شاژنی بێ‌تاجی شاره‌زوور
شاژنی بێ‌تاجی شاره‌زوور
1859/1924
درامای ماڵی خانم
شنه پێنجوێنی
rbahir@hotmail.comدرامای ماڵی خانم له نوسینی پشتیوان گوڵپیه و به سینارێۆ کردن و ده‌رهێنانی سالار سوڵتان و به‌رهه‌می ته‌له‌فزێۆنی کوردساته .
ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌م درامایه لهچمکی بابه‌تیه‌وه بگرین ئه‌توانین بڵێین ههنگاوێکی راستی ئه‌وتۆیه له‌روانگه‌ی به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی لایه‌نێکی مێژوویی دیاری نه‌ته‌وه‌که‌مان و ناساندن و ئاشکراکردنیه‌تی به‌نه‌وه‌کانی ئه‌مڕۆ و داهاتوو ،هه‌روه‌ها ورووژاندنێکی هزرئامێزه بۆ گه‌ڕان به‌شوێن نوسراو‌و به‌ڵگه مێژوویه‌کان ولایه‌نه به‌هاداره‌کانی نه‌ته‌وه و داگرتنیان له‌سه‌ر ره‌فه په‌راوێزخراوه‌کان .
دیسان هه‌وڵدانێکه بۆسه‌رله‌نوێ به ئاشنابوون به‌کلتوور ی ده‌وڵه‌مه‌ندو پڕبه‌های نه‌ته‌وه که‌مان ،
هه‌ڵبه‌ته مێژوو وکلتوور به‌شێکن له‌ناسنامه‌ی میلله‌تان .هه‌رچه‌نده کاتی خۆیه‌تی به‌ڕاشکاوی گله‌یی ئاراسته‌ی خۆمان بکه‌ین کهنهمانتوانیوه به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌وتۆ
زۆر لایه‌نی گرانبه‌های کلتووره‌که‌مان له نه‌مان و بیرچوونه‌وه بپارێزین و په‌ره‌ی پێبده‌ین، ئه‌ویش به‌ڕای من ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌بوونی دوو هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌وتۆ که‌بوونه‌ته رێگر ..
یه‌که‌میان … نه‌بوونی ده‌سه‌ڵات له‌مێژووماندا و بهگومانبوونمان له‌ئێستاشدا به‌هه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتێکی کاریگه‌ر که ئه‌رکی چه‌سپاندنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه بگرێته ئه‌ستۆ تا له‌سایه‌یدا کلتوور بێته گه‌شه‌کردن،
ئه‌و گومانه‌ش زاده‌ی کاته ناله‌باره پرئازارهکانی نه‌ته‌وه بووه له سه‌ده‌ی رابوردودا.دووه‌میان… نزمی هۆشیاری میلله‌ته‌که‌مان وای کردوه وه‌کو پێویست نه‌توانراوه سوود له ڕابوردوو وه‌ربگیرێ و به شێوه‌یه‌کی سه‌رده‌میانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵبکرێت ، بگره ئه‌م هۆکاره بووته هۆی شێواندن و
نه‌مانی زۆرلایه‌نی به‌هادار.
