
سافیره‌کانی به‌غداد
سافیره‌کانی به‌غداد
دیدار مه‌سیفی
dmasifi289@yahoo.ca
بۆ مه‌روه، فریشته‌که‌ی ناو رێستورانی عه‌بدوڵا
{ کاپتنه‌که له گشت لاوه ده‌له‌رزی، که‌چی نه ده‌یتوانی ده‌سته‌کانی بۆ ته‌سلیم بوون بهرزباتهوه نه به‌ره‌و پێشه‌وه گینگڵ بدات…
گووتی " سه‌عید، من هیچ شتێک ناڵێم."
_ "کاپتن به ته‌نها مردوو ده‌زانێت که چۆن زاری دابخات، من له ناخه‌وه به‌زییم پێتدا دێته‌وه " " لێت ده‌پاڕێمه‌وه؛ من شه‌ش منداڵم هه‌ن. "
_ " تۆ ده‌بووایه پێشتر بیرت له‌وان بکردبایه‌وه."
"سه‌عید تکات لێده‌که‌م ئازادم بکه، من سوێند ده‌خۆم هیچ شتێک نه‌درکێنم؛ ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت له شانه‌که‌ی خۆت دا وه‌رمبگره. من ده‌بم به چاوساغ و گوێیه‌کانت؛ من هه‌رگیز چه‌پڵه‌م بۆ ئه‌مریکییه‌کان لێنه‌داو. " }ئه‌و دایه‌ڵۆگه له لاپه‌ڕه 191 ی رۆمانی سافیره‌کانی به‌غداد له که‌ش و هه‌وایێکی پڕ له ترس و تۆقاندن ئه‌نجام ده‌درێت، کاتێک پیره نه‌قیبێکی پۆلیس له‌گه‌ڵ هاوه‌ڵه پشکێنه‌ره‌که‌ی به ڕێکه‌وت شانه‌یه‌کی تیرۆر ئاشکرا ده‌که‌ن.
سه‌عید که‌سێکی عیراقی ده‌وڵه‌مه‌نده و له سه‌رده‌می تالیبان له پیشاوه‌ر خوێندویه‌تی. ئه‌و له‌گه‌ڵ پۆلیسه پیره‌که دا چه‌ند کارێکی بازرگانی پێکه‌وه ده‌که‌ن. پۆلیسه‌که نازانێت که‌وا سه‌عید شانه‌یه‌کی گه‌وره‌ی تیرۆر سه‌رپه‌رشتی ده‌کات و له کۆگاکه‌ی دا ئه‌ندازیار و ته‌کنیکارێک به نهێنییه‌وه خه‌ریکی بۆمب دروست کردن ده‌بن.
![]()
ئه‌و ساته‌ی که دایهڵۆگهکهی سه‌رووی لێ ده‌گوزه‌رێت، پۆلیسه‌که هاتبوو بڕێک پاره له سه‌عید قه‌رز بکات بۆ ئه‌وه‌ی بنکه‌ی بازرگانییه‌ک له عه‌مانی ئوردن دابمه‌زرێنێت. به‌ڵام له پشت ده‌رگایێکی داخراودا ته‌ق و هۆڕ و ده‌نگه ده‌نگێکی گوێ لێده‌بێت و ده‌که‌وێته گومانه‌وه. ئه‌و به هۆی کاره‌که‌ی پرسیار له سه‌عید ده‌کات و پێداده‌گرێت که ده‌رگاکه‌ی بۆ بکاته‌وه، لێره‌وه به دواوه کاتێکی زۆر به‌سه‌ر ناچێت ده‌رگاکه ده‌کرێته‌وه و پاشان ئه‌و و هاوه‌ڵه‌که‌ی له خوێن دهگهوزێنرێن و ته‌رمه‌کانیان له شوێنێکی دووری کۆگاکه له‌سه‌ر جاده‌یه‌کی قه‌راغ دیجله فڕێ ده‌درێن.
نوسه‌ری ئه‌و رۆمانه دوای تاهیر بن جلون یه‌کێکه له به ناوبانگترین ئه‌و نوسه‌ره عه‌ره‌بانه‌ی به فه‌ره‌نسی ده‌نوسن. ئه‌و به‌ناوی خوازراوی یاسمینه خه‌زرا واته یاسه‌مینی سه‌وز ده‌نوسێت، به‌ڵام ناوی ڕاسته‌قینه‌ی محه‌مه‌د مولیسهوله و هه‌تا ده‌ره‌نگ خوێنه‌ران نه‌یده‌زانی که ئه‌و که‌سه‌ی له پشت نوسینی ئه‌و رۆمانه گه‌رم و جوانانه‌یه ژنێک نیه به ناوی یاسمینه به‌ڵکو کۆنه ئه‌فه‌سه‌رێکی سوپای جه‌زائیره. یاسمینه خه‌زرا خاوه‌ن چه‌ندین رۆمانه که هه‌ریه‌کێکیان له رۆژئاوا ده‌نگ و سه‌دایه‌کی گه‌وره و تایبه‌تی بۆ خۆی دروست کردووه. به گشتی رۆمانه‌کانی خه‌زرا جۆره بابه‌تێک ده‌روژێنن که گه‌رم و نه‌زانراو و کاریگه‌ره بۆ بیر و ناخی خوێنه‌ری رۆژائاوایی. چونکه خه‌زرا به حوکمی پیشه‌ی درێژ و کۆنی سه‌ربازی توانیویه‌تی به ووردی و لێزانی باس له ترسی گه‌وره‌ی تیرۆر و هۆکاره‌کانی بکات. سافیره‌کانی به‌غداد کتێبێکی 307 لاپهرهییهوه و له سێ به‌شی سه‌ره‌کی به ناوه‌کانی که‌فر که‌ره‌م و به‌غداد و به‌یروت پێکهاتووه. سه‌ره‌تا رۆمانه‌که به‌ر له چوونه ژووره‌وه‌ی به‌شه‌کان به کورته باسێک ده‌ست پێده‌کات که پاڵه‌وانی حیکایه‌توان له‌گه‌ڵ کاره‌کته‌رێک به ناوی دکتۆر جه‌لال له یه‌کێک له هۆتیڵهکانی شاری به‌یروت ئه‌نجامی ده‌دات. قووڵایی ئه‌و ئاخاوتنه‌ی نێوانیان به شاراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه هه‌تا له کۆتایی رۆمانه‌که و له به‌شێكی درێژدا به ناوی به‌یروت، دکتۆر جه‌لال به ده‌ستی پاڵه‌وانی رۆمانه‌که تهپڵهیهکی جگه‌ره‌ی له‌سه‌ر ده‌درێت و ده‌خرێته نێو گۆمێک خوێنه‌وه.
