Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
دیمانە لەگەڵ یوسف عیزەدین…سازدانى: شەنكار عەبدوڵڵا

دیمانە لەگەڵ یوسف عیزەدین…سازدانى: شەنكار عەبدوڵڵا

Closed
by February 9, 2009 گشتی

  دیمانە لەگەڵ یوسف عیزەدین
 سازدانى: شەنكار عەبدوڵڵا

 
 شەنكار عەبدوڵڵا: گەنج كێیە؟ یان گەنجێتى چییە؟
 یوسف عیزەدین: قسەكردن لەسەر ئەم پرسیارە و پرسیارەكانى دیكەش ئاسان نین، ئەگەر مەبەست بێت هەوڵى راڤەكردن و تێڕامان و لێخووردبوونەوە بدەین، ئەگینا چەندین وەڵامى تەقلیدى و حازر بەدەست هەن، كەهەن بێخۆماندووكردن پەناى بۆ دەبەن. گەنجێتى رووكەشیانەو راگوزەرانە گوزارشت لەقۆناغێكى تەمەنى مرۆڤ دەكات، لەڕووى فەسلەجیى و كۆمەڵایەتى و لایەنەكانى دیكەوە. بەڵام كاتێك دەڵێین گەنجێتى چییە، بەبەراورد لەگەلأ زۆرێك لەو پێودانگانەى كەبۆ گەنجێتى دانراوەو تا ئێستاش بەشێوەیەكى گشتى گەنجێتى  پىَ دەناسرێتەوە، هەست بەدووركەوتنەوەى ئەو جۆرە ناساندنانە  دەكەین لەگەلأ خودى گەنجێتى وەك بوونێك، زیاتر ئەوەى تائێستا قسەى لەسەر كراوە گەنجێتییە وەك زاراوەو چەمكێك، یان سایكۆلۆژییەت و توانا فیزیكى و  سێكسییەكانى گەنج، یان چۆنییەتى رامكردن و بەكارهێنانى گەنج و هەموو ئەمانەش بەمەبەستى كۆنتڕۆڵكردن و جڵەوكردنى ئەو بوونەوەرەیە كەپێى دەگوترێت گەنج، ئەگینا كارێكى جیدى دەرحەق بەناساینى ئەو قۆناغەگرنگەى تەمەنى مرۆڤ نەكراوە، ئەوەى كەلەسەرەتادا گەنجێتى بەگەنجان دەناسێنێت كولتوور و داب و نەریت و شتەكانى دیكەى كۆمەڵگەیە، كەدیارە ئەمەش لەكۆمەڵگەیەكەوە بۆ یەكێكى دى جیاوازە.
 لێرەدا دەكرێت وەك نمونە ئاماژە بەگریمانى ئەوە بدەین كەئاخۆ ئەگەر مرۆڤ لە جیهانى ئاژەڵان جیانەبووایەتەوەو تائێستا وەك ئاژەلأ ژیابا، ئەو دەم گەنجێتى بەبآ ناوهێنان و تێفكرین و بیرلێكردنەوەى وەك گەنجێتى هەر ئاژەڵێك، قۆناغێكى ئازادانە دەبوو، رێگرێك نەدەبوو لەبەردەم مومارەسەكردنیدا، هەر لەبەگژداچوونى ئەوانى تردا تادەگاتە خۆفەرزكردن و مومارەسەى سێكس و كردەكانى دیكە. بەڵام لەكۆمەڵگەى مرۆڤدا ئەمە جودایەو هەر لەدەستپێكى گەنجێتییەوە گەنج رووبەڕووى یاساكانى كۆمەڵەكەى دەبێتەوە كەدەبێتە دیوارێك لەئاست ویستەكانى و دەبێتە سەرەتایەك بۆ تێكشكاندنە ناوەكى و دەروونییەكانى، دواتر