گۆڕانێک له نێوان خه‌یاڵ و واقعدا….تایه‌ر حاجی حه‌سه‌ن
گۆڕانێک له نێوان خه‌یاڵ و واقعدامێژوی مرۆڤایه‌تی تا گه‌یشتنی به‌م ئاسته‌ی ئێستای له نێوان ململانێ چینایه‌تیه‌کان و کێشمه‌کێشه ڕۆژانه‌یه‌کانی نێو په‌یوه‌ندیه ئابوری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیدا، به شێکی دانه‌بڕوای نێو ئه‌و نابه‌رابه‌ریه بوه که سیستمه یه‌ک له دوای یه‌که‌کان به شوێن خۆیدا هێناویه‌تی. له‌م نێوه‌نده‌دا به ڕوکارێکی ناڕاسته‌وخۆ هه‌رده‌م وا ده‌رکه‌وتوه هۆکاری ئه‌م گۆڕانانه، نه- په‌یوه‌سته به جۆری ئه‌و پێداویستی و داواکاریانه‌ی به شێکی زۆری کۆمه‌ڵگا، ده‌یخوازێت، به‌ڵکو وا ده‌رکه‌وتوه که ئه‌و گۆرانکاریانه سه‌رجه‌م له ئاستێکدان که خودی ده‌سه‌ڵاته‌کان ده‌یانه‌وێت. لێره‌دا ئه‌وه‌ی جێگای لێورد بونه‌وه- نه‌بێت- ئه‌و ئاسته‌یه له جۆری داخوازیه‌کان، تا چیتر بۆ ده‌سه‌ڵاته سه‌رو چینایه‌تیه‌کان بڕه‌خسێت به‌ره‌و پێش بردنی ژیان ته‌نها له توانا و هێز و قودره‌تی ئه‌واندایه. بۆیه هه‌رده‌م ئه‌و گۆرانکاریه مێژویانه‌ی ڕویانداوه، ده‌سه‌ڵاتی چینایه‌تی به‌هه‌رجۆرێک بۆی جۆر بوو بێت، توانایه‌کانی ئه‌و هێزه له‌بن نه‌هاتوه‌ی بێقودرهت کردوه و له جێگایدا خۆی و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی وه‌ک پێویستی نێو گۆڕانه‌کان نیشان داوه.
توانایه‌کانی گۆڕان بێوه‌ستانه و ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌بینرێت یاخود پێویستی ئه‌مڕۆیه ناکرێت بۆ سبه‌ی هه‌مان چاوه‌ڕوانی وه‌ک ئه‌مرۆ بخوازرێت، به‌ڵام ئه‌م گۆڕانانه هه‌میشه له دیدو هۆشی ئه‌و چینه‌ی خۆی وه‌ک ئامرازێکی نێو ئه‌و گۆرانانه به‌کار ده‌هێنرێت، ئه‌و گۆڕانانه وه‌ک شێوه‌یه‌کی وه‌ستاو ده‌بینێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کاتیک گۆڕانێک دێته ئاراوه، ئه‌می به‌کار هێنراوی نێو ئه‌و گۆرانکاریه هێشتا هه‌ست به بونه ئینسانیه‌که‌ی خۆی ناکات، هێشتا وه‌ک ئه‌وه‌ی که هه‌یه ناتوانێت بیروراکانی به‌یان بکات، بۆیه هه‌رده‌م ژیان له نێو دوباره‌بوونه‌وه‌دا ده‌بینێت و خۆیشی وه‌ک بێده‌سه‌ڵاتێک چاو لێده‌کات.
