شیعر‌و پێكه‌نین…..ئیدریس عه‌لی
شیعر‌و پێكه‌نین
ئیدریس عهلیشیعر هه‌ڵگری هێزێكه مرۆڤ ده‌خاته حاڵه‌تی تیفكرین‌و بیركردنه‌وه‌و توانای دۆزینه‌وه‌ی هه‌ندێك شوێنی هه‌یه له گردووندا، ره‌نگه ئه‌و تواناییه له هونه‌رێكی دیكه‌دا زه‌حمه‌تتر بیبَت، سیحری گه‌ڕان‌و ئه‌فسوونی دۆزینه‌وه‌و كه‌شفكردنی شتێكی دیكه جیاواز له‌وه‌ی كه‌خۆی هه‌یه‌و هه‌ستی پێده‌كه‌ین، به‌رده‌وام یه‌كێك بووه له‌ره‌گه‌زه‌كانی بیركردنه‌وه‌و له خولیا سه‌یره‌كانی مرۆڤ، شیعر دێت وه‌ك رایه‌ڵێك ئه‌و په‌یوه‌ندییه له نێوان سرووشتی مرۆڤ‌و پێكهاته ئاڵۆز‌و نهێنییه‌كانی گه‌ردوندا درووستده‌كات‌و به قه‌ولی ( ئۆتاڤیۆ باز) ده‌بێته ده‌نگه‌كه‌ی تر.
ده‌مانه‌وێت قسه له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ین كه شیعر ده‌توانێت چ رۆڵ‌و كاریگه‌رییه‌كی هه‌بێت له‌سه‌ر بونیادی بیركردنه‌وه‌و خه‌یاڵی ئینسان؟ یاخود ئه‌گه‌ر ئه‌مكاره‌ی پێنه‌كراو خاوه‌نی ئه‌و هێزه شاراوه‌یه نه‌بوو چ ناوێكی لێده‌نرێت؟ واته ئه‌گه‌ر شیعر مرۆڤی له پنتێكی دیاریكراوه‌وه نه‌گواسته‌وه بۆ پانتاییه‌كی نادیار، ئه‌گه‌ر مرۆڤ له‌كاتی به‌ركه‌وتنی شیعرێكدا له‌بری تێفكرین‌و رۆچوونی قوڵ به‌ناو خه‌یاڵ‌و درووستكردنی پرسیار‌و مانای جیاواز، له‌بری راوه‌ستان له‌چه‌قی بێده‌نگی‌و گوێگرتن‌و به‌ڕێخستنی رۆح بۆ سه‌فه‌رێكی نائاشنا، پێكه‌نینی درووستكردو ده‌رگاكانی خه‌یاڵ‌و بیركردنه‌وه‌ی داخست، ئه‌وكاته چ ناوێك شیاوه له‌و شیعره‌ی بنێین‌و به چ پێوه‌رێكی زانستی‌و ئه‌ده‌بی شاعیره‌كه‌ی هه‌ڵسه‌نیگَنین‌و كام میتۆد توانای راڤه‌كردنی ئه‌و به‌ناو شیعره‌ی ده‌بێت؟.
دیارده‌ی پێكه‌نین به‌شیعر، به‌ته‌نها په‌یوه‌ندی به قۆشمه‌چێتی هه‌ندێك له‌مرۆڤه‌وه نییه، مێژوه‌كه‌شی ناگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مانێك كه شیعر ئامرازێك بووه بۆ هه‌جوو كردن‌و ئامۆژگاری‌و كات به‌سه‌ر بردن‌و كۆبوونه‌وی شه‌وانه له‌نێو دیوه‌خان‌و بۆنه خێڵه‌كی‌و تایبه‌تییه‌كاندا، به‌ڵكو راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به ره‌هه‌ندی تێگه‌یشتن‌و ئاستی رۆشنبیری‌و مه‌عریفی خودی شاعیره‌كه‌وه هه‌یه، كه له رێگه‌ی شیعره‌وه كه‌شێكی كۆمیدی‌و گاڵته‌جاڕیانه‌ی وا درووستده‌كات مرۆڤ بخاته سه‌ر له‌ره‌ی پێكه‌نین‌و نه‌غمه‌ی گاڵته‌كردن به‌شیعر، ئه‌م دیارده‌یه به‌شێكی دیكه‌یه له‌و هه‌وڵه نادرووسته‌ی بۆ ریسواكردنی شیعر ده‌درێت‌و به‌داخه‌وه تا ئه‌ندازه‌یه‌كیش جێكه‌وته بووه.
ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه، له‌نێو كۆڕه‌كاندا هه‌ندێك شاعیر وه‌ك ئه‌كته‌ری نواندنی كۆمیدی، له رێگه‌ی ته‌مسیل‌و جوڵاندنه‌وه‌ی جه‌سته‌و ئه‌دایه‌كی ناشازه‌وه،به‌ناوی نوێخوازی‌و داهێنانه‌وه خه‌ریكی ئه‌تككردنی شیعر‌و شێواندنی میزاجی خه‌ڵكن، ئه‌و كه‌موو كوڕی‌و كێشانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی گاڵته‌جاڕیانه ته‌زیف كردۆته ناو شیعره‌وه هه‌ر به‌ناوی شیعریشه‌وه په‌نجه بۆ برینه‌كانی رۆح‌و جه‌سته‌ی خه‌ڵك ده‌به‌ن، زمانی بازاڕی‌و كه‌شی گاڵته‌جاڕیانه‌ی هه‌ندێك له‌و جۆره شاعیرانه جگه له درووستكردنی پێكه‌نینێكی ده‌ستكرد‌و هه‌ندێك هاواری به‌رزو چه‌ند چه‌پڵه‌یه‌كی بێ‌مانا هیچێكی ئه‌وتۆ بۆ عه‌قڵ‌و بیركردنه‌وه‌و خه‌یاڵی مرۆڤ ناهێڵنه‌وه، شانازی ئه‌و جۆره شاعیرانه ئه‌وه‌یه كه شیعره‌كانیان له موبایلی زۆربه‌ی گه‌نجاندا هه‌یه‌و له‌سه‌ر سوچی كۆڵان‌و بازاڕ‌و گازینۆكاندا بۆ پێكه‌نین‌و گاڵته جاڕی گوێیان لێده‌گیرێت،كۆڕه‌كانیان قه‌ره‌باڵه‌غن‌و پڕن له‌گه‌نجی بێكارو بیتاقه‌ت له‌هه‌موو شتێك، ئه‌مه ده‌كه‌نه پێوه‌رێك‌و ئاستی داهێنانیانی خۆیانی پێ ده‌پێون، كه بێگومان هه‌مان ئه‌و مرۆڤانه‌ی ناونراون جمهوری شیعری ئاماده‌ن به دیار بێ‌تامترین فیلمه‌وه دوو سه‌عات گوی َله قسه‌ی قۆڕ بگرن‌و پێبكه‌نن، یاخود ئاماده‌ن به سه‌عات سه‌ر بخه‌نه سه‌ر شێتێكی بازاڕ بۆ ئه‌وه‌ی شتێك پێكه‌نیان ده‌ست بكه‌وێت، ئه‌مجۆره شیعرانه‌و قسه‌ی شێت‌و فیلمه بێ‌مانا كوردییه‌كان له‌رووی مه‌عریفه‌وه له‌یه‌ك ئاستدان‌و هیچیان زه‌ڕه‌یه‌ك خزمه‌ت به فكر‌و خه‌یاڵی مرۆڤ ناكه‌ن‌و ناچنه خانه‌ی داهێنانی ئه‌ده‌بیه‌وه، جا ئه‌و شاعیره دكتۆری زانكۆ بێت، یان گه‌نجێكی هه‌زه‌لی ( هه‌ردووكیان له‌مه‌عریفه‌ی شیعریدا چوون یه‌كن)و خزمه‌ت به‌یه‌ك ره‌وتی ناشیعری و خاڵی له هه‌موو به‌هایه‌كی جوانی ده‌كه‌ن.