پاڵه‌وان گه‌نجێکی بیست ساڵانه و به‌هۆی شه‌ڕی ئه‌مریکاوه زانکۆی به‌غدادی جێهێشتووه و گه‌ڕاوه‌ته‌وه ماڵی باوکی له گوندی که‌فر که‌ره‌م له جه‌رگه‌ی بیابان. ئه‌وه‌ی وا ده‌کات پاڵه‌وانی رۆمانه‌که له که‌سێکی هه‌ست و بیرکراوه‌دا بگۆڕدرێت بۆ که‌سێکی دڵ‌پڕ له ڕق و تۆڵه و ده‌ستی له‌گه‌ڵ تیرۆریسته‌کان تێکه‌ڵ بکات، بریتین له سێ رووداو که له که‌فر که‌ره‌م ئه‌مریکیه‌کان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.
رۆمانه‌که‌ش خۆی هه‌ر سه‌ره‌تا به یه‌کێک له‌و رووداوانه ده‌ته‌قێنێته‌وه کاتێک کۆڕێکی که‌م عه‌قلی که‌فر که‌ره‌م به ناوی سوله‌یمان به هه‌ڵه به ده‌ستی ئه‌مریکیه‌کان ده‌کوژرێت. ئه‌وه کاتێک رووده‌دات که سوله‌یمان پێشتر په‌نجه‌ی خۆی به خراپی ده‌بڕێت و وا له باوکی ده‌کات که په‌نا بۆ هه‌ر که‌سێک به‌رێت که بتوانێت یارمه‌تی بدات. خۆی و پاڵه‌وانی رۆمانه‌که به‌ره‌وه تاکه که‌سی گونده‌که ڕاده‌که‌ن که ئۆتۆمبێلی هه‌یه. خالید تاکسی ئه‌و که‌سه ده‌بێت به‌ڵام رۆژه‌که بۆ یارمه‌تی دان نه‌گونجاو ده‌بێت چونکه خوازبێنی بۆ کچه‌که‌ی ده‌هاتن. بۆیه ئه‌و به شه‌رمه‌زارییه‌وه ده‌ڵێت که‌وا ناتوانێت له‌گه‌ڵیان دا بچێت بۆ بنکه‌ی ته‌ندروستی که شه‌ست کیلۆمه‌تر به‌ره‌و رۆژئاوا له که‌فر که‌ره‌مه‌وه دوور بوو. خالید کلیلی ئۆتۆمبێله شڕه‌که‌ی ده‌دات به پاڵه‌وانی رۆمانه‌که بۆ ئه‌وه‌ی زوو سوله‌یمان ببه‌ن بۆ بنکه‌که.
له رێگادا چه‌ند جار ئۆتۆمبێله‌که خه‌ریک ده‌بێت بوه‌ستێت، به‌رله‌وه‌ی بگه‌نه بازگه‌یه‌ک و له لایه‌ن سه‌ربازه ئه‌مریکییه‌کان بوهستێرێن و بپشکێنرێت. ئه‌مریکییه‌کان که تنۆکه خوێنه‌کانی ده‌ستی سوله‌یمان ده‌بینن گومانی خراپه‌کاری ده‌که‌ن، بۆیه زوو ده‌چنه گژیان و به که‌له‌پچه‌ی پلاستیک ده‌ستی پاڵه‌وانه‌که و باوکه‌که ده‌به‌ستن. سوله‌یمان ترس دایده‌گرێت و به بینینی ئه‌و دیمه‌نه ده‌شڵه‌ژێت و یه‌کسه‌ر له پڕ ڕاده‌کات. باوکه‌که به هاوار و فیغان هه‌وڵده‌دات له سه‌ربازه‌کان بگه‌یێنێت که‌وا کوڕه‌که‌ی که‌م عه‌قله، به‌ڵام باره‌که ئه‌وه‌نده گه‌رم و شله‌ژاو ده‌بێت که نه وه‌رگیره عیراقییه‌که هیچی بۆ ده‌کرێت، نه سه‌ربازه ئه‌مریکییه‌کانیش له ترسی ته‌قینه‌وه بوار ده‌ده‌ن سوله‌یمان دووربکه‌وێته‌وه و ده‌ربازی بێت.
