Skip to Content

Sunday, June 23rd, 2024
مەملەكەتێك لە وەهم

مەملەكەتێك لە وەهم

Closed
by February 11, 2009 گشتی

 مەملەكەتێك لە وەهم
  رێبوار رەزا چوچانى
 
 لەناو كیشوەرێكى پڕ لە كێشەدا، مەملەكەتێكى وەهمی، هەوڵى وێناكردنەوەى خۆى دەدات، مەملەكەتێك بە خەیاڵ بەڕێوە دەچێت و هەموو هەوڵ و چالاكییەكان تێیدا، لە سنورى وەهم تێناپەڕێت و ناتوانێت لە واقیعدا خۆى بە دیار بخات، ئەو مەملەكەتە خاوەن جوگرافیایەكى خوێناوییە، بەڵام حكومەت و كاروبارە ئیدارییەكانى و شكۆ و پێگەى سوڵتانەكانیشى، لە حیكایەتە وەهمیەكان دەچێت و سوڵتانەكانى ئەو مەملەكەتە خاوەن دەمامكگەلێكى جۆراوجۆرن، كە هەمیشە دەورە دراون بە حیكایەتى وەهمى، بۆ ئەوەى لەناو حیكایەتە وەهمییەكاندا حەقیقەتیان بزر بێت و بەشێكى زۆرى موقەدەساتە وەهمییەكانیان پێببڕێت، ئەو مەملەكەتە لە ناو سیستەمێكى حوكڕانى خۆجێیدا كاروبارەكانى خۆى رادەپەڕێنێت، بەڵام لە هیچ سیستەمێكى دنیا ناچێت، ژیان لەو مەملەكەتە لێوڕێژە لە عەزاب، بەڵام مرۆڤەكانى هەر پێیڕازین، دروشمى مرۆڤەكانى ئەوەیە" دەست بگرە بە كڵاوەكەى خۆتەوە با با نەیبات و حەقى كەست نەبێت"، ئەوەش شانسێكى ترى داوە سوڵتانە وەهمییەكانى، لەو مەملەكەتە عەقڵ و مەنتق رۆڵیان نیە، هەمیشە حیكایەتە وەهمییەكان، دەبنە سەرمەشقى ژیان و بیركردنەوەى مرۆڤەكانى، لەوىَ فەیلەسوف نۆكەرى سوڵتانە، سوڵتانیش لە ناو بێئاگاییدا، خەریكى حكومكردنى مەملەكەتێكى وەهمییە، مەملەكەتە وەهمییەكەش لە ناو گرفتى بێناسنامەییدا خەریكە دەبێتە وەهمى ناو وەهمەكان، بەڵام هەمیشە وەهم لە ناو خەیاڵى مرۆڤەكانیدا پێگەى خۆى هەیە، وەهم كاریگەرى هەیە لەسەر ئاراستەكردنى مرۆڤ و كاروبارەكانى، هەمیشە مرۆڤەكانى ئەو مەملەكەتە لە ناو وەهمدا، خەریكى كوشتى واقیعن، ئاراستەى نوىَ و بیركردنەوەى نوىَ لە ناو كارگەلە وەهمییەكاندا دەتاسێن و رۆحى حەقیقەت لە ناو خەیاڵ و فەنتازیادا بزر دەبێت، بزربوونى حەقیقەتیش شانسى زیاترى داوە بە باڵاكردنى سوڵتانى وەهم لەناو ژیانى رۆژانەدا، لەوىَ قومارخانەكان بونەتە جێگەى موناقەشە كردنى فیكر، قورماچییەكان بونەتە واعیز و خەڵك ئاراستە دەكەن بەرەو ئاراستەى مەرگ، لەوىَ وەهم مرۆڤى كردۆتە عاشق، عاشقێكى مەرگدۆست، كە ژیاندۆستى وەك (بەرخى نێر بۆ سەربڕین) دادەنرێت، لەژێر پێنانى هیواكانى مرۆڤ، یەكەم كارە كە لەوىَ تایبەتمەندى خۆى هەیە، شالیارەكانى ئەو مەملەكەتە، لە دەورى سوڵتانەكاندا وەك بت ناتوانن بجوڵێن، لەوىَ هەموو شتێك فشەیە و هەموو كاروبارەكانیشى لە یەك كەسدا كۆ دەبێتەوە، كە سوڵتانە، سوڵتانەكانى ئەو مەملەكەتە وەهمییە، لە هەموو شتێك زیاترن، بەڵام هەموویان لە یەك كەسدا كۆ دەبننەوە، ئەویش باوكە سوڵتانە، هەموو بڕیارەكانى باوكە سوڵتان وەك ئایەتى قورئان دەبێت جێبەجىَ بكرێت، كەس ناتوانێت بڵێت ئەم بڕیارە بۆ؟
 لەو مەملەكەتە وەهمییەدا، هەموو شتێك بە دەورى سیاسەتدا دەخولێتەوە، وەك ئەوەى مرۆڤ بۆ سیاسەتكردن لە دایك بوبێت، لەوىَ هونەر رۆڵى نیە، شانۆ گەمەى منداڵانە، شیعر سیخەسیخى پیرەكانە، شاعیرەكان هەمیشە روتەڵەترین مرۆڤى كۆمەڵگان، گۆرانیەكان لێوڕێژن لە هەستى مردن، چونكە لە هەموو شتێك زیاتر مەرگ باڵادەستە، مۆسیقارەكان لە ناو ئاوازە غەمیگینەكاندا رۆچوون، منداڵ گەورەیە، لە كاتێكدا گەورە حسابى منداڵێكیشى بۆ ناكرێت، لەوىَ ئەو قومارچییانەى كە شەو تا بەیانى لە ناو قومارخانەكاندا، خەریكى سەرگەرمكردنن و