ته‌وه‌ری چیرۆك‌و نوستالوژیا/ حه‌مه فه‌ریق حه‌سه‌ن
ته‌وه‌ری چیرۆك‌و نوستالوژیا/ حه‌مه فه‌ریق حه‌سه‌ن
ئاماده‌كردنی: توانا ئه‌مین
www.Tanyaee.kurdblogger.com
كۆمه‌ڵێك چیرۆكنووسمان له‌مه‌ڕ په‌یوه‌ندی نوسین‌و زه‌مه‌ن، به‌دیاریكراویش زه‌مه‌نی له‌ده‌ستچوو دواند. به‌وحوكمه‌ی دواجار نووسین له‌ژانرێكی نێو ئه‌ده‌بیاتدا به‌ر له‌هه‌ر شتێك مامه‌ڵه‌یه له‌گه‌ڵ كاتداو به‌تایبه‌تیش چیرۆك كه بۆ خۆی مه‌خلوقێكی مێژووییه، ئه‌وا نوسه‌ره‌كانی كه‌خه‌ریكی نوسینه‌وه‌ی زه‌مه‌نن، له‌هه‌ر كه‌سێكیتر باشتر ده‌توانن زه‌مه‌ن شیبكه‌نه‌وه.
به‌گریمانه‌یه‌ك ده‌ستمان پێكرد، ده‌كرێ گریمانه‌ی بونه‌وه‌رێك بكه‌ین ئێستا هاتبێته بوون‌و له‌هه‌مانكاتیشدا توانا نوسین‌و خوێندنه‌وه‌ی هه‌بێت، ده‌توانرێ له‌م بوونه‌وه‌ره داوای چیرۆك بكرێت؟.. یان هه‌ر تێكستێكی سه‌ردی تر؟.. رابردوو.. یاده‌وه‌ری.. نوستالوژیا.. ئه‌مانه چۆن دێنه ناو چیرۆك‌و خۆیان ده‌نووسنه‌وه؟ ئه‌گه‌ر كه‌مێك مه‌به‌سته‌كه‌م له‌پرسیارێكدا چڕتر بكه‌مه‌وه: لای ئێوه چیرۆك نوسین چه‌ند خۆ نوسینه‌وه‌یه؟ ئێوه چیرۆك ده‌نوسن بۆ ئه‌وه‌ی له ڕابردوو قوتارتان بكات، یان چیرۆك ده‌نوسن بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕینه‌وه رابردوو؟ ئه‌و په‌یوه‌ندیه چۆن پێناس ده‌كه‌ن؟ ئێمه به بێ رابردوو شتێكمان ده‌بێت به‌ناوی چیرۆك؟
حه‌مه فه‌ریق حه‌سه‌ن:
تافی منداڵیی، گرینگ‌ترین قۆناغه له‌ته‌مه‌نی هه‌ر تاكێكدا. مێشك له‌م ته‌مه‌نه‌دا له‌هه‌موو تافێكی دیكه‌ی ژیان چالاكتره. له‌و ته‌مه‌نه‌دا منداڵ بۆ هه‌ر دیارده‌یه‌ك، سروشتی بێت یان كۆمه‌ڵایه‌تی، له كۆمپیوته‌ره‌كه‌ی مێشكی‌دا فایلێكی كردۆته‌وه و لێكدا لێكدا بۆی زیادده‌كات، ده‌پرسێت و زانیارییه‌كانی تێكدا (سه‌یڤ) ده‌كات. وه‌ك پسپۆڕان ده‌ڵێن: له‌نێوان ته‌مه‌نی یه‌ك هه‌تا دوانزه ساڵیدا، كه ته‌مه‌نی منداڵییه، مرۆڤ ده‌توانێت چوار زمان فێرببێت.. دیاره ئه‌مه له‌توانای كه‌سێكی چل په‌نجا ساڵیدا نییه. ئه‌و زانیاریی و ئه‌زموونانه‌ی، كه‌له تافی منداڵییدا كۆده‌كرێنه‌وه، له‌یادناچنه‌وه. چونكه ئه‌وانه داتاگه‌لێكن له سه‌رده‌مێكدا سه‌یڤكراون كه خانه‌كانی مێشك نوێ بوون و له‌وپه‌ڕی چالاكیی خۆیاندابوون، مه‌گه‌ر كه‌سێك دوچاری خه‌له‌فان (خرف) بووبێت له‌یادیان بكات. بۆیه‌كا ده‌بینیت پیره‌مێردێكی هه‌شتاساڵه، ڕه‌نگه له یادی نه‌مابێت دوێنێ ئێواره چی خواردووه، كه‌چی به ڕوونی، ته‌واوی ڕووداوه‌كانی سه‌روبه‌ندی منداڵیی خۆی له‌یاده و به‌جۆرێك ده‌یانگێڕێته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی دوێنێ ڕوویاندابێت.