ئێمه ئه‌گه‌ر به چاوێکی واقع بینانه‌وه سه‌یری ئاڵ‌و گۆڕه‌کان بکه‌ین، بۆ ساتێک ئاوڕێک له نێو جۆری په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و شێوازی دابه‌ش کردنی سامانه‌وه بده‌ین، تێده‌گه‌ین، ئه‌وه‌ی به‌شداری سه‌ره‌کی نێو سه‌رجه‌م ئاڵ‌و گۆڕه‌کانه ته‌نها خودی ئه‌و چینه‌یه که سه‌رجه‌م جه‌سته‌ی و هۆشمهندیهکهی خراوه‌ته نێو قازانج په‌رستی سیستمێکه‌وه که به غه‌یری چه‌وساندنه‌وه و کوێره‌وه‌ری هیج به‌رهه‌مێکی پێشکه‌وتن خوازی پێ نیه بۆ سه‌رجه‌م یان گشتی. به‌ڵام ده‌بێت پرسیار بکه‌ین؛ ئایا هه‌ڵسوڕێنه‌ری سه‌ره‌کی نێو ئه‌و ململانێ و دژایه‌تیانه کێیه به گشتی؟ ئایا خه‌ڵکی زه‌حمه‌ت کێش و به‌رهه‌م هێنه‌ر بۆ خۆیان خوازیاری دنیایه‌کی ئاوا نابه‌رابه‌ر و دڵڕه‌قن؟ یاخود ئه‌وه ته‌نها به‌رهه‌می نێو سیستمێکی ته‌واو نا یه‌کسانی خواز و قازانج په‌رستی چینایه‌تیه؟ بێگومانم له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر چینی به‌رهه‌م هێن بۆ ساتێک بتوانن له‌و ده‌رد و مه‌ینه‌تیانه‌ی سه‌رشانی خۆیان تێبگه‌ن که ته‌نها هۆکاریان، ئه‌و چینه چه‌وسێنه‌ره‌یه که ڕۆژانه له زیندو کردنه‌وه‌ی خورافیاتی دینی و سه‌رقاڵ کردنیه‌تی بۆ گه‌یاندنی جه‌هلێکی زیاتر بۆ ئه‌و چینه‌ی قورسایی ئه‌م ژینه‌ی له ئه‌ستۆ گرتوه، ئه‌و کات خودی ئه‌و چینه ده‌توانێت ببێت به‌و له‌مپه‌ره‌ی سه‌رجه‌م خواست و سیستمێکی باو هه‌یه بوه‌ستێنێت. ته‌نها به قودره‌ت مه‌ندی ئه‌و چینه‌وه‌یه بره‌و دان به‌ژیان و ئاڵوگۆڕکردن به‌و بارودۆخه‌ی ئێستا هه‌یه.
دنیای ناداد په‌روه‌ری ، بۆ ئه‌وه‌ی توانایه‌کانی ئه‌و چینه به‌دیار نه‌خات، هه‌میشه خۆی وه‌ک سه‌روه‌ری یه‌که‌م و بێکۆتا نیشان ده‌دات. ئه‌وان بۆ خۆیان چینێکیان له کۆمه‌ڵگه خستۆته ژێر توانایه‌کانی بیرکردنه‌وه و به‌رژه‌وه‌ند خوازی خۆیانه‌وه، لێره‌دا سیستمێک ته‌حه‌کوم به‌ژیانه‌وه ده‌کات، ته‌نها سیستمی قازانج په‌رستیه، واته هه‌رده‌م هه‌وڵه‌کانی ئه‌م ڕژێمه ناداد په‌روه‌ره وا له خه‌ڵکی به‌شمه‌ینه‌ت ده‌کات، وه‌ک کاڵایه‌ک یان وه‌ک ڕۆبۆتێک وێنای خۆی بکات و له بازاڕی بێحورمهتیکردنیدا خۆی پیشان بدات، تا بزانێت کێ ده‌بێت بهکڕیاری و کێ لای لێناکاته‌وه، یان ئه‌م مرۆڤه بۆ کامه جێگایه‌ک به‌که‌ڵک دێت به‌پێی پره‌نسیپه‌کانی دنیای قازانج په‌رستی، نه‌ک به پێوه‌ری مافی مرۆڤ بوون.
ئه‌گه‌ر ده‌خوازین گۆڕانێک هه‌بێت جیاوزاتر له‌م ژینه‌ی ئیستا هه‌یه، ده‌کرێت بڵێین، ئا- ده‌توانین ئه‌و گۆڕانه بهێنینه دی و ئه‌وه خه‌یاڵ نیه. مادام ئێمه بگه‌ین به‌و ئاسته‌ی توانای بیرکردنه‌وه‌مان هه‌بێت ده‌بێت بتوانین له هه‌مان کاتدا هیزو توانای له‌بن نه‌هاتوی ئه‌و شورا له بن نه‌هاتوه‌ی خۆشمان ببینین، ئه‌گه‌ر ده‌کرێت بیر له گۆڕانێکی بنه‌ڕه‌تی بکه‌ینه‌وه. کاتێک ده‌مانه‌وێت بچینه سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ی که ده‌مانه‌وێت ژیانێک هه‌بێت له‌مه‌ی ئێستا نه‌چێت، ده‌بێت بیر له‌وه بکه‌ینه‌وه سه‌رجه‌م پێکهاته‌یه‌ک تا ئێستا مرۆڤایه‌تی به‌ده‌ستی هێناوه و به‌شێک بوه له خواستی قازانج په‌رستی چینێکی سه‌رده‌ست، ده‌بێت سه‌رجه‌م ئه‌و کایه فکری و ئه‌نانیه‌ته بۆرژوازیانه له نێو ببرێت، ده‌توانرێت جیهانێک بهێنرێته مه‌یدان، جیاوازتر له‌م جیهانه ته‌واو بێحورمه‌تیه‌ی که به سه‌رجه‌م چینێک ده‌کرێت، ئه‌مه خه‌یاڵ نیه، به‌ڵکو سه‌رچاوه‌که‌ی له واقعدایه و سه‌رجه‌م گۆرانه‌کان له ژێر ده‌ستی توانهیهکانی ڕێکخراو بوونی ئێمه‌ی زه‌حمه‌ت کێش و به ش مه‌ینه‌ت دایه. بێنه پێش چاوی خۆت کامه یه‌ک له‌م ده‌سه‌ڵاتدار و پاره‌دارانه ڕۆژێ ئومێدیێکیان هه‌بوو بێت بۆ دنیایه‌کی باشتر و بێچهوسانهوه، بێگومان نه‌یان بوه. ئه‌وان هه‌رده‌م زه‌خیره‌یه‌کی هه‌رزان له به‌رده‌ستیاندایه بۆ قازانجێکی گه‌وره، ئه‌ویش ته‌نها ئێمه‌ی هه‌رزان فرۆشین. ئه‌وان تا ئه‌و کاته‌ی ئێمه توانایه‌کانی خۆمان ده‌رک پێناکه‌ین، هه‌میشه بهباڵاماندا هه‌ڵده‌ده‌ن، هه‌رده‌م وه‌ک تێڵای ده‌ستیان بۆ دژی به‌رانبه‌ر به‌کارمان دێنن و ئافه‌رینێک ده‌که‌ن به خۆراک و ده‌یده‌ن به جه‌سته‌ی شه‌که‌ت بوماندا. به‌ڵام کاتێک ناڕازی بوین به‌رانبه‌ر به جێگه‌و ڕێگایه‌ک هه‌مانه، ئه‌و کات شوڵی لێههڵدهکێشن و هه‌زار و یه‌ک ناو ناتۆره‌مان بۆ هه‌ڵده‌واسن. ئه‌مه ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له خواستهکۆیلایهتیهکانی ئه‌وان مله جهڕهمان کردوه. ئه‌وان به ڕاستی چینێکین ته‌نها هیوایان مانه‌وه‌ی ئێمه‌ی زه‌حمه‌ت کێشه له نێو قۆزاخه‌ی کۆیلهبونماندا! ئه‌وان هه‌رده‌م به خوێنی ملیۆنی ئێمه کۆشک و ته‌لار و دنیایه‌کی ته‌واو خه‌یاڵی بۆ خۆیان ئاماده ده‌که‌ن، ئه‌وان بازاڕ ده‌که‌ن به‌سه‌ر وه‌ر و ئێمه‌ش وه‌ک کاڵایه‌کی نێو ئه‌و بازاڕه، به پێی نرخی له‌زه‌ت و به‌رهه‌م هێنانمان قازانجمان له‌سه‌ر داده‌نێن، ئه‌وه نیه به‌شێکی سه‌ره‌کی له کۆمه‌ڵگا که ژنانن، وه‌ک کۆیله‌یه‌ک چاو لێده‌که‌ن و ته‌نها بۆ خۆشبه‌ختی و له‌زه‌تی سێکسی جیگاو ڕێگایان بۆ دیاری ده‌کرێت، له‌کامه کۆمه‌ڵگای سه‌رده‌مدا هه‌یه توانرا بێت جیگه‌و ڕێگه‌ی ژنان وه‌ک ئه‌وه‌ی مرۆڤن پیناسهیهکیان بۆ کرا بێت؟ ئه‌وانی ژن به پێی یاسا و ده‌ستوره چینایه‌تیه‌کان ته‌نها وه‌ک لاوازێک و به‌رهه‌م هێنه‌رێکی منداڵ دروست کردن، چاو لێکراون، یان وه‌ک ئارهزوتێرکردنێکی پیاو. له‌م دوو جێگایه زیاتر هیج شتێکیان بۆ به چاره‌نوس نه‌گه‌یه‌نراوه، ئه‌مه خواست و ئارهزومهندایهتی ئه‌و چینه‌یه که هه‌میشه خاقهوندارێتی تایبه‌تی وه‌ک ئهساسیتیترین و کارگێڕیترین جۆر له نێو په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا سه‌یر ده‌کات و سه‌رجه‌م ده‌خاته نیو لێکدانه‌وه‌ی ئه‌و جوخزهوه.
