Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
یاساى رۆژنامەگەرى لە كوردستان

یاساى رۆژنامەگەرى لە كوردستان

Closed
by January 24, 2009 گشتی

 وەزیرى رۆشنبیرى :
 بۆ یەكەم جار یاداشتێكمان دایە ئەنجومەنى وەزیران بۆئەوەى رۆژنامەنووس لەسەر كارى رۆژنامەگەرى و ئازادى بیروڕا دەستگیر نەكرىَ

 وەزیرى داد 
رۆژنامەنووسان دەیانەوىَ هەركارێك بكەن لە چوارچێوەى كارى رۆژنامەگەرى ، سزا نەدرێن ، ئەم بۆچوونە تا رادەیەك دروست نییە
  
 كەریم بەحرى:
 پێویستە دەستەواژەى دەستگیرنەكردنى رۆژنامەنووس وەك پڕەنسیپ و ئاداب و سیستەمى گشتى لە ئەحكامەكانى سزاداندا لە یاساكەدا ئاماژەى بۆ بكرىَ

 سەرۆكى داواكارى گشتى :
 راوێژكارى راگەیاندنى سەرۆكى پەرلەمان:
 ئەوەى داواكرابوو جۆرێك بوو لە حەسانە بۆ رۆژنامەنووسان
 
 سمكۆ عەبدولكەریم

 بەو پێیەى یاساى رۆژنامەگەرى لە كوردستان نەبۆتە رێگر لەبەردەم دەستگیركردنى رۆژنامەنووس لەسەر كارى رۆژنامەگەرى ، زۆربەى رۆژنامەنووسان و پەرلەمانتاران و سەندیكاى رۆژنامەنووسانیش گەیشتونەتە ئەو راستییەى كە دەبىَ كار بۆ هەمواركردنى یاساكە بكرىَ ، بەڵام هەندىَ لایەن  پێیان وایە هەمواركردنەكە دەبێتە هۆى گەڕانەوەى دەستەواژەى ئاداب و سیستەمى گشتى بۆ نێو یاساكە ، ئەمەش بە مەترسى دەزانن .
  فەلەكەدین كاكەیى وەزیرى رۆشنبیرى هەرچەندە هەمواركردنەكە بە شتێكى ئاسایى دەزانىَ ، بەڵام مەترسى خۆشى نەشاردەوە لەوەى ئەو هەمواركردنە ببێتە هۆى خراپتركردنى یاساكەو وتى: هەرچەندە دەبىَ ماوەیەك  بەسەر یاساكەدا تێپەڕى بێت بۆ ئەوەى داواى هەمواركردنى بكرێت ، لەگەڵ ئەوەشدا دەكرىَ لە رێگەى 10 ئەندام پەرلەمانەوە پڕۆژەیەكى هەمواركردن ئامادە بكرێت ، بەڵام من مەترسى ئەوەم هەیە رەنگە هەمواركردنەكە لە جیاتى باشتركردنى ، ببێتە هۆى ئەوەى ئاداب و سیستەمى گشتى بگەڕێندرێتەوە نێو یاساكە .
 لەم بارەیشەوە وەزیرى رۆشنبیرى مەترسى ئەو دەستەواژەیەى بۆ ئەوە گەڕاندەوە وتى: شەڕى گەورە لەسەر ئەوە بوو كە  ئاداب و سیستەمى گشتى لە یاساكەدا لابدرىَ ، هەموو لایەك  هەوڵى زۆرماندا ، ئێمە پێداگریمان كرد بۆ لابردنى ئاداب و سیستەمى گشتى لە یاساكەدا ، چونكە من وەك رۆشنبیرێك لێت ناشارمەوە مەترسیەكى زۆرمان هەبوو لەسەر بوونى ئاداب و سیستەمى گشتى لە یاساكەدا ، چونكە ئاداب و سیستەمى گشتى چى دەگرێتەوە ؟، پێناسەیەك نییە بۆ ئەمە ، رەنگە بەیانى تۆ شتێك بڵاوبكەیتەوە بخرێتە چوارچێوەى لادان لە ئادابى گشتى ، من وەك رۆشنبیرێك رەنگە لە گەڵ ئەوەدابم گۆڤارێكى تایبەت بە هۆشیارى سیكسى هەبىَ بە شێوە زانستییەكەى ، بەڵام رەنگە ئەوە بە لادان لە ئاداب و سیستەمى گشتى لێك بدرێتەوە ، بۆیە دەبىَ زۆر وریا بین رێگە نەدەین ئەو ئازادییەى بەدەست هاتوە بەرتەسك بكرێتەوە ، بەڵكو دەبىَ هەوڵى فراوانتركردنى بدەین ، ئەمە ئەركى رۆژنامەنووسانیشە نابێت بیانوو بەدەستەوە بدەن بۆ ئەوەى ، ئەوەى هەشە لە دەستى بدەین .