لێره‌دا جێی وتنه، كه خانه‌كانی مێشك خۆیان نوێ ناكه‌نه‌وه. چونكه ئه‌گه‌ر نوێ بوونه‌وه، ئه‌وا هه‌ه‌ر زانیارییه‌كیشیان تێدا سه‌یڤكرابێت ئه‌وا (دیلیت) ده‌بن و له‌به‌ین ده‌چن. وه‌لێ له‌تافی پیریدا خانه‌كانی مێشكیش وه‌ك ئه‌ندامه‌كانی دیكه‌ی مرۆڤ پیرده‌بن و ئه‌و توانایه‌ی سه‌روه‌ختی منداڵییان نامێنێت. دیسان جێی باسه، كه ئه‌ندامانی له‌ش پێكه‌وه و به‌یه‌ك ئاست پیر نابن. به‌و مانایه‌ی له‌وانه‌یه له‌ته‌مه‌نێكدا چاو ته‌وا كزبووبێت، كه‌چی گوێ و لووت هێشتا زۆر به‌خۆیان نه‌زانیبێت و توانای بیستن و بۆنكردنیان چالاك بێت. بۆیه‌كا مێشكیش هه‌ر وه‌هایه. وه‌لێ تاكی كورد زوو تووشی خه‌ڵه‌فان ده‌بێت. چونكه به‌گشتیی سوودێكی ئه‌وتۆ له توانای مێشكی خۆیان وه‌رناگرن و كاری پێناكه‌ن. ناخویننه‌وه و بیرناكه‌نه‌وه. هه‌یه ته‌مه‌نی له هه‌شتادایه به‌ڵام مێشكی هیچی وای تێدا نییه. دیاره له دۆخی وه‌هادا مێشك زوو په‌كیده‌كه‌وێت، واته خاوه‌نه‌كه‌ی خرفده‌ببت. كه‌چی لیره، ده‌یانبینی كتێب ده‌خوێننه‌وه و سه‌ری كتێبخانه‌ی گه‌ڕه‌ك ده‌ده‌ن. وه‌رزشی مێشك ده‌كه‌ن و خه‌ریكی پڕكردنه‌وه‌ی وشه‌یه‌كتربڕه‌كانن.
مرۆڤ مه‌زنه ئه‌رشیڤێكی گه‌ڕۆكه. هه‌ه‌موو ژیانی خۆی و ده‌وروبه‌ری به‌تاڵ و شیرینییه‌وه له یاده‌وه‌ریی خۆیدا ئه‌رشیڤكردووه. ده‌كرێت هه‌ر زانیارییه‌ك پێویستی پێی بێت، له یاده‌وه‌رییه سه‌یڤكراوه‌كه‌یدا به‌سه‌ریبكاته‌وه و سوودی لێ ببینێت. مرۆڤ زوو زوو، هه‌ر شتێك به هۆی شتێكی دیكه‌وه دێنێته‌وه‌یاد. به‌تایبه‌ت كاتێك ته‌نیایه، ئیدی بوار بۆ یاده‌وه‌رییه‌كان ده‌ڕه‌خسێت بێنه‌وه پێش و خۆیان نمایش بكه‌ن. مرۆڤ ئه‌گه‌ر هه‌ژاركه‌وت زوو زوو ڕۆژانی خۆشگوزه‌رانی خۆی ده‌كه‌یته‌وه یاد. ئه‌گه‌ر له‌پێكه‌وت یادی ئه‌و تافانه ده‌كاته‌وه كه مینا ئاسك بازبازێنی ده‌كرد و ئوزاقی خۆی ده‌دا. ئه‌گه‌ر لێكه‌وت یادی ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌كاته‌وه كه به‌ده‌سه‌ڵات بوو. ڕه‌نگه ئه‌و مرۆڤه‌ی كه مین لاقه‌كانی په‌ڕاندووه، له خه‌ونه‌كانیدا هه‌رده‌م له‌تافی ماراسۆن، یان سێبازدا بێت.
