عه‌با شینه‌که‌ی ده‌ریا
عه‌با شینه‌که‌ی ده‌ریا
ئه‌حمه‌دی مه‌لا
سه‌ره‌تای 2009
رچه پێچاوپێچه‌کانی ده‌روونم شک نه‌ده‌برد،
هه‌تا ئێستاش
ونبووی نێو رێگاکانی په‌سڵانم.
چ باهۆزێ جارێکی دی
بیره‌وه‌رییه‌کانم ده‌بووژێنێته‌وه؟
چ سه‌رابێ قه‌ستیلانه له هامووشۆکانی
ئێره و ئه‌وێ
له‌شم ده‌خاته سه‌ر له‌پی؟
هیچ نیم جگه
له گه‌ردێکی عه‌وداڵی نیشتنه‌وه‌کان نه‌بێت!
رچه پێچاوپێچه‌کانی ده‌روونی شک نه‌ده‌برد،
ئه‌وا ئێستاش
له نێوان خه‌یاڵ و هزردا،
له نێوان ژێرزه‌مینه‌کانی رۆح و
هه‌یوانه‌کانی دڵدا،
له نێو هه‌لومه‌رجه‌کانی بێئامانی
ئاسن و هه‌وا،
کێ له‌مه‌ودوا
پێناسه‌یه‌کی دیمان
بۆ ئه‌م زه‌مینه هیشکوبرینگه
ده‌دۆزێته‌وه؟
رچه پێچاوپێچه‌کانی ده‌روونیان شک نه‌ده‌برد،
بۆیه ئێستاش
ئاسمان ده‌که‌نه مێزه‌ر و
قوببه ئاڵه‌کانی لهززهتیش به کڵاو…
ئێره شه‌ق ده‌بێت.
وه‌ک هه‌نارێکی ئه‌به‌دی
ئاسۆ به ره‌نگ داده‌گیرسێنێ
کازێوه‌کان
وه‌ک په‌شته‌ماڵ
جه‌سته‌ی رووتمان داده‌پۆشن.
ئێره‌کان
شه‌ق ده‌به‌ن.
هه‌زاران هه‌تاو به‌رده‌بنه‌وه
سه‌ر جه‌سته ساردوسڕه‌کان
کلۆ ئه‌ستێره
دوا فانۆزی گه‌ردوون
دڵمان به ته‌نافه‌کانی ژیاندا
هه‌ڵدواسێ…
ئێره‌کان
دوا کانی میهره‌بانی
له لوتکه‌کانی ئهلبهوه
له چیای سپییه
له ئێتناوه
رووناکییه‌کی ئه‌زه‌لی
ده‌به‌خشنه دوا تنۆکی وه‌حشه‌ت.
ئێره‌کان
دوا ته‌قینه‌وه‌ی
به‌رد
عه‌شق هه‌پروون به هه‌پروون
ده‌بێت
له دوا هه‌یوانه‌کانی مه‌رحه‌مه‌ت.
منیش
به
رووتی
دوا سه‌فه‌ر
به نێو سه‌هۆڵ و
به نێو ئاگردان
به نێو سهراب و
دوا په‌خشانی جیهان
ده‌سازێنم…
گه‌ڵایه‌کی زل
عه‌وره‌تم داده‌پۆشێ
له نێو دوکه‌ڵ و هه‌رای گه‌راجه‌کان
پرسیار له ره‌گه‌زی
هه‌وا ده‌که‌م.
توێکڵی ته‌نکی ده‌ریا
به گوێزانێ لێده‌که‌مه‌وه
وه‌کو عهباشینێکی سه‌رمه‌دی
دهیدمه سه‌رشان
له دوا سه‌ربانی مه‌مله‌که‌ت
قهڵهنگهکهم راده‌وه‌شێنم
ده‌با بفڕن
هه‌رچی کوتری له‌شم هه‌ن….