Skip to Content

Friday, November 8th, 2024
شه‌ڕی غه‌زه‌ ، ده‌مه‌ته‌قێی داڤۆس…..مه‌هدی كاوانی

شه‌ڕی غه‌زه‌ ، ده‌مه‌ته‌قێی داڤۆس…..مه‌هدی كاوانی

Closed
by February 5, 2009 گشتی

شه‌ڕی غه‌زه‌ ، ده‌مه‌ته‌قێی داڤۆس ، تێكهه‌لكێشه‌ی نوێی توركین، دیاریش نیه‌ چۆنچۆنی و له‌كوێ ده‌مه‌ییننه‌وه‌.


با له‌ كورده‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ین، ئینجا بۆ ناو قوڵایی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و شه‌راكه‌تی ئه‌و دوو وڵاته‌ هه‌ره‌ به‌هێزه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و زیاتر له‌ ٨٠ ساڵه‌ییان بۆ ڕۆژئاوا.
به‌ زۆری له‌ به‌ر توركیایه‌ نه‌ك عه‌ره‌به‌كان كه‌ كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كورد له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ له‌ ناو خوێندنه‌وه‌ی وڵاتانی بڕیار به‌ده‌ستی جیهانی به‌ تایبه‌تی ڕۆژئاوا مرێندراوه‌.
ئه‌گه‌ر له‌ به‌ر شه‌راكه‌تی درێژخایه‌نی توركی و ئیسڕایلی و په‌یوه‌ندیه‌ هه‌ربه‌هێزه‌كانیان له‌ رووی سیاسی و ئابووری و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ڕۆژئاوا نه‌بوایه‌، ده‌بوایه‌ ئیسرایل رۆڵی هه‌ره‌ له‌پێش ببینێ له‌ مه‌حافیلی جیهانی تا وه‌كو له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كوردی پێ بچێته‌ پێشه‌وه‌، له‌ ڕێگای دوو هۆكاره‌وه‌: یه‌كێكیان له‌ دژی عه‌ره‌ب، ئه‌ویتریان ١٦ هه‌زار كوردی یه‌هودی تا ساڵی ١٩٤٨ له‌ كوردستان هی هه‌ر چوار پارچه‌ ڕوویان له‌ ئیسڕایل كردو به‌شداری كاریگه‌ریان له‌ پێكهێنانی و خۆڕاگرتنی ئه‌و سیسته‌مه‌ كرد.
له‌ كابینه‌ی پێشتری حكومه‌تی ناته‌نیاهۆ، ئیسحاق مورده‌خای وه‌زیری به‌رگری ئیسڕایلی بوو. ئه‌و به‌ڕێزه‌ كورد و خه‌لكی زاخۆ بوو. وه‌ختی خۆی زۆرلیێدوانی له‌و بابه‌ته‌ ده‌كرا كه‌ ئه‌و به‌ڕێزه‌ له‌به‌ر گرتنی عه‌بدولله‌ ئۆجه‌لان له‌ ناو ته‌شكیله‌ی لیكۆدو ناته‌نیاهۆ ده‌رهات و به‌ هۆشیه‌وه‌ ناته‌نیاهۆ له‌ خولی دواتر هه‌لبژاردنی دۆڕاندو پارتی كاری ئیسڕایلی به‌ سه‌رۆكایه‌تی یه‌هود به‌ڕاك بردیه‌وه‌. ئه‌و كاتی ئه‌و به‌ڕیزه‌ له‌به‌رده‌م ڕاگه‌یاندنی جیهانی ئاخاوتنێكی داو گوتی گه‌لی ئیسڕایل دوژمنی كه‌م نیه‌ تا دوژمنی تر بۆ خۆی دروست بكات.‌ لێكۆله‌ره‌وه‌ سیاسیه‌كان ئه‌و قسه‌ی ئه‌ویان بۆ ئه‌وه‌ برده‌وه‌ كه‌ به‌و كاره‌ی ناته‌نیاهۆ نیگه‌ران بووه‌ كه‌ له‌ ڕێگای كاری موخابه‌راتی ئه‌وه‌وه‌ عه‌بدولا ئۆجه‌لان گیراوه‌.
