Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
وازهێنانی کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ و هه‌ڤاڵه‌کانی،،،بۆ؟….جه‌بار حه‌مه‌د

وازهێنانی کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ و هه‌ڤاڵه‌کانی،،،بۆ؟….جه‌بار حه‌مه‌د

Closed
by February 19, 2009 گشتی

وازهێنانی کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ و هه‌ڤاڵه‌کانی،،،بۆ؟
جه‌بار حه‌مه‌د

 کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ و هه‌ڤاڵه‌کانی بۆ خاتری چی واز له‌ یه‌كێتی ئه‌هێنن؟ئه‌مه‌ پرسیارێکه‌ تا ئه‌مکاته‌ی
من ئه‌نوسم هه‌ر یه‌کێك به‌شێوه‌یه‌ك باسی ئه‌کات.میدیاکان به‌ بێلایه‌ن و(که‌ نیمانه‌) به‌ به‌لایه‌نه‌وه‌(که‌ زۆرمان هه‌یه‌) زۆر ئه‌نووسن.بوه‌ به‌ بابه‌تی گرنگی لاپه‌ڕه‌کانیان.له‌ کۆرو دانیشته‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵان له‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی کوردوستان ،هه‌ر ئه‌م باسه‌یه‌.که‌ به‌ته‌له‌فونیش هه‌واڵی یه‌کتر بپرسین،زۆرجار پێش هه‌واڵ پرسینه‌که‌(ئه‌ری مه‌سه‌له‌که‌ی یه‌کێتی چی لێ به‌سه‌ر هات؟تۆ بڵیی ڕاست بێ؟ ئه‌مانه‌ به‌ته‌مای چین؟ئه‌ڵێن ئه‌مانه هه‌مووی فیتی نه‌وشیروانه‌.کوره‌ نه‌وشیروانی چی؟ ئه‌مه‌ هه‌مووی مامه‌یه‌و فێڵو ته‌ڵه‌که‌ی هه‌ڵبژاردنه‌.تۆ بڵێیت فیتی پارتی نه‌بێ؟ئه‌ڵێن کۆسره‌ت توڕه‌ بوه‌،له‌ قسه‌کانی برازاکه‌ی مام جه‌لال)ئه‌مه‌ هه‌ندێ له‌و پرسیارو گفتوگۆیانه‌یه‌ که‌ له‌م رۆژانه‌دا ئه‌یبیستین.هیچیان له‌م قسانه‌ لای من نا په‌ژرێن،ته‌نها ئه‌وه‌ی دوایی نه‌بێ(کۆسره‌ت توڕه‌بوه‌ له‌ قسه‌کانی برازاکه‌ی مام جه‌لال)بۆ؟؟؟
ئێمه‌ی له‌دایک بوو، له‌و ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راسته‌دا، له‌به‌ینی کۆمه‌ڵێك نه‌ته‌وه‌ی جیاواز له‌ زمان،نزیك له‌ ئاین،نزیك له‌ که‌ڵچه‌رو خوو ڕه‌وشت،که‌سێتیمان په‌ره‌ی سه‌ندوه‌.که‌سێتی ئێمه‌ ، زۆر توڕه‌ ،زوو هه‌ڵئه‌چین،،،توڕه‌ نا له‌سه‌ر شتی جه‌وهه‌ری ،تۆڕه‌ نا له‌سه‌ مافی خه‌ڵکو کۆمه‌ڵگا.