به‌ڵکو ڤۆلتێر گوته‌نی مه‌زهه‌ب بۆخۆی سه‌رله‌به‌ر خورافاته. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مه ته‌نیا بۆچوونی من و چه‌ند ملیۆن مرۆڤی تری ئه‌م سه‌رزه‌مینه بێت، ئه‌وه له‌به‌رانبه‌ردا به ملیار مرۆڤی تر هه‌ن که پێچه‌وانه‌که‌ی، واتا عه‌ینی ڕاستی و تاکه په‌نای کۆتاییشی تێدا ده‌بیننه‌وه. ڕاستی و دروستی هه‌ریه‌ک له‌م دوو بۆچوونه کاتێک ده‌رده‌که‌وێت، کهههردوولا مافی بهرامبهرو ده‌رفه‌تی ته‌واویان هه‌بێت بۆ ده‌ربڕینی بیروباوه‌ڕی خۆیان.
چه‌ندان سه‌ده‌یه‌و به‌درێژایی دیرۆکی کۆن و نوێێ مرۆڤایه‌تی، مه‌زهه‌به جیاجیاکان، چ بهزانابوونێکی ته‌واوه‌وه یان له‌ڕووی کرچی کاڵی بیر‌و ئه‌زموون و به‌رته‌سکی بواری زانستی په‌یڕه‌وکه‌رانی بووبێت، بارانی جه‌هل و خورافات به‌سه‌ر مرۆڤایه‌تیدا ده‌بارێنن. و ههردهمهش به بیانوویه‌ک، و ئه‌مڕۆش به‌بیانووی ڕێزگرتن له هه‌ستی مرۆڤه خاوه‌ن باوه‌ڕه‌کان، ڕێگای ڕه‌تکردنه‌وه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌و گومانیان گرتووه. ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕێگایه‌ش ده‌گرێت به‌فه‌رمان و فتوای مه‌زهه‌ب و به ئامرازی ده‌سه‌ڵات.
سه‌یرکه‌ن! ئه‌م هه‌موو درۆ‌و خورافاته.. ! به‌ڵام ئه‌م مافهلهئارادانهبێت به‌درۆ بڵێین درۆ‌و بهخورافاتیش خورافات.
مه‌زهه‌ب دیرۆکێکی پڕ له‌درۆو ئه‌فسانه‌ی بۆ خۆی خه‌یاڵ پڵاوکردووهو ئهوڕێگایهش ده‌گرێت کهدیرۆکی ڕاستی ئاشکرابکرێت.
من له‌م بابه‌ته‌دا ناخوازم خۆبهسهلماندنی ئه‌مه‌وه خه‌ریک بکه‌م که مه‌زهه‌ب خورافاته. به‌ڵکو ده‌مه‌وێ لایه‌نگری خۆم بۆ ئه‌مانه دربڕم که ده‌خوازن له‌مپه‌ری پڕ لهساختهبازی مه‌زهه‌ب له‌به‌رده‌م گوتندا لابه‌رن. ئه‌رکی ئێمه هه‌رئه‌وه‌نده نییه که‌بۆ خۆمان خورافاتی و ساختهبازو درۆزن نه‌بین. به‌ڵکو ئه‌رکی گرنگترمان ئه‌مه‌یه که‌په‌رده له‌ڕووی خورافاته‌کانی مه‌زهه‌ب هه‌ڵماڵین. نیچه ده‌ڵێت: بۆ ئه‌وه‌ی بتپه‌رست نه‌بی، ئه‌مه‌نده به‌س نییه بته‌کانت شکاندبێ، به‌ڵکو وازت له‌خوو ونه‌ریتی بتپه‌رستیش هێنابێت.
خوو و نه‌ریته خورافاتییهکانی مه‌زهه‌ب ڕۆژانه، به هاندانی ده‌سه‌ڵات و به پشتیوانی یاسا! به‌ناوی ڕێزگرتن له‌مه‌زهه‌ب و هه‌ستی مهزههبداران له‌ئاستی جۆربه‌جۆردا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و په‌یڕه‌وده‌کرێت.