تۆ ئه‌گه‌ر چیرۆكنووس، یانژی ڕۆماننووس بیت، بته‌وێت سوود له‌تافی منداڵیی خۆت ببینیت، مه‌رج نییه منداڵێكی بووه و به‌ختیار بووبیت. گرینگ ئه‌وه‌یه منداڵییه‌كی به ڕووداو و به‌سه‌رهات ده‌وڵه‌مه‌ندت به‌سه‌ر بردبێت و زۆرت جێ دیبێت و جۆره‌ها كۆمه‌ڵگه‌ت تاقیكردبێته‌وه. هه‌تا سه‌ربورده و به‌سه‌رهاتت زۆرر بووبن، مانای وایه ئه‌زموونی ژیانت ده‌وڵه‌مه‌ندتره. به‌سه‌رهاته درامی و تراژیدییه‌كانی خۆت و ده‌وروبه‌ر و ژینگه‌كه‌ت ئه‌مبارگه‌لێكن، ده‌كرێت ناوه ناوه ناڕاسته‌وخۆ لێیان به‌هره‌مه‌ند ببیت.
تۆ هه‌روا دیقه‌ت بده؛ چونكه ژن له‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه‌ی كه هه‌موو ده‌یزانین، بواری پێنه‌دراوه تێكه‌ڵ به كۆمه‌ڵ ببێت و هه‌موو شوێنێك ببینێت، ئه‌وا ئه‌زموونی ژیانی هه‌ژاره. سه‌یرده‌كه‌یت له‌ده‌رێی شیعر، كه پشت به‌سۆز ده‌به‌ستێت، نه‌خشێكی ئه‌وتۆیان له به‌رهه‌مه‌ێنانی چیرۆك و ڕۆماندا نییه، كه پشت به‌ڕیاڵ و واقیع ده‌به‌ستن. به‌ده‌گمه‌ن ژنه نووسه‌رێكی كورد، هه‌وڵی نووسینی ڕۆمانی دابێت.
به بێ مێژوو، چیرۆك و ڕۆمان نانووسرێت. چونكه دوور له مێژوویه‌كی تێروته‌سه‌ل ده‌قه‌كان نه‌به‌كام و بێ ئه‌زموونچێ ده‌بن. تافی منداڵیی له‌خۆیدا، واتای كه‌ڵه‌كه‌بوونی ئه‌زموون، یاده‌وه‌ریی و دنیای ڕه‌نگاوڕه‌نگ ده‌گه‌یێنێ. ئه‌گه‌ر ژیانی مرۆڤ به‌ڕۆمانێك بچوێنین، تافی منداڵیی له‌خۆیدا پاژی (فێل) یه‌كه‌می ڕۆمانی ژیانه.. منداڵیی ده‌كاته قۆناغی ڕامان له بوون و ده‌وروبه‌ر، به‌سه‌ر دایوبابدا نازكردن. تێكه‌وتن و له‌هه‌ڵه‌كانی خۆمانه‌وه فێربوون.
به‌سه‌رێكی دیكه چیرۆك و ڕۆمان ئه‌گه‌ر میژوویی بن یان نه‌بن، هه‌ر ده‌كه‌نه گه‌شت به‌نێو مێژوودا. به‌و مانایه‌ی ئێمه پێوستیمان به‌گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕابردووی بوونه‌وه‌ره‌كان ده‌بێت. مێژوو له‌خۆیدا یاده‌وه‌رییه جا یاده‌وه‌ریی تاكێك بێت یان هی گه‌لێك، گوندێك یان بنه‌ماڵه‌یه‌ك بێت. له‌م ڕووه‌وه، جیاوازیی نێوان نووسه‌رو ئه‌وانی دیكه‌ی ده‌رێی بازنه‌ی نووسین له‌وه‌دایه، كه نووسه‌ر ده‌توانێت له یاده‌وه‌رییه‌كانی خۆی داهێنان بخولقێنێت.
ژنه شاعیری ئه‌مه‌ریكایی ((ئیدنا میله‌ی)) سه‌باره‌ت تافی منداڵیی ده‌ڵێت: ((منداڵیی ئه‌و شانشینه‌یه، كه كه‌سێك تێیدا نامرێت)) مه‌به‌ستی پێ ئه‌وه‌یه، ئێمه هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌منداڵییدا ناسیومانن، له‌یادمانن. ئیمه هه‌موو ئه‌وانمان له‌جێیه‌كی په‌نامه‌كیی و تایبه‌تیدا شاردۆته‌وه، هه‌ر كاتێك ویستمان به‌سانایی ده‌یانه‌ێنینه‌وه یاد. واته ئه‌وان هه‌رده‌م له بیره‌وه‌ریه‌كانماندا زیندوون.
