توانا ئه‌مین، ده‌نگێک له ده‌نگه‌کانی نه‌وه‌ی دووه‌می دوای ڕاپه‌ڕین، شه‌ڕێک له‌گه‌ڵ تارماییدا
توانا ئه‌مین، ده‌نگێک له ده‌نگه‌کانی نه‌وه‌ی دووه‌می دوای ڕاپه‌ڕین، شه‌ڕێک له‌گه‌ڵ تارماییدا
کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور
(هه‌ر نووسه‌رێک دنیای تایبه‌تیی خۆی هه‌یه).
که‌م که‌س هه‌یه به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ئه‌مه‌ی نه‌گوتبێت… به‌ڵام ئه‌و دنیایه له که‌یه‌که‌وه ده‌ستی پێ کردووه و تاکه‌ی درێژه‌ی ده‌بێت؟ ئه‌مانه هه‌مان ئه‌و پرسیارانه‌ن، که هه‌میشه له‌باره‌ی دروستبوون و به‌رده‌وامبوونی گه‌ردوونه‌وه کراون و ده‌کرێن… به‌ڵام نووسین دروستکردنی دنیا نییه، به‌ڵکو هه‌وڵێکه بۆ تێکشکاندنی ئه‌م دنیایه. ئه‌مه باوه‌ڕێکه پێم وایه له ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌یه‌کی هه‌مه‌لایه‌نانه‌ی ئه‌ده‌بی نووسه‌رانی نه‌وه‌ی دووه‌می دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه پێی ده‌گه‌ین، که (توانا ئه‌مین) یه‌کێکه له ده‌نگه دیاره‌کانی. ئه‌و چیرۆکنووسه ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستیه‌تی دنیای خۆی وێران بکات، ئه‌وه‌نده له هه‌وڵی دروستکردنی دنیادا نییه. ئه‌مه‌ش پێوه‌ندیی به‌و فاکته سۆسیۆلۆژییه‌وه هه‌یه، که ئه‌م نه‌وه‌یه ئه‌زموونه‌کانی خۆی له‌ناودا دامه‌زراندووه. ده‌بێ هه‌ر له سه‌ره‌تایشه‌وه بڵێین مه‌به‌ستمان له (نه‌وه)، کۆی ئه‌و ناوانه نیین، که له سه‌رده‌مێکی دیاریکراو و له‌ناو رووبه‌رێکی جۆگرافیی دیاریکراودا ئاماده‌ن، به‌ڵکو ئه‌و تێڕوانینه زیاتر چۆنایه‌تی ده‌گرێته، نه‌وه‌ک چه‌ندایه‌تی.
له کۆنتێکستی پێوه‌ندیی (من) به (ئه‌وی دیکه)ه‌وه دیاڵۆگ ڕووی له ڕه‌گه‌زێکی دیارکراو و جۆگرافیایه‌کی ده‌سنیشانکراوه‌وه نییه، به‌ڵکو ئاڕاسته‌یه‌که به‌ره‌و ڕه‌گه‌زی گریمانی و جۆگرافیای وه‌همی. ئه‌مه به‌گشتی یه‌كێکه له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌ده‌بی نه‌وه‌ی دووه‌می دوای راپه‌ڕین، بۆیه نه‌وه‌کانی پێشوو، به‌هۆی نه‌بوونی، یان لاوازیی ڕه‌خنه‌وه، که‌متر توانیویانه له زمانی ئه‌م نه‌وه‌یه تێبگه‌ن، به‌وه‌ی ماتریالی گێڕانه‌وه پێکهاته‌یه‌کی جیاوازی له‌گه‌ڵ ماتریالی گێڕانه‌وه‌ی نه‌وه‌کانی پێشوودا هه‌یه. ئه‌وه جیاوازیی پرۆبلیماتیکی پێوه‌ندیی نێوان واقیع و هۆشه له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی هه‌ستی و ئه‌قڵییه‌وه. تێڕوانینی ئه‌م نه‌وه‌یه بۆ واقیع و وێنه‌کانی، تێڕوانینێکی جیاوازه و له ئه‌نجامی ئه‌و گۆڕانکارییه سۆسیۆلۆژییانه‌وه به‌ده‌ست هاتووه، که له نیوه‌ی دووه‌می نه‌وه‌ده‌کانه‌وه، له‌ناکاو و خێرا له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ده‌رکه‌وتن و درێژه‌یان هه‌یه. ناکرێت نه‌ڵێین سه‌رده‌می ئه‌م نه‌وه‌یه، سه‌رده‌می کۆتایی خه‌ونی ئایدۆلۆژیایه له‌ناو که‌لتووری ئێمه‌دا. ئه‌م نه‌وه‌یه