به‌ڵکو له‌سه‌ر ئه‌و شتانه‌ی که‌ په‌یوه‌ندی به‌ که‌سێتیمانه‌وه‌،به‌پیاوه‌تیمانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌و پیاوه‌تیه‌ی که‌ له‌شانوشکۆی سالاریمان،ئه‌وپیاوه‌تیه‌ی که‌ سمێڵ ئه‌که‌ین به‌ سیمبوڵ بۆی،کۆمه‌ڵێك نه‌ریتی ناوچه‌ییو دینی و حیزبی بۆ ماوه‌ته‌وه‌ که‌ زیانی به‌ داهاتو گه‌یاندوه‌،،له‌وانه‌یه‌ ئه‌و خووانه‌ له‌ ئێستادا،به‌رگێك بێت، له‌و ڕوشانی که‌سێتییه‌ که‌ خۆمانی پێبپارێزین، به‌ ڵام ئه‌و پاراستنه‌ جه‌وهه‌ری بابه‌ته‌که‌ نیه‌،یه‌كێك له‌ و شتانه‌ی که‌ ئێمه‌ی پێ گیرۆده‌ بووین،شکاندنی که‌سێتیه‌،یان به‌ واتایه‌کی تر به‌ هه‌ند وه‌ر نه‌گرتنی به‌رامبه‌ر،ئێمه‌ خۆمان له‌ خۆمان به‌ گه‌وره‌تر ئه‌زانین،کرێکار خۆی به‌ وه‌ستا پیشان ئه‌دا. سه‌رباز،به‌ ئه‌فسه‌ر،مامۆستا به‌ به‌ڕێوه‌به‌ر،به‌رێوه‌به‌ر به‌ پرۆفیسۆر،پرۆفسۆریش؟ ئه‌وه‌ ئه‌فلاتونو براده‌ره‌کانی به‌ قوتابی خۆی ئه‌زانێت.له‌ هه‌موی خرابتر ئه‌گه‌ر پێی بڵێیت تۆ ئه‌وه‌ نیت توڕه‌ ئه‌بێتو له‌وانیه‌ ئه‌گه‌ر نه‌ت کوژێت ئیتر قه‌ت قسه‌ت له‌گه‌ڵ نه‌کات(سه‌رده‌مانێك له‌ سلێمانی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌ یه‌کتر ئه‌وترا ئه‌وه‌ نیت،چه‌ند شه‌ر ڕویدا،تا ماوه‌یه‌ک بووبوو به‌ نوکته‌ مناڵێش به‌ یه‌کتری ئه‌وت ئه‌وه‌ نیت….ئه‌وه‌م و ئه‌ولاترێش)جا من ئه‌ڵێم ئه‌م شه‌ڕه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ی ناو یه‌کێتی له‌سه‌ (ئه‌وه‌ نیت)ه‌. برازای مام جه‌لال به‌ پێی ئه‌و نزیکیه‌ی له‌ مامه‌و ئه‌و سه‌روه‌تو سامانه‌ی له‌ به‌ر ده‌ستیایه‌تی، قسه‌کانی ماناکه‌ی ئه‌وه‌ نیت بوو بۆ کۆسره‌ت و هاوه‌ڵه‌کانی،،،، بزانه‌ چیان کرد؟…برازای مام جه‌لال،ده‌سه‌ڵات و ده‌سکه‌وت و مه‌کانه‌ی خۆی له‌ کاك کۆسره‌ت زیاتر پیشاندا،ئه‌مه‌ بوو به‌ سوکایه‌تی بۆیان. بوو به‌ جنێو،خۆیان پێنه‌گیرا،ته‌قانیانه‌وه‌ (ئه‌وه‌ینو ئه‌ولاتریش).
ئه‌گینا چه‌ند ساڵه‌ یه‌کێتی هه‌زار ده‌ردو هه‌زار کاری نه‌رێیی کردوه‌و چه‌نده‌ها شه‌رو ماڵ وێرانیو به‌ کوشت دانی هه‌زاران رۆڵه‌ی ئه‌و وڵاته‌، له‌سه‌رده‌می شاخه‌وه‌ تا راپه‌رێن و دوای راپه‌ڕینیش،،،که‌ له‌ ده‌می خۆیانه‌وه‌ یان له‌ یاداشته‌کانی خۆیاندا نوسیویانه‌،چی پاشا گه‌ردانییه‌ك بووه‌؟به‌فیرۆدانو به‌لاڕێدانی داخوازیه‌ ڕه‌واکانی کورد که‌ هه‌موو ئه‌زانین چیه‌،به‌تایبه‌تی دوای راپه‌ڕین،ئه‌و هه‌له‌ زێڕینه‌ی له‌به‌ر ده‌ستابوو بۆ دروست کردنی کوردوستانێك،نه‌ك ئه‌مه‌ نه‌کرا نه‌ك ئه‌و پارچه‌ دابڕاوانه‌ی کوردوستان،نه‌گه‌ڕایه‌وه‌،به‌ڵکو ئه‌وا خه‌ریکه‌به‌شه‌کانی تریش له‌ده‌ست ئه‌ده‌ن.