ده‌ڵێن له‌كۆندا، كاتێك هه‌ولێر بریتی بووه له‌ته‌نیا قه‌ڵا. ژن هه‌بووه به درێژایی ژیانی قه‌ڵای جێنه‌هێشتووه. له‌وێدا له‌دایك بووه و له‌وێشدا مردووه. ئه‌گه‌ر ڕۆژێك له ڕۆژان ژنێكی له‌و جۆره دوور‌بخرێته‌وه و فڕێبدرێته نێو تاریكه زیندانێكه‌وه. ئه‌وا به‌درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ی، كه‌له‌و زیندانه‌دایه له‌ده‌رێی كۆلانه ته‌نگه‌به‌ره‌كان و ماڵه‌كانی قه‌ڵا بیری له‌لای هیچ جێ و ڕێیه‌كی دیكه نابێت و به‌رده‌وام یادی ئه‌وێ ده‌كات. چونكه ئه‌و ژنه ته‌واوی ئه‌زموونی ژیانی هه‌ر له‌و شوینه جوگرافیاییه ته‌نگه‌به‌ره‌دا به‌سه‌ر بردووه. دیاره ئه‌گه‌ر خه‌ونیشی ببینێت، ئه‌وا هه‌موو خه‌ونه‌كانی له‌نیو ماڵه‌كانی قه‌ڵا و ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ئه‌وێدا به‌ڕێوه ده‌چێت. واته مرۆڤ گیرۆده‌ی قۆناغی منداڵی و جوگرافیای ته‌مه‌نی منداڵییه.
د. ڕه‌حیمی قازیی ، له‌پێشه‌كیی ڕۆمانی (پێشمه‌رگه)دا، باسی غه‌ریبی خۆی له وڵاتی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت ده‌كات. ئه‌و دوای ئه‌و ته‌مه‌نه درێژه‌شی كه له‌و وڵاته فراوانه به‌سه‌ری بردووه، هێشتا هه‌ر ناوی ته‌واوی براده‌ره‌كانی منداڵیی و كانی و باخ و جێیه گرینگه‌كانی گونده‌كه‌ی خۆی له‌به‌ره‌و دوای سی و سێ ساڵان به‌په‌رۆشه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه لایان و زۆریشی مه‌به‌سته بزانێت چی‌یان لێ به‌سه‌ره‌اتووه.
ڕۆمانه‌كانی (التاهر بن جلون) وه‌ك: (تلك العتمه الباهه‌ره) و (لیله الغلته) باسی مه‌غریب و كێشه‌كانی ئه‌و وڵاته ده‌كه‌ن؛ ئه‌گه‌ر چی ئه‌و له وڵاتی فه‌ره‌نسا ده‌ژی و به‌زمانی فه‌رنسایی ده‌نووسێت، كه‌چی ته‌واوی ڕووداوه‌كان له‌نێو ڕووبه‌ری جوگرافیایی مه‌ڕۆكۆدا ڕووده‌ده‌ن. دیاره ئه‌و، سوودێكی باش له‌یاده‌وه‌رییه‌كانی سه‌رده‌می منداڵی خۆی وه‌رده‌گرێت.
(هێمن موكریانی) له‌تافی غه‌ریبیدا، یاده‌وه‌رییه‌كانی خۆی به‌شیعر ده‌كرد. ئه‌و له‌شیعره‌كانیدا، ناوی هه‌ندێك له‌و كه‌سانه‌شی ده‌ه‌ێنا كه له‌وێ ڕۆژانێكی له‌ته‌كدا به‌سه‌ربردبوون. ئه‌و به‌رده‌وام غه‌ریبی دیوی ڕژهه‌ڵاتی ده‌كرد و ته‌واوی ئه‌و دیمه‌ن و دیادرانه‌ی كه له‌وێ دیبوونی یان به‌سه‌ری هاتبوون، ده‌گۆڕینه سه‌ر زمانی شیعر.
یه‌ك له‌باری خۆم. منداڵیی، بیره‌وه‌ریی، یان نوستالجیا (حه‌نین بۆ ڕۆژانی دێرین و تافی منداڵیی یان حه‌نین بۆ وڵات و ئه‌و فیگه‌رانه‌ی ئولفه‌تمان پێوه گرتوون) هه‌میشه ئه‌مبارێكه، لێوانلێوه له ڕووداو و قاره‌مان. له‌كات و شوێنی گونجاو‌دا، هه‌ر ده‌مێك پێویستم پێیان بوو، هه‌وڵده‌ده‌م بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ریان و بیانخه‌مه‌كار. ئه‌م ئه‌مباره، نه‌گڕی تێبه‌رده‌بێت و نه‌بابه‌ته‌كانیشی ئێكسپایه‌ر ده‌بن، نه وه‌ك مۆدیلیش كۆن ده‌بن. وه‌لێ به‌نده، به‌زۆریی ناڕاسته‌وخۆ ئه‌م فیگه‌رانه، یان ئه‌م كه‌سێتی و ڕووداوانه ده‌خه‌مه‌كار.
