هۆرۆسكۆب ئه‌زموونێك به‌دوای جیاوازی ده‌گه‌ڕێت
هۆرۆسكۆب ئه‌زموونێك به‌دوای جیاوازی ده‌گه‌ڕێت
نیهاد جامی
هه‌وڵدان بۆ نمایش و پڕۆژه‌ی جیاواز ئه‌وه نیه له‌ئه‌زموونه نوێیه‌كانی گرووپی تر نزیك بكه‌وینه‌وه، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونگه‌ر بین وپرۆژه‌ی ئه‌لته‌رناتیڤ بنیات بنێین پێویستمان به‌وه‌یه هه‌وڵدانی جیاواز له‌و نێوه‌نده بێنینه دی، به‌داخه‌وه زۆربه‌ی هه‌وڵه‌كان له‌بزوتنه‌وه‌ی شانۆی كه‌ركوكدا هێنده‌ی ویستراوه كۆپی ئه‌زموونه‌كانی تیپی شانۆی ئه‌زموونگه‌ری بێت له‌ڕٍێگه‌ی په‌نابردنه به‌ر هاتنه ده‌ره‌وه له‌هۆڵ و كاركردن له‌ڕێگه‌ی بانتۆمایم به‌و ئومێده‌ی بیانكات به ئه‌زموونكار، بێ‌ئاگا له‌وه‌ی ئه‌وان جگه له لاسایكاریه‌ك له‌م كاره شتێكی‌تر ئه‌نجام ناده‌ن، ئه‌و شانۆكارانه ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ ببن به ئه‌زموونكار پێویستیان به‌وه‌یه ئه‌زموون وهه‌وڵه‌كانیان به‌ره‌نجامی بیركردنه‌وه‌ی عه‌قڵی خۆیان بێت، نه‌ك له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌زموونی گرووپیتر لاسایی بكه‌نه‌وه، دیاره له‌و بواره‌دا كاریگه‌ری شتێكی سرووشتیه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ناسرووشتی خۆی ده‌نوێنێ ئه‌و كاریگه‌ریه ڕێگه‌ی ئه‌وه‌مان نه‌دات جیاوازیه‌كانمان تۆخ بكه‌ینه‌وه نه‌ك لێكچوونه‌كان، له‌و نێوه‌نده‌دا چه‌ندین هه‌وڵی ئه‌زموونكاری دراوه كه ویستوویانه مۆركی خۆیان له‌و بزووتنه‌وه‌یه ده‌ربخه‌ن، ئه‌وانه‌ش (كورسیه‌كان) ی كۆسره‌ت عه‌بدولره‌حمان و (گۆرانی چایكا) ی فریاد ئه‌حمه‌د و () سیروان بێلانه، به‌ڵام ئه‌و ئه‌زموونانه هه‌رچه‌نده به‌نمایشێك ناتوانن خاسیه‌ته ناته‌باكانی خۆیان ده‌ربخه‌ن، به‌ڵكو پێویستیان به پڕۆژه‌ی شانۆیی درێژ هه‌یه، به‌تایبه‌ت هه‌وڵی كۆسره‌ت وفریاد له‌بواری ئه‌زموونی مۆنۆدرامادا كه توانیان تێگه‌یشتن له ئه‌زموونگه‌ری له‌و چه‌مكه ده‌ست نیشان كراوه ده‌رباز بكه‌ن، وه‌ك چۆن بۆ بێلانه ئه‌زموونه‌كه هێشتا پێویستی به قووڵ بوونه‌وه‌و تێڕامانی زیاتر هه‌یه تاوه‌كو بتوانێ به‌ره‌و ئه‌زموونی ئه‌لته‌رناتیڤ وجیاواز هه‌نگاو بنێت، ئه‌وه سه‌رباری هه‌ر تێگه‌یشتنێكی سه‌ره‌تایی بۆ ئه‌و سێ ئه‌زموونه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌توانێ بانگه‌شه بۆ پڕۆژه‌یه‌كی ئه‌زموونكاری جیاواز بكات، دوور له لاسایی كاری وقووڵ بوونه‌وه له‌ناو ئیشكردن به ئاقار‌و مانای تر، ئه‌وه نمایشی (هۆرۆسكۆب) ی كاردۆ- یه.