قومار لەسەر رۆحى مرۆڤ دەكەن، تەحەكوم بە ژیان و ئیرادەى ئەوانى ترەوە دەكەن، ئەو مەملەكەتە وەهمییە وەك كارگەیەك، هەمیشە خەریكى بەرهەمهێنان و قوتوبەند كردنى سیاسەتە، سیاسەت لەوىَ بۆتە بنێشتە خۆشەى سەرزاران، هەموویان سیاسین، بەڵام ئاشناى فەلسەفەى سیاسەت نین، هەر فشەیان بە سیاسەت دێت، هەموو شتێك بە فشە بەڕێوە دەچێت، دەڵێى ئاشى نەزانە و خودا دەیگێڕێت، سەیرترین حاڵەت ئەوەیە، لە هەموو كۆڕو كۆبونەوەكاندا باس لە ناعەدالەتى سوڵتانەكان دەكەن، بەڵام كەسێك نیە بە دەنگى بەرز هاوار بكات و بڵێت سوڵتانەكان ناعەدالەتن، لەوىَ هەمووى موسوڵمانە، بەڵام ریاكارن، باسى خودا دەكەن، بەڵام خودا ناناسن، باسى ئاین دەكەن، بەڵام نازانن لێكدانەوە بۆ ئاین بكەن، باسى پێغەمبەرەكان دەكەن، بەڵام نازانن نهێنى پێغەمبەرەكان چین، لەوىَ هەمووى فەیلەسوفە، بەڵام نازانن فەلسەفە چییە، هەموویان برادەرى سۆكرات و ئەرستۆ و هیگڵن، بەڵام نازانن حیكمەت لە فەلسەفەدا چیە، هەمووى خەریكى ژیانە، بەڵام ناتوانن فەزیلەتى ژیان هەست پێبكەن، هەموویان قەومین، بەڵام نازانن ناسیۆنالیزم چیە، هەموویان فێمێنیستن بەڵام ئەگەر پێیان بكرێت لە یەك لەحزەدا پیاوەكان چوار ژن دەهێنن و ژنەكان چوار شوو دەكەن، ژنەكان باس لە عەدالەت دەكەن، بەڵام سەر بەهەوىَ شوو دەكەن، هەموویان راستگۆن، بەڵام درۆ رۆحى خواردوون.
 ژیان لەو مەملەكەتە، لێوڕێژە لە قەهر و غەزەب و بوغز، درۆ سەردارى دەربڕینەكانە، بیركردنەوە و دەربڕینەكان پڕاوپڕن لە دروشم، لە كاتێكدا هەموو مرۆڤەكانى گیرۆدەى دروشمبازین، لەوىَ ژیان تەواو پێچەوانەیە، حەقیقەت وەهمە و وەهم بۆتە حەقیقەت لایان، لە هەمووى سەیرتر هەموو كوچە و كۆڵانەكانى ئەو مەملەكەتە وەهمییە، تابلۆى حیكمەتخانەیەكى بەسەرەوەیە و خەریكى حیكمەتاندنن، هەموو حیكمەتەكانیش لە دەروى دنیاى ماددیدا دەخولێتەوە، هەموو ئەوانەى خەریكى حیكمەتاندنن، وەك بەندبێژەكان، شەو تا بەیانى باسى فەزیلەتى سوڵـتان دەكەن بەسەر كۆمەڵگاوە، (فەیلەسوفێك !!!)یان جارێك وتى، دەسەڵات گەمەى منداڵە وردكە نیە، لە كاتێكدا ئەو فەیلەسوفە!!! رۆژانێك ئەو مەملەكەتەى بە " مەملەكەتى ترس" دەشوبهاند، هەمیشە دەسەڵاتى سوڵتانەكانى بە بەربەریزەكردنى كۆمەڵگا و باڵاكردنى جەهل دەشوبهاند، بەڵام ئێستا ئەو دەسەڵاتە گەمەى منداڵە وردكە نیە و با نەیشیجوڵێنین، تا پێمان نەڵێت میدیا ئازادەكان، جەهل بەرهەمدەهێنن.
 ژیان لەو مەملەكەتەدا پێچەوانەیە، ئەوەى خۆشبەختە دڵى پڕ لە قەهرە، ئەوەى لە رەزالەتدا دەژى مرۆڤ دۆستە، ئەوەى باس لە مرۆڤدۆستى دەكات، رۆحى دەخوازێت هەموو دنیا كۆیلەى ئەو بن، ئەوەى زۆرجاران لە دژى مرۆڤایەتى قسە دەكات، دەیەوێت ژیان پڕكات لە بەها بۆ مرۆڤ، دنیای ماددى رۆحى خواردوون، لە كاتێكدا ناتوانن مەملەكەتەكەیان بكەنە شوێنگەیەك بۆ پیشەسازى و بارزرگانى، خۆیان بە مرۆڤدۆست نیشان دەدەن، بەڵام لە بنەوە قومار لەسەر بێنرخكردنى مرۆڤ دەكەن، دۆڕاوەكان قەهرى خۆیان بە مرۆڤەكانى تر دەڕێژن، براوەكانى ئەو قومارەش، دنیا بە قەشمەر دەزانن، ئەوەى خوێندنەوەى بۆ ژیان هەبێت لە زیندانەكاندا خۆیان دەبیننەوە، ئەوەشى نەزانێت ژیان چییە، سەردارێكى بێمەعریفەتە، مەعریفە لەوىَ دیلى جەهلە.
 
 
 تێبینى:
 
 ئەم نوسینە لە ژمارە (156)ى رۆژى( 3 شەممە – 10-2-2009) ى هەفتەنامەى ئاوێنە بڵاو كراوەتەوە.
 
 
 
 
 rohani1983@gmail.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.