ڕه‌نگه بپرسیت: بۆچی ناڕاسته‌وخۆ؟ هه‌قته پرسیاری و‌ه‌ها بكه‌ی كاك توانا. ئه‌گه‌رچی ئه‌مه (سر المهنه)یه، به‌ڵام وا لێره‌دا بۆتی ئاشكراده‌كه‌م.
ژانره‌كانی نووسین به‌گشتی و به‌پێی تازه‌ترین پێودانگی ئه‌وروپا‌یی (دیاره چیرۆك و ڕۆمان دوو ژانرن زاده‌ی شارستانییه‌تی ئه‌وروپان) ئاوا پۆلێن ده‌كرێن:
فیكشن: واته ئه‌و ژانرانه‌ی كه زاده‌ی خه‌یاڵن، وه‌ك جۆره‌كانی لیریك، ڕۆمان، چیرۆك، شانۆنامه، دراما، فه‌یبل و ئه‌فسانه… له‌م تێكستانه‌دا خه‌یاڵ به‌ڕه‌ه‌ایی له‌كاردایه، واته تۆ شتێك ناگێڕیته‌وه كۆنكریتیی له ژیانی ڕۆژانه‌دا ڕوویان دابێت. به‌ڵكو خه‌یاڵ بزوێنه‌ری سه‌ره‌كییه‌و خۆت داته‌ێناوه.. بۆیه ئه‌م ژانرانه به‌داهێنانی ته‌واو حسابن.
نه‌نفیكشن: ئه‌و ده‌قانه ده‌گرێته‌وه كه خه‌یاڵ تێیاندا ڕه‌گه‌زی سه‌ركی نییه، به‌ڵكو شته‌كان خۆیان له واقیعدا هه‌ن و ڕوویانداوه. وه‌ك وتاری ڕۆژنامه، نامه‌ی كراوه، ستوون، ڕیپۆرتاج و ریكلام… هتد. دیاره له‌م ژانرانه‌دا خه‌یاڵی داهێنه‌رانه ونه چونكه ده‌قه‌كان زاده‌ی خه‌یاڵ نین.
وه‌لێ ده‌قگه‌لێكیش هه‌ن ده‌كه‌ونه نێوان ئه‌و دوو جۆره ژانرانه‌ی سه‌ره‌وه. واته له‌نێوان (فیكشن و نه‌نفكشن) دان. هه‌ره دیارترینیان (به‌لای هه‌ندێك تۆێژه‌ره‌وه) بریتییه له چیرۆك و ڕۆمانی بیره‌وه‌یی، واته سێلف بایۆگرافی ڕۆمان. با ئه‌م پرسه به‌جۆریكی دیكه‌ی ئاسان ڕوونبكه‌مه‌وه. هه‌ندێك وه‌های بۆده‌چن، كه سێلف بایۆگرافی ڕۆمان، فیكشن نییه. واته داه‌ێنانی خالیس نییه. چونكه ئه‌م ژانره به‌ته‌واوی زاده‌ی خه‌یاڵ نییه، كه‌واته ناكه‌وێته سنووری داه‌ێنانی ته‌واوه‌وه. چونكه تۆی نووسه‌ر سه‌ربورده‌ی ژیانی خۆت ده‌كه‌یت به‌ڕۆمان وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕوویداوه. تۆ نا‌توانیت به‌سه‌ر باڵی خه‌یاڵه‌وه بفڕیت و شاخ و باڵ بۆ خۆت زیادبكه‌یت. له هونه‌ری گێڕانه‌وه بترازێت، تۆ ناكرێت به‌ڕه‌ه‌ایی خه‌یاڵی خۆت بخه‌یته‌كار.