 سەبارەت بەو بڕگەیەش (ناشىَ رۆژنامەنووس لەسەر كارى رۆژنامەگەرى دەستگیر بكرىَ ) كە پێشتر لە نێو پڕۆژەى یاساكەدا هەبووە و ئێستا لە یاساكەدا نییە فەلەكەدین كاكەیى رایگەیاند: بۆ یەكەم جار ئێمە وەك وەزارەتى رۆشنبیرى لە سەردەمى كابینەى پێنج و لە سەرەتایى كارەكانماندا یاداشتێكمان دایە ئەنجومەنى وەزیران بۆ هەمواركردنى یاساى چاپەمەنى كوردستان ژمارە 10 ى ساڵى 1993 ، كە تەنیا مەبەستیشمان ئەوە بوو ( نابىَ رۆژنامەنووس لەسەر كارى رۆژنامەگەرى و ئازادى بیروڕا بە هیچ شێوەیەك دەستگیر بكرىَ) ، ئەنجومەنى وەزیرانیش رەزامەندیان پیشاندا ، دواتر پڕۆَژە یاساى رۆژنامەگەرى ئامادەكرا ، ئێمە جارێكى دیكە لە رێگەى یاداشتێكەوە ئەو  پێشنیازەمان خستەوە بەردەم ئەنجومەنى وەزیران ، دواتر من بۆ خۆشم لە زۆربەى كۆبوونەوەى لیژنەكانى پەرلەمان ئامادەبووم ، وەك كۆبوونەوەكانى لیژنەى رۆشنبیرى و لیژنەى یاسایى ، یەكێك لەو شتانەى زۆر پێداگریمان لەسەر كرد ئەوە بوو كە نابىَ رۆژنامەنووس لەسەر كارى رۆژنامەگەرى و ئازادى بیروڕا بە هیچ شێیوەیەك دەستگیر بكرىَ ، بەڵام سەرەنجام ئەو یاسایە دەركرا كە ئێستا هەیە ، لە ماددەى نۆدا سزاكان دیاریكراوە كە تەنیا باسى غەرامە كراوە و سزاى زیندانیكردنى تێدا نییە ، من پێم وایە ناتێگەیشتنێك هەیە لە جێبەجێكردنى یاساى رۆژنامەگەرى ، ئەگەرنا بە پێى ئەم یاسایە ناڵێم لە سەدا سەد ، بەڵام رۆژنامەنووس لە دەرەوەى ئەم یاسایە نابىَ زیندانى بكرىَ ، هەرچەندە زۆرجار نووسین هەیە هانى تیرور و كوشتن دەدات ، رەنگە لەم حالەتەدا رۆژنامەنووسەكە یاساى دیكەى لەسەر جێبەجێبكرىَ .
 فاروق جەمیل وەزیرى داد بە شێوەیەك لە شێوەكان لەگەڵ ئەوەدایە رۆژنامەنووس لەسەر كارى رۆژنامەگەرى دەستگیر نەكرىَ ، بەڵام  بە شێوەیەكى رەها نا: ( بەو شێوە موتلەقییە ناتواندرىَ بڵێى نابىَ رۆژنامەنووس دەستگیر بكرىَ ، چونكە زۆرجار رۆژنامەنووس هەیە پێى وایە ئەو كارەى كردویەتى لە چوارچێوەى كارى رۆژنامەگەریدایە ، بەڵام رەنگە وانەبىَ ، هەرچەندە من لەگەڵ ئەوەدا نیم رۆژنامەنووس لەسەركارى رۆژنامەگەرى دەستگیر بكرىَ ، كە بە پێى یاساكەش دەستگیر ناكرىَ ، بەڵام ئەگەر هاتوو لە چوارچێوەى كارەكەى دەرچوو پێویستە یاساى لەسەر جێبەجێبكرىَ ).