دوای چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ک له‌شی سوله‌یمان ده‌بێت به بێژنگ و ده‌که‌وێته نێو گۆمێکی خوێن. ئه‌و دیمه‌نه تراژیدییه برینێکی قووڵ له ناخی باوکه‌که و پاڵه‌وانی رۆمانه‌که ده‌چێنێت. پاش چه‌ند رۆژێک لێکۆڵینه‌وه و گیرکردنی ته‌رمی سوله‌یمان، رۆژێک ئه‌مریکییه‌کان بۆ داوای لێبوردن کۆڵۆنێلێک له‌گه‌ڵ برێک پاره ده‌نێرن بۆ ماڵی سوله‌یمان، به‌ڵام پیرانی که‌فر که‌ره‌م به ساردییه‌وه پێشوازی له کۆڵۆنێلهکه ده‌که‌ن و داواکه‌ی ره‌ت ده‌که‌نه‌وه.
پێش ئه‌و رووداوه پاڵه‌وانه‌که به درێژی باسی ژیان له که‌فر که‌ره‌م ده‌کات؛ ئه‌و تاکه کوڕی ماڵه‌که‌یانه و باوکی بیرههڵکهنه، به‌ڵام ئێستا له به‌ر پیری و روودهکانی شه‌ڕ وه‌ک جاران ناتوانێت کار بکات. له جیاتی به درێژایی رۆژانی بێ‌کاری له حه‌وشه‌که‌دا له ژێر دارێک داده‌نیشێت.
پاڵه‌وانی بێ‌ناو له رۆمانی سافیره‌کانی به‌غداد خاوه‌ن سێ خوشکه، گه‌وره‌که‌یان پزیشکه و ماوه‌یه‌که قه‌ید و به‌ندی خێڵه‌کی گونده‌که‌ی شکاندووه و چووه له به‌غداد کار ده‌کات، ناوهنجییهکهیان نه‌خۆشییه‌کی هه‌یه که هیچ مووی به‌سه‌ره‌وه نه هێشتووه و له کونجێکی ماڵه‌وه به دوورینی جل و به‌رگ خه‌ریکه، بچووکه‌یان ناوی بههیهیه و جمکه له‌گه‌ڵ ئه‌و و هه‌رده‌م په‌یوه‌ندیێکی رۆحییان له نێوانه.
له که‌فر که‌ره‌م خه‌ڵک له چایخانه‌ی سه‌فیر و سه‌رتاشخانه‌ی گونده‌که خه‌ریکی باس و خواستی سیاسی ده‌بن که زۆر جار ده‌بێته هۆی هه‌ڵچوون و گرژی نێوان که‌سه‌کان.
که‌سه‌کانی که‌فر که‌ره‌م وه‌ک هه‌ر شوێنێکی دونیا جوایه‌ز و له‌یه‌کتر نه‌چوون. کازم ئامۆزای پاڵه‌وانه‌که، له دوو هاوسه‌رگیریدا شکستی هێناوه و بووه به نامۆترین که‌سی که‌فر که‌ره‌م. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی یه‌که‌م که وێنه‌که‌ی به دیوار دا هه‌ڵواسیبوو چیرۆکێکی ئه‌وینی قووڵی هه‌بووه. هه‌ردوو هاوسه‌ره‌کانی کازم له ژیان دا نه‌ماون بۆیه ئه‌و خووی گه‌وره‌ی داوه‌ته مۆسیقا و ئاله‌تێک ده‌ژه‌نێت که له پاپیره مۆسیقاژه‌نه به ناوبانگه‌که‌ی جێماوه.
عومه‌ر کۆنه عه‌ریفێکی شه‌ڕی عیراق و ئێرانه و کاره‌کته‌رێکی خۆشنهویسته له که‌فر که‌ره‌م ئه‌وه‌ش له‌به‌ر بۆچوونه سهیرهکانیهتی سه‌باره‌ت به شهر و شێوازی بهرانگاربوونهوی ئه‌مریکییه‌کان. عه‌ریف عومه‌ر به ترسنۆک و خائین ده‌ناسرێت بۆیه به ناچاری که‌فر که‌ره‌م جێده‌هێڵیت.
دوای کوژرانی سوله‌یمان هه‌ڵچوونێکی سه‌یر له نێو گه‌نجه‌کاندا په‌یدا ده‌بێت و شه‌وان له ماڵی سه‌عید کۆ ده‌بنه‌وه، سه‌عید کوڕی که‌سێکه به ناوی به‌شیر باز که کۆنه جهردهیهکهی بیابانه.
نوسه‌ر بۆ دروست کردنی شوێنێک که ئامانجی رۆمانه‌که‌ی بپێکێت، که‌فر که‌ره‌می کردووه به جێگایه‌ک که هه‌موو جۆره که‌سێکی تێدابێت تا بتوانن ئه‌رگیومێنت سه‌باره‌ت به شه‌ڕ گه‌رمتر بکه‌ن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ئاشکرا دیاره ئاخاوتنێکه که له‌وانه‌یه لێکدانه‌وه‌ی نوسه‌ر خۆی بێت سه‌باره‌ت به شه‌ڕی ئه‌مریکا له عیراق. کاتێک به زمانی کۆنه پرۆفیسۆرێک به ناوی جابر لێکدانه‌وه سیاسییه‌کانی خۆی سه‌باره‌ت به شه‌ڕ ڕاده‌گه‌یێنێت.
ئه‌و ئاخاوتنانه‌ی خه‌ڵکی که‌فر که‌ره‌م له سه‌رتاشخانه و هه‌ردوو چایخانه‌ی سه‌فیر و هیلال تا سه‌ر درێژه ناکێشێت که باره‌که به‌لای به‌ره‌نگاربوونه‌وه ده‌شکێته‌وه.
