به‌ڵێ ده‌توانین..
به‌ڵێ ده‌توانین
به‌شی یه‌ک
هۆمه‌ر قه‌ه‌ره‌داغی
به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده له سوید
باراک ئۆباما، سه‌رۆکی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مه‌ریکا، له وتاری سه‌رکه‌وتنیدا، ناوه‌رۆکی قسه‌کانی: به‌ڵێ، ده‌توانین بوو. ئۆباما پێشکات ده‌زانێت که ڕێگه‌یه‌کی سه‌ختی گۆڕانکاری گرنگی له‌به‌رده‌مدایه. ئه‌و گۆڕانکاریانه به به‌روارد له‌گه‌ڵ گۆڕانکاریه‌کانی سیسته‌می فێرکاری کوردستاندا زۆر گه‌وره و ههمهلایهنترن، ته‌نانه‌ت هه‌ندێکیان په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به ژیان و مردنی هه‌زاران مرۆڤه‌وه له سه‌رانسه‌ری جیهاندا هه‌یه. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی به‌هێزی به توانای خۆی و سیسته‌می وڵاته‌که‌ی هه‌یه، بێدودڵی ده‌ڵێت به‌ڵی، ده‌توانین.
له کوردستان کۆمه‌ڵێک ریفۆرم و نوێخوازی گرنگ له سیسته‌می فێرکاریدا کراون، که سیسته‌مه‌که‌ی بردۆته پێشه‌وه. به بۆچونی من، ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌ستپێشخه‌ری و پێشنیاری ئه‌و ڕیفۆرمانه‌یان بۆ په‌رله‌مانی کوردستان نه‌کردایه، ئه‌وه ده‌بوایه به‌رامبه‌ر به‌رپرسیارێتی لێپرسینه‌وه‌ی مێژوویی بوه‌ستانایه‌ته‌وه. ڕیفۆرمه‌کان، پاش زیاتر له نیوسه‌ده له وه‌ستان له نێو سیسته‌مێکی کۆن و دواکه‌وتودا، پێویستی هه‌نووکه‌یی بوون. ده‌بوایه له ساڵی 1991 وه له سیسته‌می فێرکاری کوردستاندا ده‌ستبکرایه به ڕیفۆرمکردن، به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ساڵی 2007 هیچ ریفۆرمێک، که شایانی ناوی گۆڕانکاری و نوێخوازی بێت، نه‌کرا. به پێچه‌وانه‌وه تا کۆنگره‌ی په‌روه‌رده، سیسته‌می قوتابخانه‌کانی حکومه‌تی ئێراقی ساڵی 1971 به‌کارده‌هێنرا که سیسته‌مێکی کۆنه‌په‌رستانه‌ی شۆڤێنی بوو.
ڕیفۆرمه‌کان بێ‌گرفت نه‌بوون. زۆرجار ئه‌وانه‌ی که ده‌یانوت: به‌ڵێ ده‌توانین، که‌متر بوون له‌وانه‌ی که ده‌یانوت، نه‌خێر ناتوانین، به‌هۆی ئه‌وه‌ی که کوردستان زۆر دووره له ئه‌وروپای ڕۆژئاواوه و ریفۆرمه‌کان وه‌همی سویدی و ئه‌وروپای رۆژئاوان و ئێمه دابونه‌ریتی کلتوری خۆمان هه‌یه. هه‌ندێک نهخێریشیان تێپه‌ڕاندوه، ده‌یانه‌وێت سیسته‌مه‌که به‌رنه‌وه دواوه و ته‌نانه‌ت له قۆناغه‌کانی سه‌ره‌تایی جارانیشدا تێکه‌ڵاوی کچ و کوڕ لابه‌رن. له هه‌موی سه‌یر تر ده‌ڵێن له ڕۆژئاواش خه‌ریکن تێکه‌ڵاوی کچ و کوڕ لاده‌به‌ن، که باسێک له‌و بار و شێوه‌یه بوونی نیه. هه‌ندێک دژایه‌تی لابردنی تاقیکردنه‌وه‌ی به‌کالۆری ده‌که‌ن و ده‌ڵێن له سویدیش خه‌ریکه تاقیکردنه‌وه‌ی به‌کالۆری بۆ قۆناغه‌کانی بنه‌ڕه‌تی داده‌نرێت، که ئه‌مه‌ش بوونی نیه و له هه‌ڵه و تێنه‌گه‌یشتنه‌وه، تاقیکردنه‌وه‌ی به‌کالۆری و تاقیکردنه‌وه‌ی نیشتمانی، که دوو تاقیکردنه‌وه‌ی زۆر له یه‌کتر جیاوازن، تێکه‌ڵده‌که‌ن.
