ڕه‌وشی عێراق له‌دووتوێی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا
ڕه‌وشی عێراق له‌دووتوێی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا *
ئیبراهیم مه‌لازاده
یه‌كێك له‌و دیاردانه‌ی كه له هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكاندا سه‌رنجی هه‌مووانی ڕ‌اكێشا، پاشه‌كشێی جیددی حیزبی ئیسلامی و هه‌ڵكشانی ووووو ڕه‌وته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و لایه‌نگرانی به‌هێزی ناوه‌ندێتی عێراق بوون، ئایا تۆ ئه‌و دیارده‌یه چۆن ده‌خوێنیته‌وه؟ ئایا ئه‌م دیارده‌یه چ هه‌ڵ و مه‌رجێكی نوێی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌هێنێته ئاراوه؟ ئایا كورد پێویسته به‌چ شێوازێك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه‌دا بكات؟
له‌پێشه‌وه‌دا ده‌بێت ئه‌وه بزانین كه هه‌ڵبژاردن له‌خودی خۆیدا ئامانج نیه، به‌ڵكو ئامرازێكه بۆ دابڕینی شه‌رعیه‌ت به‌سه‌ر ده‌سته‌ڵات و له‌ئاكامیشدا به‌هێزكردنی ئه‌و ده‌سته‌ڵاته. بۆیه قسه‌كردن له ئامرازه‌كانی گه‌یشتن به ده‌سته‌ڵات بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ خودی ده‌سته‌ڵات، نامانگه‌یه‌نێت به‌و ده‌ره‌نجامانه‌ی كه پێویستمانه بۆ تێگه‌یشتن له ده‌سته‌ڵات. ئه‌مه له‌لایێك، له‌لایێكی تره‌وه، ده‌بێت له‌و مهنتالیتێیهش تێبگه‌ین كه خودی ئه‌و ده‌سته‌ڵاته هه‌ڵی گرتووه، ئه‌و مهنتالیتێیه له‌كوێ هاتووه و چۆن گه‌شه‌ی كردووه؟
لێره‌دا بۆمان هه‌یه بپرسین بۆچی دوای زیاتر له پێنج ساڵ له‌ڕوخانی ده‌سته‌ڵاتێكی تاكڕه‌وی نادیموكراسی سه‌ركوتكه‌ر، ئاكامه‌كان به‌ره‌و خاڵه‌كانی سه‌ره‌تا ده‌گه‌ڕێنه‌وه؟ هۆكاره‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی بۆ ده‌سته‌ڵات و ناوه‌نده كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان چین؟ ئایا ده‌سته‌ڵاتی ئێستای به‌غداد ده‌یه‌وێت بگاته كوێ؟ ئایا دیموكراسیه‌ت گرێنتی ئه‌وه‌مان پێده‌به‌خشێت كه ڕووداوه‌كان به‌پێچه‌وانه‌ی خواستی گه‌لانی عێراق نه‌شكێنه‌وه؟ ئایا هه‌ڵبژاردن ئامرازێكی متمانه به‌خشه یاخود به‌پێچه‌وانه‌وه؟ ئه‌گه‌ر به پێچه‌وانه‌وه بێت بۆ؟
سه‌ره‌تا ئێمه له‌به‌رده‌م كێڵگه‌یه‌كی له‌ڕووی سیاسیه‌وه تا سه‌ر ئێسقان ئاڵۆزداین، ئه‌ویش عێراقه. عێراق مێژووێكی ئاڵوگۆڕ، شه‌ڕانگێز، توندڕه‌و، هه‌راسانكه‌ر، خاوه‌نی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال، خاوه‌نی زیاتر له‌یه‌ك ملیۆن سه‌رباز و له‌ماوه‌ی كه‌متر له 12 ساڵدا دوو شه‌ڕی كاولكه‌ر. له‌ڕووی فیكریشه‌وه زه‌مینه‌ی فیكری ناسیۆنالیزمی به‌عسی عه‌ره‌بی و نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و حیزبی ڕابه‌ر و هه‌تا دوایی.