به‌فیرۆدانی سه‌روه‌تو سامانی ئه‌و وڵاته‌و ته‌خشان و په‌خشان وئاودیو کردنی هه‌رچی چه‌نده‌ها ساڵ بوو، رژێمه‌ دیکتاتۆره‌ مرۆڤ کوژه‌که‌ له‌ سه‌ر جه‌سته‌ی خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته‌ بنیادی نابوو.هه‌ر له‌ ته‌لی کاره‌بای عه‌موده‌کان تا دانی زێری مردوه‌کان،هه‌مووی ئاودیوی سنوره‌کان کراو به‌ نرخێکی که‌م فرۆشران و تاقمێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی وه‌ك قارچك،پێ هه‌ڵتۆقان. به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستان،به‌و پاره‌یه‌ که‌وتنه‌ کرینی زه‌وی وشوێنه‌ گشتییه‌کان و تاپۆکردنی له‌سه‌ر خۆیان و خزم و کوڕو کوڕه‌زاو دارو ده‌سته‌کانیان ،که‌له‌ پیاوانی ڕژێم وتاوانبارانی ئه‌نفال وهه‌ڵه‌بجه‌ ،درووست بوون. هاندانی دروست بونی بنه‌ماڵه‌یه‌کی تر، پر له‌ سه‌روه‌تو سامان،که‌ شانبدات له‌شانی بنه‌ماڵه‌که‌ی ترو شه‌ریك بن له‌ به‌رێوه‌ بردنی ئه‌و سه‌روه‌ته‌ی که‌ مڵکی هه‌مووانه‌.
ئایاکاك کۆسره‌ت و نه‌وشیران و ئه‌وانه‌ی له‌ یه‌کێتی جیا ئه‌بنه‌وه‌ تازه‌ ئه‌زانن یه‌کێتیه‌که‌یان قه‌یرانی هه‌یه‌و گه‌نده‌ڵی تێکه‌وتوه‌؟
زۆر له‌ مێژه‌ ئه‌زانن،چونکه‌ ئه‌مانه‌ دامه‌زرێنه‌ری ئه‌و حیزبه‌ن،واز هێنان و هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مانه‌ په‌یوه‌ندی به‌ قه‌یران و گه‌نده‌ڵیوه‌ نیه. ئه‌و قه‌یران و گه‌نده‌ڵیه‌ له‌مێژه‌ هه‌یه‌و ئه‌مانیش به‌شێك بوون  لێی .به‌ڵکو ئه‌و جنێوه‌ بوو که‌ برازای مام جه‌لال پێی دان…ئه‌مه‌ ده‌رده‌که‌یه‌ که‌ ئێمه‌ به‌ تاکو به‌ سه‌رکرده‌وه‌ گیرۆده‌ین.
یه‌کێتی به‌شدار بووه‌ له‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵیه‌ی که‌ شان به‌شان له‌ گه‌ڵ پارتی وه‌ك برا تا ئێستا به‌ شی ئه‌که‌ن.
ئه‌و کوردوستانه‌ی که‌ ئه‌نفالو هه‌ڵه‌بجه‌ی تیا قه‌وماو تائێستاش خه‌ڵکه‌که‌ی به‌ ده‌ست ئاسه‌واره‌کانیه‌وه‌ ئه‌ناڵێنن و له‌ سه‌ر حسابی ئه‌وان ملیونان دۆلار حه‌په‌لوش کرا.