ئه‌و رۆژه‌ی زه‌ماوه‌ندی کچی خالید تاکسی له گوندێکی نزیک که‌فر که‌ره‌م به ناوی کێڵگه‌ی هه‌یسه‌م ده‌کرێت، گرمژنێکی گه‌وره ئاگر و ته‌پ و تۆز له‌و شوێنه به‌رز ده‌کاته‌وه. دواتر قاسیدێک به په‌له‌وه بۆ هانا و هاوار په‌نا ده‌باته به‌ر خه‌ڵکی که‌فر که‌ره‌م و ده‌ڵێت که‌وا فرۆکه‌یه‌کی ئه‌مریکی زه‌ماوه‌نده‌ی بۆمب باران کردووه.
پاڵه‌وانی سافیره‌کانی به‌غداد سه‌ره‌تا نایه‌وێت له‌گه‌ڵ کازم و چه‌ند که‌سێکی دیکه به دوای قاسیدهکه دا بچێت. چونکه هێشتا دیمه‌نه تراژیدییه‌که‌ی کوشتنی سوله‌یمان یاده‌وه‌ری جێنه‌هێشتبوو. که ده‌چێت به بینینی ته‌رمی کوژرا و بیستنی ناڵه‌ی برینداران له جاران قووڵتر هه‌ست به ژان ده‌کات و ناخی تێکده‌شکێنرێت، به تایبه‌تی کاتێک ده‌بینێت ئاشی شه‌ڕ خه‌ڵکی بێتاوانی به جۆرێک هاڕیوه. که‌چی هێشتا ئه‌وه‌ش نابێته هۆی ئه‌وه‌ی پاڵه‌وانه‌که ناخی پڕ بێت و بیر له تۆڵه کردنه‌وه بکاته‌وه.
بۆیه نوسه‌ر زوو رووداوێکی دیکه بۆ پاڵه‌وانه‌که‌ی ئاماده ده‌کات و شه‌وێک ئه‌مریکییه‌کان ده‌نێرێته سه‌ر که‌فر که‌ره‌م بۆ ئه‌وه‌ی ماڵ به ماڵ ببشکنن. له ماڵی کازم ئامێره مۆسیقییه‌که ده‌شکێنن و شته‌کان تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵ ده‌که‌ن. له ماڵی پاڵه‌وانه‌که‌ش باوک په‌لکێش ده‌که‌ن و له‌به‌ر چاوی هه‌مووان ده‌رپێکه‌ی ده‌هێنه خوار. بۆ پاڵه‌وانه‌که وه‌ک گه‌نجێکی سه‌ر سه‌ختی بیابان بینینی ئه‌ندامه نهێنی و شاراوه‌کانی باوکی کۆتای کۆتاییه‌کانه. لێره‌وه بیرکردنه‌وه له تۆڵه ته‌واوی هۆش و هه‌ستی داگیر ده‌کات، به‌وه‌ش به‌شی یه‌که‌می رۆمانه‌که نزیک به ته‌واو بوون ده‌بێت.
یاسین گه‌نجێکی یاخییه و زۆر قینی له‌و که‌سانه‌یه که وه‌ک عه‌ریف عومه‌ر خه‌ڵک له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌مریکییه‌کان سارد ده‌که‌نه‌وه، پاڵه‌وانی رۆمانه‌که‌ش تا ئه‌و کاته‌ی به ڕێگایێکی سه‌خت و دژوار‌دا ده‌گاته به‌غداد، له‌به‌ر چاوی ئه‌و هه‌ر به که‌سێکی ترسنۆک و بێهه‌ڵوێسته.
پاڵه‌وانه‌که پاش ئه‌وه‌ی له نزیک گۆڕستانی گونده‌که کازم و به‌هییه‌ی خوشکی ده‌بینێت، رێگایێکی دوور به پێ ده‌گرێته به‌ر به‌ر له‌وه‌ی بگاته سه‌ر جاده‌ی سه‌ره‌کی.
ئه‌و شوفێره‌ی که له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یبات بۆ حیله پێشتر وه‌ک وه‌رگێڕ له‌گه‌ڵ سه‌ربازه ئه‌مریکیه‌کان کاری کردووه و به‌سه‌رهاته‌کانی شه‌ڕ به ده‌گێڕێته‌وه. له به‌شی به‌غداد پاڵه‌وانی رۆمانه‌که سه‌ره‌تا ده‌چێته لای خوشکه پزیشکه‌که‌ی، که به هاتنی ئه‌و زۆر دڵگران ده‌بێت و ئاماده نابێت له ئه‌پارتمانه‌که‌ی خۆی جێگای بکاته‌وه. له بێ شوێنی دا شه‌وێک له مزگه‌وت ده‌خه‌وێت و گشت ئه‌و پاره و پوله‌ی لێ ده‌دزرێت که به‌هییه‌ی خوشکی بۆ هێنابوو. رۆژی دواتر گیرفان به‌تاڵ و ناخ پڕ به جاده‌کانی به‌غداد دا ده‌سوڕێته‌وه و له ناکاو به عه‌ریف عومه‌ر ده‌بینێته‌وه.
ماوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌و له شوێنێکی زۆر بچووک ژیان به‌سه‌ر ده‌بات، به‌ڵام به په‌یوه‌ندی نه‌شازی عه‌ریف عومه‌ر له‌گه‌ڵ که‌سێک به ناوی هانی نازانێت. هه‌تا ئه‌و رۆژه‌ی له ژێر فشاری یاسین و گروپه‌که‌ی شوێنه‌که‌ی ئاشکرا ده‌کات، هه‌ردووکیان له پاڵ یه‌ک پێکه‌وه ده‌کوژرێن. عه‌ریف عومه‌ر به‌ر له تیرۆرکرانی زۆر هاوکاری پاڵه‌وانه‌که ده‌کات و هه‌وڵ ده‌دات کارێکی بۆ په‌یدا بکات نه‌وه‌ک بکه‌وێته نێو گه‌نجه تیرۆریسته‌کانی که‌فر که‌ره‌م. عه‌ریف عومه‌ر گومانی له سه‌عیدیش هه‌بوو، به‌ڵام به نهێنییه‌کانی نه‌ده‌زانی که چۆن به هۆی تیرۆر و خوێن ڕشتن سهرهتێکی پێکه‌وه‌نابوو.
عه‌ریف عومه‌ر دواتر شوێنی کۆگای سه‌عید بۆ پاڵه‌وانه‌که وه‌سف ده‌کات که ده‌بێته هۆی مه‌رگ هێنان بۆ خۆی و هانی دۆستی.
سه‌عید له کۆگاکه‌ی زۆر به گه‌رمی پێشوازی له پاڵه‌وانه‌که ده‌کات و هۆکاری هاتنه‌که‌شی بۆ به‌غداد ده‌زانێت. بۆ ئه‌و که‌سێکی دڵ‌پڕ و کوڵاو له ناو بیرۆکه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه باشترین هه‌ڵبژارده‌یه بۆ کارێکی گه‌وره‌ی تیرۆر. سه‌ره‌تا بۆ تاقیکردنه‌وه له کۆگاگهی کاری پێده‌کات به‌ڵام خۆی ئاشکرا ناکات تا ئه‌و کاته‌ی پۆلیسه پیره‌که و هاوه‌ڵه‌که‌ی له ژووره‌وه ده‌کوژن. پاڵه‌وانه‌که له سه‌یرکردنی ئه‌و تاوانه بێده‌نگ ده‌بێت و باشترین به‌ڵگه ده‌داته ده‌ست سه‌عید که له یه‌کێک له شانه‌کان وه‌ریبگرێت و کارێکی گه‌وره‌ی بخاته ئه‌ستۆ. سه‌عید تۆڕێکی گه‌وره‌ی تیرۆر به‌ڕێوه ده‌بات و گه‌نجه‌کانی که‌فر که‌ره‌م له ده‌ورییه‌وه ئاڵاون. پاڵه‌وانی سافیره‌کانی به‌غداد دوای ئه‌وه‌ی ئاماده ده‌کرێت، له شوێنێکی نهێنی ده‌خرێته ژێر سه‌رپه‌رشتی یاسین و ئه‌و گه‌نجانه‌ی که‌فر که‌ره‌م که به‌ر له ئه‌و چوو بوون بۆ به‌غداد. رۆژێک له بێزاریی دا شوێنه‌که جێده‌هێڵێت و پیاسه‌یه‌ک به جاده‌کانی به‌غداد دا ده‌کات و دووباره دوای ماوه‌یه‌ک له‌یه‌کتر دابڕان عه‌ریف عومه‌ر ده‌بینێته‌وه. که ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه شوێنه نهێنیه‌که، عومه‌ر پێشنیار ده‌کات که به ڤانه‌که‌ی بیگه‌یه‌نێت. به‌ڵام پاڵه‌وانه‌که جێگایێکی دووری پێده‌ڵێت که هه‌رگیز نه‌بێته هۆی ئاشکراکردنی شوێنی حه‌شارگه‌ی یاسین و گروپه‌که‌ی.
هه‌تا شه‌وێک پۆلیس و ئه‌مریکیه‌کان هێرش ده‌که‌نه سه‌ر ئه‌و حه‌شارگه‌یه و یاسین و گروپه‌که‌ی دوای شه‌ڕێکی گه‌رم و ئاسانکاری له لایه‌ن ئه‌فسه‌رێکی پۆلیسه‌وه به ناوی غالیب ده‌رباز ده‌بن. یاسین گومانی له پاڵه‌وانی رۆمانه‌که ده‌بێت که حه‌شارگه‌ی ئه‌وانی ئاشکرا کردبێت بۆیه ده‌یخاته ژێر لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی بێزارکه‌ر و وای لێده‌کات که ناوی عه‌ریف عومه‌ری به زار دابێت. یاسین به بیستنی ناوی عومه‌ر ئاگر ده‌چێته نێوچاوانی و ده‌ستبه‌جێ داوا ده‌کات که بۆ ماڵه‌که‌ی بیبه‌ن. که ده‌گه‌ن عومه‌ر و هانی خه‌ویان لێکه‌وتووه و چه‌ندین بوتڵی خواردنه‌وه‌شیان له پاڵ خۆیان جێهێشتووه. پاڵه‌وانه‌که زۆر ده‌پاڕێته‌وه که عومه‌ر بێتاوانه و به‌ڵام ئه‌وان ڕینادهن ئه‌و له ئۆتۆمبێله‌که‌وه داببه‌زێت. پاش که‌مێک یاسین و گروپه‌که‌ی به ده‌ست و قاچی به خوێنه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه و لێره‌دا ڕۆڵی عه‌ریف عومه‌ر ته‌واو ده‌بێت، که‌چی تارماییه‌که‌ی تا کۆتایی رۆمانه‌که به دوای پاڵه‌وانه‌که ده‌که‌وێت و ناهێلێت یه‌ک چرکه پشوو بدات.