هه‌روه‌ك چۆن ده‌یبینین له درامای ماڵی خانمدا به رجه‌سته نه‌کردنی ماڵێکی به‌گزاده‌و به‌ده‌سه‌ڵات ده‌بێته که‌لێنێکی گه‌وره‌و ئه‌و هێزو پێزه نادا به دراماکه و مرۆڤ ده‌که‌ویته گومانه‌وه ئایا ده‌سه‌ڵاتی عادیله خانم له مێژوودا به‌و شێوه‌یه بووه؟ بێگوومان ئه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌کانی مێژووی ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ی خوێندبێته‌وه به‌ڕاشکاویه‌وه ده‌ڵێ نه‌خێر، عادیله خانم یه‌کێك بووه له‌و ئافرته کوردانه‌ی که مێژوویه‌کی پڕ شانازی و شکۆداری بۆ خۆی تۆمار کردوه له‌و سه‌رده‌مه‌دا و گرنگیه‌کی به‌رچاوی هه‌بوه له‌ژیانی سیاسی ئه‌و کاته . رۆڵێکی زۆر باشی هه‌بووه له ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ههڵهبجهوپۆستی قائیمقامی ئه‌وشاره‌ی به‌ده‌سته‌وه بووه و چه‌ندین دوکان وبازاڕوکۆشك وحهمامی دروستکردوه و رێگای بازرگانی خۆش کردوه و دادگای هه‌ڵه‌بجه‌ی دامهزراندوهو خۆشی سه‌رۆکی دادگاکه بووه . له‌به‌ر په‌رژه‌وه‌ندی دانیشتوانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی توانیویه‌تی ژیرانه و لێهاتوانه مامه‌ڵه‌یه‌کی وریا له‌گه‌ل ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وسای ئینگلیزه‌کان بکا و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م لێهاتویهشی بووه نازناوی (به‌هاده‌ر)ی هیندیان پێبه‌خشیوه که به‌مانای خانم دێ .
هه‌روه‌ها ئێنگلیزه‌کان به شاژنی بێ‌تاجی شاره‌زوریان ناوزه‌دکردوه،
(The uncrowned Queen of shahrizur)
رێزێکی زۆریان لێگرتوه‌و پایه‌ی خانمێکی قاره‌مانیان داوه‌تێ . زۆرێك له نووسه‌ره رۆژئاواییه کان له‌سه‌رچاوه‌ی نوسین و پهرتوکهکانیاندا ئاماژه‌یان به ڕۆڵی عادیله خانم داوه له وانه ..
ناسراو به غولام حوسێن واته مێجه‌رسۆن.زۆر به به‌رفراوانی له کتێبه‌که‌یدا باسی(Ely soane(
لێهاتووی ئه‌م ئافره‌ته ده‌کا ، بێگومان رۆژنامه‌وانه ئامریکیهکانیش باسی لێهاتووی ئه‌م خانمه ده‌که‌ن. ئه‌دمۆنس ده‌ڵێ ژه‌نه‌راڵ فریزه‌ر ویستویه‌تی بیکا به (کۆماندان) به‌ڵام عادیله خانم رازی نه‌بووه . من لێره‌دا به راشکاوی چه‌ند پرسیارێك ده‌ورووژێنم و دێمه ئاخاوتن.ئایا پشتیوان گۆڵپی و سالار سوڵتان و ستافه‌که‌ی توانیویانه ئه‌م مێژووه وه‌کو خۆی تۆماربکه‌ن و ئامانجی خۆیان بپێکن؟به بۆچوونی من نهخێربگره غه‌درێکی زۆر گه‌وره‌شیان کردوه به‌رامبه‌ر به‌م مێژووه نزیکه ، کاتێ جه‌خت له‌سه‌ر بابه‌تیکی مێژووی ده‌کرێ ده‌بێ راستگۆیانه هه‌موو لایه‌نه باش و خراپه‌کانی وه‌کو خۆی بخرێته روو نه‌ك به شیوه‌یه‌کی ده‌ستتێوه‌ردان ورتووشیکی بێ‌مانا، وابزانرێ جوانی له‌وه‌دایه ده‌بێ ته‌نها شته ئه‌رێنیه‌کان نیشانبدرێ ونهرێنیهکان وهلابخرێ ، ئه‌و کات هه‌ر کارێک به‌م ده‌سته‌واژه‌یه مامه‌ڵه‌ی لهتهکبکرێ دوور ده‌بیت له راستی و متمانه‌ی خۆی ده‌دۆڕێنێ وبروای پێ ناکرێ، کاری سه‌رکه‌وتوو ده‌بێ تام و بۆن و به‌رامه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی پێ ببه‌خشرێ که‌لێوه‌ی سه‌ری هه‌ڵداوه ، هه‌ر له‌شوێن و ده‌سه‌ڵات و زمان وجل وبه‌رگ وهه‌موو وورده‌کاریه‌کانی تر که ئه‌مه سه‌لیقه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی باشی ده‌وێ.
