
له باره‌ى میدیاوه…. دیسان رایۆ
له باره‌ى میدیاوه…. دیسان رایۆ
( 9 )
محه‌مه‌د حاجى كهریمنكۆڵى له‌وه‌ناكرێت رادیۆ كوردییه‌كان بیسهرێكى زۆریان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وانیش وه‌ك هه‌موو كه‌ناڵه‌كانى دیكه‌ى میدیا نه‌یانتوانیوه له‌و شێوه ته‌قلیدیه ده‌رچن و ببنه رادیۆى پڕۆفیشناڵ و مۆدێرن. وه‌ك چۆن رۆژنامه و گۆڤار‌و ته‌له‌ڤزیۆن و ماڵپه‌ڕه ئه‌لیكترۆنییه‌كان به‌یه‌كتر ده‌چن و له جوغزێكى به‌رته‌سك ده‌خولێنه‌وه، ئه‌و رادیۆیانه‌ش خاوه‌ن هه‌مان جۆر پڕۆگرام و یه‌ك شێوازى كاركردنن. به‌داخه‌وه رادیۆكانى ئێمه ئه‌وه‌نده‌ى بایه‌خ به پڕۆگرامى رووكهشانهى له چه‌شنى گۆرانى داواكراو و خۆت و به‌ختت ده‌ده‌ن، چارێگى ئه‌وه‌نده نه‌یانتوانیوه ببنه كه‌ناڵى سه‌رده‌میانه‌و بیسهرێكى جددى، كه ئاره‌زووى به‌دواداچوونى له‌سه‌ر پرسێكى رۆشنبیرى و كولتورى و فیكریى هه‌بێ، دروست بكه‌ن.
رادیۆ كوردییه‌كان تا ئێستا وه‌ك پێویست نه‌بوونه‌ته سه‌رچاوه‌ى گه‌یاندنى زانیارى، زۆر به‌كه‌مى خۆ له قه‌ره‌ى به‌دواداچوونى مه‌یدانى ده‌ده‌ن، زیاتر پشت به هه‌واڵى سایت و رۆژنامه‌كان ده‌به‌ستن. كه سه‌یر ده‌كه‌یت ئه‌و رادیۆیانه له‌سه‌ر حازرى كار ده‌كه‌ن، چونكه زۆر به‌كه‌مى په‌یامنێریان له شار‌و ناوچه‌كان هه‌یه، به‌مه‌ش ناتوانن وه‌ك پێویست ئه‌ركه رۆژنامه‌وانییه‌كه‌یان جێبه‌جێ بكه‌ن و ئاماده‌ییان له‌نێو رووداوه‌كاندا هه‌بێ.
من ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر گۆڤار‌و رۆژنامه و ماڵپه‌ڕه‌كانى ئینته‌رنێتیان له‌به‌رده‌ست ده‌ربهێنین، رادیۆكان ئه‌گه‌ر به‌رده‌وامیش بن، بێگومان شكست دێنن و بێ هه‌واڵ و به‌دواداچوون ده‌مێننه‌وه. ئه‌و رادیۆیانه تا هه‌نووكه گه‌ڕان به‌دواى پرس و رووداوه‌كانیان نه‌كردۆته ئه‌ركى راسته‌قینه‌ى خۆیان، هه‌واڵى سایته‌كان ده‌خوێننه‌وه، بێ ئه‌وه‌ى بچوكترین ئاماژه به سه‌رچاوه‌كه‌ى بكه‌ن. به‌رپرسێك لێدوان بۆ ماڵپه‌ڕێك ده‌دات، كه‌چى ئێزگه‌ى رادیۆیى دێت ده‌قى هه‌واڵه‌كه وه‌ك خۆى بڵاوده‌كاته‌وه و واشى پیشانده‌دات، كه به‌رپرسه‌كه ئه‌و هه‌واڵه‌ى تایبه‌ت بۆ ئه‌و رادیۆیه راگه‌یاندووه. به‌هه‌موو پێوه‌ره‌كان ئه‌م دیارده‌یه، كه زۆر به زه‌قى بوونى هه‌یه، ماناى پابه‌ند نه‌بوونى ئه‌و كه‌ناڵانه ده‌گه‌یه‌نێت به بنه‌ما پیشه‌یى و ئیتیكى رۆژنامه‌وانى. به‌دڵنییاییه‌وه رادیۆ كوردییه‌كان مه‌به‌ستیان نییه خۆیان ماندوو بكه‌ن، ئه‌گه‌رنا له سه‌رده‌مى باڵاده‌ستى گه‌یاندن، وه‌رگرتنى هه‌واڵێك هێنده دژوار نییه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له‌چاو كه‌ناڵه‌كانى دیكه‌ى راگه‌یاندن، رادیۆ كه‌متر پێویستى به كادیر و ئیمكانیاتى ماددى هه‌یه، كه‌چى هه‌موو ئه‌و حزب و لایه‌نانه‌ى له‌م وڵاته‌دا خاوه‌ن رادیۆن، به به‌راورد له‌گه‌ڵ كه‌ناڵه‌كانى دیكه‌ى راگه‌یاندن، به‌چاوێكى بێ بایه‌ختر سه‌یرى رادیۆ ده‌كه‌ن و كه‌متر گرنگییان پێ ده‌ده‌ن.