ڕاسته‌ دوا به‌دوای شه‌ڕی سارد هه‌ندێ پشت لێكردنی ڕۆژئاوا له‌ گه‌ل توركیا دروست بوو ، به‌لام له‌ سه‌ر كێشه‌ی كوردهه‌روه‌ك جاران مایه‌وه‌. ئه‌و كاتانه‌ی كه‌ توركیا ڕیگای به‌ ئه‌مه‌ریكا نه‌دا له‌ ناو خاكی ئه‌و هێزه‌كانی بێته‌ ناو عیڕاق و به‌ دواشیه‌وه‌ هه‌نده‌ك به‌ره‌وپێشه‌وه‌ چوونی دۆستایه‌تی نێوانی كوردو ئه‌مه‌ریكا دروست بوو و له‌ به‌رامبه‌ریشه‌وه‌ گرژی نێوان ئه‌نقه‌ره‌و واشنتۆن ڕووی له‌ زیاد بوون ده‌كرد ، هه‌ر ئه‌و كاتانیش بوو ڕاگه‌یاندنی ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریكا، لێره‌و له‌وی ده‌یانه‌ویست كێشه‌ی ئه‌رمه‌ن له‌ سه‌ر توركیا زیندوو بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام دیسان پاش یه‌ك دوو ساڵ توركیا به‌ ئاشكه‌را به‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كانی گۆت یان ده‌بێ ئێمه‌تان بوێ یان كورد. شه‌ڕی قه‌ندیل و هاوكاری ئه‌مه‌ریكا له‌ گه‌ڵ سوپای توركی دژی گه‌ریلا ، ئه‌وه‌ی به‌ده‌رخست كه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان زیاتر به‌لای توركه‌كانه‌وه‌ داكه‌وتن. كه‌ دۆزی كورد و كه‌ركوكیش له‌ قازانجی كورد به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ناچێت، هه‌م دیسان توركه‌كانن ڕۆڵی كاریگه‌ر تیا ده‌گێڕن  و ئه‌مه‌ریكیه‌كانیش بۆیان شل كردوون. به‌ڵام هه‌تا شه‌ڕی غه‌زه‌و ئه‌و تێك هه‌لچوونه‌ی نێوانی شیمۆن پێرس و ئه‌ردۆگان له‌ مونته‌دای ئابووری ئه‌و ساڵه‌ی داڤۆس له‌ سوێسرا ڕوی نه‌دا ، نه‌ نه‌مانی شه‌ڕی سارد، نه‌ ئه‌و ساردایه‌ی نێوانی ئه‌مه‌ریكاو توركیا له‌ شه‌ڕی عیراق دروست بوو  وه‌ نه‌ به‌ هاتنی ئه‌و دووخوله‌ی ئه‌كه‌په‌ی ئیسلامی، كاریگه‌ریان نه‌بوو له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوانی توركیاو ئیسڕایل لاری تێ بكه‌وێ ، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ڕۆژبه‌ دوای ڕۆژ به‌ره‌و به‌هێزبوونتر ده‌ڕۆیشت. به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین به‌ هاتنی ئیسلامه‌كان بۆ سه‌ر حوكم، ئه‌و ده‌نگه‌كانی كۆمه‌ڵگای موسلمانه‌تی توركیا له‌ دژی ئیسڕایل ڕۆژبه‌ڕۆژ به‌ره‌و زیادبوون ده‌چوو، له‌ شه‌ڕی ئه‌و جاره‌ی هه‌رێمی غه‌زه‌و ئه‌و هه‌موو خۆپێشاندانه‌ به‌رفراوانانه‌ی جه‌ماوه‌ری توركی له‌ به‌شی هه‌ره‌زۆری شاره‌كاندا و ئاخاوتنه‌كانی سه‌رۆكه‌كه‌یان ئه‌ردۆگان له‌ دژی ئیسڕایل به‌ هی مونته‌دای داڤۆسیشه‌وه‌ ، به‌ دوایه‌وه‌ واته‌ ئێستا گرژیه‌كی زۆر دروست بووه‌ له‌ نێوانی توركیاو ئیسڕایل . له‌ لایه‌كه‌وه ،‌جوله‌ی ئه‌و ساڵه‌ی گه‌شت و گوزاری ئیسڕایلیه‌كان دوا به‌ دوای ئه‌و گرژیه‌ زۆر هاته‌ خواره‌وه‌و ده‌توانم بڵێم ئێستاكه‌ هاولاتی ئیسڕایلی وه‌ك جاران ناتوانێ پشتێندی ئه‌مان له‌ توركیا بكاته‌وه‌ ، له‌ گه‌ڵ لێدوانه‌كانی ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیسڕایلیش ده‌ڵێن ئه‌و كاته‌ به‌سه‌ر چوو‌ ئێمه‌ ناوبژیوانی