له راستیدا ئه‌و ریفۆرمانه‌ی که له کوردستان کراون بریتین له سودوه‌رگرتن له ئه‌زمونی سه‌دان ساڵه‌ی گه‌شه‌کردنی پرۆسه‌ی چاکسازی و ریفۆرم له سیسته‌می فێرکاری ولاته دیموکراتیه‌کانی ئه‌وروپای رۆژئاوا که وڵاتی سوید یه‌کێکه لێیان. به‌ڵام ریفۆرمه‌کان به شێوه‌یه‌کی باش له‌گه‌ڵ سیسته‌می فێرکاری کوردستاندا گونجێندراون بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی گه‌یاندنیان به‌که‌ناری ئارامی جێبه‌جێکردن زیاتر بێت. ئه‌گه‌ر نا، ده‌بوایه ریفۆرمه‌کان زۆر گشتگیر و به‌رفراوانتر بونایه.
له کوردستان چونکه مێژوویه‌کمان له ریفۆرم و گۆڕانکاری نیه، به چاوی گومانه‌وه ده‌ڕوانینه هه‌موو نوێخوازییه‌ک. له وڵاتانی ئه‌وروپای ڕۆژئاوا له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕه‌گی سیسته‌می دیموکراتی و کۆمه‌ڵگای داموده‌زگا قووڵ و به‌ربڵاوه، به بێ‌ترس و به‌به‌رده‌وامی له هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا خه‌ریکی ڕیفۆرم و نوێخوازین، به‌تایبه‌تی له سیسته‌می فێرکاری وڵاته‌کانیاندا. هه‌بونی بناغه‌یه‌کی پته‌وی دیموکراتی، پێویستی بوونی نوێخوازی و خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدا، سێ فاکته‌ری گرنگن کهوایانکردوه تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ له پرۆسه‌ی نوێخوازی نه‌ترسن، یا هه‌ر گیروگرفته‌کان نه‌بینن، به‌ڵکو ده‌رفه‌ت و بواره‌کانی پێشکه‌وتنیش ههستپێبکهن.
ئه‌گه‌ر ڕیفۆرم له بواری سیسته‌می فێرکاریدا نه‌کرێت، هیوای دواڕۆژی منداڵان و گه‌نجانمان به ئاینده لاواز ده‌بێت. نه‌بونی هیوا و بڕوا نه‌بوون به دواڕۆژ له‌بارترین دۆخ و بوارن بۆ دروستبونی نائارامی، زۆربونی تاوان و تێرۆریزم. نه‌خوێنده‌واری ده‌بێته هۆی دروستبون و گه‌وره بونی کێشه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و دروستبونی ڕێکخراو و گروپ له ده‌ره‌وه‌ی پرۆسه‌ی دیموکراتی و داموده‌زگاکانی کۆمه‌ڵدا. ئه‌م دیارده‌یه له دواڕۆژێکی نزیکدا مه‌ترسیداره بۆ سه‌ر ئه‌و باره ئازاده‌ی که ئه‌مڕۆ له کوردستاندا هه‌یه. رێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری له ساڵی 2000 دا له کوردستاندا 27% بوو. له ساڵه‌وه تا ساڵی 2007 زیاتر له 250000 نه‌خوێنده‌وار فێری خوێنده‌واری بون و رێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری هاتۆته خواره‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا رێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری و وازهێنان له خوێندن ئه‌وه‌نده به‌رزن که مه‌ترسین بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وایه‌تیمان. هه‌ربۆیه به‌رده‌وامبون له‌سه‌ر چاکسازی پێویستیه‌کی گرنگ و به‌رپرسیاریتیه‌کی گه‌روه‌ن له‌سه‌رشانمان.
له وڵاتی سوید سیسته‌می فێرکاری به‌به‌رده‌وامی له‌به‌رده‌م ڕیفۆرمدایه: له ئێستادا ئه‌م ڕیفۆرمانه‌ی خواره‌وه له ژێر لێدوان و لێکۆڵینه‌وه‌دان و هه‌ندێکیان بونه‌ته پێشنیاز و پێشکه‌ش به حکومه‌ت و په‌رله‌مانی سوید کراون:
1. ریفۆرم له قۆناغی ئاماده‌ییدا: گۆڕانکاریه‌کان سه‌رجه‌م خوێندنی ئاماده‌یی ده‌گرێته‌وه، له‌وانه زیادکردنی به‌شه‌کانی ئاماده‌یی له 17 به‌شه‌وه بۆ 19 به‌ش، گۆڕانکاری له بواری نمرهداناندا، زیاتر به‌هێزکردنی ڕۆڵی قوتابی و خوێندکار و به‌ناوه‌ندیکردنی له سیسته‌مه‌که‌دا، که‌مکردنه‌وه‌ی کاریگه‌ری تاقیکردنه‌وه‌کان … هتد. له‌سه‌ر ئه‌م ریفۆرمانه وتارێکی تایبه‌تیم بڵاوکردۆته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه لێره‌دا ناچمه ورده‌کاریه‌کانی ئه‌و ریفۆرمانهوه.