عێراق ئه‌زموونێكی درێژی هه‌یه له به‌تاڵکردنه‌وه‌ی چه‌مكه ماناداره‌كان له ماناكانی و سه‌پاندنی ڕواڵه‌ت به‌سه‌ر ناوه‌رۆكدا. له‌عێراقدا گه‌وره‌ترین به‌زین، سه‌ركه‌وتنه. سۆشیالیزم، بردنی سه‌روماڵی خه‌ڵك و گلدانهوهیهتی بۆ سوپا و چه‌كی ئه‌تۆم و بۆمبی ناپاڵم و چه‌كی كیمیاوی و سارۆخهكانی حه‌سه‌ن و حوسه‌ین. ئازادییش، ته‌نها بۆ گه‌لی سه‌رده‌سته له‌چوارچێوه‌ی خواستی حیزبی ڕابه‌ردا. عه‌لمانیه‌تیش بڕه‌ودان بوو به تائیفه‌گه‌ری و ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی و توننهكردن و ناشیرینكردنی گه‌لانی ناعه‌ره‌ب، یا عه‌ره‌باندنیان.
له‌عێراقدا پانتاییێكی قهڵهبهڵغمان هه‌یه له نه‌ته‌وه و كه‌مینه‌ی ئاینی و تائیفی. به‌ڵام پێوه‌ره‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندی نێوان سه‌رده‌ست و ژێرده‌ست بووه، په‌یوه‌ندی هه‌یمه‌نه‌دار بووه به هه‌یمه‌نه له‌سه‌ركراو. پێكهاته‌ی مهنتالیتێی عه‌ره‌ب به شێوه‌یه‌كی گشتی و هی عێراقیه عه‌ره‌به‌كانیش به‌تایبه‌تی له‌و چه‌مكه‌وه خۆی ده‌بینێته‌وه، ئه‌ویش چه‌مكی هه‌یمه‌نه‌یه، هه‌یمه‌نه‌ی گه‌لی سه‌رده‌ست، گه‌لێك سه‌رتاپا هه‌ڵگری باشترین ئاین، باشترین ئه‌قڵ، باشترین شارستانیه‌ت، ساڵحترین و میواندۆستترین و تۆلێرانسترین و زیره‌كترین و تا دوایی ترینهكان. به‌ڵام له‌سه‌ر زه‌وی واقیعدا و له‌ماوه‌ی ئه‌و هه‌شتاساڵه‌ی دواییدا هه‌موو ئه‌و داوایانه‌مان پێچه‌وانه بینیون، له‌پێشه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و چه‌مكانه‌ش هه‌ڵگری مهنتالیتێی نیفاق و فره‌ڕوویی بووه.
هه‌یمه‌نه ئه‌و كۆنسێپتهیه كه بۆ هه‌یمه‌نه‌داری گروپێكی كۆمه‌ڵایه‌تی یا سیاسی به‌سه‌ر گروپێكی تری هه‌یمه‌نه لهسهركراودا پێناسه ده‌كرێت. یه‌كێكیش له‌وانه گروپی ده‌سته‌ڵاتداره. جۆرێك له ته‌به‌عیه‌ت و شوێنكه‌وته‌یی گروپی هه‌یمه‌نه له‌سه‌ركراو به‌ده‌ست دێنێت، له‌ڕێگای ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی كه گروپی هه‌یمه‌نه‌دار ده‌یانگرێته به‌ر.
سیاسه‌تمه‌دار و فه‌یله‌سوفی ئیتالی ئه‌نتۆنیۆ گرامسكی، یه‌كێكه له ناودارترین ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به‌فراوانی باسی له چه‌مگی هه‌یمه‌نه (domination) كردووه. ئه‌و ده‌وڵه‌ت به تێكه‌ڵه‌یه‌كی تێكشكێنه‌ر و خۆسه‌پێنه‌ر وێنا ده‌كات، كه پێی وایه ده‌وڵه‌ت بریتییه له هه‌یمه‌نه‌كردن به‌سه‌ر ده‌سته‌ڵاتی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا، ئه‌مه‌ش خۆی له ڕازیبوونێكی فیكری و ئه‌خلاقیی گه‌لدا ده‌نوێنێت، له‌ڕێگای سه‌ركرده یا ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ی كه ده‌وڵه‌ت به‌كاری ده‌هێنێت، ئه‌ویش ده‌سته‌ڵاتی هه‌یمه‌نه‌یه. سه‌ره‌تا له‌ڕێگای هه‌یمه‌نه‌وه، هه‌یمه‌نه‌ی ناچاركردن و بێده‌نگكردن، نه‌ك به‌كارهێنانی هێزی سه‌ربازی. ئه‌مه‌ش زۆرجار به‌ناوی هه‌یمه‌نه‌ی ڕۆشنبیرییه‌وه ئاماژه‌ی پێده‌كرێت. چونكه ئه‌و ده‌وڵه‌ته برتییه له‌چه‌ند پێكهاته‌یه‌ك، یاخود باشتر بڵێین چه‌ند ئامرازێك به‌كار ده‌هێنێت بۆ گه‌یشتن به‌و هه‌یمه‌نه‌یه، له‌وانه‌ش ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن، پێكهاته ئاینیه‌كان، سیستمی خوێندن، ئامرازه‌كانی كات به‌سه‌ربردنی وه‌كو وه‌زرش و فیلم و مۆزیك و تادوایی.
