Skip to Content

Friday, December 13th, 2024
هوگۆ شاڤێز ئه‌مجاره‌ش ده‌نگی ڤه‌نزوه‌یلیه‌کانی به‌ده‌ست هێنایه‌وه‌

هوگۆ شاڤێز ئه‌مجاره‌ش ده‌نگی ڤه‌نزوه‌یلیه‌کانی به‌ده‌ست هێنایه‌وه‌

Closed
by February 19, 2009 تایبەت

تایبه‌ت به‌ ده‌نگه‌کان.
هوگۆ شاڤێز ئه‌مجاره‌ش ده‌نگی ڤه‌نزوه‌یلیه‌کانی به‌ده‌ست هێنایه‌وه‌ له‌ ریفراندۆمێک بۆ گۆرینی ده‌ستوری هه‌ڵبژاردنه‌کان.
ئاماده‌کردنی: رۆژ ئه‌حمه‌د

شه‌قامی ڤه‌نزوه‌یلی چه‌ند مانگێکه‌ بۆ جاری دووهه‌م له‌ که‌مپینێکی گشتی بۆ ریفراندۆمیکی سه‌رتاسه‌ری بۆته‌وه‌ به‌ دوو به‌ش . به‌شێکیان به‌ )به‌ڵی( بۆ گۆڕانی ده‌ستوری هه‌ڵبژاردنه‌کان و  نه‌مانی سنووری ساڵانه‌ له‌سه‌ر کاندیدی هه‌ڵبژاردنه‌کان، به‌شێکی تریاشیانن به‌ )نا( بۆ گۆرانی ده‌ستوری هه‌ڵبژاردنه‌کانی وڵات.
ڕێکه‌وتی 15.02.09 ،‌ که‌ رۆژی راگه‌یاندنی ئه‌نجامی ریفراندۆمه‌که‌ بوو، ده‌رکه‌وت که‌  سه‌رۆک هۆگۆ شاڤێز توانیویه‌تی وه‌ک سه‌رکه‌وتنه‌کانی پێشووی، ئه‌مجاره‌ش   ده‌نگی زۆرینه‌ی  ڤه‌نزوه‌یلیه‌کان به‌ رێژه‌ی  له‌ %58 به‌ ده‌ستبهێنێته‌وه‌،  بۆ نه‌مانی سنووری ساڵانه‌ له‌ سه‌ر کاندیدی پۆسته‌ میرییه‌کان  له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ، له‌ پۆستی سه‌رۆکی وڵاته‌وه‌ هه‌تاوه‌کو پاڵێوراوانی شاره‌وانیه‌کان.
هه‌رهه‌مان رێکه‌وت تۆڕی راگه‌یاندنه‌ جیهانیه‌کان رایانگه‌یاند که‌ له‌ ڤه‌نزوێلا ریفراندۆمێکی سه‌رتاسه‌ری که‌م وێنه‌، له‌‌ پرۆسه‌یه‌کی دیموکراتیکیانه‌ی که‌م وێنه له‌ کیشوه‌ری ئه‌مریکا به‌ڕێوه‌چووه‌ ، شاڤێز سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه‌ له‌ کاتێکدا له‌ %84 میدیای ڤه‌نزوه‌یلی دژی پارتی یه‌کێتی سۆسیالیست بوون (پارتی شاڤیز).
ده‌نگی زۆرینه‌ی خه‌ڵک  له‌م ریفراندۆمه‌دا که‌ سه‌رکه‌وتنی سه‌رۆک هۆگۆ شاڤێز بوو، ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت که‌ شاڤێز له‌ دوای کۆتایهاتنی  خولی سه‌رۆکایه‌تی له‌ ساڵی 2012 ، هه‌مدیسان ده‌توانێت خۆی  کاندید بکاته‌وه بۆ پۆستی سه‌رۆکایه‌تی ‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی نوێدا, ‌،ئه‌م بریاره‌ش له‌ هه‌مان کاتدا کاره‌ بۆ هه‌موو ئه‌و پۆستانه‌ی که‌ ئه‌ندامانی پار‌تی یه‌کێتی سۆسیالیستی به‌ده‌ستیانه‌وه‌یه‌ له‌ میریدا.
کۆمێنتاره‌کان پێیان وایه‌ که‌ ئه‌م ئه‌نجامه‌ رێگه‌ خۆشکه‌ره‌ بۆ پرۆژه‌ی به‌ سۆشیالیستکردنی وڵاتی ڤه‌نزوه‌یلا له‌لایه‌ن پارتی یه‌کیتی سۆسیالیست ، که‌ خودی  شاڤیز و  بیریانی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ناویان ناوه‌ سۆشیالیزمی سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌م و هه‌ر به‌و تێرمه‌ش له‌ نێو جیهاندا به‌تایبه‌تی له‌ نێو لاوه‌ چه‌پڕه‌وه‌کاندا هه‌نووکه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کرێت.