 وەزیرى داد پێى وایە ناكرىَ هەموو عادات و تەقالیدێك بخرێتە چوارچێوەى ئاداب و سیستەمى گشتى ( ناكرىَ بەو شێوە فراوانییە وەربگیرىَ ، هەندىَ شت هەیە لە گەڵ عادات و تەقالید ناگونجىَ ، ئەوە ماناى وانییە لادانە و پێویستە رۆژنامە نووسەكە سزا بدرێت ).
 وەزیرى داد بە شێوەیەكى گشتى یاساى رۆژنامەگەرى بە یاسایەكى باش وەسف دەكات و دەلىَ : ئەوەى لە یاساى رۆژنامەگەریدا هاتوە مافى رۆژنامەنووس باش دەپارێزێت ، چونكە لەسەر كارى رۆژنامەگەرى ئاسایى بڕگەیەك نییە سزاى زیندانیكردنى بەسەردا بدات ، تەنیا باسى غەرامە كراوە ، ئەگەر غەرامەكەى نەدا ئەوە دەبىَ سزا بدرێت، ئەوەى من تێبینیم كردوە رۆژنامەنووسان دەیانەوىَ هەركارێك بكەن لە چوارچێوەى كارى رۆژنامەگەرى ، سزا نەدرێن ، ئەم بۆچوونە تا رادەیەك دروست نییە، چونكە هەندىَ شت هەیە پەیوەندى بە تاوانێكەوە هەیە لە دەرەوەى كارى رۆژنامەگەرى ، بۆیە لەم حالەتەدا دەبىَ بگەڕێنەوە سەر یاساى سزادان ، نەك هەر رۆژنامەنووس پەرلەمانتارێكیش ئەگەر تاوانێكى ئەنجامدا دەبىَ حەسانەكەى لێوەربگیرێتەوە و بدرێتە دادگاو سزاش بدرىَ ، ئەوەى پەیوەندى بەكارى رۆژنامەگەرییەوە هەیە بىَ شك سزاى لەسەر نییە ، یاساى رۆژنامەگەریش زۆر روونە ، بەڵام ئەگەر رۆژنامەنووسێك لە پەناى كارى رۆژنامەگەرییەوە تاوانێك بكات ئەوە دەبىَ بۆ ئەوە پێوەرو یاسا هەبێت.
 كەریم بەحرى ئەندامى لیژنەى یاسایى پەرلەمان یەكێكە لەو پەرلەمانتارانەى هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ ئەوەدا بووە ئاداب و سیستەمى گشتى لە یاساى رۆژنامەگەریدا هەبێت و پێى وابوو لادانى ئەو بڕگەیە بە هیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندى رۆژنامەنووساندا نییە .
 لەم بارەیەوە كەریم بەحرى دەڵىَ : كاتى خۆى لەسەرجەم كۆبوونەوەكاندا ئەوەم راگەیاند كە ئەگەر چەمكى ئاداب و سیستەمى گشتى نەخرێتە نێو یاساى رۆژنامەگەرى ، ئەوە هەركاتێك رۆژنامەنووس لەو ئاداب و سیستەمى گشتییە لابدات دەكرىَ بەدەر لە یاساى رۆژنامەگەرى مامەلەى لەگەڵدا بكرىَ ،  بەم شێوەیە هەم رووبەڕووى سزاى غەرامە دبێتەوە هەم زیندانیكردن ، بەڵام ئێمە لەوەدا سەركەوتو نەبووین ، بەداخەوە رۆژنامەنووسان و ئەندامانى پەرلەمان ئەو بۆچوونەى ئێمەیان بە هیچ وەرنەگرت ، ئەوكاتیش بە رۆژنامەنووسانمان وت رۆژێك دێت خۆتان داوامان لێدەكەن ئاداب و سیستەمى گشتى بخەینەوە نێو یاساكە كە ئێستا ئەوە یەكێكە لە كەمو كوڕییەكان و دەبىَ چارەسەر بكرێت .
 كەریم بەحرى پێى وایە ئەگەر بڕگەى دەستگیرنەكردنى رۆژنامەنووسیش بخرێتەوە نێو یاساكە هەر ناتواندرىَ رێگرى لە دەستگیركردنى رۆژنامەنووس بكرىَ بەبىَ جێگیركردنى ئاداب و سیستەمى گشتى لە ئەحكامەكانى سزاداندا.
