چه‌مکێکی تازه بۆ ده‌سته‌واژه‌ی حیزب. …دارا ئه‌حمه‌د
چه‌مکێکی تازه بۆ ده‌سته‌واژه‌ی حیزب.
دارا ئه‌حمه‌د
حیزب وه‌ک داهێنراوێکی له‌مێژینه‌ی رامیاریی و رێکخراوه‌یی و باوی نێو کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داریی له نێوه‌رۆک و شێوه پێکهاته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌یدا به شێوه‌یه‌کی گشتیی رێکه‌وتن و یه‌کگرتنی کۆمه‌ڵێک که‌سی ده‌ستپێشخه‌ره که به هۆی پێگه‌ی له‌باری کۆمه‌ڵایه‌تییان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ؛ کارنهکهریی، مشه‌خۆریی، سامانداریی، که‌سایه‌تیی فه‌رهه‌نگیی و بنه‌ماڵیی و پاشماوه‌ی خێڵه‌کیی، … و هتد ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان بۆ ده‌ڕه‌خسێ به روخسارێکی شێوه‌کارییانه – که ئه‌وان به‌ر له خه‌ڵکانی تر درکیان به کێشه و پرسه‌کان و پێویستبوونی حیزبێک کردووه بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌یه‌ک و وه‌دستهێنانی ئامانجێکی دیارکراو، له‌و سه‌روبه‌نده‌شدا له‌به‌رپێی خۆیان پتر بترازێ هیچ شتێکی تر نابینن و هه‌رچی بزووتنی بابه‌تییانه‌ی کۆمه‌ڵیش هه‌یه فه‌رامۆش ده‌که‌ن – به په‌له‌پڕووزێ و به بێ سله‌مینه‌وه بێ ئه‌وه‌ی باره مێژوویی و رامیاریی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له‌به‌رچاو بگرن.. له چوارچێوه‌یه‌کی ته‌سکی ئه‌ندێشه و ئاره‌زووه خودییه‌کانی خۆیان بڕیارێکی چاره‌نووسساز ده‌ده‌ن و حیزبێک داده‌مه‌زرێنن که یه‌که‌مین جا ر و به‌ر له هه‌ر شتێک به هۆی ئه‌و ده‌قه نووسراوه‌ی که نێویان لێناوه ” په‌یڕه و و پرۆگرام یان هه‌ر نێوێکی دی ” تاپۆی ره‌شی حیزبه‌که به نێوی خۆیان ده‌که‌ن و به هه‌رچی چۆن و به هه‌رچی شێوه و شێوازێک هه‌یه خه‌ڵک له ده‌وروبه‌ی خۆیان خڕ ده‌که‌نه‌وه و هه‌ڵیانده‌سووڕێنن.سه‌ره‌تا تا حیزبه‌که‌یان سه‌قامگیر ده‌که‌ن له شانۆگه‌رییه‌کی نه‌خشه‌بۆداڕێژراو و به شێوه‌یه‌کی هونه‌رییانه به هه‌موو کاره‌کته‌ره‌کانیه‌وه رۆڵی ده‌مامکدراو و ئه‌ودیوی خۆیان ده‌گێڕن.. پاشان هورده هورده ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر خوده راسته‌قینه‌که‌ی خۆیان و ئه‌وجا به دروستکردنی ” کاریزمایه‌ک و قه‌ڵای پاراستنی ” رێگای بیرۆکراسیی و به‌کارهێنان و به‌کوشتدان و چه‌وسانه‌وه‌ی خه‌ڵک ده‌گرنه‌به‌ر.. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌پێی بۆسووڕانیان رێگه له‌به‌رده‌م هه‌ر ئازادیی و چاڵاکییه‌کی به کۆمه‌ڵ ده‌گرن که له راژه‌ی گه‌ل و به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی پرسه گشتییه‌کانی بزاڤهکهیهتی.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه له‌ژێر بڕوبیانووی ئه‌وه‌ی که ده‌بێ ئه‌ندامی حیزب به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی حیزب و گه‌ل بخاته سه‌ره‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیه‌وه سنوورێکی داخراو به ده‌وری ئازادییه خودییه‌کان ده‌کێشن، جگه له‌و ووزه و توانایانه‌ی ملکه‌چی ئاواکردنی بیرۆکراسیین سه‌رجه‌می ووزه و تواناکانی دی که