ئەگەر بەهەموو ئەوانەش بگات كەبەگەنجێتى بیرى لێكردۆتەوەو حەزى پێكردووەو ویستویەتى.. ئەوە پێموانییە چێژێكى ئەوتۆى پێ بگەیەنێت. ئەگەر كەمێك لەو هەموو گەنجە كرێكارانەى دنیا رابمێنین، یان ئەوانەى ناچارن بۆ بژێوى خۆیان یان خانەوادەكانیان كار بكەن، دەبینین سەربارى ئەوەى كەوەك زۆر گەنجى دیكەى هاوتەمەنى خۆیان  كەپێویستیان بەكاركردن نییە، هەڵگرى هەمان خەون و ویست و حەز و ئارەزوون لەكاتێكدا ناعەدالەتى سیستەمێك رێگرە لەوەى كەئەوانیش وەك ئەوانى تر زیندەگى بكەن، بۆیە دەكرێت بڵێین بەشێكى زۆرى گەنجانى دنیا ناتوانن بەواتایەك لەواتاكان گەنج بن، هەروەك ئەو منداڵانەى كەبآ بەشن لەوەى وەك مندالأ ئەو قۆناغەى ژیانیان بژین، ئیدى وەك نمونەیەك ئەو مێینانەى كەهەر لەمنداڵییەوە یان گەنجییەوە ناچارن لەشى خۆیان بفرۆشن و ببنە لەشفرۆش، مەحرومن لەخۆشەویستى و خۆشویستن. ئەمە لەگەلأ ئەوەى خودى ئەو سیستەمەى كەئەمڕۆ لەدنیادا باڵادەستە رێگرە لەئاست مومارەسەیەكى ئازادانەى ئەو قۆناغەى تەمەن لەلایەن گەنجانەوە، رەنگە لەكۆمەڵێك شێواز و خستنەڕووى سەرزارەكیدا گەنجانى شوێنێكمان لەشوێنێكى دیكە پآ ئازادتر بێت، لەكاتێكدا ئەوەى كەدەیبینین جیاوازى فۆرمەكانى ژیان و هەڵسووكەوتە، لەنێو سیستمێكى بیرۆكراتیدا كەس ئازاد نییە. راپەڕینى 1968-ى گەنجانى فەڕەنسا نمونەیەكى ئەو هەستكردنە قووڵەى گەنجانە دەرحەق بەو بیرۆكراتییەتەى كەدنیاى كۆنتڕۆڵكردووە، ئەوان لەو دەمەدا هەمیشە"رەفزكردنیان" كردە دروشم، بەرانبەر بەدنیایەك راوەستانەوە كەپێیان وابوو لێوانلێوە لەزەبرو زەنگى كۆمەڵایەتى و ئایدیالیزمى فیكرى و ئیدیۆلۆژیاشى كردۆتە ماسكێك بۆ شاردنەوەى خودى راستەقینەى خۆى. گەنجە خوێندكارەكانى فەڕەنسا هەستیان بەترسناكى زانست كردبوو وەك ئەوەى دەخرێتەڕوو، دەیانزانى دەسەڵاتێكى ئیمپریالییانەى نوێیە بۆ كۆنتڕۆڵكردنى دنیا، بۆیە لەراگەیاندنێكى دەستەى راپەڕینەكەدا ئاماژەیان بەوە داوە، كەزانست گەرچى رەسەنایەتى لەوەدایە كەلەدەرەوەى بازنەكانى خۆى پراكتیسە بكرێت، بەڵام لەگەلأ ئەوەشدا ناكرێت بێجگە لەپێودانگێك بۆخۆى هیچى دیكەبێت، بۆیە راشكاوانە گوتویانە: ( باڕەفزى ئیمپریالییەتى شەعوەزەكارییانەى زانست بكەین كەبۆتە سەرچاوەى هەموو خراپەكارى و تێكشكاندنەكان).
 