بۆیه ده‌کرێت بڵێین دنیایه‌ک هه‌بێت پڕ له‌سه‌روه‌ری و حورمه‌تی مرۆڤ بوون، ناکرێت به هیچ شێوه‌یه‌ک چاوه‌ڕوانی بین له نێو ئه‌م سیستمه بالادهستهی نێو خاوه‌نداریه‌تی تایبه‌تدا، ته‌نها حورمه‌تێک هه‌بێت و بۆ سه‌رجه‌م بگه‌ڕێته‌وه- له نێو بردنی سه‌رتاپای ئه‌و دنیا پڕاو پر له ناعه‌داله‌تیه‌یه. ئه‌و دنیایه‌ی ڕۆژانه سه‌رجه‌م چینی سه‌رمایه‌دار و ئاغا‌و ده‌ره‌به‌گ و قه‌شه و ئاخونده‌کان و مه‌لاکان خه‌ریکی درێژه پێدهرین، سه‌رجه‌م ئه‌و سونه‌تانه‌ی که ڕۆشنبیرانێک ته‌نها بۆ تێر کردنی خواسته‌کانی خۆیان خه‌ریکی ماستاو چیه‌تی و به‌ره‌نگاری کردنن له‌و سیستمه‌ی که بووه به‌هۆکاری برسی کردن و بێکار کردنی زۆریک له کۆمه‌ڵگاکان. وه‌رن به چاوێکی واقیعیانه‌وه له‌م ژیانه بڕوانن، بزانن ئه‌م ده‌سه‌ڵاته وه‌حشیانه بۆ به‌شێکی زۆری داهاتی کۆمه‌ڵگا ته‌رخان ده‌که‌ن بۆ به‌ده‌ست هێنانی چه‌ک و ئه‌و ئاله‌ته‌ی بۆ کوشتنی مرۆڤ به‌کار دێت؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه خه‌ریکی باشتر کردنی ژیانی گشتی بن چ پێویستیه‌کیان به دروست کردنی ئه‌م چه‌کانه هه‌یه؟ ئاخۆ ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه ته‌نها هۆکاری سه‌رجه‌م ئه‌و نه‌خۆشی و مه‌ینه‌ت باریهی ژیانی ملیارده‌ها ئینسان نین له‌م سه‌ر زه‌مینه؟ بۆ ده‌کرێت ئه‌م به‌ربه‌ریه‌ته به واقعی و حه‌ق سه‌یر بکرێت، به‌ڵام ده‌ست بردن بۆ جیهانێکی باشتر له‌مه‌ی ئێستا هه‌یه به خه‌یاڵ سه‌یر بکرێت؟ ده‌کرێت ، ته‌نها مرۆڤ خودی خۆیه‌تی دروست که‌ری سه‌رجه‌م خوداکان و دینه‌کان، ته‌نها مرۆڤ خودی خۆیه‌تی ده‌توانێت هه‌رچ ئاڵ‌وگۆڕێک ببێت، به‌شدار بووی سه‌ره‌کی بێت تێیدا، به‌ده‌ر له‌و کاره‌سات و تێکچونانهی سروشت به‌سه‌ر خۆیدا دێنێت، هیج هێزێک نیه له‌سه‌ر و تواناکانی مرۆڤه‌وه بێت، بۆیه ده‌ڵێین، مادام ئێمه هه‌ین که‌واته ده‌توانین گۆڕانیش به‌ده‌ست بهێنین.
کێ ده‌یوت، نمونه‌ی ڕژێمی به‌عس و ده‌یان ڕژێمی دیکتاتۆر له مێژوی مرۆڤایه‌تیدا، توانایه‌ک هه‌یه بۆ له گۆڕنانیان، کاتیک که نه‌ده‌کرا! به‌ڵام که وه‌ختی هات، ئه‌و کات ده‌رکه‌وت ئه‌وه‌ی ته‌نها ئه‌و ڕژێمه ناداد په‌روه‌رانه‌ی پاراستوه ته‌نها خودی خۆمان و هه‌ست نه‌کردن بوه به‌و ئیراده‌یه‌ی هه‌مانه، کاتێک بتوانین به‌یه‌ک ده‌ست و به یه‌ک هه‌نگاو بۆ گۆرانێک به قازانجی گشتی به‌کاری بهێنین. بۆیه ته‌نها کارێک ده‌کرێت، بخوازین ژیانێکی جیاوازتر هه‌بێت له‌مه‌ی ئێستا و یه‌کسانی خوازی نێوان ژن و پیاو فه‌راهه‌م ببێت، ته‌نهاو ته‌نها به له گۆڕ نانی سه‌رجه‌م پایه‌کانی نێو سیستمی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تیه، به‌بێ ئه‌م ئاڵوگۆڕه بنه‌ڕه‌تیه ناکرێت چاوه‌ڕوانی دنیایه‌کی پڕ له ئاسوده‌ی و به‌خته‌وه‌ری ببین!تایه‌ر حاجی حه‌سه‌ن
28/02/2009
هۆڵه‌ندا