پاڵه‌وانه‌که دوای ئه‌و تاوانه‌ی به‌رامبه‌ر عه‌ریف عومه‌ر کرا ده‌گه‌ڕێته‌وه لای کۆگاکه‌ی سه‌عید و داوا ده‌کات که کارێکی تایبه‌تی پێ بسپێرێت.
رۆژێک سه‌عید به روویێکی خۆشه‌وه بانگی ده‌کات و پێده‌ڵێت که ئه‌و بۆ شتێک ده‌نێرن که ئه‌گه‌ر سه‌ر بگرێت زۆر له یازده‌ی سپتێمبه‌ر کاریگه‌ر تر ده‌بێت. به‌رله‌وه‌ی سه‌عید پاڵه‌وانه‌که بۆ ئه‌و کاره به قاچاغ بنێرێته لوبنان، ده‌یخاته ژێر چاودێریێکی وورده‌وه و رۆژانه ئاخاوتنی سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری په‌شیمان بوونه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌کات.
به گه‌یشتن بۆ به‌یروت، رۆمانه‌که خۆی ده‌خاته به شێکی دیکه‌وه که ئه‌رگیومێنت سه‌باره‌ت به شه‌ڕی رۆژئاوا له‌گه‌ڵ تیرۆر به شێوه‌یه‌کی قووڵتر ده‌خاته روو. پاڵه‌وانه‌که به ناسینی کۆنه سکۆڵارێکی په‌ژیوان له بانگه‌شه‌کردن بۆ رۆژئاوا به ناوی دکتۆر جه‌لال خۆی له ره‌هه‌ندێکی دیکه‌ی جوایه‌ز به رۆژگاره‌کانی به‌غداد ده‌بینێته‌وه.
سیمیناره‌کانی دکتۆر جه‌لال پڕ ده‌بن له خه‌ڵکی سه‌له‌فی و لایه‌نگرانی تیرۆر له عیراق، به تایبه‌ت کاتێک هێرش ده‌کاته سه‌ر رۆژئاوا و به گوناهباری یه‌که‌می ده‌زانێت له‌و شه‌ڕه.
دکتۆر جه‌لال له هه‌مان هۆتێڵ دا نیشته‌جێ یه که پاڵه‌وانی رۆمانه‌که‌ی بۆ ده‌نێردێت. زۆر جار له هۆڵ و ژووره‌که‌ی خۆی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ دکتۆر جه‌لال ده‌کات به‌ڵام له‌به‌ر بۆنی خواردنه‌وه له زاری ئه‌و هه‌موو ئاخاوتنێکی دکتۆر جه‌لال به بێکه‌ڵک و شێوێنه‌ر ده‌زانێت.
سه‌عید دوایی پاڵه‌وانه‌که به ماوه‌یه‌کی که‌م ده‌گاته به‌یروت و پێشتر دوو که‌سی خستۆته ژێر خزمه‌تی پاڵه‌وانه‌که که یه‌کێکیان گه‌نجێکی موو زه‌رد و چاوشینی لوبنانی یه به ناوی شاکر.
رۆژێک پاڵه‌وانه‌که ده‌به‌ن بۆ لای پرۆفیسۆرێکی بایه‌لۆژی به ناوی غانی. که‌چی تا ده‌ره‌نگ شێوازی پلانه‌که‌یان بۆ ئه‌و ئاشکرا ناکه‌ن. ئه‌وه‌ش وا ده‌کات که پاڵه‌وانه‌که زیاتر باوه‌ڕ نیشان بدات که که‌سی شیاوه بۆ گه‌وره‌یی ئه‌و کاره.
دواتر شاکر دێت به دوای و ده‌یبات بۆ تاقیگه‌یه‌ک که تێیدا غانی و سه‌عید له چاوه‌ڕوانی دا ده‌بن و پێیده‌ڵین که به‌و پلانه‌ی ئه‌وان دایانڕشتووه ئه‌و ده‌توانێت زۆرترین ژماره له خه‌ڵک بکوژێت. ئه‌وه‌ش به هۆی ڤایرۆسێک ده‌بێت که ده‌یخه‌نه له‌شیه‌وه که کاریگه‌ری له بۆمب گه‌وره‌تره و باشتریش ته‌شه‌نه ده‌کات. ئه‌وان باوه‌ڕ به پاڵه‌وانه‌که ده‌هێنن که له‌وان بترازێت که‌س چاره‌سه‌ری بۆ ئه‌و نه‌خۆشییه نازانێت که ئه‌و ڤایرۆسه له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یهێنێت. به جۆرێک مێشکی ده‌شۆنه‌وه که باوه‌ڕ بکات له ماوه‌یه‌کی کورت دا ده‌توانێت هه‌موو ئه‌وروپا نه‌خۆش بکات. ئه‌ویش به چوونی له وێستگه‌یه‌که‌وه بۆ وێسته‌گه‌یه‌کی تر و هه‌روه‌ها به میترۆ و باسه‌کان ته‌واوی له‌نده‌ن بگه‌ڕێت.