تۆی ڕۆماننوس بشفڕیت، سه‌ربورده‌ی ژیانت، به‌منداڵی و هه‌رزه‌كاریته‌وه، هه‌ر ئه‌وه‌یه كه‌ڕوویداوه، نه‌ك ئه‌وه‌یه كه به‌خه‌یاڵ بنیاتی ده‌نێتت، بۆیه ناكرێت وه‌ك ڕۆمانه‌كانی (مۆدێرن، مێژوویی، دڵداریی، كریمیناڵیتی، ترسناك، پۆلیسی و ساتیر… هتد) حسابی بۆ بكه‌یت و به‌داهێنانی خالیس بیده‌یته قه‌ڵه‌م. ئه‌وه بۆیه‌كا منیش ناڕاسته‌وه‌خۆ سوود له یادو نوستالجیا و تافی منداڵیی خۆم وه‌رده‌گرم. بۆ نموونه، چیرۆكی ((ڕستێك زه‌نگیانه‌ی ئاویی)) چیرۆكی ئیعدامكردنی هاوڕێیه‌كمه به‌ناوی ((له‌تیف كه‌ریم ئه‌حمه‌د)) كه سێ ساڵان له ناوه‌ندیی هه‌ڵه‌بجه و دواتر تا زیندانی كرا هه‌ر ه‌اوڕێ بووین. به‌شێك له‌ڕووداوه‌كانیش له(هه‌ڵه‌بجه) به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
جێی وتنه كه به‌شی هه‌ره‌زۆری چیرۆك یان ڕۆمانی بیره‌وه‌ریی به ڕاناوی كه‌سی یه‌كه‌می تاك ده‌نووسرێن، چونكه نووسه‌ر مێژووی خۆی به ڕۆمان، یان به چیرۆك ده‌كات. واته ئه‌و له‌وێدا منێكی هه‌مووشتزانه. بێئه‌وه‌ی ئه‌مه مانای ئه‌وه بێت كه هه‌ر چیرۆك یان ڕۆمانێك به ڕاناوی (من) نووسرابێت، ئیدی نووسه‌ر خۆی قاره‌مانی ئه‌و چیرۆكه یان ئه‌و ڕۆمانه‌یه. به‌ڵكو مانای ئه‌وه‌یه نووسه‌ر ڕاناوی كه‌سی یه‌كه‌می تاكی هه‌ڵبژاردووه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ربورده‌كه‌مان بۆ بگێڕێته‌وه، چونكه بۆ ئه‌و ته‌رحه چیرۆك و ڕۆمانه ڕاناوی من له‌وانی دیكه له‌بارتره. وه‌لێ سه‌باره‌ت به‌ڕۆمانی بیره‌وه‌ریی (سێلف بایۆگرافی ڕۆمان)، هه‌ن به ڕاناوی كه‌سی سێیه‌می تاك ده‌یگێڕنه‌وه. گه‌رچی ئه‌مه‌یان زۆر ده‌گمه‌نیشه. هه‌ربۆ نموونه، نووسه‌ری ناوداری عاره‌ب (ته‌ها حوسه‌ین) ڕۆمانی (اللایام) كه ده‌قاوده‌ق سه‌ربورده‌ی ژیانی خۆیه‌تی، واته ڕۆمانی بیره‌وه‌رییه‌كانه، به ڕاناوی كه‌سی سێیه‌می تاك ده‌یگێڕێته‌وه.
بیرت بێت كه جیه‌انی خه‌یاڵ زۆر له‌دنیای واقیع و ئه‌زموونی ئێمه، هه‌رچه‌ند ده‌وڵه‌مه‌ندیش بێت فراوانتره. خه‌یاڵ له كۆتایی حیكایه‌ته‌كانی ئێمه‌شی تێده‌په‌ڕێنێت.. بۆ من، گه‌ڕانه‌وه بۆ دنیای پاكی منداڵیی و نوستالجیا، ڕه‌نگه هه‌ڵاتن بێت له‌و دڵاودڵه‌ی كه تێیداده‌ژیم. خه‌یاڵی منداڵیی بێسنووره. منداڵ به‌ردو دار‌و گیاندار ده‌دوێنێت. له‌تافی منداڵیی ئێمه‌ماناندا، وه‌ك ئێستا یاریی منداڵان نه‌بوو، سواری قامیشێك ده‌بووین و غارمان ده‌دا، وه‌لی له‌تافی غار‌دا ئه‌و قامیشه ده‌بووه ئه‌سپی باوبۆران و به‌چوارناڵه هه‌ڵیده‌گرتین، خۆمان لێ ده‌بووه سوارچاكه‌كانی سه‌ده‌كانی ناوین.