له‌ناو عه‌ده‌مێکدا پێگه‌یشتووه و بیری کردۆته‌وه، بۆیه به مانا ستاندارده‌که‌ی پێشوو نه په‌یامی هه‌بووه و نه ویستوویه‌تی په‌یام به سه‌رچاوه‌یه‌کی دیاریکراوه‌وه بگه‌یه‌نێت، به‌ڵکو ئاڕاسته‌کانی گه‌یاندنیش لای ئه‌م نه‌وه‌یه به‌ره‌و عه‌ده‌مه. ئه‌م نه‌وه‌یه نه‌ک مه‌به‌ستی نییه نووسین بکاته ئامڕازێک بۆ گه‌یشتن به به‌هاکان، به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه له هه‌وڵی تێکشکاندنی هه‌موو ئه‌و به‌هایانه دایه، یان به مانا (ڤیبه‌ر)ییه‌که‌ی خه‌می گه‌وره‌ی ئه‌م نه‌وه‌یه ڕزگار بوونه له به‌هاکان. ئه‌م نه‌وه‌یه پێش ئه‌وه‌ی له‌ناو ئه‌و واقیعه نوێیه‌دا نیشته‌جێ بێت و ئه‌زموونی بکات، لێی یاخی بووه. ئه‌گه‌ر ئه‌م ئاڕاسته‌یه هه‌تا ئێستا به‌ڕوونی ده‌رنه‌که‌وتبێت، ئه‌وا پێشبینیی ئه‌وه ده‌که‌ین، له ئاینده‌دا چاکتر نیشانه‌کانی ببینین. ئه‌گه‌ر له دیدی (ئیم‌یل دۆرکهایم)ه‌وه بڕوانین، که پێی وایه زۆربه‌ی مه‌یل (Tendency) و بۆچوونه‌کانمان دروستکراوی خۆمان نیین، به‌ڵکو له ده‌ره‌وه‌ی خۆمانه‌وه بۆمان دێن، ئه‌وا ده‌بینین ئه‌و واقیعه نوێیه چ له‌سه‌ر ئاستی کات و چ له‌سه‌ر ئاستی شوێندا کۆمه‌ڵێک مه‌یل و بۆچوونی نوێی به‌سه‌ر ئه‌م نه‌وه‌یه‌دا سه‌پاندووه. ئه‌و واقیعه‌ی (توانا ئه‌مین)یش وه‌کو هه‌ندێک له نووسه‌رانی دیکه‌ی نه‌وه‌که‌ی ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه و له ڕێگای زمانه‌وه سیماکانی نیشان ده‌دات، واقیعێکی گریمانییه، به‌ڵام وێنه ئۆرگیناڵه‌کانی له‌ناو ئه‌و واقیعه نوێیه‌دا هه‌ن، که وه‌کو زووتر گوتم به‌هۆی نه‌بوونی، یان لاوازیی ڕه‌خنه‌وه، ئه‌و وێنانه تا راده‌یه‌کی زۆر لای نه‌وه‌کانی پێشوو شاراوه‌ن، یاخود ته‌مومژاویین، چونکه پرۆسێسی فانتازیا گومکردن و سڕینه‌وه‌ی ئێجگاره‌کی وێنه‌کانی واقیع نییه، به‌ڵکو گۆڕینیانه له ڕووی قه‌باره و شێوه و جۆردا. تێگه‌یشتن له زمان و وێنه به‌رهه‌مهێنراوه‌کانی ئه‌م نه‌وه‌یه به‌نده به تێگه‌یشتن له کۆنتێکستی ئه‌و زمان و وێنانه له‌م هه‌لومه‌رجه مێژووییه و له‌ناو ئه‌و ژینگه کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتورییه‌دا، که خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندیی خۆیه‌تی، به‌وه‌ی کۆنتێکستی که‌لتوور کاریگه‌ریی گه‌وره‌ی له پێکهێنانی کۆده‌کاندا هه‌یه و کردنه‌وه‌ی ئه‌و کۆدانه‌ش دیسان به‌نده به تێگه‌یشتن له‌و کۆنتێکسته. به مانایه‌کی دیکه ئه‌گه‌ر تایبه‌تمه‌ندیی نه‌وه‌کانی پێشوو به حوکمی له‌یه‌کچوونی کۆنتێکستی مێژوویی و جۆگرافی و سۆسیۆلۆژیی نێوانیان، که‌م و زۆر له یه‌کتر ده‌چوون، ئه‌وا تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌م نه‌وه‌یه خاوه‌نی جیاوازییه‌کانی خۆیه‌تی. ئه‌گه‌ر نووسین پرۆسێسی نووسینه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری بێت به‌پێی یاساکانی ناوه‌وه‌ی خود خۆی، ئه‌وا یاده‌وه‌ریی ئه‌م نه‌وه‌یه