 (سەبارەت بەو پڕنسیپەش كە نابىَ رۆژنامەنووس لەسەر كارى رۆژنامەگەرى دەستگیر بكرىَ ئەوە دەكرىَ لە كاتى هەمواركردنیدا وەك پڕەنسیپ بخرێتە نێو یاساكە ، بەڵام ئەگەر ئاداب و سیستەمى گشتى لە ئەحكامەكانى سزداندا جێگیر نەكرىَ ، ئەوە هەركاتێك رۆژنامەنووس لە ئاداب و سیستەمى گشتى لابدات رووبەروى سزا دەبێتەوە) .
 كەریم بەحرى پێخۆشحالە بەوەى بەكردەوە بۆچوونەكەى ئەو راست دەرچووە و دەڵىَ : هەرچەندە ئێستا پێخۆشحال نیم كە رۆژنامەنووس دەستگیر دەكرىَ ، بەڵام بەكردەوە دەركەوت ئەو بۆچوونەى ئێمە راست بوو ، ئەو پێداگریەشم لە كاتى خۆیدا هەر بۆ ئەوە بوو رۆژنامەنووس دەستگیر نەكرێت .
 هەمواركردنى یاساكەش بە تاكە چارەسەر دەزانىَ و وتى: پێم باشە لە رێگەى 10 ئەندام پەرلەمانەوە پڕۆژە یاسایەك گەلالە بكرىَ و بخرێتە بەردەمى سەرۆكایەتى پەرلەمان بە مەبەستى هەمواركردنى، پێویستە دەستەواژەى دەستگیرنەكردنى رۆژنامەنووس لەسەر كارى رۆژنامەگەرى وەك پڕەنسیپ و ئاداب و سیستەمى گشتى لە ئەحكامەكانى سزاداندا لە یاساكەدا ئاماژەى بۆ بكرىَ ، بۆ ئەوەى رۆژنامەنووس تەنیا غەرامە بكرىَ و زیندانیكردن نەیگرێتەوە ، ئەمەش تاكە چارەسەرە بۆ چارەسەركردنى ئەو گرفتە و هیچ بەدیلێكى دیكە نییە .
 بە پێچەوانەى ئەو قسەیەى كەریم بەحرى سازگار ناجى سەرۆكى داواكارى گشتى راى وایە كە ئەگەر لە یاساكەدا بڕگەیەك هەبىَ نابێت رۆژنامەنووس لەسەر كارى رۆژنامەگەرى دەستگیر بكرىَ ، ئەوە دەرفەتى ئەوە نابێت بە تاوانى لادان لە ئاداب و سیستەمى گشتیش رۆژنامەنووس زیندانى بكرێت .
 سەرۆكى داواكارى گشتى وتى: بێشك ئەگەر لە نێو یاساكەدا هەبوایە كە نابىَ رۆژنامەنووس لەسەر كارى رۆژنامەگەرى دەستگیربكرێت كە ئەمە شتێكى گشتییە ، ئەو دەرفەتە نەدەبوو  رۆژنامەنووس لەسەر ئاداب و سیستەمى گشتیش دەستگیر بكرىَ ،
 لە لایەكى دیكەوە سەرۆكى داواكارى گشتى ئەو چەند حالەتەى دەستگیركردنى رۆژنامەنووس لە ماوەى رابردودا بە شتێكى یاسایى دادەنىَ و دەڵىَ : تا ئێستا ئەوانەى دەستگیركراون بە پێى یاسا بووە ، سەرپێچى یاساى رۆژنامەگەرى نەكراوە ، تەنیا ئەوەندە نەبىَ كە ئەم حالەتەى رۆژنامەنووس لەسەرى دەستگیركراوە لە نێو یاساى رۆژنامەگەریدا نییە ، وەك ئاداب و سیستەمى گشتى كە لەم یاسایەدا نییە ، بۆیە بەناچارى گەڕاوینتەوە  سەر یاساى دیكە ، پێشم وایە ئەم یاسایە كەموموڕى تێدایە و پێویستە هەموار بكرىَ،  چونكە نەبۆتە هۆى ئەوەى كە رێگر بىَ لە دەستگیركردنى رۆژنامەنووس .