 شەنكار عەبدوڵڵا: ئایا گەنجێتى تەمەنێكى بایۆلۆژییە، یان سۆسیۆلۆژییە؟
 یوسف عیزەدین:  دیارە سەرجەمى قۆناغەكانى بوونى مرۆڤ ئەو دەمى زیندووەو زیندەگى دەكات بەدەر لەبوونە ئەنتۆلۆژى و سایكۆلۆژى و سۆسیۆلۆژییەكەى بوونێكى فیزیكى و بایۆلۆژیشە.
 
 شەنكار عەبدوڵڵا: بۆچى دەسەڵات بەگومانە لەگەنج؟ ئایا ئەو گومانەى تا چەند واقیعییە؟
 یوسف عیزەدین: لەمڕۆدا دەسەڵاتى لۆكاڵى هەر شوێنێك یەكەیەكە لەو جەستە گەورەیەى كەسیستمى دەسەڵاتى جیهانى پێكهێناوە، تەنانەت ئەگەر وابێتە پێشچاویش كەدژ بەو دەسەڵاتە جیهانیەشە بەڵام لەڕاستیدا و لەڕوویەكى دیكەوە خزمەتى دەكات. چونكە دەسەڵاتێك كەلەمڕۆدا بەرقەرارە لەسەر پێگەى تەبایى و مرۆڤ دۆستى دانەمەزراوە بەڵكو لەنێو دژایەتیدا گەشە دەكات و تابتەوێت دژ بەمرۆڤ و سروشت و جوانییەكانە. بۆیە گومانى دەسەڵات لەتاكەكانى كۆمەلأ لەهەر زەمان و شوێنێكدا هەبووەو هەیە، دەكرێت لەدوو توێى كتێبەكانى مێژوودا حیكایەتى دەیان كوشتار و قەتلأ و عامكردنى بەرفراوان بخوێنینەوە كەلەگومانى دەسەڵاتدارەوە سەرچاوەى گرتووە، سوڵتان سلێمانى قانوونى لەساتەوەختێكدا كەگومانى لادروست بووە بەرانبەر بەنزیكترین هاوڕێى خۆیى كەبەهەموو شێوەیەك لەخزمەتیدا بووەو هیچ تاوانێكى نەبووە، كەچى بآ لێكۆڵینەوەو پرسیار و دوودڵى كوشتوویەتى، نەك هەر ئەوەندەش بەڵكو خودى كوڕى خۆى كوشتوە… لەوەش سەیرتر بەسەرهاتى ئەو سوڵتانە عوسمانییەیە كەلەپێناو دەسەڵات گرتنە دەستدا سەرجەم براكانى خۆشى كوشتووە. راستییەكەى هیچ كاتێك دەسەڵات لەسەر متمانە بنیات ناننرێت، بەڵكو لەسەر متمانەنەكردن و گومان بنیات دەنرێت، هەر بۆیە كاتێك باسمان لەدەسەڵات كرد دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین، كەنەك هەر گومانى لەگەنجان و سەرجەم تاكەكانى كۆمەلأ هەیە بەڵكو گومانى لەخۆشى هەیە.
 
 شەنكار عەبدوڵڵا: پەراوێز خستنى گەنج بۆ ناهوشیارى گەنج دەگەڕێتەوە یان پیلانێكى دەسەڵاتە دژ بەو نەوەیە؟
 یوسف عیزەدین: خودى سیستمى گڵۆباڵى و سیستمە لۆكاڵییەكان لەسەر بناغەى توندوتیژى و لەناوبردن و سڕینەوەو پەراوێزخستنى ئەوانەى هەڵگرى توخمەكانى یاخیبوونن، خۆیان بنیاتناوە. بەڵام بۆئەوەى لەپەراوێزدا نەمێنیتەوە پێویستە یاخى ببیت، یاخى بوونێكى نێگەتیڤانە دژ بەوەى كەپێى قایل نیت و هەموو ئەمەش بەرچاو روونى و فامكردنى ئەوەى دەوێت كەلەدنیادا دەگوزەرآ.
 