گه‌ڕانه‌وه بۆ تافی منداڵی، واته گه‌شت بۆ ژینگه‌یه‌ك كه هێشتا نه‌فه‌وتاوه، نه‌بۆته پێخوستی پێی پیس. چاوی پیسی پێدا هه‌ڵنه‌ه‌اتووه، ده‌ستی چڵكنی به‌رنه‌كه‌وتووه. وه‌ك كۆلاره كاغه‌زینه‌كان ده‌فڕێت و سه‌ریش ناوه‌شێنێت. وه‌ك قاره‌مانه ئه‌فسانه‌ییه‌كان ده‌چێته بن ده‌ریاكان و هه‌ناسه‌دان كێشه‌یه‌كی بۆ دروست ناكات. خه‌یاڵی منداڵیی پاكه. وه‌ك خه‌یاڵه درۆزنه‌ی مه‌ی و ماده‌هۆشبه‌ره‌كان خاپێنه‌ر نییه.
چیرۆك و ڕۆمان بریتین له هونه‌ری گێڕانه‌وه. گه‌مه‌یه‌كه هه‌رده‌م له ئێستاوه ده‌تگێڕێته‌وه بۆ كاته‌كانی سه‌ره‌تا و جێیه‌كانی سه‌ره‌تاو بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ره‌تا. وه‌لێ گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕاستیی بۆ سه‌رده‌می منداڵی واته نه‌مریی، ئه‌مه‌ش موسته‌حیله. یان وه‌ك مه‌لاكان ده‌ڵێن ((ئیمكانی غه‌یره مومكینه!)) گریمانه‌ی هه‌ر بوونه‌وه‌رێكیش كه ئێستا ڕسكابێت و بیه‌وێت چیرۆك بنووسێت، دیسان جۆرێكه له موسته‌حیل، چونكه ئه‌وه بوونه‌وه‌رێكی بێ ئه‌زموون و بێ مێژووه، زمانیش نازانێت. جا بوونه‌وه‌رێك بۆخۆی مێژووی نه‌بێت، چلۆن ده‌توانێت مێژووی نه‌وه‌یه‌ك بگۆڕێته سه‌ر هونه‌ری ڕۆمان یان چیرۆك؟
به‌نده كاتێك ڕۆمان یان چیرۆك ده‌نووسم، نه مێژووی خۆم ده‌نووسمه‌وه و نه مه‌به‌ستمه خۆم له‌ڕابردوو قوتار بكه‌م. به‌ڵكو مه‌به‌ستمه به‌ری هه‌ر شتێك سوود له‌و ژینگه‌و ئه‌زموونه، به‌زمان و كولتوور و قاره‌مان و ڕووداو ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی، كه هه‌تا ئاستی ئه‌فسانه تژیی خه‌یاڵاته وه‌ربگرم، كه بۆخۆم به‌كرده‌وه تێیدا ژیاوم. پرۆسه‌ی نووسین ئامانجی دیكه‌ی له‌پشته‌وه‌یه. پێموایه گه‌مه‌كردن به زه‌مه‌نه‌كان، ناڕاسته‌وخۆ بیرۆكه‌ی نه‌مریی له‌پشته‌وه بێت. زۆر جاران گوێمان لێ بووه وتوویانه :(ئاخ زه‌مانه، ئاخ له‌ده‌ست زه‌مان) چونكه زه‌مان سته‌ممان لێده‌كات و ورده ورده، به‌ره‌و مه‌رگ پاڵمان پێوه‌ده‌نێت.
كۆمه‌ڵێك بیردۆزه له‌مه‌ڕ (گه‌شتكردن به‌نێو زه‌ماندا) هه‌یه. من نازانم داخۆ دێنه‌دی یان هه‌ر وه‌ك بیردۆزه ده‌مێننه‌وه. به‌پێی ئه‌و بیردۆزانه ده‌كرێت و بۆمان هه‌یه سه‌دان ساڵ، بۆ نێو جیه‌انی ڕابردوو، بۆلای باپیرانمان بگه‌ڕێینه‌وه دواوه. ئه‌گه‌ری ئه‌وه له‌ئارادایه بتوانین باپیره گه‌وره‌مان ببینین به‌رله‌وه‌ی باپیره‌مان له‌دایك بووبێت! به‌ڵام ئه‌و ئامێره تیژڕه‌وه‌ی كه ئه‌و گه‌شته‌ی پێده‌كه‌ین به خیراییه‌كی ئه‌وتۆ ده‌فڕێت هێشتا زانستی ئه‌مرۆ په‌ی پێ نه‌برووه و به‌رهه‌م نه‌هاتووه. هێشتا هه‌ر له دۆخی بیردۆزه‌دا قه‌تیسماوه.