ئه‌م نمایشه له‌وه ده‌رده‌چێت هه‌ڵگری گوتارێكی ده‌ست نیشان كرا‌و بێت، چونكه له‌گه‌ڵ خۆیدا چه‌ندین پرسیاری جیاواز دێنێته كایه‌وه، ئه‌وه هه‌وڵێكه بۆ ئه‌زموونێكی ئه‌لته‌رناتیڤ، ئه‌زموونێك ده‌یه‌وێت له‌ئه‌زموونیتر نه‌چێت، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه له‌ڤۆڵده‌ری كاره‌كه‌ی بانگه‌وازێك بڵاو ده‌كاته‌وه، بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌زموونه‌كانی تیپی شانۆی ئه‌زموونگه‌ری كه‌ركوك، ئه‌و بانگه‌وازه بۆ ئێمه به‌هه‌ستكردن به به‌رپرسیاریه‌تیه‌كی ئه‌خلاقی ده‌زانین، به‌تایبه‌ت كه ئه‌و ئه‌زموونه له‌ئێمه نزیك نابێته‌وه هێنده‌ی به‌دوای پڕۆژه‌یه‌كی ئه‌لته‌رناتیڤ ده‌گه‌ڕێت، كه له‌و ووتاره‌دا ده‌مانه‌وێ له‌سه‌ری بووه‌ستین.
بینه‌ران پێڵاوه‌كانیان داده‌كه‌نن به‌ناو ده‌روازه‌یه‌ك ده‌چنه ژووره‌وه، ئه‌و چوونه ژووره‌وه‌یه سه‌ره‌تای ئێنتیماكردنی بینه‌ره بۆ ناو سرووتێكی تایبه‌تمه‌ند، ئه‌وه قووڵ بوونه‌وه بوو بۆناو ناخی مرۆڤ، بۆیه چوونه ژووره‌وه‌كه ده‌توانین به ئه‌ندامی سێكسی دایك ناوی به‌رین، كه ئه‌و هه‌موو ئۆدیب و ئه‌لیكترایه پێیدا چووینه ژووره‌وه، یاخود له‌ته‌ئویلێكیتردا ده‌توانین ناوی به‌رین به‌و ئه‌شكه‌وته تاریكه‌كه‌ی مرۆڤ كه نیتچه ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، كاتێ به‌چرایه‌كه‌وه به‌دوای یه‌زدان ده‌گه‌ڕێین، ئه‌وه سه‌ره‌تای به‌ریه‌كه‌وتنی ئه‌م نمایشه‌یه له‌گه‌ڵ پرسیاره‌كانی نیتچه.
نمایشه‌كه ئێمه له‌ناو مناڵدان داده‌نێت، یاخود ده‌مانخاته قووڵایی زه‌ویی تا بێهوده‌یی ژیانمان بۆ ده‌ربخات، شێوه دانیشتنی ئێمه و سرووتی شوێن له‌ڕێگه‌ی مۆم وبخور ڕیتوالێكی ئاینی بنیات ده‌نا، ئه‌وه گه‌مه‌كردنی بێهوده‌یی ژیان بوو له‌ناو میتافیزیكیا، پرسیار بوو له‌بیرۆكه‌ی چاوه‌ڕوانی، له‌داماڵینمان له‌هه‌ستی مرۆیی به‌ره‌و ئاژه‌ڵ بوون، لێره‌وه په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌كته‌ر وبینه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كی حه‌تمیه له‌سه‌ر پرسیار، بۆیه به‌ریه‌كه‌وتنی حه‌تمیه‌تی هه‌ردووكیان پرسیاری بێهوده‌یی ده‌گۆڕێت بۆ پرسیاری ئه‌نتۆلۆژی، ئه‌وه گه‌ڕانه‌وه بوو بۆ پرسیاره‌كه‌ی نیتچه كه ده‌پرسێت "ئایا چیدیی مانایه‌ك بۆ به‌رزو نزم ماوه؟ ئایا ئێمه نوقمی ناو نه‌بوون نین؟ ئایا شه‌وێكی زۆر تاریكتر وقوڵتر گه‌مارۆمان نادات؟ ئایا سپێدان پێویستمان به چرا نیه؟ ئایا هێشتا گوێمان له‌و گۆڕ هه‌ڵكه‌نانه نیه كه گۆڕی خودا هه‌ڵده‌كه‌نن؟ ئایا ناتوانین بۆنی داڕزانی پیرۆزی بكه‌ین؟" ئه‌وانه پرسیار بوون له‌باره‌ی بوون و مه‌رگی میتافیزیكیا، ئه‌نتۆلۆژیه‌تی ئه‌م نمایشه هیچ له‌و پرسیارانه‌ی ڕاسته‌وخۆ ئاراسته نه‌كردین، به‌ڵكو له‌ڕێگه‌ی ده‌نگ وجوله‌وه ویستی ئه‌و پرسیارانه‌مان له‌ناو برووژێنێت، لێره‌دا خوێندنه‌وه‌ی نمایشه‌كه‌ش گومانێكیترمان ڕووبه‌روو ده‌كاته‌وه، له‌باره‌ی ئه‌و پێكهاته درامیه‌ی كه تێكست درووست ده‌كات، تێكستێكی نووسراو نیه، به‌ڵكو دیدێكی پانتاییه بۆ شانۆ، ئه‌وه به‌ده‌نگ كردنی ووشه وبه‌جوله‌كردنی ده‌نگه، بۆیه بیرۆكه‌ی گشتی (چاوه‌ڕوانی گۆدۆ) و قه‌سیده‌ی (هۆرۆسكۆب) ی بیكت بۆ كاردۆ ده‌بێته ئه‌تمۆسفێری گشتی نمایشه‌كه، ئه‌تمۆسفێرێك فێرمان ده‌كات بیكت و بیرۆكه‌ی چاوه‌ڕوانی له ناوكۆییه‌كی ئاینیه‌وه بنیات بنێین، كه ئه‌وه‌ش مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی شانۆی ئه‌زموونگه‌ریه‌و هه‌ریه‌كه له ئاڕتۆ و گرۆتۆفسكی له‌پڕۆژه‌ی جیاواز خستوویانه‌ته ڕوو. ئه‌و ناوكۆییه ئاینیه له‌پێناو به پیرۆز كردنی ئاین نیه، وه‌ك چۆن لێدانی نیتچه له مه‌سیح خۆی نه‌بوو به‌ڵكو له‌مه‌سیحیه‌ته، ئه‌وانه‌ی توانای ئه‌وه‌یان نیه متمانه بكه‌نه سه‌ر خۆیان، ده‌یانه‌وێ مه‌سیح خه‌میان بخوات نه‌ك خۆیان خه‌م له‌خۆیان بخۆن.