دوای ڕوخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، هه‌موو گه‌لانی عێراق هه‌ناسه‌یه‌كی قوڵیان هه‌ڵكێشا به‌و هیوایه‌ی ئیتر پڕۆسه‌ی ئازادیی عێراق درێژببێته‌وه بۆ حاڵه‌تێكی هه‌میشه‌یی له ئازادی و دیموكراسی و یه‌كسانیدا. به‌ڵام ئه‌وه له‌بیركرا كه زیاتر له هه‌شتا ساڵه فیكری ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی له‌عێراق به‌سه‌ر عه‌قڵ و ده‌سته‌ڵات و كۆمه‌ڵگادا زاڵه. له‌سه‌رده‌می ده‌سته‌ڵاتی سه‌ددام حوسێن‌دا ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی ده‌گاته لوتكه‌ی هه‌یمه‌نه‌وه، ته‌نانه‌ت زۆرێك له‌و سه‌ركردانه‌ی ئۆپۆزسیۆنیش هه‌ڵقوڵاوی ههناوهكانی به‌عس بوون. دوای ڕوخانی ده‌سته‌ڵاتی به‌عس، ئیتر هه‌موو جومگه‌كانی ئه‌و وڵاته هه‌ڵده‌وه‌شێنرێن. ناسیۆنالیسته‌كان له ده‌رگاوه وه‌ده‌رنران، به‌ڵام له په‌نجه‌ره‌وه هاتنه‌وه ژووره‌وه. ئه‌و سوپا یه‌ك ملیۆنیه‌ی كه كوێتی داگیركرد و شاڵاوه‌كانی ئه‌نفالی ئه‌نجامدا، هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه، به‌ڵام دوای پێنج ساڵ له چوار وڵاتی گرنگی عه‌ره‌بی ئێستا نوسینگه ده‌كرێنه‌وه بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌یان بۆ سوپا، بێجگه له‌وه‌ی خودی ئه‌و سوپایه نوێیه‌ش هه‌ر زاده‌ی سوپایه‌كه‌ی دوێنێیه، هه‌ڵگری هه‌مان مهنتالیتێیه و عه‌ره‌بایه‌تی و ئیسلامه‌تی تائیفی بۆ ئه‌وان كۆتایی مێژووه. حیزبی ڕابه‌ری دیكتاتۆر كۆتایی پێهات، به‌ڵام ئێستا كه‌سێكی وه‌كو مالیكی پانایی و درێژایی عێراق ده‌پێوێت به‌ناوی یه‌كێتی خاكی عێراق و دژایه‌تی كردنی ته‌رۆر و به‌هێزكردنه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی ناوه‌ند.