ده‌که‌وێته ده‌ره‌وه‌ی کات و شوێنه‌وه، بۆیه داهێنانی زمانێک، که بتوانێت گوزارشت له‌م عه‌ده‌مه بکات، زه‌حمه‌تتره له هه‌موو ئه‌و زمانانه‌ی پێشوو، که‌م و زۆر ده‌یانتوانی به پاڵپشتی ئایدۆلۆژیا گوزارشت له واقیعی خۆیاندا بکه‌ن. ڕواری (العفویه Spontaneous)، وه‌کو شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کرۆنۆلۆژیای مێژوو، یه‌کێکه له سیفه‌ته‌کانی به‌رهه‌می ئه‌م نه‌وه‌یه به‌گشتی و لای (توانا ئه‌مین) به‌تایبه‌تی. خۆی به شێوازێکی دیاریکراوی ده‌ربڕین و چه‌ند وێنه‌یه‌کی چه‌سپاوه‌وه نابه‌ستێته‌وه. ئه‌گه‌ر هه‌تا ئێستا ئه‌م نه‌وه‌یه نه‌یتوانیبێت تێکستی گه‌وره به‌رهه‌م بهێنێت، ئه‌وا هۆکاره‌که‌ی نه‌بوونی توانا نییه لای ئه‌م نه‌وه‌یه، به‌ڵکو ئه‌و واقیعه توانایه‌کی گه‌وره‌تری له واقیعه‌کانی پێش خۆیه‌وه پێویسته، بۆ گواستنه‌وه‌ی سیماکانی له ئاستی جێگیرییه‌وه بۆ ئاستی جووڵه. به مانایه‌کی دیکه بۆ گواستنه‌وه‌ی ده‌رکه‌وته‌کانی له‌سه‌ر ئاستی کات و شوێنی فیزیکییه‌وه بۆ کات و شوێنی میتافیزیکی. دیاره هه‌موو هونه‌رێک به‌رهه‌می ئه‌زموونه پێرسۆناڵییه‌کانی نووسه‌ره له‌ناو کات و شوێندا، که ته‌وزیفکردنی ئه‌و ئه‌زموونه به‌نده به توانای خه‌یاڵ و ده‌سه‌ڵاتی زمانه‌وه. کێشه‌ی گه‌وره له‌ناو ئه‌م واقیعه نوێیه‌دا پێوه‌ندیی نێوان بینین و وێنه‌یه. له‌ناو هه‌موو واقیعه‌کانی پێشوودا وێنه‌کان که‌م و زۆر جێگیر و به‌شێک بوون له مرۆڤ خۆی، به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه ئیلیکترۆنییکه‌دا وێنه‌کان خێرا و بگۆڕن، به‌ته‌واوی له ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤدان. ڕووکه‌شن و دوورن له قووڵی، چونکه پابه‌ندی پرۆسێسی سوودن و کار له‌سه‌ر ته‌ممه‌ڵکردنی خه‌یاڵ و ئه‌قڵ ده‌که‌ن. پێشتر له گفتوگۆیه‌کدا گوتوومه، که له‌م سه‌رده‌مه ئێلیکترۆنییکه‌دا وێنه‌کان ڕۆڵی دووفاقیانه ده‌بینن، له‌لایه‌ک کار له‌سه‌ر ڕوونکردنه‌وه‌ی واقیع ده‌که‌ن، به‌وه‌ی زۆر به‌ئاسانی و میکانیکییانه ئه‌و زۆنه نه‌زانراوانه چ له‌ناو خه‌یاڵ و چ له‌ناو واقیعدا که‌شف ده‌که‌ن، که ده‌بوایه نووسه‌ر له ڕێگای زمان و خه‌یاڵی خۆیه‌وه پێیان بگات و له لایه‌کی دیکه نووسه‌ر ده‌خه‌نه به‌رده‌م په‌لاو (تحدی Challenge)ی گه‌وره‌تره‌وه، به‌وه‌ی ده‌بێت تێکڕای ئه‌و وێنانه تێپه‌ڕێنێت و وێنه‌ی گه‌وره‌تر به‌رهه‌م بهێنێت. هه‌موو ئه‌مانه کار له‌سه‌ر خێرایی کات ده‌که‌ن، که من پێشتریش گوتوومه خێرایی ئه‌م سه‌رده‌مه چه‌ندین جار له خێرایی سه‌رده‌مه‌کانی پێشوو زیاتره. دیاره ئه‌و خێراییه‌ش له‌ژێر کاریگه‌ریی کۆنتێکستی کۆمه‌ڵایه‌تی دایه. وه‌کو (نۆئام چۆمسکی) باوه‌ڕی وایه (کات)یش به‌شێکه له‌و واقیعه‌ی، که زمان ده‌یگوازێته‌وه. لێره‌وه‌یه شه‌ڕی ئه‌م نه‌وه‌یه، شه‌ڕێکه له‌گه‌ڵ تارماییدا.
تێبینی: ئه‌م چه‌ند دێڕه بۆ پێشه‌کیی کۆمه‌ڵه چیرۆکی (کچی ناو تابلۆکه)ی (توانا ئه‌مین) نووسراوه.