کۆڵانی پیاوه جوانه‌که ..
کۆڵانی پیاوه جوانه‌که ..
ئاراس عه‌بدولکه‌ریم
له‌نێو کۆڵانه ته‌ریک و تاریککه‌ی ئێمه‌دا
سیاسه‌ت، پیاوێکی به‌هه‌یبه‌تی
که‌ماڵ جوانی ڕێکپۆشه ..
پیاوێکی دنیادیده و خۆشمه‌حشه‌ره و
هه‌میشه ده‌م به پێکه‌نین و ڕووخۆشه ..
تا بڵێیت به سه‌لیقه‌یه،
هیچ به‌یانییه‌ک بیری ناچێ ته‌راش بکاو
بۆنێکی تیژ له خۆی بدا‌و
پێڵاو و سه‌رو سمێڵی بۆیاخ بکات ..!
هێنده دڵته‌ڕه
هه‌ر ڕۆژه‌ی قاتێک ئه‌گۆڕێ و
هه‌ر ڕۆژه‌ی
ده‌موچاوێک له‌سه‌ر ئه‌کات ..!!
پیاوێکی زۆر نوێخوازه
له‌گه‌ڵ هه‌ر پژمینێکدا
ژنێکی تازه ئه‌هێنێ ..!
به‌رقه‌راربێ
زوو زوو هه‌ڵمان ئه‌په‌ڕێنێ و
زه‌ماوه‌ندمان بۆ ساز ئه‌کات ..!!
هێند خه‌مخۆره قه‌ت نایه‌ڵێ هه‌ست به ته‌نیایی بکه‌ین و
بێده‌نگی وه‌ڕسمان بکات،
بێ موزه‌ڕه‌ت بێ
هه‌موو شه‌وێک، له که‌ناڵی "تی ڤی" یه‌وه
چاومان لێ هه‌ڵئه‌ته‌کێنێ و
هه‌موو ڕۆژێک، له نێو ڕۆژنامه‌یه‌کدا
نوکته‌ی خۆش خۆشمان بۆ ئه‌کات ..!
پیاوێکی زۆر گه‌شبینه
حه‌زی له هه‌واڵی خۆش و
سروودی خۆش و
موژده‌ی خۆش و
خواردنی خۆش و
ژنی خۆش و
شه‌ڕی خۆش و
حه‌زی له فیلمی عه‌سابه و غارغارێنه
ئاخر مه‌راقی ئه‌م زاته
سواربوونی ئه‌سپ و
سواربوونی کورسی و
سواربوونی ئینسان و
سواربوونی …..، چووزانم؟!
فه‌قیره به زگ‌ماک حه‌زی له سواربوونه..!
سواربوونی دار و به‌رد
سواربوونی گیاندار و بێ گیان و
سواربوونی هه‌موومان…!
تا بڵێی پیاوێکی ناسکه
زۆر حه‌زی له شتی ڕۆمانسییه
ڕۆمانسیی …
وه‌ک بڕینی قردێله‌ی سور به مقه‌ست و
که‌ژاوه‌ی بووکی دوای ئۆتۆمبیله‌که‌ی و
شه‌وقی فلاشی کامێرا و
که‌روێشکه خه‌وی نێو هۆڵی په‌رله‌مان و
مه‌راسیمی به خاک سپاردنی خه‌ڵک و
به خوا سپاردنی نیشتیمان…
له نێو کۆڵانه تاریک و ته‌ریکه‌که‌ی ئێمه‌دا
هه‌ر پیاوێکت بینی
له هه‌موو که‌س زیاتر
ناوی ئه‌م کۆڵانه و ئه‌هله‌که‌ی بخاته ڕسته‌وه و
له بری ڕیزێک ته‌ڵاق
سوێند به چاوی ئێمه و
سوێند به دار و به‌ردی ئه‌م کۆڵانه بخوات،
ئه‌وه ئه‌و، خۆیه‌تی ..
هه‌ر زاتێکت بینی
بزانێ هه‌موومان چ خه‌ونێک ده‌بینین
به‌ڵام که‌س نه‌زانێ
ئه‌و سه‌رقاڵی چییه و
چی ئه‌کاو چی ناکات،
ئه‌و زاته خۆیه‌تی…
هه‌ر پیاوێکت بینی
هه‌موو ئه‌هلی کۆڵان، به فیتره‌ت بزانن
که‌ی تووڕه ئه‌بێت و
که‌ی زه‌وقی هه‌ڵئه‌سێ و
که‌ی ڕه‌حه‌ت ئه‌بێت و
که‌ی وسڵی ده‌رئه‌کات،
ئه‌وه ئه‌و، خۆیه‌تی ..
