نەمتوانیووە خۆم یەکلایى بکەمەوە…… محەمەد کوردۆ
نەمتوانیووە خۆم یەکلایى بکەمەوە
محەمەد کوردۆدەنگێکى دوور
لەو دیو چەندین چیاى گەورەى پڕ تەمەوە
بانگم دەکات
دەنگێکى زۆر نازەنینە
دەنگى ژنێکى شیرینە
هێدى هێدى
دەڕژێتە ناو گوێچکەمەوە
سەرم دەبەستێ بە ژانء
پێم بە شەقاوى گرانء
دڵم بەدارى خەمەوە
دەڵێ کوردۆ گیان بمبورە
ماڵى ئێوە
زۆر لە ماڵى ئێمە دوورە
من کە بەرگەى ئەم دوورییەم بۆ نەگیرا
لەخۆم پرسى:
بۆچى درۆى لەگەڵ بکەم؟
بۆچى بیگرم بەدەمەوە؟
خۆم سەربڕىء
تۆم سەربڕىء
دەرگایەکى دیکەم نەبوو بیکەمەوە!
هەر دەنگەکە لێم دەپرسێ:
کوردۆ ئێستا خەریکى چیت؟
منیش درۆى لەگەڵ ناکەم
دەڵێم دواى تۆ
بۆنى خۆشى ژنێکى شۆخ
رژایە ناو
دڵء
گیانء
سینەمەوە
ئەو دڵى خۆى داوە بە من
وەلێ من هێشتا هەر کاسء حەپەساوم
لە کۆستێکى دى ترساوم
نەمتوانیووە
خۆم یەکلایى بکەمەوە
نەمزانیووە
دڵى خۆم بدەم بەو ژنە
یان دڵى خۆى
بدەمەوە؟!
mhamadkurdo@yahoo.com
****ئەم شیعرە لە دیوانى (ژەنەراڵى خۆشەویستییدا)، بڵاوکراوەتەوە، کە یەکێکە لە کتێبە چاپکراوەکانى گۆڤارى (هەنار)ء لەو رۆژانەدا لە سلێمانى چاپکراوە.