توركیا له‌ گه‌ڵ فه‌له‌ستینیه‌كان قبووڵ بكه‌ین. له‌ لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ په‌یوه‌ندی نێوان توركیاو وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌و ڕۆژه‌ی كه‌ توركه‌كان ڕێگایان به‌ ئه‌مه‌ریكا نه‌دا به‌ خاكی توركیا سوپایان داخلی عیڕاق ببێ، ڕۆژبه‌ڕۆژ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌ڕوا . له‌ و شه‌ڕه‌ی غه‌زه‌و ده‌مه‌ته‌قێی داڤۆسیش شه‌قامی عه‌ره‌بی وه‌ك پاڵه‌وانی ئیسلام پێشوازی له‌ ئه‌ردۆگان ده‌كه‌ن و به‌سه‌ر هه‌موو سه‌رۆكه‌ عه‌ره‌به‌كانی فه‌رز ده‌كه‌ن.
من ناڵێم ته‌نیا شه‌ڕی غه‌زه‌و‌ ده‌مه‌ته‌قێی داڤۆس بووه‌ته‌ هۆكار بۆ تێكچوونی په‌یوه‌ندیه‌كانی توركیاو ئیسڕایل به‌لكو زۆر هۆكاری تر هه‌یه‌ له‌و گرژیه‌دا له‌هاموویان له‌پێشتر ناخبی توركیه‌ . ئه‌كه‌په‌ به‌ دوو سه‌رۆكه‌كه‌یان ئه‌ردۆگان وگوڵ ، ئه‌و كاتانه‌ ده‌توانن ده‌نگی ڕه‌ها یان بردنه‌وه‌ی خولی هه‌لبژاردنه‌كانی توركیا بۆخۆیان مسۆگه‌ر بكه‌ن كه‌ توركیا زیاتر به‌لای كۆمه‌لگای ئیسلامی و عه‌ره‌به‌كان دابڕوات . به‌ بۆچوونی خۆم ئه‌ردۆگان تا پێش شه‌ڕی غه‌زه‌و ده‌مه‌ته‌قێی داڤۆس ده‌یه‌ویست نێوه‌ندیكی گونجاو له‌ گه‌ڵ ناخبی خۆی واته‌ هاوڵاتی توركی و به‌رژوه‌وه‌ندیه‌كانی له‌ گه‌ڵ ڕۆژئاواو ئیسڕایل دروست بكات و تا ڕاده‌یه‌كیش ئه‌مه‌كانی دوایی جۆره‌ نێوه‌ندی وه‌هایان له‌ توركیا قبوڵ ده‌كرد ، به‌ڵام ئه‌و ته‌نگژیانه‌ی دوایی ئه‌و نیوه‌ندێتیه‌ی وه‌ك ئێستا ده‌خوێندریته‌وه‌ به‌ڵای عه‌ره‌باكانیان بردو ناشزانین ئه‌و گرژیه‌ به‌ره‌و زیاتر ده‌ڕوات یان تیمار ده‌كرێت. هێزه‌كانی به‌ناو داكۆكی كه‌ر له‌ عیلمانیه‌ت و ئه‌تاتورك ده‌ڵێن ئه‌و هه‌لسو كه‌وتانه‌ی به‌ودوایه‌ی ئه‌ردۆگان له‌ دژی ئیسرایل و ڕۆژئاوا له‌ شوێن خۆی نه‌بوو  و ده‌یان گۆت خۆ توركیا له‌ عه‌ره‌به‌كان عه‌ره‌بتر نیه‌ ، كه‌ ئه‌وان داكۆكی له‌ خۆیان نه‌كه‌ن بۆ توركیا بیكات و ئه‌وروپاو ئیسڕایل له‌مه‌ بكاته‌ دوژمن و به‌ دوایه‌وه‌ ئه‌وانیش مه‌له‌فی ئه‌رمه‌ن و هی تر به‌سه‌رمان نوێ كه‌نه‌وه‌.
ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵیین ئه‌كه‌په‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و دووخوله‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌تیه‌یان له‌ هه‌موو ڕوێكه‌وه‌ توركیایان زۆر بردۆته‌ پیشه‌وه‌. له‌ سه‌ر كێشه‌ی كورد وێڕای دژایه‌تی كردنیان بۆ په‌كه‌كه‌ و ده‌شیانه‌وێ له‌ سه‌ر كیشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كورد به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوونی زۆر كه‌م به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نن ، كه‌چی به‌ سۆزی