زۆر کات چاڵاکیی و داهێنانی نوێ و به‌سوودیان لێده‌که‌وێته‌وه له‌بار ده‌به‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بێتوانایی و ده‌سته‌وه‌ستانی خۆشیان به‌رامبه‌ر رووداو و پێشهاته‌کانی کۆمه‌ڵ بشارنه‌وه خۆدزینه‌وه و پێچوپه‌نایه‌ک به‌نێوی ” تاکتیک و ستراتیژ ” و له‌به‌رچاوگرتنی واقیع دێننه ئاراوه که به‌هۆیه‌وه سه‌رجه‌می کێشه و ئامانجه سه‌ره‌کییه‌کان به‌ره‌و ئاقارێکی تر ده‌به‌ن و ده‌یانشێوێنن ، ئه‌گه‌ر شانسیش یار بێ و ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست ئه‌وا حیزب وه‌ک خێڵێکی براوه دێننه گۆڕه‌پانه‌که و له سه‌ره‌تادا هه‌ندێک چاکسازیی کۆمه‌ڵایه‌تیی بۆ چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و ئیدی پاشان هورده هورده لۆژیکی سه‌رکوتگه‌ریی و برسیکردنی خه‌ڵک ده‌سته‌به‌ر و به‌رجه‌سته ده‌که‌ن.
ئه‌و پێناسه و لێهوردبوونهوهی سه‌ره‌وه بۆ هه‌موو حیزب و حیزبایه‌تییه‌ک ده‌شێ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و حیزبه له‌نێو ریزه‌کانی کرێکاران و خه‌ڵکانی کۆمۆنیست‌یش سه‌ریهه‌ڵدابێ.. چونکه حیزب به واتای ته‌واوی ووشه‌که و واتا ناوه‌کییه‌که‌شی هه‌ر ئه‌وه سروشت و پێکهاته و گه‌وهه‌ر و خهسلهتهکهیهتی و هه‌ر که‌م و زیادکردنێکی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه‌ش نه پێیده‌گوترێ حیزب و نه گوزارشت له خودی بوون و هه‌بوونی حیزب ده‌کا.
هه‌رچه‌نده بزاڤی کۆمۆنیستیی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێ حیزب و حیزبایه‌تیی به باشترین و له‌بارترین رێکخراوبوون و هۆ داناوه بۆ گه‌یشتن به ئامانج.. به‌ڵام مێژووی تێکڕای حیزبه‌کانی – که به حیزبی پێشڕه‌وی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان نێوزه‌د ده‌کران – ئه‌و راستییه‌ی ده‌رخست که له‌ژێر کارتێکردن و به‌کاربردنی ئه‌و کۆمه‌ڵه ده‌سته‌واژه‌یه‌ی که یاسا و رێسا و پرانسیپی حیزب و حیزبایه‌تیی پێکده‌هێنن کرێکاران بۆهه‌میشه کهمایهتیۆکهیهکی زۆر زۆر که‌می بڕیاربه‌ده‌ستی نێو حیزبه‌کانیان پێکهێناوه، هه‌ڵبه‌ته هه‌رده‌م کۆمۆنیستانێکی زۆریش له ده‌ره‌وه‌ی حیزبه‌کان هه‌بوونه و نه‌یانتوانییوه یان نه‌یانویستووه خۆیان بخه‌نه نێو ئه‌و چوارچێوه ته‌سکه‌ی حیزبایه‌تیی وححیزبهکانیش نه‌یانتوانیووه یان نه‌یانوویستووه رێوشوێنێکی تر بخه‌نه‌گه‌ڕ و ههڵیانسووڕێنن چونکه ئه‌و چوارچێوه ره‌ق و ووشکه بۆ هه‌ندێک مه‌به‌ست و نه‌رمونیانه بۆ هه‌ندێک مه‌به‌ستی تر که پێیده‌گوترێ حیزب تێکده‌شکێ، له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ئه‌و کۆمۆنیستانه‌ی – به تایبه‌تییش کۆمۆنیسته کرێکاره‌کان – که زۆر لێبڕاوانه ئاماده‌ی خه‌بات بوونه ئه‌گه‌ر له ریزی حیزبیش کاریان کردبێ هه‌رده‌م نامۆ و نائاشنا بوونه به رامیاریی حیزب و حیزبایه‌تیی و ته‌واوی ووزه و تواناکانیان له‌و جۆره رێکخرابوونانه به کاری لابه‌لا و دوور له تێکۆشانی چینایه‌تیی به پێچه‌وانه‌ی ئه‌رکه‌کانی خۆیان خه‌رج کراوه و هزر و هۆشمه‌ندییان چه‌واشه کراون و نه‌یانهێشتووه رۆڵی راسته‌قینه‌ی خۆیان ببینن.