2. نوێکردنه‌وه‌ی یاسای قوتابخانه‌کان: یاساکان، به مه‌به‌ستی به‌هێزکردنی ڕۆڵی قوتابی و سهنگینکردنی ده‌رئه‌نجامه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی خوێنده‌وار، له‌به‌رده‌م پێداچونه‌وه و لێکۆڵینه‌وه‌دان. ئه‌م ریفۆرمه کاریگه‌ری ستراتیجی له‌سه‌ر پاشه‌ڕۆژی سیسته‌مه‌که ده‌بێت.
3. نوێکردنه‌وه‌ی پرۆگرامی خوێندنی مامۆستایان: ڕیفۆرمێکی هه‌مه‌لایه‌نه و گشتگیر ده‌رباره‌ی خوێندنی مامۆستایان وه‌ک پێشنیاز خراوه‌ته به‌رده‌م حکومه‌تی سوید. ئه‌و قوتابیانه‌ی که پۆلی دوانزه (شه‌شی ئاماده‌یی) ته‌واوده‌که‌ن و ده‌یانه‌وێت ببن به مامۆستا، بێجگه له ڕێژه‌ی نمره‌ی کۆتای‌یان چاوپێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ده‌کرێت، هه‌روه‌ها ده‌بێت تاقیکردنه‌وه‌یه‌ک ئه‌نجامبده‌ن. پێشنیازه که ماوه‌ی ساڵێک هیچ قوتابیه‌ک له خوێندنی مامۆستایی وه‌رنه‌گیرێت. خوێندنه‌که‌ش سێ به‌شه، به‌شی مامۆستایی پۆلی 1- 6 ی قۆناغی بنه‌ڕه‌تی که شه‌هاده‌که‌ی به‌کالۆریۆسه، به‌شی مامۆستایی پۆله‌کانی 7 – 12 که شه‌هاده‌که‌ی ماسته‌ره و خوێندنه‌که‌ی پێنج ساڵه. به‌شی سێیه‌م که سنورداره، تایبه‌ته به‌و مامۆستایانه‌ی خوێندنی به‌رزتر و لێکۆڵینه‌وه‌یان هه‌یه، له ئاماده‌ییدا وانه ده‌ڵێنه‌وه و ده‌بنه سه‌رۆکی به‌شه‌کان و به‌رپرس ده‌بن له گه‌شه‌پێدانی پرۆگرامه‌کان. هێشتا حکومه‌تی سوید بڕیاری له‌سه‌ر ئه‌م پێشنیازه نه‌داوه.
4. خوێندنی به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌کان: ئه‌م ڕیفۆرمه بۆ به‌هێزکردنی ئه‌و خوێندنه‌یه که ئێستا هه‌یه، هه‌روه‌ها بۆ به‌هێزکردنی ده‌سه‌ڵاته‌کانی به‌ڕێوه‌به‌ر و بهناناوهندییکردنی ده‌سه‌ڵاته. به‌داخه‌وه تا ئێستاش له کوردستان هیچ خوێندنێک بۆ به‌ڕێوه‌به‌ران نیه.ئه‌مه‌ش که‌لێنێکی گه‌وره‌یه و پێویستی به به‌سه‌رکردنه‌وه هه‌یه.
5. ڕیفۆرم له بواری قوتابخانه ئه‌هلیه‌کاندا: (ئه‌هلیه‌کان واته ناحکومی یا سه‌ر به بازاڕی ئازاد). له سوید قوتابخانه‌ی ئه‌هلی زۆره، بودجه‌که‌یان به پێی ژماره‌ی ئه‌و قوتابیانه‌یه که له قوتابخانه‌کانیاندا وه‌ریانده‌گرن. به‌ڵام وه‌رگرتنی قوتابیان له‌ژێر هه‌مان یاسای وه‌رگرتنی قوتابخانه‌کانی تردایه.
6. ریفۆرم له بواری سیسته‌می نمرهداناندا: نمره‌دانان ئێستا له قۆناغی ئاماده‌یی له سوید چوار به‌شه: ده‌رنه‌چوو، ده‌رچوو، باش ده‌رچوو، زۆر باش ده‌رچوو. بڕیاره له پایزی 2011 وه ببێت به پیته‌کانی A, B, C, D, E, F. نمره‌ی A باشترینه و نمره‌ی F خراپترینه.
7. ریفۆرم له بواری خوێندنی پێش قۆناغی بنه‌ڕه‌تیدا، که ناوده‌برێت به (پێش قوتابخانه) و بۆ ئه‌و منداڵانه‌یه که ته‌مه‌نیان شه‌ش ساڵه.