مالیكی چ هونه‌ری خۆی بێت یا هی ئه‌و ڕاوێژكارانه‌ی كه لهدهردۆری ئه‌و بوون، زۆر ژیرانه توانیان واقیعی پێكهاته‌كانی عێراق بخوێننه‌وه. هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه، دروشمی حكومه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی و ئاشته‌وایی و سه‌پاندنی قانون و وه‌ده‌رنانی لهقانون لاده‌رانی هه‌ڵگرت. زۆر به‌زیره‌كانه له‌وپه‌ڕی خاڵی باشووره‌وه كه به‌سرایه و زۆرینه‌ی شیعه مه‌زهه‌ب و لهقانونلادهرانی شیعه‌بوون، ده‌ستی پێكرد. بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س نه‌ڵێت له‌خۆیه‌وه ده‌ست پێناكات. ئاخر دروشمی سه‌پاندنی قانون دروشمێكی زۆر لاستیكی و ناڕۆشنه، هه‌روه‌كو لهقانون لاده‌ریش ده‌كرێت تا ئه‌وپه‌ری خواسته‌كانی ههیمهنهدارێتی مالیكی درێژبێته‌وه. له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه‌ش په‌یتا په‌یتا په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێم به‌ره‌و لاوازی ده‌چوون، له‌ده‌ره‌نجامی هێرشكردنه سه‌ر كۆمه‌ڵێك ڕه‌فتاری سه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕێگای وه‌زیر و په‌رله‌مانتاره ناسیۆنالیسته عه‌ره‌به‌كانه‌وه، پاشان جێبه‌جێنه‌كردنی ڕێككه‌وتنه‌كان و ته‌نانه‌ت بڕگه‌كانی ده‌ستوریش، به‌مجۆره هه‌موو ئاماژه‌كانی ده‌ڵێن مالیكی به‌دوای هه‌یمه‌نه‌یه‌كی گشتگیر و سه‌رانسه‌ردا ده‌گه‌ڕێت له فاوه‌وه تا زاخۆ، بۆ هه‌مان ئامانجه‌كانی ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی به‌ڵام بهئامرازهكانی دیموكراسیه‌ت و له‌ژێر ڕواڵه‌تی تردا.
ئه‌گه‌ر عێراق به‌یه‌ك یه‌كه و یه‌ك مێژوو و یه‌ك پێكهاته‌ی خاوه‌ن یه‌ك چاره‌نوس و یه‌ك خواست و حه‌ز ته‌ماشابكه‌ین، مالیكی كارێكی زۆر دروست و ئازایانه ده‌كات. ئه‌مه‌ش له‌تێڕوانینی ناسیۆنالیزمی ههیمهنهخوازی عه‌ره‌بیدا ڕێك ئه‌و پلانه‌یه كه خۆیان ده‌یانه‌وێت. بۆیه ئه‌گه‌ر تێبینی بكه‌ین ئاوازی هه‌موو ناسیۆنالیسته عه‌ره‌به‌كان له‌به‌رامبه‌ر مالیكی‌دا له‌نێوان شاگه‌شكه‌بوون و وریابووندا بوو، به‌تایبه‌تیش عه‌ره‌به سوننیه‌كان. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی ده‌ره‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كان، كه‌سێكی ناسیۆنالیستی به‌عسی وه‌كو وه‌فیق سامه‌ڕائی ده‌ڵێت (عێراق ڕاپه‌ڕی). له‌وتارێكیدا كه له ڕۆژنامه‌ی (الشرق الاوسط، ژماره‌ی 11032)* ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی 10 ی فێبریوه‌ریدا بڵاوبووه‌وه، پێی وایه ترس له‌سه‌ر دابه‌شبوونی عێراق نه‌ما، دوای ئه‌وه‌ی عه‌ره‌به‌كان و هه‌ندێك له ڕۆڵه‌ی عه‌شیره‌ته كوردیه‌كان له لیستێكی هاوپه‌یمانی نیشتمانیدا له موسل (كه لیستی حه‌دبایه) هاوكێشه‌كانیان گه‌ڕاندنه‌وه واقیعی بنه‌ڕه‌تی خۆی، له به‌رامبه‌ر ده‌ستدرێژیه‌كانی هه‌وادارانی پارچه‌كردنی عێراقدا. هه‌روه‌ها سه‌ركه‌وتنه بێوێنه‌كه‌ی لیستی ده‌وڵه‌تی قانونی مالیكیش له‌باشوور، وه‌كو ڕاپه‌ڕینێكی مه‌ردانه‌ی شیعه‌كان وێنا ده‌كات له‌دژی هه‌یمه‌نه‌ی ئێرانخوازی و دابهشخوازی عێراقدا كه مه‌به‌ستی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامییه.