 کاک کۆسره‌ت و هاوڕێکانی وازیان نه‌‌هێنا،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تاوانبارانو بکوژانی کورد له‌ جاشو به‌عسیه‌کان له‌ خه‌ڵکی کوردوستان ده‌سکه‌وتو جێگاو ڕێگایان  زیاتره‌.وازیان نه‌هێناوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی،بکوژی 5000 که‌سی هه‌ڵه‌بجه‌، له‌ لای ده‌سگای ئاسایشه‌که‌ی وه‌ك کاسپه‌ر دیواره‌کانی بریو بوو به‌ جنۆکه‌ سپیه‌که‌و له‌ به‌رچاو ونبوو،که‌سیشی له‌سه‌ر سزا نه‌درا.
ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌بوو ئه‌مانه‌ی به‌ وازهێنان بهێنایه ته‌سلیم کردنی فڕۆکه‌وان (تارق ره‌مه‌زان)که‌ به‌ مامه‌ڵه‌یه‌کی عه‌شایه‌ریو دوور له‌ هێچ یاسایه‌ك دیزه‌ به‌ ده‌رخۆنه‌ کرا،،،ئاخر ئه‌مه‌ له‌ هه‌ر وڵاتێکی دنیا ڕووی بدایه،سه‌رتاپای حیزبه‌که‌ ئه‌بوایه‌ ئیستیقاله‌یان بکردایه‌.که‌چی تا ئێستا کاك کۆسره‌ت و نه‌وشیروانی ریفۆرم خوازو دڵسۆزی ته‌پڵ لێده‌ره‌کانی ورته‌یه‌کیان له‌و باره‌وه‌ نه‌کردوه‌،،،به‌ڵام به‌رامبه‌ر به‌ قسه‌کانی برازای مام جه‌لال بزانه‌ چیان قه‌ومان؟،،،ئه‌مه‌یه‌ ئه‌و هۆیه‌ی که‌ من به‌ فاکته‌ری وازهێنانی ئه‌زانم ئه‌گه‌ر په‌شێمان نه‌ بنه‌وه‌(که‌ ئه‌شبنه‌وه‌).
ده‌سه‌لللاتداری ئێمه‌، له‌ به‌رده‌میا هه‌زاره‌ها بێسه‌رو شوێن بکرێ،ماڵوێران بکرێ،تاوان باره‌کانیشیان ته‌راتێنیان بێت،ئیستیقاله‌ ناکه‌ن و مێش میوانیان نابێت،،،،نه‌نکم ده‌ی وت(که‌وچکه‌ شۆرباکه‌ نه‌ بڕێ)شۆربا چه‌وره‌که‌یان له‌کێس خۆ ناده‌ن،به‌ڵام له‌سه‌ر جنێوێك دۆو دۆشاو تێکه‌ڵاو ئه‌که‌ن،،،شه‌ڕی ناوخۆی له‌سه‌ر ئه‌قه‌ومێنن.هه‌زار جنێو ئیهانه‌ی ده‌وڵتانی کوردو له‌که‌دارکردنی پیرۆزیه‌کانی،خه‌ڵکو  خاکو وڵاته‌که‌ی،،بۆردومانو هاتنه‌ ناو خاکی کورد له‌لایه‌ن دوڵه‌تانی دراوسێوه،مویه‌ك ناجوڵێنێ،،،،،،که‌چیییییی‌

جنێوێك ئیستیقاله ئه‌خولقێنیت،که‌وچکه‌ شۆربا ئه‌بڕێت و ماڵیش وێران ئه‌کات،نه‌ک چاکسازی ناو یه‌کێتی.
واز هێنانی کاك کۆسره‌ت و هه‌ڤاڵانی،هیچی ئه‌وانه‌ نییه‌ که‌ دڵسۆزان و خه‌مخۆران بیری لێئه‌که‌نه‌وه‌‌‌‌‌‌،به‌ڵکو ته‌نها (ئه‌وه‌ نیت،،،،ئه‌وه‌م و ئه‌ولاترێش).

*ئه‌وه‌ نیت له‌گه‌ل هه‌ندێ شتی تر که‌ شایه‌نی ئه‌وه‌ نیه‌ لێره‌ باسی که‌م ئه‌و وشانه‌یه‌ که‌ چه‌قۆ وه‌شێنه‌کان له‌ سڵێمانیدا دایان هێنابوو.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.