 شەنكار عەبدوڵڵا: زۆرجار گەنج بەوە تاوانبار دەكرێت كەزوڵم و ستەمى بەعسى نەدیوە بۆیە داواى شتى ناواقیعى دەكات بەبڕواى ئێوە تاچەند ئەمە راستە؟
 یوسف عیزەدین: وەبیرهێنانەوەى رابردووى كارەسات و مەرگەسات و بارودۆخێكى تایبەت و نالەبارى مێژوویى، بەبآ ئەوەى خودى ئەوانەى كەكاریان ئەو وەبیرهێنانەوەیەیە، پرۆژەیەكى لێهەڵبهێنجن كارێكى بێسوودەو زیاتریش مەبەست لەو جۆرە  وەبیرهێنانەوانە گرتنەخۆى ناڕەزایەتى و یاخیبوونێكە كەهەبێت، هەروەك دەبینین چۆن لایەن و حیزب و گروپ و كۆمەڵە سیاسییەكانى كورد لەئان و ساتێكدا كەمەبەستیان بێت و بارودۆخەكە لەبەرژەوەندیاندا نەبێت و هەست بەنائارامى بكەن پەناى بۆ دەبەن، ئەویش بەكردنە حیكایەتى ئەو جۆرە یادەوەرییانە بەمەبەستى بارگاوى كردنى خەڵكانێك بەگیانى بەرخۆدان و شتى لەو بابەتە لەساتەوەختێكى پێویستدا. واتە زیاتر وەك داردەستێك بەكار هێنراوە نەك وەك بابەتێك بۆ لێخوردبوونەوەو كارى راڤەكارى، بەمەبەستى هەڵهێنجانى پرۆژەیەك وەك ئەوەى جولەكەكان پاش روودانى هۆڵۆكۆست كردیان و دەیكەن، بۆیە ئەگەر لەئاستێكدا كردبێتیانە یادەوەرى ئەوە لەئاستەكانى تردا بۆتە پرۆژەى مەعریفى و سیاسى و فیكرى، كەبەردەوام لەگۆڕان و پێداچوونەوەو بگرەو بەردەدایە، واتە تەنها لەئاست تاكتیكێكى سیاسیدا رانەوەستاوە، بەڵكو بۆتە ستراتیژییەتێكى كاركردنیان بۆ ئێستاو داهاتوویان. سەبارەت بەپرسیارەكەشتان دەكارێت بڵێم ئاخۆ كاتێك گەنجانى ئەڵمانیا لەمڕۆدا داواكارییەكیان دەبێت، هیچ مانایەكى هەیە گەر دەسەڵاتى ئەڵمانى پێیان بڵێت ئێوە كارەسات و نەهامەتییەكانى جەنگ و ناخۆشییەكانتان نەبینیوە ئەگینا داواكاریتان نەدەبوو!؟ بێگومان رێگرتن لەداواكارییە رەواكانى هەر چین و توێژێك بەناوى نەژیانیان لەڕابردوودا، یان بەشدارینەكردنیان شتێكى بێمانایەو نغرۆى شۆڤێنییەتە. بەو پێیەى كەكۆمەڵى كوردى-یش كۆمەڵێكى ئایدیۆلۆژییە پێش هەر شتێكى دى و خاوەن پرۆژەیەكى رۆشنبیرى و كلتوورى و تەنانەت سیاسیش نییە، ئەگەر خاوەنى پرۆژەیەكیش بێت ئەوە وەك "مەتاع سەفەدى" دەڵێت: (هەر ئەوەندەى ئایدیۆلۆژیا زاڵبوو بەسەر پرۆژەیەكى رۆشنبیریدا، ئیدى بەرەو هەڵدێرى دروشم و مەراسیم و بۆنەكانى دەبات و ئەوانە دەكاتە ئامانج).
 