له‌ کاراکاسی پایته‌ختیش به‌ ملوینه‌ها له‌ ده‌نگده‌ران و هاوسۆزان و هاوپشتیوانانی شاڤێز که‌ زۆرینه‌یان کرێکراران و جوتیاران وبۆلیڤاره‌ هه‌ژاره‌کانن،  رژابوونه‌‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و سه‌رکه‌وتنی ئه‌و سه‌رکرده‌ کاریزماییه‌یان کرده‌ جه‌ژن ، ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌ی که‌ توانیویه‌تی له‌ ماوه‌ی خو‌لی سه‌رۆکایه‌تیدا  سیسته‌می خوێندن و په‌روه‌رده‌ له‌ گه‌ڵ سیسته‌می ته‌ندروستی به‌ بێ به‌رامبه‌ر بۆ تێکڕای ڤه‌نزوێلیه‌کان فه‌راهه‌م بکات، ئه‌مه‌ش سه‌رباری خوارده‌مه‌نی هه‌رزان و له‌ هه‌ندیک له‌ کۆمیۆنیتیه‌کانیشدا به‌ بێ به‌رامبه‌ره‌، له‌گه‌ڵ  پیاده‌رکردنی دیموکراتێکی راسته‌قینه‌ له‌ وڵاتددا که‌ توانیویه‌تی فراوانترین سنووری ئازادی راده‌ربرینی هه‌بێت له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندابه‌وه‌ی که‌ له‌ %84 ی میدیای ڤه‌نزوه‌یلی سه‌ر به‌ باڵی ڕاستن.
 په‌یامنێری رادیۆی په‌خشی جیهانی  ببسی له‌ ڤه‌نزوێلا به‌م شێوه‌یه‌  ئه‌و رۆژه‌ بۆ گوێگران ده‌گێرایه‌وه:‌ "شه‌قامه‌کان سوور ده‌چنه‌وه‌ ،  ئاڵای سوور و جل و به‌رگی سوور  و کلێته‌ی سه‌ربازی سوور له‌ هه‌موو شوێنێکدان و لێک جودا ناکرێنه‌وه‌"{1}
 به‌ چڕینی گۆرانی "گه‌ر گه‌ل یه‌ک بن هه‌رگیز شکست ناخۆن"  خه‌ڵکی به‌رێ ده‌که‌وتن به‌ره‌و پالاسی سه‌رۆکایه‌تی، له‌وێنده‌رێش شاڤێز ئاماده‌گی خۆی نیشانداو رایگه‌یاند :
"  ئه‌وه‌تا ئاشکرایه‌ که‌ سه‌رکه‌وتن بۆ گه‌له‌ ، سه‌رکه‌وتن بۆ شۆڕشه‌، ئه‌مرۆ یه‌که‌مین خاڵی ده‌ستپێکردنی شۆڕشی بۆلیڤاریه‌کان ده‌ستی پێکرد،  ڤه‌نزوه‌یلا ئه‌مرۆ نیشانی دا که‌ روناکی پێیه، روناکیه‌کی مرۆڤانه‌ی دیموکراسیخواز، روناکیه‌کی شۆڕشگێرانه‌ که‌ ئه‌مرۆ به‌ ده‌ستی کوڕان و کچانی سایمۆن بۆلیڤاره‌، به‌ڵام‌ نه‌ک به‌ته‌نها بۆ خۆی به‌ڵکو بۆ هه‌موو جیهان"{2}
پاشان شاڤێز نامه‌ی پیرۆزبای فیدێل کاسترۆی سه‌رۆکی پێشوی کوبای بۆ ئاپۆره‌ی هاوپشتیوانانی خوێنده‌وه‌  کا تیایدا فیدێل رایگه‌یاند بوو: " پیرۆزبای ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ له‌ خه‌ڵکی ڤه‌نزوه‌یلا ده‌که‌م، ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ هێنده‌ به‌رزنرخه‌ هه‌رگیز ناپێورێت" {3}
ئاپۆره‌ی  خه‌ڵکیش  پێکه‌وه‌ دروشمی ( بژی شاڤێز،  ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل ، به‌ ده‌ستی گه‌ل ، بۆ گه‌ل)یان له‌ دوای یه‌ک ده‌وته‌وه‌.
  ژولیۆ پاولۆ یه‌کێک له‌ ده‌نگده‌ران به‌ که‌ناڵی ئه‌ل – ژه‌زیره‌ ی راگه‌یاند " پێش هاتنه‌ سه‌ر کاری شاڤێز، ئێمه‌ ده‌نگمان نه‌بوو، دیموکراسی بۆ ئێمه‌ هیچ مانایه‌کی نه‌بوو به‌ڵام هه‌نووکه‌ ئێمه‌ خۆمان خاوه‌ن بریارین" {4}
 جێگای ئاماژه‌یه‌ که‌ پێش هاتنه‌ سه‌رکاری سه‌رۆک شاڤێز ، ته‌نها له‌ %25 ی دانیشتوانی ڤه‌نزوه‌یلا ده‌نگیان ده‌دا، وه‌لێ له‌ دوای هاتنه‌ سه‌رکاری شاڤێز له‌ ساڵی 1998 وه‌. له‌ %80 ڤه‌نزوێلیه‌کان ده‌نگ ده‌ده‌ن.

