Skip to Content

Thursday, May 23rd, 2024
دوای هەڵبژاردنەکان

دوای هەڵبژاردنەکان

Closed
by February 13, 2009 گشتی

 دوای هەڵبژاردنەكان
 رووبەرووبوونەوەى كوردو بەغدا بەرەو كوێ؟
 گۆران فەتحی

 
 
 راگەیاندنى ئەنجامى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكانى عێراق،  ئەوەى دەرخست كە رەوتى نەتەوەپەرستىو توندڕەویی عەرەبی رووەو دەركەوتنە، لەم هەڵبژاردنەدا حزبە ئاینیو مەزهەبیەكان پاشەكشەیان بەخۆیانەوە بینی بەرامبەر بە نەتەوەپەرستى عەرەبی بەتایبەت سوننە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ تەنها قەومیەكانى لەجۆرى ئوسامە نجێفیو ئەسیلی براىو موتڵەگو هاوشێوەكانى هاتبێتنە پێشەوە، بەڵكو ئەوەى لەهەموان زیاتر سوودی لەهەڵبژاردنەكان بینی مالیكی بوو كە توانى پشكى شێرى بەركەوێـت، دواى ئەوەى لەماوەى پێشوودا وەكو سەرۆك وەزیران، توانى خەڵكیكى زۆر لەخۆى كۆبكاتەوە بەو كارو چالاكیانەى ئەنجامیداو سەركەوتنی تیادا بەدەست هێنا، وەگو لێدانی میلیشیا شیعەو سوننەكانو مۆركردنى ریككەوتنامەى ئەمنى لەگەڵ ئەمریكا، ئەمە جگە لەوەى توانی جێگیریەكى گەورە بگێرێتەوە بۆ عێراق.
 هەڵبژاردنەكان بەگوڕوتینێكی ترەوە كرانو جیا لەهەڵبژاردنەكانى پێشوو ئەمجارە سوننە بەهەموو سوقلى خۆیەوە بەشداری كرد، ئەمە جگە لەوەى هێزە تەقلیدیەكان پاشەكشەیەكى گەورەیان بەخۆویانەوە.
 هەرچەند سێ شارەكەى هەرێمو كەركوك بەشداری ئەم هەڵبژاردنەیان نەكرد، بەڵام كاریگەرى هەڵبژاردنەكان  لەسەر كورد زۆربوو چونكە بەشێكى زۆرى كوردی ناوچە تەعریبكراوەكان لەهەڵبژاردنەكەدا بەشداربوون، دەنگ هێنانی كوردیش لەم ناوچانە رەوایى كوردبوونى ئەو ناوچانەى دەردەخات، ئەمە جگە لەوەى بەدەستهێنانى دەنگی زیاتر لەو ناوچانە ئەندامى زیاتری بۆ كورد مسۆگەر دەكرد لەئەنجومەنى پارێزگاكانى موسڵو دیالەو سەلاحەدین، ئەو نوێنەرانەش ئەگەر زۆرتربن دەتوانن كاریگەرتربن لەنێو ئەنجومەنەكاندا.
 كێشەكە  لەوەدایە سیاسیەكانى ئێمە لەبەغدا ناتوانن موجاراتى عەرەبەكان بكەن ئیتر بەسوننەو شیعەوەو بەعیلمانیو ئیسلامیەوە، ئەوەش وایكردووە هەردەم سیاسیەكانى ئێمە لەپاشەكشەدابن لەو تۆزە دەسكەوتانەى لەسەرتاى رووخانى رژێمى عێراقیەوە كورد بەدەستى هێنابوو.
  بینیمان لەگەڵ نزیكبوونەوەى وادەى هەڵبژاردنەكان چۆنو بەچ شێوەیەك كێشە بۆ هاولاتیانو دەنگدەرانى كورد دروستبوو، لەكۆتاییشدا كەمتەرخەمى خودى كوردو پیلانى بەغدا بوونە هۆكارى فەوتانى مافى دەنگدانی نزیكەى سەد هەزار كورد لەهەردوو پارێزگاى موسڵو دیالە ئەوەش ژمارەیەكى بەرچاوەو دەمانتوانى لەرێگەى ئەو دەنگانەوە نوێنەرى زیاترمان لەئەنجومەنەكاندا جێگیر بكردایە لەهەردوو پارێزگاى موسڵ و دیالە. ئەمانەش بوونە هۆكارى هاتنە پێشەوەى نەیارانى كوردو بەتوانایەكى ترەوە. كەئەوەش دواتر رووبەرووبوونەوەى كورد لەگەڵ مەركەزدا قورستر دەكات،.
 بردنەوەى مالیكی لە نۆ پارێزگادا بەپلەى یەكەمو بردنەوەى لیستی (حەدبا) كە ئەسیلی براى ئوسامە نجێفی توندڕەى عەرەبی موسڵاوی سەرۆكایەتى دەكاتو لەموسڵ و بردنەوەى لیستەكەى موتڵگیش لەچەند پارێزگایەكدا كێشەو رووبەرووبوونەوەكان زیاتر دەكات، شەڕێكى گەورەش چاوەڕوانى كورد دەكات لەئاستى عێراقدا لەگەل مالیكی و لەموسڵو دیالەو سەلاحەدینیش لەگەڵ حزبە قەومیە عەرەبەكاندا، ئەمجارەش رووبەرووبوونەوەكە قورسترە چونكە كورد لاوازترەو ئەوان بەهێزتر ئینجا با چاوەڕوانبین ماوەى داهاتوو چی پێیە بۆمان.
 goranfathe@yahoo.co.uk
 
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.