پاشه‌كشێكردنی حیزبی ئیسلامی له‌دووتوێی قبوڵكردنی هه‌یمه‌نه‌ی ده‌سته‌ڵاتی شیعه له‌لایه‌ك و ههڕهسهێنانی له زۆربه‌ی ئه‌و یاریانه‌ی كه ده‌یكردن له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاتدا، له‌ئاكامیشدا به‌دروستی نه‌خوێندنه‌وه‌ی واقیعی عه‌ره‌به سوننیه‌كان، وای لێ‌كرد پاشه‌كشێ بكات. هه‌روه‌ها خۆكۆكردنه‌وه و ده‌ركه‌وتنێكی به‌هێزی هه‌میشه‌یی ناسیۆنالیسته‌كانی عه‌ره‌ب و هه‌واداره سهنترالخوازهكانی عێراق هۆكارێكی تربوو له لاوازبوون و پاشه‌كشێی حیزبی ئیسلامی. تا ئه‌مڕۆش خواستی عه‌ره‌بی سوننه خۆی له ههیمهنهخوازیدا ده‌بینێته‌وه، ئامرازه‌كانی ئه‌و ههیمهنهخوازیه لای حیزبی ئیسلامی جیاوازن له‌گه‌ڵ ئه‌و ئامرازانه‌ی كه سهنتراڵخوازهكان و ناسیۆنالیسته‌كان ده‌یانه‌وێت ، وێڕای ئه‌وه‌ش حیزبی ئیسلامی چوه شێوه‌یه‌ك له هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ كورد، شه‌رعیه‌تدان به حكومه‌تی مالیكی و شكستهێنانی له كێشانه‌وه‌ی وه‌زیره‌كان و پاشان گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌هه‌مان نرخی پێشوو، ئینجا گه‌مه‌ی لادانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان به فشارێكی ئاشكرای لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان و به‌حه‌ز و تێوه‌گلانی ئاشكرای حیزبی ئیسلامی، هۆكاری سه‌ره‌كی بوون له ساردبوونه‌وه و توشی دڵهڕاوكێیبوونی عه‌ره‌به سوننیه‌كان له‌به‌رامبه‌ر حیزبی ئیسلامی‌دا.
له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و ئاڵۆزیهشدا، كورد له‌نێوان ترس و خواسته‌كانیدا به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات؟ ئایا توانیویه‌تی یاریزانێكی كارا بێت له به‌رامبه‌ر ئه‌و ههیمهنهخوازیه و زۆرجارانیش شۆفینیهی عه‌ره‌بدا؟ به‌ر له‌وه‌ی بڵێین كورد چی بكات باشه ده‌بێ بڵێین تا ئێستا كورد چی كردووه؟ بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه دڵنیابین داخۆ له‌داهاتوودا چی پێده‌كرێت؟
دیاره كه هه‌ڵبژاردن یه‌كێكه له‌و ئامرازه باوه‌ڕپێكراوانه‌ی كه له سیستمی ئه‌مڕۆی دیموكراسیه‌تدا به كۆڵه‌گه‌ی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدا ده‌ژمێردرێت، به‌ڵام ناشبێت ئه‌وه‌ش له‌بیر بكرێت، كه چه‌ندین نموونه‌ی ستهماكار له‌مێژوودا هه‌ن و له‌ڕێی دیموكراسیه‌ته‌وه هه‌یمه‌نه‌یان كردووه، یه‌كێكیش له‌وانه بزووتنه‌وه‌ی نازیه‌كان و هاتنه‌سه‌ركاری هیتله‌ر بوو.
مالیكی له‌و كاته‌ی كه خاوه‌نی كه‌مینه‌یه‌كی بچكۆڵه‌ی ناوپه‌رله‌مان بوو و له حاڵه‌تی بوونێكی به‌هێزی كوتله‌كانی ناو په‌رله‌ماندا به‌تایبه‌تیش ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی و حیزبی ئیسلامی و هاوپه‌یمانی كوردستان و سه‌دریه‌كان و فه‌زیله‌دا، شه‌ڕی لهقانونلادهر و تهرۆریستهكانی ڕاگه‌یاند، توانی ته‌راتێن بكات و مل بۆ جێبه‌جێكردنی هیچ داخوازیێكی كورد كه‌چ نه‌كات، ده‌بێت له سه‌رده‌می دوای هه‌ڵبژاردنه‌كاندا كه جۆرێك له ڕاپرسی بۆ مالیكی به‌خۆوه بینی، ده‌بێت چۆن ڕه‌فتار بكات؟ هه‌موو ئاماژه‌كان ده‌ڵێن كه حه‌زی هه‌یمه‌نه لای مالیكی له قۆناغی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌هێزتر ده‌بێت.