 شەنكار عەبدوڵڵا: واهەست ناكەیت جۆرێك لەونبوون لەناو گەنجاندا هەیە، بەهۆى داخراوى كۆمەڵگە و گەردەلوولى گڵۆباڵیزمەوە؟
 یوسف عیزەدین: پێش هەموو شتێك و بەگشتى ونبوون خەسڵەتێكى ئەنتۆلۆژى مرۆڤە، واتە ئاخۆ لەچ سەردەمێكدا مرۆڤەكان بەتایبەت ئەوانەى سەوداسەرى بیركردنەوەو عەوداڵى تێڕامانن، لەنێو ئەم دنیا سەراسیمەیەدا هەستیان بەونبوونى خۆیان نەكردووە، لەهەموو قۆناغە جیاجیاكانى مێژووى مرۆڤایەتیدا هەر لەبەرایى بوونییەوە تا ئێستاى ئاڵۆز و سەردەمى تەكنۆ-كولتوور ئەو هەستەى بەونبوون هەبووەو دەبێت، ئیدى لەمڕۆدا ئەگەر گەنجان هەست بەونبوون بكەن، دەكرێت تاچەند بڵێین ئەمە ئاساییە یان نائاسایى؟!
 یان خوێندنەوەى ئێمە بۆ ئەو حاڵەتەو دەیان حاڵەتى لەو چەشنە چییە، بەدڵنیاییەوە ئەم پرسیارەو سەرجەم پرسیارەكانى ئێوە لەنێو وەڵامدانەوە سادەكاندا جێیان نابێتەوە، ئەمە لەگەلأ ئەوەى كارى ئێمە وەڵامدانەوە نییە، بەڵكو هەوڵدانێكە بۆ راڤەكردن و گفتوگۆكردنێكى پڕ ئەرگۆمێنت، دیارە دەبێت ئەوەش لەیادنەكەین وەڵام وەك خۆى كەرەهایى گرتە خۆى و بەچەشنێك لەچەشنەكان خۆى سەپاند، ئەوە جارێكى دیكە راپێچى نێو بازنە داخراوەكانى دۆگما و ئیمپریالییەتى باڵادەستى زمانمان دەكات و لەوێدا سڕمان دەكات.
 شەنكار عەبدوڵڵا: پێت وایە گەنج پێش ئەوەى كێشەى سیاسى هەبێت كێشەى كۆمەڵایەتى هەبێت؟
 یوسف عیزەدین: گەنج  پێش هەموو شتێك كێشەى ئازادبوونى هەیەو ئەم قۆناغەى ژیانى مرۆڤیش لەهەموو قۆناغەكانى تەمەنى مرۆڤ زیاتر هەستیارترە بەرانبەر بەو ئاستەنگانەى كەدەبنە رێگر لەئاست خەون و حەز و ئارەزوو و ویستەكانیدا.. حەزو ویستى گەنج بۆ ئازادبوون و بوونى ئەو رۆحییەتەى كەبەرەو یاخیبوونى دەبات، هەردەم بۆتە كەرستەو ئامڕازێك بەدەست ئەو دەستەو تاقم و هێز و گروپ و دەسەڵاتانەى كەلەساتەوەختە جیاجیاكاندا گەنجیان لەپێناو گەیشتنە مەرامەكانیان بەكارهێناوەو زۆرترین ژمارەشیان لەو پێناوەدا كردوونەتە قوربانى، نموونەى بەكارهێنانى نازى و فاشییەكان و سەرجەم ئەوانەى دیكەش بۆ گەنجان، لەبەرچاودایەو دەكرێت بەوردى لێى وردبینەوە، ئەمە لەكاتێكدا لایەنە نەیارەكانى نازییەت و فاشیزمیش هەر گەنجیان كردۆتە ئامرازى گەیشتنە مەرام و بەدەستهێنانى سەركەوتنەكانیان، واتە كاتێك لەجەنگى دووەمى جیهانیدا نازى و فاشییەكان گەنج دەكەنە ئامڕازو هۆكار، ئەوە چەكى سەرەكى دژەكەشیان هەر بەكارهێنانى گەنجانەوەو دواجاریش ئەوەى دۆڕاوە یان براوەیە دەوڵەتەو ئەوەى ئەگەر نەشكوژرابێت و چانسى مانەوەى لەژیاندا مابێت گەنجێكى سەقەت و نووقسانە، جا چ لەڕووى ئۆرگانیكییەوە بێت، یان لەبارى سایكۆلۆژییەوە.. لەنێو هەموو دەوڵەتانى دنیادا كاتێك گەنجان خۆپیشاندان دەكەن و دەڕژێنە نێو شەقامەكان، ئەوەى كەبەرپەرچیان دەداتەوەو ئەگەر پێویستى كرد سەرو گوێلاكیان دەشكێنێت… یان راپێچى زیندانەكانیان دەكات، لەگەلأ ئەوەى دەوڵەتە بەڵام خودى تاكەكانى ئەو هێزەى كەبەرەنگاریان دەبێتەوە لەپۆلیس و ئاسایش و هێزەكانى تر لەڕاستیدا زۆرترینیان لەگەنجانێك پێكهاتوون كە لەهیچ روویەكەوە لەگەلأ ئەو گەنجانەدا جیاوازیان نییە كەناچارن لەڕوویاندا رابوەستن، ئیدى ئەگەر كەمێك لەم نمونەیەو نمونەكانى دیكە وردبینەوە دەزانین ئێمە دەبێت لەكوێوە بڕوانینە كێشەكان!؟.
 