وردبینیی مه‌رجی سه‌رکه‌وتنی کاری هونه‌ریه ،گۆرینی به‌سه‌ر هات و رووداوه‌کان به‌و ئامڕازه‌ی
له‌ته‌ک بۆچوونی نووسه‌ردا بگونجێ ده‌سکاریکردنی نابه‌جێی مێژووه ، جێی ی داخه پشتیوان گوڵپی سالارسوڵتان وردبین نه‌بوون له‌م مێژووه‌دا ، وه‌ک چۆن له‌م درامایه‌دا باسی ئه‌وه ده‌کا که گوایه عادیله خانم هه‌واڵی مه‌لیک مه‌حمود ده‌پرسێ له کاتێکدانووسهرانی ئه‌م مێژووه ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن که ئه‌م دوانه زۆر ناکۆک بوون ، هۆکاره‌که‌شی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که عادیله خانم لهبهرپهرژهوهندی دانیشتوانی ژێرده‌سه‌ڵاتی ، پاڵپشتی ئینگلیزه‌کانی گرتووه تاگه‌یشتۆته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی مه‌لیك مه‌حمود به بارمته ئه‌حمه‌د به‌گی کوڕی له قه‌ڵای جاسه‌نه گرتووه ، تابه هۆی خه‌ڵکی سورداشه‌وه هه‌ڵدێ و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ڵه‌بجه .
ده‌سه‌ڵاتی هۆزی جاف وه‌ك له مێژوودا باس ده‌کرێ به‌سه‌دان ئه‌سپ سوارو تفه‌نگ به‌ده‌ست وخه‌ڵکی کارامه‌یان له گه‌ڵدا بووه هه‌روه‌ها جوانی ماڵی عادیله خانم و ئه‌و کۆشکه به‌رفراوانه‌و که له‌هه‌ر چوار لاوه ده‌رگای هه‌بووه‌و به‌دارو دره‌خت رازاوه‌ته‌وه ، خانم و پاشا ژووری شوشه به‌ندیان هه‌بووه که له‌و سه‌رده‌مه‌دا بووه‌ته جێی ی تێرامانی میوانه بیانییه‌کان به شێوه‌یه‌کی ئه‌ندازیاری و ته‌رزێكی جوان دروست کراوه ، ئا یا ئه‌مانه تا چه‌ند له‌م درامایه به‌رجه‌سته کراون ؟ من ئه‌م پرسیاره ده‌گه‌ڕێنمه‌وه بۆ خوێنه‌ر .
ده‌شێ بلێم تا ڕاده‌یه‌ك برای ده‌رهێنه‌ر سه‌رکه‌وتو بووه له هه‌ڵبژاردنی جل وبه‌رگی ژن وپیاواندا به‌ڵام له‌هه‌لبژاردنی جلی کچه‌کانی سه‌ر کانیه‌که سه‌رکه‌وتوو نه‌بوه چونکه ستایڵی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یان پێوه‌دیاره نه‌ك ساڵێ 1900 .
هه‌ڵه‌ی ئه‌م درامایه له ده‌ست نیشانکردنی جێگه‌وه ده‌ستپێده‌کا ،به‌ر ته‌سکی شوێنه‌که لێهاتوویی ده‌سه‌ڵاتێ بزر کردوه‌و هه‌ر ئه‌م هۆیه‌شه بووه‌ته رێگر له‌به‌رده‌م کامێرا که له خواره‌وه‌ی ژووره‌که‌دا دانراوه به بێ جوڵه که نه‌توانراوه له ڕێی شارێو و کرێنه‌وه کۆمه‌ڵێ گرته‌ی تازه تۆمار بکرێ که شایه‌نی تێڕامانی
بینه‌ربێ .