هه‌ر که‌سێکت بینی
حه‌ز بکات
هه‌میشه دره‌نگ بێ و زوو بڕوات
ئه‌وه ئه‌و، به گۆشت و خوێنه‌وه بینیوته،
خۆیه‌تی…
پیاوێکه ڕۆح په‌شمه‌ک
پیاوێکه له لۆکه
تا خوا حه‌زکات نه‌رم و نۆڵه ..
به سیما نوورانی و
به فیتره‌ت زۆر بڵێ و
به میزاج هه‌زه‌لی و
به زه‌ینیش، کوێربم بۆی!
مه‌نگۆله…!!
ئێستا شوکور خه‌ریکه له خه‌م ئه‌ڕه‌خسێ و
به په‌نجه‌مۆر ئیمزا ناکاو
به کوێرایی چاوی ناحه‌ز
له مه‌کته‌بی شه‌و ئه‌خوێنێ!!
قه‌ینا ئه‌مساڵیش ڕاسبه
عومر درێژ بێ،
هه‌تا خوا حه‌زکات کاسبه..!
ئه‌و وه‌ک ئێمه به‌تاڵ و ده‌ست سپی نییه
ساڵ دوانزه مانگ، سه‌ری قاڵه
له یه‌ک کاتدا، موختاری کۆڵانه‌که‌یه و
شرینقه‌ش له خه‌ڵک ئه‌دات ..
میراویشه و
پێش نوێژیی مزگه‌وتیش ئه‌کات ..
گۆڕهه‌ڵکه‌نێکی ئێجگار ده‌ست ڕه‌نگینیشه
مه‌یلی لێ بێ، به سه‌عاتێک
گۆڕێکی هه‌ژده‌نه‌فه‌ریی حازر ئه‌کات..
حه‌سحه‌سی کۆڵانه‌که‌شه و
له‌شی ساغ بێت
به نێرینه و به مێینه‌مان
هه‌موومان خه‌ته‌نه ئه‌کات..!
خوا ڕزقی بات ..
ئه‌و هه‌میشه سه‌ری قاڵه
جگه له‌و هه‌موو ئیشانه‌ش
ده‌نگ خۆشترین به‌قاڵه..
به‌ره‌که‌ت له ڕزقی که‌وێ
هه‌ر ڕۆژه‌ی به عه‌ره‌بانه‌یه‌کی نوێوه
به نێو کۆڵانا فرته‌ی دێ و
شتێکی عه‌نتیکه‌ی ترمان پێ ئه‌فرۆشێ..
هه‌موو جارێک، به ده‌نگه زوڵاڵه‌که‌ی
له‌سه‌ر هه‌وای گۆرانییه‌کی ”عه‌زیز وه‌یسی"!
شانمان پێ هه‌ڵئه‌ته‌کێنێ و
بانگمان ئه‌کا و پێمان ئه‌ڵێ:
" وه‌رنه‌وه بۆ دیموکراسی، له ئه‌سڵه‌که‌ی
ئازادیت به‌مێ، گوڵ به ده‌م
عه‌للاگه‌ی به چه‌پڵه‌یه‌ک..
مافی مرۆڤ، هه‌رزانمان کرد
وه‌رنه‌وه بۆی، دووانی به نرخی دانه‌یه‌ک..!"
خوا ده‌ست به باڵییه‌وه بگرێ
ناو به ناویش ئه‌چی له حه‌مامی پیاوان
پاک پاک وسڵی خۆی ده‌رئه‌کا و
له مزگه‌وته حه‌وت ده‌رگاکه‌مانه‌وه
به تۆنی مه‌قامی "حیجاز"!
بانگیش ئه‌دات..!
دوێنێ گوێم له ده‌نگی ئه‌و بوو
له بڵندگۆی مزگه‌وته‌وه
به کۆڵانا جاڕی ئه‌دا:
"خه‌ڵکینه ڕه‌حمه‌تتان لێ بێ،
وڵاتێکمان دۆزیوه‌ته‌وه
کێ خاوه‌نێتی با بێت، بیباته‌وه..
ئه‌هلی کۆڵان،
کێ وڵاتێکی لێ ونبووه
به حاڵ نووزه‌ی تیا مابێت و
ناوی خۆی بیر چووبێته‌وه
با بێت، وه‌ریگرێته‌وه..
خه‌ڵکینه ڕه‌حمه‌تتان لێ بێ
وڵاتێکمان دۆزیوه‌ته‌وه
هی کێیه؟
بێت، بیباته‌وه..
هۆ خه‌ڵکینه،
وڵاتێکمان
دۆزیوه‌ته‌وه…!!"