دیاره وه‌ک ئاشکرایه تا ئێستا باشترین شێوه و باری حیزبایه‌تییش که هه‌بووه له‌نێو ( حیزبی بهڵشهویکهکان) په‌یڕه‌و کراوه که سه‌رئه‌نجام توانی ( شۆڕشی سۆشیالیستیی ئۆکتۆبه‌ر) هه‌ڵگیرسێنێ.. به‌ڵام ئه‌وانیش پاش شۆڕش هه‌روه‌ک ده‌رکه‌وت چۆن هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و چ جۆره بیرۆکراسییه‌ک و دیکتاتۆرییهکیان له مێژووی بزاڤه‌که تۆمار کرد، هه‌ڵبه‌ته دروستکردنی ئه‌و بیرۆکراسیی و دیکتاتۆرییه‌ش هه‌ر له‌خۆوه نه‌بووه به‌ڵکه هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زرانی حیزبی به‌لشه‌فیکه‌کانه‌وه ره‌گوڕیشه‌یان داکوتابوو و له‌گه‌ڵی رسکا بوون چونکه هیچ دیارده‌یه‌کی له‌و بابه‌تانه به بێ بنچینه یان به هۆی هاتنی سه‌رکرده‌یه‌کی تاکڕه‌و له کتوپڕێکدا سه‌رهه‌ڵناده‌ن.. ئه‌گه‌ر گریمان به‌و شێوه‌یه‌ش بوو ئه‌وا ئه‌و دیاردانه نه‌یانده‌توانی درێژه‌یان هه‌بێ و زوو به زوو پێشیان لێدهگیردرا و له‌نێو ده‌چوون.
لێره‌دا بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که حیزب یه‌کگرتنی خه‌ڵکێکی خودپهروهر و نایهکسانیخوازانهی نێو کۆمه‌ڵه و له سه‌ره‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵکانه‌وه دروستده‌بێ که کێشه و ئامانجێکیان هه‌یه.. سروشت و پێکهاته به په‌ناوپێچ و ئاڵۆزهکهشی پرانسیپ و دیسپلین و ئه‌رک و مه‌رجه‌کانی رێکخراوبوون ده‌کاته بناغه بۆ ئاواکردنی بیرۆکراسیی و سه‌رکوتگه‌ریی و دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵکانه له سیاسه‌ت که به‌ڕاستیی به‌ته‌نگ به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوون و گوۆڕانکارییه کۆمه‌ڵایه‌تییه به‌سووده‌کانی کۆمه‌ڵن له‌پێناو به‌رده‌وام باشترکردنی باری گوزه‌ران و دامه‌زرانی کۆمه‌ڵێکی بێ چین و چه‌وسانه‌وه که تێیدا ژیانێکی پر ئاسایش و ئازاد و ئاسووده فه‌راهه‌م ده‌بێ.