رووی وته‌م ده‌که‌مه بینه‌ر و ده‌پرسم ئایا ده‌سه‌ڵاتی هۆزی جاف ته‌نها به چوارکهسهوه خۆیگرته‌وه که له‌شایی ژنهێنانی وه‌سمان پاشای جاف‌دا ئاماده‌بوون ؟ ، به پێچه‌وانه‌وه ده‌بوو یه‌کێك بوایه له هه‌ره دیمه‌نه قه‌شه‌نگه‌کانی ئه‌م درامایه چونکه ده‌توانرا هێزو ده‌سه‌ڵات وپانتایی هۆزی جاف له‌لایه‌ك نیشان بدرێ ولاکهی تریش تابلۆیه‌کی جوان له ئه‌سپسواریی و هه‌لپه‌ركێ به جل وبه‌رگی ره‌نگاو ره‌نگه‌وه تۆمار بکرێ که یه‌کێک بووه له سیما هه‌ره‌جوانه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه و وه بیر هێنانه‌وه‌و ناساندی موزیکی ره‌سه‌نی کوردی و کۆمه‌ڵێ جوڵه‌ی ئه‌وتۆ که بینه‌ری بهه‌ژاندایه .راوکردن له‌و سه‌رده‌مانه‌دا یه‌کێک بووه له‌هه‌ره پاڵه‌وانێتیه گه‌ورانه‌ی که ده‌سه‌ڵاتداران زێده چێژیان لێبینیوه و کاتیان پێبه‌سه‌ر بردوه هه‌ر بۆیه به ده‌یان ئه‌سپ سوارو به ده‌یان تانجی و که‌ل وپه‌لی راویان له‌گه‌ڵ خۆیان بردوه‌و رۆژه‌که‌یان به گاڵته و پێکه‌نین و گێڕانه‌وه‌ی ڕاوکردنه‌که بردۆته سه‌ر که ده‌کرا ئه‌م دیمه‌نه‌ش یه‌کێ بوایه له دیمه‌نه سه‌رنج راکێشه‌کانی دراماکه .
که میجه‌رسۆن ده‌رده‌کرێ هه‌رچه‌نده له مێژوودا وا نییه به‌هه‌رحاڵ کاتێ هه‌ڵه‌بجه جێده‌هێڵێ ده‌بوایه کامێرا به هۆی شارێو وکرێنهوه گرته‌یه‌کی نه‌بینراوی شاخه‌کانی هه‌ورامان و شنروێی نیشان بدایه نه‌ک ده‌شتێکی کاکی به کاکی .ده‌رهێنه‌ری درامای ماڵی خانم نه‌یتوانیوه کاره‌کته‌ره‌کان به شێوه‌یه‌کی دروست ده‌ستنیشان بکا و باری که‌سێتیه‌کان چییه‌و وزه‌مه‌ن رۆیشتن و جۆری دیالێکت و ڕه‌چاوی کۆمه‌ڵێ ورده‌کاری تر بکا هه‌ر له ده‌ستپێکی دراماکه‌وه کاره‌کته‌ری (عومه‌ر دڵپاك) که (میر عه‌لی)یه وه‌ك حیکایه‌تخوان هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌خۆی نیشان ده‌دا ، رۆژێك له رۆژان عومه‌ر دڵپاك له‌نێو به‌سه‌رهاته‌کاندا نه به گه‌نجی نه به پیری نه‌بینرا ،ئه‌ڵێ ئه‌مانه‌م هه‌مووی به‌ده‌ست وخه‌تی خۆم نوسیوه‌ته‌وه‌و هێشتا چاپم نه‌کردوون ،زه‌مه‌نی حیکایه‌ت خوان زۆرجیاوازی هه‌یه له‌گه‌ڵ زه‌مه‌نی دراماکه وا ده‌رده‌که‌وێ ساتی هه‌فتاکان بێت که ده‌بوو له‌و زه‌مه‌نه‌دا خۆی نه‌مابێ.