رۆژمێر ی سه‌رۆک هۆگؤ شاڤێز {5}
• له‌ به‌رواری 28.07.1954 له‌ سابانێتا له‌ ناوچه‌ی بارینا له‌ ڤه‌نزوێلا له‌ خێزانێکی ره‌سه‌ن(indigenous له‌ دایک بووه,  یه‌که‌مین سه‌رۆکی ئیندیگینوسه‌‌ هه‌تا ئێستا له‌ ڤه‌نزوێلا.

• له‌ ساڵی 1975 له‌ کۆلیژی سه‌ربازی ده‌رده‌چێت و ده‌بێت به‌ ئه‌فسه‌ری سه‌ربازی.
• له‌ ساڵی 1992 سه‌رکردایه‌تی کۆده‌تایه‌کی سه‌ربازی ده‌کات له‌گه‌ڵ چه‌ند ئه‌فسه‌ریکی تر دژ به‌ گه‌نده‌ڵی و ئوتوکراتیکی ده‌سه‌ڵات.

• له‌ ساڵی 1992 به‌ند ده‌کرێت

• له‌ساڵی 1994 به‌ لێخۆشبوون ئازاد ده‌کرێت ، هاوکات له‌گه‌ڵ ئازادکردنیدا،  بزووتنه‌وه‌ی کۆماری پێنجه‌مین راده‌گه‌یه‌نێت، که‌ پارتێکی چه‌پی سۆسیالیست بووه‌ و مژده‌ی گۆرانکاری شۆرشگێرانه‌ی رادیکاڵانه‌ی به‌ گه‌ل داوه‌. 

• له‌ ساڵی 1998 له‌ هه‌لبژاردنه‌کان بۆ پۆستی سه‌رۆکایه‌تی هه‌ڵده‌بژێردرێت.

• له‌ 2ی  فێبروه‌ری ساڵی 1999 ده‌ست به‌ کار ده‌کات وه‌ک سه‌رۆکی ڤه‌نزوێلا  و ده‌ست ده‌کات به‌ گۆڕینی یاسا کۆمه‌ڵایه‌تی و  ئابووری و سیاسیه‌کانی ڤه‌نزوه‌یلا.

• له‌  دوای هه‌راسانکردنی ده‌سه‌ڵات له‌و ماوه‌ کورته‌ له‌لایه‌ن راستره‌وه‌کان به‌ پشتیوانی ئه‌مریکا ، شاڤێز ناچار ده‌چێته‌ ریفراندۆمیکه‌وه‌ ، باڵام زۆرینه‌ی خه‌ڵکی ده‌نگده‌ده‌ن به‌ ده‌ستورێکی نوێ که‌ شاڤێز 6 ساڵی سه‌رۆکایه‌تی تیادا ته‌واو بکات.

• ساڵی2000،  ڤه‌نزوێلا ده‌چێته‌ قۆناغی خۆماڵی کردنی ئابووریه‌وه‌ و ، سیسته‌می خوێندن و په‌روه‌رده‌ و ته‌ندرسوسی به‌بێ‌ به‌رامبه‌ر بۆ ڤه‌نزوێلیه‌کان فه‌راهه‌م ده‌کات و رێژه‌ی ده‌نگده‌ران زیاد ده‌کات، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ ڤه‌نزوه‌یلا کز ده‌کات.