 شەنكار عەبدوڵڵا: گەنجى ئێمە كوردستانى لىَ بووە بەجەهەنەم و ئەوروپاشى كردووە بەبەهەشت، وەك ئەوەى ئێوە ئێستا لەدەرەوەى وڵاتن تاچەند ئەمە واقیعییەو راكردن لەم واقیعە تا چەند گەیشتنە بەو بەهەشتە؟
 یوسف عیزەدین: وەهمى رزگاربوون و گەیشتنە شوێنجێگەیەك بەبەهەشت بچێت، لەقووڵایى تێڕوانینى غەیبانى و میتافیزیكییەوە هەڵدەقووڵێت و تەنها خەون و خەیاڵى گەنجانى كوردستان نییە.. زۆرێك لەگەنجانى ئەوروپا خەون بەگەیشتنە ئەمریكاوە دەبینن و گەنجانى شوێنانى دیكەش بەشوێنێكى ترەوەو ئیدى بەم شێوەیە، هەردەم ئەم چەشنە حەز و ئارەزووانە بۆتە بەشێكى جیانەكراوەى هەوڵدانى گەنجان بۆ بەدەست هێنانى ژیانێكى ئاسوودەو پڕ ئارامى و دووركەوتنەوە لەواقیعى تاڵى ژیانێك كەلەزێد و شوێنجێگەى خۆیاندا گیرۆدەى بوون، بەڵام تاچەند ئەم خەیاڵ و خەونە وەهم ئامێزە واقیعییە ئەوە مەسەلەیەكى ترەو بەڵام لەهەموو بارەكاندا دەبێت مرۆڤ سەربەست بێت لەهەڵبژاردنى هەر شوێن و جێگەیەك كەمەبەستى بێت تێیدا بژى و پێى وابێت لەوێدا ئارامى و ئاسوودەیى و خۆشبەختى بەدەست دەهێنێت، ئیدى ئەوە ئەو سیستمە گڵۆباڵەى ناشیرینەى دنیایە كەدەبێتە رێگرى مرۆڤە كەمدەرامەت و هەژارەكان لەئیختیارى ئەو شوێنەى كەمەبەستیانە، لەكاتێكدا زەنگین و دەوڵەمەندان چۆن دەركەى هەموو بانك و بازاڕەكانى دنیا لەبەردەم هاتن و چوون و هەڵسوڕانى سەرمایەو كاڵاكانیاندا كراوەیە، ئاواش هەموو شوێن جێگەیەكى دنیا بۆ ئەوان وەك خاك و زێدى خۆیان لەئامێزیان دەگرێت. ئەوانەى كەبوونەتە رێگر لەئاست كۆچكردنى گەنجان بۆ هەر شوێنێك كەگەرەكیان بێت، هەر ئەوانەن كەبۆ خۆیان مۆنۆپۆڵى هەموو جەمسەرە ئابوورى و سەرمایەگوزارییەكانى كۆمەڵیان كردووەو بازاڕەكەشیان وا دەخوازێت كەگەنجانى ژێر دەسەڵاتیان ناچار بكەن بەمانەوەو هەردەم كەرستەیەكى خاوى پرۆژەكانیان بن، لەمەشدا دەسەڵاتە لۆكاڵى و گڵۆباڵییەكە هاوڕاو یەكگرتوون، هەر بۆیە رۆژانە دەیان لەمپەر لەئاست كۆچكردن و مافى نیشتەجێبوونى مرۆڤدا دادەنرێت و هێندەى كەمەبەستیشیان بێت بۆ خۆیان دەركەى كۆچكردن دەكەنەوە، ئەو ئەوروپایەى كەئێستا دەركە لەڕووى پەناهەندەكاندا دا دەخات رۆژگارێك بۆ خۆى مەبەستى بووە كۆچبەرانێك لێرەو لەوێى دنیاوە رووى تێبكەن.. بەهەر حالأ دەبێت ئەوە لەیاد نەكەین ئەوەى ئەم دنیا ماتەریالییە هەڵدەسووڕێنێت بەرژەوەندیی چینە باڵادەستەكانە.
 