له هۆتێڵهکهدا به‌ر له‌وه‌ی ڤایرۆسه‌که‌ی خرابێته خوێن، پاڵه‌وانه‌که شایه‌دی ئاخاوتنێک ده‌بێت له نێوان دکتۆر جه‌لال و رۆمانوسێکی هاوڕێی به ناوی موحه‌مه‌د سین کاتیک هه‌ردووکیان به قووڵی له‌و ڕه‌هه‌نده ده‌ڕوانن که که‌وتۆته نێوانی رۆژه‌هه‌ڵات و رۆژئاوا. موحه‌مه‌د سین دژ به هه‌ڵوێسته‌کانی دکتۆر جه‌لال قسه ده‌کات و ده‌ڵێت ئه‌و سیمینارانه‌ی ئه‌و ده‌یکات له هی که‌سێکی ڕۆشنی وه‌ک ئه‌و ناچن. پاش ئاخاوتنێكی زۆر هه‌ردووکیان ده‌چنه ئه‌و په‌ڕی هه‌ڵچوون و موحه‌مه‌د سین به توڕه‌یی هۆتێڵه‌که جێده‌هێڵێت.
دکتۆر جه‌لال که‌سێکی شاراوه ده‌بێت بۆ پاڵه‌وانی رۆمانه‌که؛ ئه‌و رۆژه‌ی ڤایرۆسه‌که‌ی له‌ش دایه و به‌یانی سه‌فه‌ری له‌نده‌ن ده‌کات، دکتۆر جه‌لال شتگه‌لێکی پێده‌ڵێت و زۆر هه‌وڵ ده‌دات په‌ژیوانی بکاته‌وه.
سه‌ره‌تا شاکر په‌ساپۆرتێکی ساخته و بلیتی سه‌فه‌ر و چه‌ندین دۆکیۆمێتی دیکه‌ی به ناوێکی تازه‌وه بۆ ده‌هێنێت. پاش ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ڕوات دکتۆر جه‌لال له ده‌رگا نادات و خۆی ده‌کاته ژووره‌که‌وه. پاڵه‌وانه وا ده‌زانێت پلانه‌که نهێنیترین شتی دونیایه، که‌چی دکتۆر جه‌لال زۆر ساده و ساکار ده‌یخاته ڕوو و جوێن به پرۆفیسۆر غانی ده‌دات که ئه‌و کاره‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌و کردووه.
به پاڵه‌وانی رۆمانه‌که ده‌ڵێت " ئه‌ی به‌سته‌زمانی خه‌ڵه‌تێنراو، . . . . ئه‌و دکتۆر غانی یه ساخته‌چی یه، من نازانم چ پۆخڵهواتێکی خستۆته له‌شته‌وه، . . . . . . "
_ " بڕۆ ده‌ره‌وه له ژووره‌که‌م" پاڵه‌وانه‌که پێیده‌ڵێت. پاڵه‌وانه‌که که ده‌زانێت به ئاسانی له ژێر قسه‌کانی دکتۆر جه‌لال رزگاری نابێت، تهپڵهیهکی جگه‌ره هه‌ڵده‌گرێت و له سه‌ر ده‌دات.
دیاره شاکر له خواره‌وه ئاگاداری هه‌موو شتێک ده‌بێت و زوو ئه‌مبۆلانسێکی سه‌ر به‌خۆیان ده‌هێننه هۆتێڵه‌که و دکتۆر جه‌لالی له هۆش چوو و سه‌ر به خوێن به نهێنی ده‌به‌نه ده‌ره‌وه.
رۆژی دوایی پاڵه‌وانه‌که به تاکسییه‌ک به‌ڕیوه ده‌بێت بۆ فڕگه‌ی شار، دوای ئه‌وه‌ی ده‌نگی فه‌یرۆز به شوفێره‌که کپ ده‌کات نه‌وه‌ک رۆژانی رابردووی بیر که‌وێته‌وه و ببێته هۆکاری خاوبوونه‌وه‌ی له ئه‌نجام دانی پلانه‌که. یان ئه‌و هه‌سته پاکه‌ی بۆ بگه‌ڕێته‌وه که له زانکۆ به بیستنی ده‌نگی فه‌یرۆز و بینینی چاوه جوانه‌کانی نه‌وال دڵی ته‌ژی ده‌بوو له خۆشی، ئه‌و ساتانه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌وال ته‌نها به سه‌یرکردنی یه‌کتر چیرۆکی ئه‌وینێکی قووڵیان بۆ خۆیان چێکردبوو.
لێره‌دا رووداوه‌کانی رۆمانه‌که خێراتر گوزه‌ر ده‌که‌ن و زۆر ناخه‌یه‌نێت که پاڵه‌وانی رۆمانه‌که خۆی له یه‌کێک له هۆڵه‌کانی چاوه‌ڕانی ناو فڕگه‌که ده‌بینێته‌وه. به رامان و سه‌یرکردنی خه‌ڵکه‌که دووباره هه‌ست به جوانی ژیان ده‌کات پاش ئه‌وه‌ی کۆمێک دیمه‌ن ده‌که‌ونه به‌ر چاوی. پیره‌ژنێک ده‌بینێت زیاتر له چه‌ند جار ته‌له‌فۆنه ده‌ستیه‌که‌ی ده‌کاته‌وه وه‌ک ئه‌وه‌ی له چاوه‌روانی په‌یامێکی گرنگ دابیت، کچ وکوڕێک ده‌میان خستۆته ناو ده‌می یه‌کتر، پیاوێک جانتاکه‌ی به ده‌سته، منداڵێک . . . . .، و چه‌ندین دیمه‌نی دیکه. پاڵه‌وان و حیکایهتوانی رۆمانی سافیره‌کانی به‌غداد له دوای هه‌موو که‌سه‌کان له سره‌ی بۆردین کارت دا ده‌وه‌ستێت، له پڕ هه‌ست ده‌کات پیێهکانی هی خۆی نین و ئه‌وه‌نده‌ی هه‌وڵ ده‌دات ناتوانێت هه‌نگاوێک زیاتر بچێته پێش.