• له‌ ئاپریلی ساڵی  2002 کۆده‌تای سه‌ربازی به‌ پشتیوانی ئه‌مریکا و به‌ سه‌‌رۆکایه‌تی کۆمپانیا تایبه‌تیه‌کان  و خاوه‌ن بانکه‌کان جێی خۆی ده‌گرێت بۆ له‌ ناوبردنی ده‌سه‌ڵاتی شاڤێز که‌ دیموکراتیانه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌لبژێردراوه‌ ، به‌ڵام دوای چه‌ند رۆژێک له‌ شۆڕشێکی که‌م وێنه‌ی کرێکاران و جوتیاران و تێکڕای بۆلیڤاریه‌کان، ده‌سه‌ڵاتی عه‌سکه‌رتاریه‌ت ده‌روخێت و خه‌ڵکی شاڤێز دێننه‌وه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات.

• له‌ ساڵی 2003  دژی داگیرکردنی عێراق و ئه‌فگانیستان ده‌وه‌ستێته‌وه‌ و ده‌ڵیت "ئه‌مریکا به‌ تیرۆر شه‌ری تیرۆر ده‌کات" . 

• له‌ ساڵی 2004 ریفراندۆمێکی سه‌رتاسه‌ری ده‌باته‌وه‌ که‌ تیایدا خه‌ڵكی ده‌نگیاندا به‌وه‌ی که‌ ئایا شاڤێز خولی سه‌رۆکایه‌تی ته‌واو بکات.

• له‌ دیسه‌مبه‌ری ساڵی 2006  له‌لایه‌ن خه‌ڵکی ڤه‌نزوێلاوه‌ هه‌لده‌بژێردرێته‌وه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆکایه‌تی 6 ساڵی تری ڤه‌نزوه‌یلا، به‌ ڕێژه‌ی له‌ %68.

• دیسامبه‌ری ساڵی2007  له‌ ریفراندۆمێکدا شکست ده‌هێنێت که‌ تیایدا خه‌ڵکی ده‌نگیان دا به‌وه‌ی که‌  شاڤێز تا خانانشینی له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بێت.

• له‌ ساڵی 2008  بزوتنه‌وه‌ی کۆماری پێنجه‌مین (پارتی شاڤیز) پرۆپۆسه‌ڵی رێکخراوه‌ چه‌په‌کان قبوڵ ده‌کات و پێکه‌وه‌ پارتی یه‌کێتی سۆسیالیست پێکده‌هێنن.

• له‌   ساڵی 2009  ریفراندۆمی سه‌رتاسه‌ری ده‌باته‌وه‌ بۆ گۆرانی ده‌ستووری هه‌ڵبژارنده‌کان ، که‌ نه‌مانی سنووری ساڵانه‌یه‌ له‌ سه‌ر کاندیدی هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ ڤه‌نزوه‌یلا.

جێگای سه‌رنجدانه‌ که‌ سه‌رۆک هوگۆ  شاڤێز به‌رنامه‌یه‌کی ته‌له‌فزوینی و رادیۆیی هه‌یه‌ هه‌موو هه‌فته‌یه‌ک،  ‌ به‌ناوی ئالۆ پریسدێنتی (هه‌له‌و سه‌رۆک)، که‌ خۆی پیشکه‌شی ده‌کا و دیمانه ‌ و شرۆڤه‌ی کێشه‌ رامیاری و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگای ڤه‌نزوێلی تیادا ده‌کات له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ڤه‌نزوه‌یلا، هه‌ر له‌و به‌رنامه‌یه‌ش شاڤێز گۆرانی ده‌چڕێ و هه‌ندێک جاریش له‌ کۆتایدا سه‌ما ده‌کات !
کۆمێنتاره ‌رامیاریه‌کانی وه‌ک  نوام چامسکی و ئالان وودس،   پێیان وایه‌ که‌ شاڤێز نموونه‌ی سه‌رکرده‌ی راسته‌قینه‌ی خه‌ڵک و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه‌. 
  ‌
 تێبینی و سه‌رچاوه‌کان
بۆ نووسینی ئه‌م راپۆرته‌ که‌ڵکم له‌م سه‌رچاوانه‌ی خواره‌وه‌  وه‌رگرتووه‌.
1. په‌خشی جیهانی رادیۆی ببسی- هه‌واڵ کاتژمیر 10.00  شه‌و.
2. ده‌نگ و ره‌نگ-  هه‌واڵی جیهانی – رۆژنامه‌ی گاردیه‌ن (به‌ریتانیا)
3. هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو
4.  راپۆرتی په‌یامنێر  ماریانا سانتیز له‌ ڤه‌نزوه‌یلا – که‌ناڵی ئه‌لجه‌زیره‌ ئه‌نته‌رناشنال (زمانی ئینگلیزی)
5.  پرۆفایلی سه‌رۆک هوگؤ شاڤێز – ماڵپه‌ری ببیسی به‌شی جیهان.

 

Previous
Next