ڕێزگرتن له مه‌زهه‌ب و هه‌ستی مهزههبداران ئه‌مه نییه که مل بۆ جه‌هاله‌ت که‌چ که‌ین و نه‌وێرین به‌درۆکانیان بڵێین درۆ. به‌ڵکو ناسینی مافی هه‌ڵبژاردنی مه‌زهه‌ب و په‌یره‌وی ڕێوڕه‌سمی ئایینی و عیباده‌ته.
له‌وه‌ڵامی پرسی دووه‌میشدا ده‌ڵێین: ئه‌وه‌ی که ئه‌م کێشه‌یه چاره‌سه‌ر ده‌کات سکولاریزمه. واتا جیاکردنه‌وه‌ی کاروباره‌کانی ئه‌م جیهانه له‌گه‌ڵ کاروباره‌کانی تری ئه‌و جیهانییه. یان جیهانێکی تری دوای مردن. سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵات، ڕه‌وش و شێوازه‌کانی ژیانی مرۆڤ، حه‌زو ئاره‌زووه‌کانی. زانست و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گرفته‌کانی ژیان و هتد. قه‌ڵه‌مڕه‌وی مه‌زهه‌ب نین. به‌ڵکو مزگه‌وت و کڵێساو شوێنه‌کانی تری عیبادهت، و په‌یڕه‌وکردنی ڕێوڕه‌سمه ئاینییه‌کان، و دیارییکردنی مه‌زهه‌ب به‌په‌یوه‌ندی نێوان تاک و خوا. قه‌ڵه‌مڕه‌وی مه‌زهه‌بن. که‌له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاته دووڕوه‌کانه‌وه ئه‌م قه‌ڵه‌مڕه‌وه به په‌رله‌مان و دادگاکان و ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن و قوتابخانه‌و زانسگاکانیشهوه… ڕاناوه‌ستێت.
ده‌سه‌ڵاتێک که‌به‌خۆی بڵێت سکولار، چ واتایه‌ک له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه شه‌رع له‌به‌رانبه‌ر یاسادا قووتکاتهوه..؟ له‌سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتێکی سکولاری مۆدێرندا خه‌ڵک بۆچاره‌سه‌ری گرفته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان و پرسی ڕێنێوینی ده‌بێ په‌نا بۆ توێژه‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رن یان مه‌لا..؟
ئایا له‌جیهاندا هیچ ده‌ستورێکی سکولار هه‌یه تیایدا هاتبێت که له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵک زۆربه‌یان مه‌زهه‌بین نابێ یاساکان پێچه‌وانه‌ی مه‌زهه‌بی ئه‌وان بن. ئایا ئه‌مه ده‌قاوده‌ق به‌م واتایهنیه که: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جه‌هل و خورافات له‌کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا زاڵه نابێ هیچ یاسایه‌ک هه‌بێت دژی جه‌هل و خورافات بێت..!؟
یان له‌کاتێکدا چه‌ندان سه‌ده به‌سه‌ر کوشتنی حوسێنی کوڕی عه‌لیدا تێپه‌ڕده‌بێت و له‌و کاته‌وه تا ئێستا به‌ده‌یان ملیۆن مرۆڤی له حوسێن بێتاوانترو غهدرلێکراوتر له‌ناوبراون، نیشاندانی ده‌سته‌گه‌لی خۆشکهنجهکهر، که بهقهمهو زنجیر خۆلهت و په‌ت ده‌که‌ن له‌که‌ناڵه‌کانی ته‌له‌فزیۆنه‌وه، خۆی له‌خۆیدا په‌یڕه‌وکردنی وه‌حشیگه‌رییه، یان ڕێزگرتن له‌هه‌ستی موسوڵمانانی شیعه. .؟
پرسیاریی کۆتایی ئێمه له‌م بابه‌ته‌دا ڕوو به‌ده‌سه‌ڵاتی باشووری کوردستان ئه‌مه‌یه. ئایا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته به‌ڕاستی خۆی پێ سکولاره یان مه‌زهه‌بی..؟ سکولاربوون کهئاوانابێت و ئه‌گه‌ر مه‌زهه‌بیشن باچیتر فریودان پهیڕهونهکهن و چاکترو شه‌رافه‌تمه‌ندانه‌تره بائاشکرا له‌جیاتی جامانه عه‌مامه له‌سه‌رکه‌ن… !