ده‌كرێ له ئاست ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه رادیۆ سه‌رتاسه‌رى و ناوچه‌ییه‌كان له‌یه‌كتر جیابكه‌ینه‌وه، له رووى شێوازى كار‌و ئاستى پێشكه‌وتنى پڕۆگرام و تۆڕى په‌یامنێران رادیۆ سه‌رتاسه‌رییه‌كان دهوڵهندترن و پیشه‌ییانه‌تر له رادیۆ ناوچه‌ییه‌كان كار ده‌كه‌ن. كاتێك ناوى رادیۆى سه‌رتاسه‌رى دێنین، مه‌به‌ستمان ئه‌و جوگرافیایه‌یه كه پێى ده‌ڵێین هه‌رێمى كوردستان، چونكه تا ئێستا كورد نه‌ك ته‌نها خاوه‌ن رادیۆیه‌كى نێوده‌وڵه‌تى نییه، به‌ڵكو بێ به‌شه له هه‌ر جۆره كه‌ناڵێكى میدیایى جیهانى.
هه‌ر چۆنێك بێ رادیۆ كوردییه‌كان ئه‌گه‌ر له ئاستێكى لاواز‌و پڕ كهموكوڕیشدا بن، شوێن ده‌ستیان له گۆڕانكارییه‌كان به‌رچاوه، به‌شدارن له پرۆسه‌ى په‌ره‌سه‌ندنى كۆمه‌ڵگا. كه ره‌خنه‌ش له شێوازى كار و پڕۆگرامه‌كانى ئه‌و رادیۆیانه ده‌گرین، به‌و مانایه نییه هه‌موو ده‌ورو جوانییه‌كیان لێبستێنینهوه. له‌گه‌ڵ هه‌موو كه‌موكوڕییه‌كان نكۆڵى له كاریگه‌رى و بایه‌خى ئه‌و رادیۆیانه ناكرێ. بوونى ئه‌و هه‌موو بیسهرهى نێو ماڵان و ناو ئوَتوَمبێل و هه‌ندێك له شوێنه گشتییه‌كان، ماناى ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ هاتنه پێشه‌وه‌ى ته‌له‌ڤزیۆن و سایته‌كانى ئه‌لیكترۆنى و زیادبوونى گۆڤار و رۆژنامه‌كان، هێشتا رادیۆكان رۆڵ و ئاماده‌ییان له‌نێو كۆمه‌ڵى كورده‌وارى ون نه‌كردووه، له دروستكردنى راى گشتیشدا چه‌ند كاریگه‌رییان هه‌یه، ئه‌وه‌یان شتێكى تره.
به‌هه‌ر حاڵ ده‌بێ ئه‌و رادیۆیانه خۆیان بگۆڕن، پڕۆگرامى ئازادتر پێشكه‌ش به بیسه‌رانیان بكه‌ن، له خستنه رووى كێشه‌و ئاریشهكانى تاكى كوردیش ئازادى زیاتر ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، به‌دواى هه‌واڵى نوێتر دابچن، به زمانێكى ره‌وان بدوێن.
جێى خۆیه‌تى ئه‌و رادیۆیانه ببنه پردى دروستكردنى دیالۆگ له نێوان میلله‌ت و حكومه‌ت، یان هاوڵاتى و به‌رپرس، هه‌روه‌ها له‌نێو خێزانى كوردیشدا پتر ئه‌ركى وشیاركردنه‌وه و په‌روه‌رده‌یه‌كى ته‌ندروست ببینن.
به‌كورتى پێویست ده‌كات ئه‌و رادیۆیانه له‌و قاڵبه سواوه ده‌ربچن و هه‌وڵبده‌ن كۆمه‌ڵ له‌سه‌ر شتى نوێ رابهێنن، كار بۆ گۆڕان بكه‌ن، دابوونه‌ریته دواكه‌وتوو و داسه‌پاوه‌كان كاڵبكه‌نه‌وه.
mehemedkerim@gmail.com