Skip to Content

Friday, November 8th, 2024
وەرزى وەرین…شیعرى ئاوات ئالانى

وەرزى وەرین…شیعرى ئاوات ئالانى

Closed
by January 24, 2009 ئەدەب

 وەرزى وەرین…
 شیعرى ئاوات ئالانى

 دەستى با پڕە لە پەیامى خەزان
 بۆیە گوڵ
 بە هاتنى ئەژاكآ و
 بول بول جاڕى پرسە ئەدا
 گەرچى{با}
 پەیام نێركى ڕاست گۆیەو
 هیچى تر
 خەزانیش
 قاتڵى جوانى گوڵ نییە
 كلیلى دەروازەیەكى ترە..!
 با ئێمەش بەرلەوەى
 بەردێك بخەنە سەر
 ترپەكانى دڵمان و
 پەردەى نیگامان دادەنەوە
 ئامێز واڵا كەین..
 تا{با}یەكى ڕوو سپى
 دێڕ دێڕ
 ژیانمان بۆ ڕاڤەكا..!
 ژیان ماڵێكە
 بێ سڵاو كردن ئەچینە ناوى و
 بآ ماڵ ئاوایى
 ئاوا ئەبین….
 ژیان لێرە وایە
 نە دونیا
 بەهاتنمان پێنەكەنآ و
 نە بۆ ڕۆیشتنمان ئەگرى
 كەوایە با بڕیار بدەین
 قۆڵ نەكەین بە قۆڵى غەماو
 هاوڕێیەتى گریان نەكەین..!
 جگە لە گریانى عاریفان
 ئاخر عاریفان لە ترسى
 ڕۆژى پەسڵان
 بە پەنهانى ئەگرین
 بۆیە پێكەنینیان لىَ ئەچۆڕآ..
 ژیان لێرە وایە
 شەوانى یەڵدا
 لە شەقامەكانى شارا
 پیاسە ئەكەین و
 قەیرێك بە دیار
 ڕۆژەوە دائەنیشین
 بۆ گوڵە بەڕۆژە قرتاندن و
 ساتێكیش بۆ بیركردنەوە لە هیچ..!!
 ئاى كە خێرا بە تونێلى
 ژیانا ڕەت ئەبین
 هەر یەكەمان
 لە وەختێكى ناوەختا
 لە وێستگەیەكى بآ
 ناو نیشانا دا ئەبەزین و
 فریاى ئاوڕدانەوەیەك ناكەوین
 بۆ ماڵ ئاوایى..
 بەم هەموو
 حوزنەوە
 بەم هەموو خەمەوە كەمرۆڤ ئەخوا..!!
 نەیارى جوانى
 دڕك ئەكا بەدڵى گوڵاو
 گوڵ ئەخەتە سەر ئاگرى ڕق و
 ئاگر لە گێژوانى ئەوین بەر ئەدا..
 ژیان لێرە وایە
 لە نێوان ژیان و  مەرگا
 تەمێك ڕاكشاوە
 بە سانایى
 ناڕەوێتەوە
 لە نێوان ژیان و  مەرگا
 تولە ڕێیەك هەیە
 ئەمانباتەوە سەر ڕوبارى خوێن
 لە نێوان ژیان و  مەرگا
 شەڕێك هەڵگیرساوە
 ئەوەى لە نێوانیاندا ئەكوژرآ
 من و تۆین..!
 ڕاستییەك هەیە كەم
 ئەوترێتەوە…
 تەمەن پەتێكە
 ئەم سەرى بەدەست خۆتەوەیەو
 ئەو سەرى نا..
 هێشوە ترێیە
 لێرە نابێت بە شەرابى خلوود
 بەر لەوەى پێبگا
 وشكى ئەكاتەوە با..!
 تۆ تەماشا
 نالى لە ناو گڕى عیشقا
 پشكۆى غوربەت
 ئەى سوتاندو
 سلیمانى
 دڵى فێنك ئەكردەوە..
 مەولەوى بەسیاچەمانە
  تاوەگۆزى پڕ پڕ ئەكرد
 لە بەرامەى تەڕى ژیان
 لەسەر ڕێگاى{ست فاتمە}
 ئەحەمەد هەردى
 فەڕشى دڵى ڕائەخست و
 تا دوا هەناسەشى نەى دى
 ژیان لێرەوایە گوڵم
 لە نالى یەوە بۆ مەولەوى
 لە مەولەوى تاكو هەردى
 لە ویشەوە تا كۆتاى..
 كۆتاى نانوسینەوە…!
 هەموو بەهارمان خۆش ئەوآ و
 بۆن بە چڵە گیایەكەوە ناكەین
 وەرزى وەرین بآ پرس
 خۆى ئەكا بەماڵى باخا
 كەچى
 پەند لە وەرینى
 گەڵایەك وەر ناگرین…
 تەرمى كینە فڕێنادەین
 بۆ حاڵى خۆمان ناگرین.
 
 awatalany@yahoo.com
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.