دوای زه‌مه‌نێكی باش له هه‌یمه‌نه‌داری كورد له موسڵ و ژماره‌یه‌ك ناوچه‌ی دابڕاودا، كورد نه‌یتوانی كه‌مینه‌كانی له‌بنه‌ڕه‌تدا كورد به‌لای خۆیاندا ڕاكێشن، چ جاری زۆرینه‌ی عه‌ره‌ب و كه‌مینه‌كانی تر!. ڕۆیشتنی به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ ناو ئێزیدی و شه‌به‌كه‌كان له كاتی به‌سه‌رچوودا بوو. ئه‌م دۆڕانه‌ی كورد له‌ناو شه‌به‌ك و له‌هه‌ندێك شوێنی تردا، به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ناسازی سیاسه‌تی كورد و كاریگه‌ری هه‌یمه‌نه‌داری ده‌سته‌ڵاتی عه‌ره‌بی، به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر سه‌رلێشێوانی ده‌سته‌ڵاتی كوردی له ناوچه دابڕاوه‌كاندا. ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌ش ئاماژه‌یه‌كی ترسناك و حه‌تمین له هه‌ڵبژاردنه‌كانی كه‌ركوك و له‌یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان.
دۆسیه‌ی ئه‌ركه‌كانی ده‌سته‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان له‌داهاتوودا قورسترین و ترسناكترین دۆسیهدهبن، وێڕای ئه‌وه‌ی كه هه‌موو كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانیش ده‌بنه خاڵی ململانێی هه‌ردوو ده‌سته‌ڵاتی هه‌ڵبژێردراوی داهاتووی به‌غداد و هه‌ولێر. ئه‌ركه هه‌نووكه‌یی و بهتاڵوكهكانی كورد ڕێكخستنه‌وه‌ی یه‌كجاره‌كی ناوماڵی كورد و كۆتایی هێنانه به هه‌موو ده‌رهاوێشته‌كانی شه‌ڕی نه‌گبه‌تی ناوخۆ. ئاشتبوونه‌وه‌یه‌كی گشتی له‌كوردستان، به‌تایبه‌تیش له‌نێوان ده‌سته‌ڵات و جه‌ماوه‌ردا، ئه‌مه‌ش به دهسپێشخهریێكی بوێرانه‌ی ده‌سته‌ڵات ده‌بێت، به چه‌سپاندنی ڕاسته‌قینه‌ی چه‌مكی هاوڵاتیبوون، دادوه‌ری و یه‌كسانی له‌نێوان هاوڵاتیاندا، له‌یه‌كجیاكردنه‌وه‌ی ئاین و ده‌وڵه‌ت، حیزب و ده‌وڵه‌ت و پاشه‌كشێكردنیان بۆ شوێنی شیاوی خۆیان. نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و ده‌سته‌به‌ركردنی زیاتری خزمه‌تگوزاریه‌كان و ئاسانكاری زیاتر بۆ هاوڵاتیان. به‌وجۆره ده‌سته‌ڵاتی هه‌رێم ده‌توانێت شه‌ڕی هه‌یمه‌نه‌ی بێگانه بكات له كوردستان، دیموكراسیه‌ت مانادار ده‌بێت و سه‌رنجی دونیا به‌ره‌و لای خۆی ڕاده‌كێشێت، دۆسیه‌ی ناوچه دابڕاوه‌كان به‌ره‌وپێش ده‌ڕوات. هاوڵاتیان به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه خۆیان ده‌كه‌نه خاوه‌نی كێشه‌كانیان.
*http://www.asharqalawsat.com/leader.asp?section=3&article=506551&issueno=11032
* له ژماره‌ی (4796) ی 13 ی فێبریوه‌ری كوردستانی نوێ‌دا بڵاوبۆته‌وه