بۆیه ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ به‌شێكی پرسیاره‌كه‌ی نیتچه و له‌وێوه سه‌یری نمایشه‌كه بكه‌ین باشتر تێگه‌یشتنه‌كه‌مان ده‌خرێته ڕوو، نیتچه ده‌پرسێت " ئایا هێشتا گوێمان له‌و گۆڕ هه‌ڵكه‌نانه نیه كه گۆڕی خودا هه‌ڵده‌كه‌نن؟ ئایا ناتوانین بۆنی داڕزانی پیرۆزی بكه‌ین؟" ئه‌و پرسیاره مردنی ئه‌و دیده خورافیه‌ی ئاینه، مردنی خودا مه‌رگی عه‌قڵی ئاینپه‌روه‌ره‌كانه، به‌مانای چه‌مكێكی مه‌جازیه، ئه‌وه داڕزانی پیرۆزیه، به‌واتایه‌كیتر به‌تاڵبوونه‌وه‌ی سیحری موقه‌دده‌س بوونه، ئه‌وانه‌ی توانای پرسیاریان له‌نمایشی شانۆیی نیه، شانۆكاری ئه‌زموونكار ئه‌و مه‌خلووقه‌یه له‌ڕێگه‌ی پرسیاره‌وه یه‌قینه‌كانی ده‌گۆڕێت بۆ خوێندنه‌وه‌و به‌زمان هاتنی شانۆ. ئه‌وه به‌تاڵكردنه‌وه‌ی مانا ئاینیه‌كانی ڕیتواڵ و نووسینه‌وه‌یه‌تی له‌ناو مانا شانۆییه‌كان، مانایه‌ك پرسیاری ئه‌وه بۆ بینه‌ر بنیات ده‌نێت كه ده‌قی بیكت وچاوه‌ڕوانی گۆدۆ توانای بنیاتنانه‌وه‌ی هه‌یه له‌ڕێگه‌ی سیستمێكی ئاماژه‌كاری ده‌نگ وجوله، ووشه ته‌نیا بونیادێكه ئه‌گه‌رچی ده‌نگ وجوله ده‌یانه‌وێ ڕۆحی ووشه به‌رجه‌سته بكه‌ن، بێهووده‌یی ژیان وسرووته شانۆییه‌كه له‌ڕێگه‌ی ته‌واوی بونیاده‌كانه‌وه ئیش له‌دامه‌زراندنی ئه‌زموونێك ده‌كات كه هه‌موو ڕه‌گه‌ز وكه‌ره‌سته‌كانی به‌كار بێنێت، كاتێ بینیمان كاردۆ ووتی "ئه‌ها پێئه‌كه‌نم" ده‌یویست به په‌نجه‌كانی ڕووخساری بكات به گاڵته‌جار به‌وه‌ی به‌خته‌وه‌رو شادوومانه‌و پێده‌كه‌نێ، ئه‌وه پڕۆسه‌یه‌كی ئه‌ركیۆلۆژی بوو له‌سه‌ر كاره‌كته‌ری فلادیمێر وگاڵته‌جاریه‌كانی بنیاتنرابوو، سه‌ره‌تایه‌كه بۆ پڕۆژه‌یه‌كی شانۆیی كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ده‌رهێنه‌ره‌كه‌ی له‌ئه‌زموونه‌كانی دواتر ئاراسته‌یه‌كی جیاواز بۆ ئه‌زموونی شانۆییمان دۆزێته‌وه.