  شەنكار عەبدوڵڵا: لەكوردستاندا تا چەند هەست بەململانێى نێوان نەوەكان دەكرێت؟ ئایا بەبۆچوونى ئێوە ئەم ململانێیە بە قازانجى چ نەوەیەكیان دەبێت؟
 یوسف عیزەدین: دیارە كەباس دێتە سەر ململانآ مەبەست لەململانێیەكى سەرپێى و سەرزارەكى نییە، بەڵكو خودى ناونانى شتێك بەململانآ لە بگرەو بەردەیەكى توندى فیكرى و مەعریفییەوە سەرچاوە دەگرێت، بەمەبەستى گۆڕان و هەنگاو نانێكى جوداو جیاواز لەوەى پێشووتر. بۆیە پرسیارەكە لەوەدایە ئەگەر ململانێیەكى لەو چەشنە بەشێوەیەكى بەرفراوان پێشووتر هەبووبێت یان لەئێستادا هەبێت، بۆ دەبێت هەست بەپێكدادانە ناوەكى و خودى و بابەتییەكانى نەكەین و راشكاوانە دەرئەنجامەكانى نەبینینەوە.
 كاتێك باس لەبوونى ململانێیەك دەكرێت، دەبێت دەرئەنجامى ئەو ململانێیەش لەبەرچاو بگیرێت، یان بەبەرجەستەكراوى دەستنیشان بكرێت.
 نازانم وەك نمونەیەك ئەگەر سەرژمێرییەك بكرێت، دەبێت رێژەى خەتەكردنى مێینە لەكوردستاندا بەبەراورد لەگەلأ ساڵانى پێشوو و پێشووتردا، چەند بەرەو كەمبوونەوە چووبێت، تا بتوانین بڵێین لەئێستادا باوك بەتایبەتى و خانەوادەى كوردى بەگشتى ئەوەى پێشووتر نییەو گۆڕانى بەسەرداهاتووە؟! یان كاتێك باس لەبڕیارێكى پەرلەمان دەكرێت لەسەر فرەژنى دەبێت چەند بەعەمەلى و بەشێوەیەكى گشتى هەر هیچ نەبێت نەوەى نوآ دژ بەم بڕیارە ناڕەزایەتى خۆیان دەربڕیبێت؟! كەواتە تۆ ئەگەر وەك میللەتێك هەڵگرى هەمان تێڕوانینەكانى پێشووتر بیت و هیچ ئاڵوگۆڕێكى بەرچاو لەپابەندبوونت بەداب و نەریت و میراتى پێشینەى خۆتەوە رووینەدابێت، ئەى كەواتە كوا ئەو ململانآ و كێشمانكێشەى كەهەن دەڵێن هەیە.. لەكاتێكدا كەئەگەر هەشبێت تەنها لەئاست گەنجان و خەڵكانێكى هۆشمەنددا بەدى دەكرێت و زیاتر تێڕوانین و دنیابینییە لەوەى كەبووبێتە هەوڵدانێكى عەمەلى.
 