 تارق جەهەر سارمەمى راوێژكارى راگەیاندنى سەرۆكى پەرلەمان ئەوەى روونكردەوە كە پێشتر لە پڕۆژە یاساكەدا كە لە ئەنجومەنى وەزیرانەوە نێردراوەتە سەرۆكایەتى پەرلەمان بڕگەیەك هەبووە سەبارەت بە دەستگیرنەكردنى رۆژنامەنووس لەسەر كارى رۆژنامەگەرى ، بەڵام پەسند نەكراوە .
 (  لە ئەنجامى ئەو بەدواداچونە وردەى كردمان لەسەر ئەوەى كە گوایە دەستكارییەك لە ناوەڕۆكى یاساى رۆژنامەگەرى كراوە و دەستەواژەیەك لادراوە لەسەر ئەوەى ناشێت رۆژنامەنووس دەستگیر بكرێت،دواى گەڕانەوە  بۆ سەر مەحزەرى دانیشتنەكان و  پڕۆتۆكۆلەكان و تەماشاكردنى فیلمى كۆبوونەوەكان دەركەوەت هیچ دەستەواژەیەك نییە سەبارەت بەوەى كە (نابىَ رۆژنامەنووس دەستگیر بكرێت ) و لە لایەن ئەندامانى پەرلەمانەوە بڕیارى لەسەر درابىَ و دواتر لادرابێت ، بەڵام لە دەقى ئەو پڕۆژەیدا كە لە لایەن ئەنجومەنى وەزیرانەوە نێردراوەتە سەرۆكایەتى پەرلەمان لە بەشى پێنجەمى ماددەى نۆى بڕگەى ئەلفدا دەلىَ: (ناشێت رۆژنامەنووس دەستگیر بكرێت یان بگیرێت ، تەنها لە كاتى ئەنجامدانى تاوانێكى بەرچاودیتراودا نەبێت ) بەڵام مەرج نییە هەر پڕۆژەیەك هاتە پەرلەمان وەك خۆى ببێتە یاسایەكى بڕیار لەسەردراو ).
 ئەو بڕگەیەى ( ناشێت رۆژنامەنووس دەستگیر بكرێت ) لە نێوان ئەندامانى پەرلەمان و هەریەك لە لیژنەكانى یاسایى و رۆشنبیرى گفتوگۆیەكى زۆر جدى لەسەركرا  ، كە ناكرێت رۆژنامەنووس وەك  ئەندامانى پەرلەمان حەسانەى پەرلەمانیان هەبىَ ، چونكە ئەوەى داواكرابوو جۆرێك بوو لە حەسانە بۆ رۆژنامەنووس ، بۆیە زۆربەى بۆچوونەكانى نێو هۆلى پەرلەمان لە گەڵ ئەوەدا نەبوون رۆژنامەنووس ئەو حەسانەیەى پێبدرىَ ، چونكە رۆژنامەنووس وەك هەر هاوڵاتییەكى دیكە وایە و پێویستە بەهەمان شێوە مامەلەى لەگەڵدا بكرىَ ، دەكرىَ بڵێن ئەم دەستەواژەیە لە ئەسلى یاساكەدا ، چ دواى ئەوەى جارى یەكەم لە لایەن سەرۆكى هەرێمەوە گەڕێندرایەوە چ جارى دووەم دەستەواژەى كە نابىَ رۆژنامەنووس دەستگیر بكرىَ پەسند نەكراوە .
 سارمەمى وێڕاى ئەوەى یاساكەى بە پێشكەوتو وەسفكرد ، بەڵام هەمواركردنەكەشى بە ئاسایى زانى وتى: هەرچەندە بە پێى بۆچونى زۆربەى شارەزایانى دەرەوە و ناوەوە ئەم یاسایە بە بەراوورد لە گەڵ وڵاتانى ناوچەكە زۆر پێشكەوتوە ، بەڵام ئەمەش بەو مانایە نییە كە ناكرىَ هەمواربكرىَ ، چونكە وەك بینیمان هەندىَ رۆژنامەنووس لەم چوارچێوەیەدا دەستگیركران ، لەبەر ئەوەى بە هۆى نەبوونى ئاداب و سیستەمى گشتى ، یاساكە نەیتوانیوە ببێتە رێگر لەبەردەم دەستگیركردنى رۆژنامەنووس .
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.