یاخیبوونى پاڵەوان لە كۆچیرۆكى گەڕانەوەى خوشكەكانى هەورامان وریا قانیع
یاخیبوونى پاڵەوان لە كۆچیرۆكى گەڕانەوەى خوشكەكانى "هەورامان وریا قانیع"
ئارام سدیق
گەڕانەوەى خوشكەكان دووەمین كۆچیرۆكى "هەورامان وریا قانیع"ەو لەم ماوەیەى پێشوودا یانەى قەڵەم بەچاپى گەیاند. كتێبەكە (5) چیرۆكى درێژى لەخۆگۆتووە لە ژێر ناونیشانەكانى (عەشقى ناو ئاودەستەكە، گەڕانەوەى خوشكەكان، نوسەرو قەڵەم،خەوەكەى سەرۆكو حاویەكەمان بدەنەوە)، لەم كوتە نووسینەدا هەوڵى خستنەڕووى چەند لایەنێكى ئەم ئەزموونە نوێیەى هەورامان دەدەین.
هەورامان وریا قانیع لەو چیرۆكنووسانەیە كە چیرۆكەكانى (تاڕادەیەك) درێژنو ئەم درێژنووسیەى هەندێكجار دەبێـتە هۆى ئەوەى خوێنەر توشى مەلەل بكات، بەڵام بەكاربردنى چەند تەكنیكێك بۆ كەمەندكێشكردنى خوێنەر لەم كۆچیرۆكەدا ئەو بێزاربوونەى خوێنەر تاڕادەیەك دەڕەوێنێتەوە ئەویش بەتایبەت لە چیرۆكەكانى (عەشقى ناو ئاودەستەكە، گەڕانەوەى خوشكەكانو حاویەكەمان بدەنەوە)دا هەستى پێدەكرێت، كە لەم سآ چیرۆكەدا چیرۆكنووس بەشێوەیەكى جوان خوێنەر پەلكێشى دنیاى چیرۆكەكان دەكاتو بەتایبەتیش لە چیرۆكى (عەشقى ناو ئاودەستەكە)دا كە دەستپێكى چیرۆكەكە بە باسكردنى ململانێى چیرۆكنووسو پاڵەوانى چیرۆكەكە دەستپێدەكات. لێرەدا هەوڵدەدەین كەمێك لەسەر رەگەزى "ناونیشان" لەم چیرۆكەدا بوەستین.
هەورامان لەو چیرۆكنووسانەیە كە هەوڵى بەكارهێنانى جوانى داوە لەناونیشاندا، ئەویش بەتایبەتى دەتوانین لەناونیشانى چیرۆكى "تاریكترین كۆڵانى شار"دا بیبینینەوە. چونكە نادیارییەك لەو ناونیشانەدا هەیە، كە ئێمە نازانین كام كۆڵانەیە بۆتە تاریكترین كۆڵانى شار؟ هەروەها هەورامان لە كۆچیرۆكى "گەڕانەوەى خوشكەكان"دا كە پاساوى بەكارهێنانى ناونیشاێكى ناشیرینى چیرۆكێك دێنێتەوە كە ئەویش چیرۆكى "عەشقى ناو ئاودەستەكە"یە. ئەم چیرۆكە یەكێكە لە چیرۆكە جوانەكانى نێو ئەو كۆمەڵەیە، بەڵام بەهۆى ناشیرینى ناونیشانەكەیەوە "بێگومان لە روانگەى ئێمەدا" سەرەتا سەرنجى خوێنەر راناكێشێت، بەڵام كە دەستپێكەكەى دەخوێنیتەوە، كە چیرۆكنووس دان بەوەدا دەنێت لەدەست خۆیدا نەبووە، كە ئەو ناوەى بۆ ئەو چیرۆكەكەى هەڵبژاردووەو ئەو بێجگە لە بنوسى چیرۆكەكە هیچ توانایەكى لەگۆڕانى رووداو و بەكارهێنانى ناونیشانەكەیدا نەبووە. سەرەتا هەورامان دەنوسێت:
"سەرەتا داوای لێبوردن لە خوێنەری ئازیز دەكەم بۆ ئەو ناونیشانە، بەداخەوە كە دواجار ناونیشانی ئەم چیرۆكە بەو شێوەیە كەوتەوە، لە ڕاستیدا ئەوە من نیم كە ئەو ناونیشانەم هەڵبژاردووە، من وەك كەسێك كە ئەم چیرۆكە دەنوسمەوە، دوورو نزیك پەیوەندیم بەو ناونیشانەوە نییە، من كۆمەڵێ ناونیشانی دیكەی شاعیرانەم هەڵبژاردبوو، وەك خۆشەویستی نێو ژورە بچوكەكە، گەڕەكی عاشقان، ماڵی دوو دڵدارەكە، خۆشەویستی لە تاریكی كۆڵانەكەدا، عەشقی ژێر بارانو زۆر ناونیشانی دیكەی لەوجۆرە، بەڵام ئەو ڕازینەبوو بە هیچ یەكێك لەو ناونیشانانەی كە من پێشنیارم دەكرد، ڕازینەبوو تەنها بەو ناونیشانە نەبێت كەخۆی سووربوو لەسەری، بێ ئەو ناونیشانەی سەرەوە لێنەدەگەڕا چیرۆكەكە بڵاوبكەمەوە".