 شەنكار عەبدوڵڵا: ئایا دەبێت نەوەى نوآ بەردەوام بێت لەو ململانێیەى یان چاوەڕآ بێت تا پیرەكان بمرن و كورسییەكان جآ بهێڵن؟
 یوسف عیزەدین: چاوەڕآ كردنى چۆڵبوونى شوێن و جێگەى كەسانى تر بەمەبەستى جێگرتنەوەیان، تێڕوانینێكى كرچ و كالأ و نەزۆكەو هیچ مەعریفەیەك لەپشتیەوە نییە. تەنانەت هەڵقوڵاوى ئەو بیرۆكراتیەتەیە كەلەسەردەمى عوسمانییەكانەوە لەنێو ئەو پانتاییەى كەعوسمانییەكان تێیدا باڵادەست بوون، هێشتاكە پەیڕەوى لێدەكرێت و یەكێكە لەهۆكارەكانى دواكەوتن و كۆنەخوازى و راوحكردن و مانەوە لەشوێنێكى دیاریكراودا، ئەو سیستمەى كەعوسمانییەكان پەیڕەویان لىَ دەركرد، لەباڵادەستكردنى كەسانێكى بەمەوقیع و مەقام و مانەوەیان لەشوێنى خۆیاندا تا دەمردن و بەمەش سەرجەم كۆمەڵگەكانى ژێر دەسەڵاتی خۆیان ئیفلیجكردبوو، هەر ئەمەشە بەمیرات بۆمان ماوەتەوەو تائێستاش لەكوردستاندا پیادە دەكرێت.
 قسە لەوەى كەدەبێت نەوەى نوآ  بیكات؟! دیارە چاوەڕێكردنى شوێنجێگەو مەوقیعەكان نییە، یان هاتنە دى خەیاڵ و خەونێكى بۆ گەیشتنە سەرووى هەڕەمەكە، بەڵكو كارى ئەو هەوڵدانێتى بۆ گۆڕینى ئەوەى كەهەیە هەر لەمیرات و كولتوورەوە تا دەگاتە شتە وردەكانیش.
 
 شەنكار عەبدوڵڵا: گەنجى ئێمە تاچەند توانیویەتى مومارەسەى گەنجێتى خۆى بكات؟
 یوسف عیزەدین: بەشێوەیەكى گشتى گەنجانى كورد بێبەرین لەمومارەسەكردنى ئەو قۆناغەى ژیانیان.

 شەنكار عەبدوڵڵا: گەنجى ئێمە تاچەند توانیویەتى یاخى بێت لەو ترادیسیۆنە تەقلیدییەى كەنەوەى پێش خۆى بەسەریدا سەپاندووە؟
 یوسف عیزەدین: پێموایە پێشتر شتێكمان سەبارەت بەم پرسیارە خستەڕوو.
 
 شەنكار عەبدوڵڵا: ئایا لەئێستادا دەرفەت بۆ كام نەوە لەبارە بۆ سەركەوتن لەو ململانێیەدا هەتا ئەفكارەكانى خۆیان پەرەپێبدەن و هەیمەنە بكەن؟
 یوسف عیزەدین: راستیەكەى رەنگە لەئێستادا نەتوانم شتێكى ئەو تۆ لەبارەى ئەم پرسیارەوە بڵێم.
 
 
 تێبینى: ئەم دیمانەیە لەگۆڤارى –شەقام- ژمارە"114" بڵاوبۆتەوە.
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.