Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
با هەبێ.. روونی بایەع و ئەشیای بە چوار وەرەقە…سەنگەر زراری

با هەبێ.. روونی بایەع و ئەشیای بە چوار وەرەقە…سەنگەر زراری

Closed
by January 26, 2009 گشتی

 با هەبێ.. روونی بایەع و ئەشیای بە چوار وەرەقە
  سەنگەر زراری
 sangarzrary@gmail.com

 ناوی دەوڵەمەندێكیان پێ گوتم كە ماڵ و سەروەتێكی زۆری هەیە و بە عارەقەی نێوچەوانی خۆی پەیدا كردووە، كەچی كە پێی دەڵێی خانووەكەتان چەند ژوورە؟ ئەو دەڵێ: بەخوا بایەعی ئەمجارە روونەكەی باش نەبوو، مەسەلەكە بە لایەكی دی دا دەبات، یان كە تۆ بە نیازێكی پاك پێی دەڵێی: ئەرێ ئەو ئۆتۆمبێلەتان بە چەند كڕیووە؟ ئەو بەپەلە وەڵام دەداتەوە: بەخوا ئەوە هی ئێمە نییە، كوڕەكەم لە برادەرێكی خۆی وەریگرتووە چەند رۆژێك لە لای دەبێ و بۆی دەباتەوە!!! ئەرێ كەس هەیە هەر لۆ فشەی ئۆتۆمبێل لە برادەرێكی وەربگرێت و دواتر بیداتەوە؟!
 باسی كەسێكیان بۆ كردم كە خۆی بەرپرس نییە، بەڵام لەگەڵ بەرپرسێكی گەورە كار دەكات، بەبۆنەی ئەوەی كوڕەكەی ژنی هێناوە، خانووێكی هەرزانی بە دیاری بۆ كڕیووە كە نرخەكەی تەنها (85) دەفتەر دۆلارە. دەزانم ئەم ژمارەیە خەیاڵییە، بەس باوەڕ بكەن لە لای هەندێ كەس نەك خەیالی نییە، بەڵكو خوردەیە، ئەی ئەوە نییە كابرا ئەو (85) دەفتەرەی كردۆتە دیارییەكی سادە بۆ كوڕە تازە زاواكەی.
 لەلای برادەرێك بووم جەڕەسی مۆبایلەكەی لێیدا كە هەڵیگرت بەمجۆرە قسەی دەكرد "باشە ئەمن چووزانم ئەدی لەبەرامبەر مارێنگۆ نییە؟…. با ئەمن كاتی خۆی چووم بەس وەڵا نازانم.. سعرەكەم لەبیرم نەمایە…." كە تەلەفۆنەكەی داخستەوە لێم پرسی: ئەرێ ئەوە چی بوو؟ گوتی ئەوە كەسێكە كە حسابی دەفتەر دەكات، كەچی بۆ ئەوە تەلەفۆنی بۆ كردووم تا نرخی ددان پڕكردنەوە بزانێ، ئەو كەسەی ددانیشی بۆ پڕ دەكاتەوە بەرامبەر ماڵی ئەوانە، منیش گوتم: سعرەكەم لەبیر نەمایە. لێم پرسی ئەو كەسە بۆ ناچێتە دكتۆری خسووسی، گوتی ئەوە بەڕاستتە؟ ئەوە رقی لەو ددانەی خۆیتی كە نانی پێدەخوات، كوو دەچیتە دختۆری خسووسی؟! ئەوەشی گوت كە ئەو كوڕە ئەو ماڵ و سەروەتەی بە ماندووبوونی خۆی پەیدا كردووە.
 بەڕێوەبەرێكی گشتی نا، بەڵكو بەڕیوەبەری بەشێكی دائیرەیەك، حیمایەكانی خۆی راسپاردبوو كە هەندێ شتی بۆ خانووە تازەكەی بۆ بكڕن، ئەوانیش هەندێ شتی جوانكارییان بۆ كڕیبوو، گوتبووی: بەچەندتان كڕیوە، گوتبوویان: وەرەقەیەك و نیو. خۆی لێ تووڕە كردبوون و گوتبووی: چۆن واتان كردووە؟ ئەوانیش ترسابوون، وایان زانیبوو لەبەر گرانییە، گوتبوویان بەخوا لەوە هەرزانتر نەبوو، ئەویش گوتبووی: ئێستا دەیبەنەوە، چونكە ئەشیای ماڵی من نابێ نرخەكەی لە چوار وەرەقە كەمتر بێ؟
 لە لای ئێمە زۆرێك لەوانەی بە حەقی خۆیان و بە ماندووبوونی خۆیان دەوڵەمەند دەبن، وا دەزانن هەموو خەڵك چاوی لە پارەكەی ئەوانە، بۆیە هەمیشە ماڵەكەیان دەشارنەوە، جاری وا هەیە لە ترسی ئەوەی خەڵك بزانێ ئەو كەسە پارەدارە، هیچ پرۆژەیەكی پێ ناكات كە هەم قازانجی خۆی بێت و هەم قازانجیش بە خەڵكی دی بگەیەنێت، كەچی ئەوانەی بەملاو بەولا پارەكەیان دەست كەوتووە، دەڵێی شیری دایكیانە، بێمنەت خەرجی دەكەن و دەیكەنە دیاری و تەخشان و پەخشانی دەكەن، ئەدی برا ئەوهایە..
 

Previous
Next