دیالێکتی حیکایه‌تخوان، سلێمانی ئێستایه که ده‌بوو به هه‌ڵه‌بجه‌ییانه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه بپهیفێ، ده‌توانرا ئه‌و که‌سه‌ی رۆڵێ میر عه‌لی وه‌رگرتووه له دراماکه‌دا هه‌ر خۆی بوایه به پیری وهه‌ر ئه‌ویش حیکایه‌ت خوان بوایه تا سه‌ری له بینه‌ر نهشێواندایه .کاره‌کته‌ری وه‌سمان پاشای جاف له‌م درامایه‌دا بزر بوو به بێ هیچ پێش وپاشبینیهك ده‌رنه‌که‌وت چۆن رۆیشت و ونبوو ؟ نه‌زانرا..، ئه‌مه‌ش که‌لێنێکی گه‌وره‌ی تره له‌م درامایه‌دا .
شاووڵی زه‌رنگه‌ر که جووله‌که بووه به‌ناوه‌که‌یدا دیاره ، کابرایه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند بووه وه‌کو له مێژووشدا ئاماژه‌ی پێ دراوه ، بێگومان له‌م درامایه‌دا وه‌ك کابرایه‌کی که‌م ده‌سه‌ڵات و فه‌قیر هاته به‌ر دیدی بینه‌ر. ره‌چاو نه‌کردنی دیالێکتی شاووڵ و کچه‌که‌ی که به شێوه‌ی سلێمانی ئێستا دهپهیڤان لهنگیهکی تری به‌خشی بهدراماکه کاتێ ئه‌وان خۆیان هه‌ڵه‌بجه‌یی بوون .عادیله‌خانم که دایکی تاهیر به‌گی جاف بوو له‌یه‌ک ته‌مه‌ندا بوو له‌گه‌ڵ کوره‌که‌ی به مه‌رجێ دایکی به 36 ساڵی شووی کردوه ئه‌مه ده‌ستنیشان کردنێکی هه‌ڵه‌یه له‌ده‌رکه‌وتنی کارێکتهرهکاندا ،ده‌بوایه کاری
میکیاژ ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی راستبکردایهتهوه .عادیله خانم ئافره‌تێکی به‌ته‌مه‌ن و جۆره هه‌یبه‌تێکی خۆی هه‌بووه له ساڵانی ده‌سه‌ڵاتیا ، خوێنه‌ری ئه‌م بابه‌ته ده‌توانێ بگه‌ڕێته‌وه بۆ وێنه‌کانی ئه‌م ژنه که تا ئێستاش له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌کانی مێژوو دیارن ،
برای دهرهێنهرکچێکی گه‌نجی داناوه که نه‌یتوانیوه کاره‌کته‌ری خانم بگه‌یه‌نێ به بینه‌ر، ئه‌وه‌نده جگه‌ره خواردنه‌که‌ی به‌رجه‌سته کراوه نیو ئه‌وه‌نده کاره‌کته‌ره راسته‌قینه‌که‌ی نه‌خراوه‌ته روو .کاره‌کته‌ری(میرزا غولام حوسێن ) کابرا یه‌کی ئینگلیزبووه ، چه‌ند ساڵێک له بانکێك له تاران ئیشی کردوه ، هاتۆته ماڵێ عادیله خانم بۆ ئه‌وه‌ی زانیاری کۆبکاته‌وه ، ئه‌وه‌نده غه‌شیم نه‌بووه تا به‌و شیوه ئاشکرایه گوێ بۆ خانم ههلبخا کاتێ زمانی فارسی فێری ئه‌حمه‌د به‌گ ده‌کا ، تاوای لێ دێ به هه‌ڵه منداڵه‌که فێر بکا، هه‌ر بۆیه منداڵه‌که فۆنه‌تیکی وشه‌یه‌ک بۆ مامۆستاکه‌ی راستده‌کاته‌وه که ده‌بوایه به پێچه‌وانه‌وه بووایه .
ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی ماڵی پاشا نوسراوه و بیستراوه ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه دیوه‌خانیان هه‌رده‌م جمه‌ی هاتووه له‌پیاو ماقووڵ و لێزان و شاعیر و که‌سی ئازا‌و سوارچاک ، که‌چی له دوو تاسێ کزۆڵه پیاو و ده‌رگایه‌کی یه‌کلا کراوه‌ی به‌رده‌م چۆڵ زیاتر هیچیتر نه‌بینرا .مونتاژ به مانای ده‌رهێنانی دووه‌م دێ ، واته به یهکهوهلکاندن و رێکخستن و پاکژکردنه‌وه‌ی گرته ی زیاده‌و ده‌ستکاریکردنی ده‌نگ و ره‌نگ به پێی ی ویستراو ، کاکی مۆنتێر سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو له‌م
چه‌ند گرته‌یه‌ی لای خواره‌وه …کاتێ میرزا غولام له ماڵی عادیله خانم نامه‌یه‌ک ده‌نوسێ به مه‌ره‌که‌ب و قامیش پێش ئه‌وه‌ی نامه‌که وشکبێته‌وه یان فوویه‌کی لێ‌بکا یه‌کسه‌ر ده‌فته‌ره‌که به‌ته‌ڕی داده‌خا،کاکی مۆنتێر ده‌یتوانی پێش ئه‌وه‌ی ده‌فته‌ره‌که دابخا گرته‌که ببرێ تا تووشێ ئه‌و کێشه‌یه نه‌بیت ،
له دیمه‌نێکی تردا میجه‌رسۆن خه ریکی پاککردنه‌وه‌ی ژووری تاهێربهگه ، نازانێ به‌چیه‌وه خۆی خهریکبکا ، دیاره چاوه‌ڕێی تاهێربهگه تا پێی بڵێ ئا ئه‌و تاوڵه‌یه بێنه با یاریه‌ک بکه‌ین ، زۆر به
روونی هه‌ست به‌گرته‌ی زیاد ده‌کرێ ، ده‌توانرا یه‌که‌م ده‌سپێکی کامێرا له گه‌رمه‌ی یاریکردندا بێت و میجه‌رسۆن به‌ته‌واوه‌تی چووهبێته ناو یاریه‌که و خۆی له بیر بچێ و بگاته ئه‌وه‌ی بڵێ (نه‌و) واته (نا) به‌م شێوه‌یه ده‌رده‌که‌وێ که ئه‌مه کابرایه‌کی ئینگلیزه هه‌رچه‌نده مێژوو ده‌ڵێ له‌کاتی قسه‌کردندا بووه له‌گه‌ڵ تاهیر به‌گ ، لێیتێکچوه و که‌سیێتی ته‌واوی ئاشکرا بووه .
ته‌کنیکی ده‌نگ به‌راستی له ئاستێکی زۆر نزمدایه ، له گرته‌یه‌ك بۆ گرته‌یه‌کی تر جیاوازی هه‌یه که‌ده‌کرا له رێ ی مونتاژ و میکسه‌ری ده‌نگ ئه‌و کێشه‌یه چاره‌سه‌ر بکرایه.
دواوته‌م ئه‌وه‌یه ئه‌و کلتووره ده‌وڵه‌مه‌ندو گه‌وره‌یه ده‌بوایه ئاماده‌باشیه‌کی فراوان و ده‌وڵه‌مه‌ندی بۆ بکرایه و به‌وشێوه لاوازیه نه‌خرایه‌ته به‌ردیدی بینه‌ر ، کارکه‌رانی ئه‌م درامایه له‌وه ده‌چو په‌له‌ی ته‌واوبوون و په‌خشکردنیان بووبێ . هه‌رچه‌نده له‌هه‌ندێ میدیا وا په‌خشکرا که ئه‌مه چه‌ند زنجیرهیهکهو ئه‌وانیتری به‌شوێندا دێ ، به‌ڵام راستیه‌که‌ی هه‌ر به‌م چه‌ند خوله‌که‌بوو په‌رده دادرا بهسهریهکێک له ده‌وڵه‌مه‌ندترین مێژووی شارستانی نه‌ته‌وه‌که‌مان له ده‌ستپێکی ساڵه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م .
هیوادارم هه‌مووان به دڵێکی فراوانه‌وه ئه‌م گازندانه وه‌ربگرن . هه‌ڵبه‌ته خه‌می هه‌موولایه‌کمان یه‌که .