ئێمه كاتێك له دووتوێی ڕۆمانێكدا سه‌رده‌می شۆڕشی شێخ مه‌حموود 1919 به‌رجه‌سته‌ده‌كه‌ین، مانای وایه له یاده‌وه‌ریی نه‌وه‌كانی داهاتوودا به‌زیندوویی ده‌یهێڵینه‌وه. شێخ له‌و سه‌رده‌مه‌وه ده‌یه‌ێنین بۆ ئێستا‌و بۆ داه‌اتوو. دیاره چه‌مكی ئێستا‌و داهاتووش هه‌رده‌م له‌گۆڕاندایه. هه‌ر ئێستا‌و داهاتوویه‌ك، ئێستا‌و داهاتووی خۆیان هه‌یه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ڕۆماننووس و چیرۆكنووس كاریان گێڕانه‌وه‌یه، واته ئه‌وان هه‌رده‌م به‌نێو زه‌مه‌نه‌كاندا ده‌گه‌ڕێن، بێئه‌وه‌ی بلیتی قه‌تار، میترۆ و فڕۆكه‌یان بڕیبێت. ئه‌وان ده‌گه‌ڕێنه‌وه ڕابردوو و دێنه‌وه ئێستا‌و ده‌چنه داهاتووش، به‌تایبه‌ت له‌ڕۆمان، یان چیرۆكی ساینس فیكشن دا. ئه‌وان له‌م گه‌شته‌یاندا، چ گه‌ڕانه‌وه بۆ منداڵیی یان سه‌فه‌ر بۆ داه‌اتوو به‌خێراییه‌كی خه‌یاڵی تێده‌په‌ڕن. پێموایه ئه‌م هه‌موو هاتن و چوونه، هه‌وڵی كه‌شفكردنی ژیان و مردنی له‌پشته‌وه‌بێت. ده‌شێت ناڕه‌زایی له‌ده‌ست مه‌رگ و گه‌ڕان له‌دووی نه‌مریی مه‌به‌ستی هه‌ره سه‌ركی بێت. بیرت بێت مردنیش هه‌ر سه‌فه‌ره.. مه‌رگ دوایین سه‌فه‌ری مرۆڤه. له‌و سه‌فه‌ره‌دا بلیتی سه‌رێكمان بڕیوه. چوونی به‌بێ گه‌ڕانه‌وه. ئیدیه‌مه كوردییه‌كه‌ش ده‌ڵێت: ((فڵان كه‌س كۆچی دوایی كرد!))
گه‌شتی په‌یامبه‌ریش بۆ ئاسمان (ئیسرا‌و میعراج)، سه‌فه‌رێكه به‌نێو شوێن و زه‌مه‌نه‌كاندا.. ئه‌م دۆخی سه‌فه‌ری خه‌یاڵه، له‌كه‌له‌ی نووسه‌رانیشدا هه‌یه و ئه‌وان هه‌ندێكیان شاكاریان لێ به‌ره‌همهێناوه. ئه‌وه‌تا له نێو جه‌نگه‌ی ڕووداوه‌كاندا، كاتێكت زانی قاره‌مانێكی ڕۆمان یان فیلم به ((فلاشباك)) گه‌ڕاوه‌ته‌وه زه‌مه‌نێكی دیكه. تۆ هه‌روا سه‌رنج بده، فلاشباك، ناوی خۆی به‌خۆیه‌وه‌یه. گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی بروسكه‌ییه. زۆر به‌خێرایی ڕووده‌دات. ئه‌وه‌ش بزانه خه‌یاڵ گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وتی مرۆڤه، ئه‌گه‌ر داه‌هێنه‌رانه بێت. سه‌رد نووسه‌كان وه‌ك زانایان زۆرترین سوودیان له خه‌یاڵ بینیوه.
كاتێك نووسه‌رێك دێت پرۆسه‌ی ئه‌نفال به‌دۆزه‌خ ده‌چوێنێت، ئه‌وا ئه‌و نووسه‌ره پێشتر به‌خه‌یاڵ و به‌خێرایی خه‌یاڵ چه‌ندین گه‌شتی بۆ دۆزه‌خ كردووه، چه‌ندین وێنه‌ی دۆزه‌خی له‌خه‌یاڵی خۆیدا كێشاوه ئه‌وجا ئه‌و میتافۆره‌ی نووسیوه. پێموایه نووسه‌ر ئه‌گه‌ر پاشخانێكی تۆكمه‌ی له‌مه‌ڕ ئێستا‌و ڕابردوو نه‌بێت ناشتوانێت پێشبینیی ئاینده بكات. چیرۆكی ساینس فیكشنیش (خه‌یاڵی زانستی) له‌خۆیدا پێشبینییه بۆ داه‌اتوو.