Skip to Content

Monday, November 4th, 2024
ئەرکى رۆشنبیران…….

ئەرکى رۆشنبیران…….

Closed
by March 1, 2009 گشتی

ئەرکى رۆشنبیران
لە هەڵبژاردنى ئایندەى پەرلەمانى کوردستان
مەجید ساڵح

لە دواى راپەڕینى 1991وە کۆمەڵگاى کوردی سەرەتاکانى گۆڕانکارى تێدا سەرى هەڵداوە وپێی ناوەتە قۆناغێکى نوێوە. ئەم قۆناغە لە ماوەى 18 ساڵى رابردوودا چەندین کەندو کۆسپی هاتوەتە رێگە، بەڵام خۆشبەختانە بە روخانی رژێمى بەعس لە ساڵى 2003 هەلومەرجێکى وا هاتوەتە ئاراوە، گۆڕانکارییەکان رێچکەى سروشتى خۆیان بگرنەوە بەرو شەمەنەفەرى دەسکەوتەکانى راپەڕین و روخانی دیکتاتۆریەت بکەوێتەوە سەر سکەى خۆى.
دیارترین ئەو دەسکەوتانە دەکرێت لەوەدا کۆبەند بکرێت کە کۆمەڵگا لە رێگەى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمان و ئەنجومەنى پارێزگاکانەوە، بەشدارى لە دروستکردنى بڕیارە سیاسی وئابورى و کۆمەڵایەتیەو ستراتیژیەکانى وڵاتدا دەکات. ئەگەرچى ئەو مەسەلەیە هێشتا لەسەرەتادایەو تاکو ئێستاش حزب و لایەنە باڵادەستەکان لە رێگەى  هەژموونی راگەیاندنەکانیان و ئەودەزگاى ترس و تۆقاندنانەى کە هەیانە، دەیانەوێت لە رێگەى هەڵبژاردنەکانەوە  شەرعیەت بە مانەوەیان بدەن و گۆڕەپانەکە لە بەردەم هێزى نوێ و ئیرادەى گۆڕین لە کوردستاندا بەرتەسک بکەنەوە.
لێرەدایە ئەرکى رۆشنبیرانى کۆمەڵگاکەمان ( مەبەستم لە رۆشنبیر لێرەدا هەموو توێژى خاوەن بڕوانامەکانە) بە گشتى و نوخبەکانى بە تایبەتى دەردەکەوێت. ئەوانن کە چاوساغى کۆمەڵگاکەمانن و هەموو گۆڕینێک لە سەر دەستى ئەوانەوە دەست پێدەکات وبەبێ بەشدارى کردنى ئەوان، هەرگیز کۆمەڵگاکەمان پێشکەوتن بە خۆیەوە نابینێت و بە چەق بەستویی دەمێنێتەوە. ئەزموونى گەلانى رۆژئاوایی ئەوە راستیەى سەلماندووە پرۆسەى "گۆڕانى کۆمەڵایەتى و سیاسیی و ئابورى" لە رێگەى رۆشنبیرانەوە لە بیرمەندانەوە گواستراوەتەوە بۆ کۆمەڵانى خەڵک، خەڵکیش بەبشداریکردن لە شۆڕشەکاندا بێت (وەک لە شۆڕشى فەرەنسەدا رویدا)، یان لە رێگەى دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا توانیویەتى "گۆڕان" دروست بکات، گەڵێک جاریش ئەو گۆڕانە گۆڕانێکى ریشەیی بووە. ئەو خۆشگوزەرانیەى کە ئێستا گەلانى رۆژئاوا تێدا دەژین و رۆڵەکانى ئێمە بۆ پێگەیشتنى زۆرجار گیانى خۆیان لە دەست داوە، بەرهەمی ئەو هاوبەشییەیە لە نێوان بیرمەند و رۆشنبیران و کۆمەڵانى خەڵکدا لەوێ.
بە مانایەکى دیکە ئەگەر قەرارە ئێمە کۆمەڵگایەکى تەندروست و خاوەن ئیرادەمان هەبێت، پێویستە هەموو چین و توێژەکانى کۆمەڵگا بەشدارى چالاکانە بکەن لە پرۆسەى گۆڕانکارى. ئەو بیرمەندانەى نەخشەى بۆ گۆڕان دادەڕێژن بەبێ گواستنەوەى پرۆژەکانیان لە رێگەى رۆشنبیرانەوە بۆ ناو خەڵک هیچیان پێ ناکرێت و بەستەڵەکى گەندەڵى و ناعەدالەتى کۆمەڵایەتى و نایەکسانى نەک هەر ناتوێتەوە، بەڵکو پتەوتر دەبێت.
ئێستا کە قسە لە هەڵبژاردنى پەرلەمانی کوردستان دەکرێت، ئەرکى رۆشنبیرانی کۆمەڵگاى ئێمە لەم ساتەوەختە مێژوویەدا ئەرکێکى قورسەو نابێت بە هیچ بیانوێک شانی خۆیانى لە ژێر خاڵى کەن. دەسەڵاتى زاڵ بەسەر کۆمەڵگاکەمان کە دەزانێت ئێستا گۆڕانێک بەڕێوەیە، هەموو فرت وفێڵێک بەکار دەهێنێت بۆ لە خشتەبردنى دەنگدەران و رازیکردنەوەیان بۆ ئەوەى جارێکى دیکە شەرعیەت بە بونیان ببەخشنەوە، ترس و تۆقین لە دەرونى دەنگدەراندا دەچێنن بۆ ئەوەى تەنها دەنگ بەوان بدەن، یان ئەگەر بەوان دەنگ نادەن، بەرچاویان روون نەبێت دەنگ بە کێ دیکە بدەن. هەڕەشەى نان بڕین و بایع بڕین لە خەڵک دەکەن و خۆیان بە زامنى پاراستنى کوردستان لە بێگانە دەکەن.
 ئەرکى رۆشنبیرانى کۆمەڵگاکەمان ئەوەیە ئەو ترسە لە لاى دەنگدەرى کورددا بڕوێنێتەوە و تێیگەیەنێت کە چەکى تۆ بۆ گۆڕان لە کوردستاندا ئەو وەرقەیە کە دەیخەیتە سندوقی دەنگدانەوە. رۆشنبیران دەبێت بچنە ناو کۆمەڵانى خەڵکەوەو بۆیان رونکەنەوە بایعى و موچە لە دەستى ئەواندا نییە، لە رێگەى عەدالەتى کۆمەڵایەتى یەکسانى باشترین چەکە بۆ روبەڕوو بوونەوە لەو هەڕەشە وەهمیەى کە گوایە لە دەرەوە لێمان دەکرێت.
ئەو پرۆژیەى کە بە دەستەوەیە بۆ گۆڕین لە کوردستان، پرۆژەیەکە پێویستى بە پشتگیرى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان هەیە، بۆ ئەوەى خەڵک بەشدارى چالاکى تێدا بکەن، رۆشنبیرانى کۆمەڵگاکەمان دەبێت پێشڕەو بن و ئەرکى سەرشانیان جێبەجێکەن.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.