چیرۆكنووس هەوڵى ئەوە دەدات كە ئەو پاڵەوانە وەڕسكەرە لە كۆڵ خۆى بكاتەوەو بینێرێت بۆ لاى چیرۆكنووسى ترو ئەو ناوى هەریەك لە (ئارام كاكەى فەلاحو عەتا محەمەد) بە پاڵەوانەكە دەڵێت، بەڵام ئەو "واتە پاڵەوانەكە" سوور دەبێت لەسەر ئەوەى ئەو "مەبەست لە هەورامانە" چیرۆكەكەى بۆ بنوسێتەوە.
وەك دەبینین لە سەرەتاى چیرۆكى " عەشقی ناو ئاودەستەكە "دا چیرۆكنووس ئەو ململانێیە دەخاتەڕوو كە لەگەلأ پاڵەوانى چیرۆكەكەیدا توشى دەبێتو دواجار چیرۆكنووس دەیدۆڕێنێتو پاڵەوانى سەرەكى چیرۆكەكە دەیباتەوە، بەڵام ئەمە بێجگە لە پاساوێكى ئیستاتیكى و گەمەیەك لەگەلأ خوێنەردا هیچى تر نییەو كە من پێموایە گەمەیەكى جوانەو هەورامان تێیدا سەركەوتووە. بەوەى لەو چیرۆكەى كە زیاترلە (30)لاپەڕەى كتێبەكەى گرتووە خوێنەر لەو درێژنووسییە بێزارنەبێت.
هەروەها لە چیرۆكى "گەڕانەوەى خوشكەكان"یشدا چیرۆكنووس دیسان بە دەستپێكە جوانەكەى هەوڵى ئەوە دەدات خوێنەر پەلكێشى نێو فەزاى چیرۆكەكەى بكاتو ئەو لەسەرەتادا نایەوێت "چیرۆكى خوشكەكان" بگێڕێتەوە و خۆى بە دەستكورت تر دەزانێت لەوەى كە بتوانێت چیرۆكى ئەو خوشكانە بگێڕێتەوە، بەڵام دواجار ناچار دەبێت بەوەى ئەو چیرۆكەكەیان بۆ بنوسێتەوە. هەروەها لە چیرۆكى "حاویەكەمان بدەنەوە" ئەویش هەر لەناونیشانەكەوە خوێنەر پەلكێشى نێو ئەو دنیایە دەبێت بەوەى چیرۆكنووس هەر لە ناونیشاندا هەوڵى دروستكردنى گرێیەكى داوە و بەوەى كێن ئەوانەى داواى گەڕانەوەى حاویەكە دەكەن؟ سەرەتا خوێنەر هەست دەكات چیرۆكنووس دەیەوێت چیرۆكى كۆمەڵێك هاوڵاتى گەڕەكێك بگێڕێتەوە كە شارەوانى شوێنى حاویەكەیان دەكات بە بیناى بڵند، یان هەر شتێكى تر، بەڵام كە خوێنەر چیرۆكەكە دەخوێنێتەوە ئەوسا دەزانێت ئەوە دەنگى كۆمەڵێك ئاشقى نامورادە كە دەیانەوێت ئەو حاویەیەى لەگەڕەكەكەیانە لانەبرێت چونكە ژوانگەى بەیەكگەیشتنیان لەگەلأ مەعشوقەكەیان لێتێك دەچێتو هیچ پەناگەیەكیان بۆ نامێنێتەوە.
پاڵەوانەكانى نێو ئەو چیرۆكە پاڵەوانى یاخین، ئەوان دەیانەوێت لە كۆتوبەندە كۆمەڵایەتییەكان یاخى بنو بۆخۆیان بژینو تاكانە وەڵامى پرسیارەكانى ژیان بدەنەوە. ئەمە تاڕادەیەك ئاساییە، بەڵام ئەو یاخیبوونەى تر كە چیرۆكنووس ئاماژەى بۆ كردووە لە چیرۆكى عەقى ناو ئاودەستەكە یاخیبوونى پاڵەوانە لە چیكۆكنوسەكە كە ئەمە بۆ ئەدەبى كوردى و بۆ چیرۆكى كوردى ئەزموونێكى نوێیە، بۆیە دەكرێت بۆ ئەز ئەزموونە دەستخۆشى لە هەورامان بكەین، چونكە ئەو چیرۆك لەپێناو چیرۆكدا دەنوسێت نەك خولقاندنى فەزایەكى هەڵخەڵەتێنەرو فریودانى خوێنەر بە چەمكى ئاڵۆزو ئەو لە سادەییدا ناخى شتەكانمان بۆ دەخاتەڕووو لە سادەییەوە حەرامى عەشقو كۆتەكانى بەردەمى دەخاتەڕوو. بۆیە من راموایە ئەم ئەزموونەى هەورامان لە كتێبى "گەڕانەوەى خوشكەكاندا" خستویەتییەڕوو ئەزموونێكى كامڵترە وەك لە چیرۆكەكانى نێو كتێبى "تاریكترین كۆڵانى شار" و بۆیە ئەوە هەڵدەگرێت بە جیدیتر قسەى لەسەر بكرێت.