موسلمانه‌تی له‌ سه‌روی ٧٠ ئه‌ندام په‌رله‌مانی كوردیان بۆ حیزبه‌كه‌یان وه‌ده‌ست هێناوه‌ ، خه‌ریكه‌ مه‌ترسی كوده‌تای سه‌ر‌بازیش به‌ ته‌واوه‌تی له‌ سه‌ر خۆیان نه‌هێلن و وێرای هه‌وادارانی پارته‌كه‌یان به‌ ناوی سۆزی دینی ، چینی سه‌رمایه‌داری توركیشیان به‌لای خۆیان ڕاكێشاوه‌. ئه‌مه‌ریكاو ئه‌وروپاو بگره‌ ڕوسیاو چینیش به‌و ڕۆڵه‌ میانڕه‌وه‌ی ئیسلامی توركیایان له‌ناو ئه‌و هه‌موو توندڕه‌ویه‌ ئاینیه‌ جیهانیه‌و قاعیده‌و ئێران قبوله‌.
ئه‌و پرسیاره‌ی كه‌ لێره‌وه‌ خۆی قیت ده‌كاته‌وه‌ ئایا ئه‌گه‌ر دۆستایه‌تی ستراتیجی ئیسرایل و توركیا به‌ره‌و له‌یه‌كدووركردنه‌وه‌ هه‌نگاوی نا، له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ ئیسڕایل هه‌ولی ئه‌وه‌ نادات كه‌ دۆستی تری نا توركی له‌ ناوچه‌كه‌ بۆ خۆی دروست بكات؟ ڕه‌نگه‌ له‌ ڕوانگه‌ی سۆزی ئایینی كه‌ عه‌ره‌به‌كان كورده‌كان به‌ ئیسڕایلی دووه‌م ناو ده‌به‌ن كه‌ واش نیه‌، ئه‌گه‌ر ڕووش بدات به‌ زیاتره‌وه‌ ده‌بێت. به‌ڵام دونیاش له‌ سه‌ر سۆزو عاتیفه‌ بونیاد نانری به‌لكو له‌ سه‌ر ئه‌رزی واقیع.
ئه‌گه‌ر بۆ له‌مه‌و دوا ئیسڕایل كارتێكردنه‌ جیهانیه‌كانی به‌سه‌ر كورد پێچه‌وانه‌ بكاته‌وه‌ ، له‌ قاززانجی كورده‌. به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین ده‌بێ توركیاش ئه‌وه‌ بزانێ ئه‌گه‌ر بیه‌وێ له‌ ئیسڕایل و ڕۆژئاوا دوور بكه‌وێته‌وه‌ ، ده‌بێ حیسابی ئه‌وه‌ بكات كه‌ ئه‌وان دۆزی كوردو ئه‌رمه‌نی له‌ سه‌ر گه‌وره‌ ده‌كه‌ن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر توركیای ئه‌ردۆگان وه‌ك به‌زیره‌كانه‌ له‌ ئاستی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ ‌ هه‌لس و كه‌وت ده‌كه‌ن و له‌ سه‌ر مه‌له‌فی كوردیش به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چوون ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌و كاتی ئاو و هه‌وایه‌كی تر ده‌بێت. به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین ئه‌گه‌ر توركیا له‌ مه‌و دوا وه‌ك قوتبێكی به‌هێز له‌ناوچه‌كه‌ خۆی به‌ده‌ربخا ،هه‌رچی بكه‌ن و نه‌یكه‌ن ،ناكه‌وێته‌ خانه‌ی دژه‌ ئه‌مه‌ریكی ، بگره‌ ئیسڕایلیشی له‌ گه‌ڵ. چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رنه‌بێت ئه‌وان میانڕه‌وی ئیسلامی و وڵاتانی كه‌نداو له‌ دژی قوتبی ئێران كۆده‌كه‌نه‌وه‌. كێش ناڵێ كاروكرده‌وه‌كانی ئێستای توركی باهه‌ندێ گرژی بوونیان له‌ گه‌ڵ ئیسڕایلیشه‌وه‌ پێوه‌ دیار بێت ، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا ناكه‌وێته‌ خانه‌ی مه‌رامی ڕۆژئاوا.

مه‌هدی كاوانی/٣/٢/٢٠٠٩
MAHDIKAWANI@YAHOO.CO.UK

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.