ناوه‌که‌ی چه‌ند جارێک له بڵندگۆی فڕگه‌که ده‌نگ ده‌داته‌وه و ئه‌و هه‌ست ده‌کات ئه‌و ناوه هی ئه‌و نیه.
له ده‌ره‌وه که ده‌گاته سه‌ر جاده‌ی به‌رده‌م فڕگه‌که ده‌بینێت ئۆتۆمبێلێک له ته‌نیشتی دا ده‌وه‌ستێت و شاکر ده‌رگا ده‌کاته‌وه و پێیده‌ڵێت " سوار به" ماوه‌یه‌ک به بێده‌نگ ئۆتۆمبێله‌که به خێرایی بۆ ده‌ره‌وه‌ی به‌یروت ده‌هاژوێت، پاشان ده‌ڵێت " من ده‌مزانی وه‌ک مریشک ده‌گه‌ڕێیه‌وه. " به‌رله‌وه‌ی بگه‌ن به شوێنی مه‌به‌ست شاکر ئۆتۆمبێله‌که‌ی ڕاده‌گرێت چونکه وا ده‌زانێت که پاڵه‌وانه‌که ڤایرۆسه‌کانی به ناو ئه‌وێدا ده‌ڕشێنێته‌وه. له تاریکایی ده‌ره‌وه پاڵه‌وانه‌که نایه‌وێت له شوێنی خۆی دا بجولێت، شاکر به کوشتن هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌کات. دواتر دوا ئاخاوتنه‌کانیان له‌گه‌ڵ یه‌کتر ده‌که‌ن و شاکر ته‌له‌فۆن بۆ که‌سه‌کان ده‌کات که بگه‌ن به‌و شوێنه‌ی که تێیدا پاڵه‌وانه‌که دادگایی ده‌کات.
ده‌نگی وه‌ستانی ئۆتۆمبێلێک و خشپه‌ی چه‌ند پێیه‌ک ده‌هێنه گوێی پاڵه‌وانه‌که و به شاکر ده‌ڵێت " پێیان بڵێ با خێرابن. من ئیتر هیچم شتێکم نه به‌رامبه‌ر به ئه‌وان و نه به‌رامبه‌ر هیچ که‌سێکی دیکه هه‌یه. "
لێره‌دا پاڵه‌وانه‌که له‌و به‌رزاییه له گڵۆپه‌کانی شاری به‌یروت ده‌ڕوانێت و به خۆی ده‌ڵێت که ئه‌و تازه هه‌رگیز ناتوانێت ئه‌وه رۆناهییه بینێت له نێو توڕه‌یی که‌سه‌کان. ئه‌و رۆمانه‌ی یاسمینه خه‌زرا هه‌رچه‌نده که‌ش و هه‌وایێکی سیاسی گه‌رمی پێوه دیاره، به‌ڵام ئه‌و شێواز و زمانه‌ی که پێی نوسراوه ئه‌وه‌نده کاریگه‌ره که خوێنه‌ر ناتوانێت به ئاسانی دیمه‌نه‌کان و کاریگه‌ری رووداوه‌کان له مێشکی دا بسڕێته‌وه. خه‌زرا به‌رله‌وه‌ی ده‌ست بداته نوسین و له فه‌ره‌نسا دابنیشێت، ئه‌فسه‌رێکی گه‌وره‌ی سوپای جه‌زائیر بووه. له‌و رۆمانه‌دا ده‌رده‌که‌وێت که ئه‌و تاقیکردنه‌وه و ناخ هوروژانی گه‌وره‌ی بۆ چێبووه کاتێک ووڵاته‌که‌ی به ده‌ستی تیرۆر ده‌یناڵاند. بۆیه ووشه‌کانی وه‌ک فه‌رمانێکی سه‌ربازی زۆر به جورئه‌ت و بێ‌ترس خستۆته سه‌ر کاغه‌ز. یاسمینه خه‌زرا له هه‌ڵبژاردنی رووداوه گه‌رمه‌کانی سه‌باره‌ت به تیرۆر و ئیسلامی سیاسی سه‌رنجی خوێنه‌رێکی زۆری له رۆژئاوا ڕاکێشاوه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یره و ناکۆکه له‌گه‌ڵ که‌سێک که رابردووێکی پێچه‌وانه‌ی به مه‌یدانی ئه‌ده‌ب هه‌بێت و بتوانێت به‌و جوانییه بنوسێت، یان وا له ره‌خنه‌گران بکات که به ئه‌لبێرت کامۆی بچوێنن. دوا ووشه، له رۆمانی سافیره‌کانی به‌غداد ئه‌وه‌ی به شاراوه‌یی ده‌مینێته‌وه له نێو گشت رووداو و به‌سه‌رهاته‌کاندا ئه‌وه‌یه کاتێک تیرۆرستێک ئۆتۆمبێله‌که‌ی به‌ره‌و که‌رکوک ده‌هاژوێت و شتێکی دیکه‌ی له باره‌وه ناگوترێت، چونکه نوسه‌ر له سافیره‌کانی به‌غداد ته‌نها عیراقێک ده‌خوێنێته‌وه که بریتی یه له پایته‌ختێکی وێران و گوندێکی بیابان له شێوه‌ی که‌فر که‌ره‌م.