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه کۆمۆنیسته‌کان – ئه‌وانه‌ی به‌رگی کۆنه‌پارێزیی و دۆگماتیزمییان فرێداوه و هیچ جۆره پیرۆزیی و نموونه‌ی به‌رزوباڵا و نه‌گۆڕیی و لهشکاننههاتوویی و کاریزمایی و دیاردهیتری له‌و بابه‌ته له‌به‌رچاوناگرن – چه‌مک و کارکردی حیزب بۆ رێکخراوبوون ره‌تده‌که‌نه‌وه.. چونکه ئه‌و جۆره رێکخراوبوونه به درێژایی مێژووی بزاڤی کۆمۆنیستیی له هه‌ر به‌رانگژبوونه‌وه و شۆڕشێکدا گه‌وره‌ترین و زۆرترین قوربانیی به چینی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان داوه که‌چی هه‌رده‌م له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هێشتوونه‌ته‌وه و به که‌مترین به‌رژه‌وه‌ندیی چینایه‌تیی رازییکردوون یان راستتر بێژین سه‌رکوتی کردوون . بۆیه ئه‌و جۆره رێکخراوبوونه بۆ هزر و رامیاریی دژه کۆمۆنیستیی ده‌شێ و سه‌رکه‌وتنی زۆریشی وه‌ده‌ستهێناوه، هه‌رچه‌نده هه‌ر له‌مێژه هه‌ست به‌و پرس و کێشه‌یه کراوه و مشتومڕی زۆریشی له‌سه‌ر کراوه به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی تا ئه‌و دواییانه‌ش هزریی حیزبایه‌تیی له‌نێو کۆمۆنیسته‌کان هێنده زاڵ بووه نه‌ک نه‌ده‌تواندرا شێوازێکی ناحیزبیی و له‌بار بۆ بزاڤه‌که تاقیبکرێته‌وه ته‌نانه‌ت نه‌ده‌تواندرا په‌رده‌شی له‌ڕوو ههڵبماڵدرێ و نهێنیی و مه‌ترسییه‌کانی ئاشکرا بکرێن و سه‌رجه‌می ئه‌و خهڵکانهشیان به تۆمه‌تی ” دژه رامیاریی و ئاژاوه‌گێڕیی ” تاوانبار ده‌کرد، به‌ڵام ئێستا له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ته‌واویی چێژی ئه‌و به‌رهه‌مه تفت و تاڵه کراوه وا خه‌ریکه به خێرایی ته‌می ترس و دڵه‌ڕاوکێ ده‌ڕه‌وێته‌وه و ده‌رفه‌تی له‌بار بۆ به‌رجه‌سته‌بوونی ئه‌و پرسه ده‌ڕه‌خسێ.. باشترین به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌و دیارده‌یه ئه‌وه‌یه که ئێستا کۆمۆنیسته‌کان به شێوه‌یه‌کی گشتیی له ده‌ره‌وه‌ی حیزبه‌کانن.. ئه‌وه له‌به‌رئه‌وه نییه که حیزبی به کرده‌وه کۆمۆنیست بوونی نییه بۆیه ئه‌وان ده‌رچوونه له حیزبه‌کان یان نابن به حیزبیی به‌ڵکه کێشه‌که له‌وه‌دایه که هه‌ر له‌بنچینه‌دا دڵ‌سارد و بێ‌بڕوا بوونه به حیزبایه‌تیی و به کار و رێکخراوبوونێکی بێهووده و زیانبه‌خشی ده‌زانن.. ئه‌وانه‌ی له‌نێو حیزبه‌کانیش ماون زۆربه‌یان ته‌نیا به روخسار کۆمۆنیستن.. هه‌ندێکیشیان هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی به بنه‌ماڵه تێوه‌گڵاون یان زۆر ماندوو بوونه و پیربوونه تێیدا یان هه‌ندێ ده‌سکه‌وتی مادیی و گیانیی و ناوبانگی رامیارییان چنگ که‌وتووه و ئیدی ناتوانن وازبهێنن.. که‌مێکیشیان حیزبایه‌تیی له‌گه‌ڵ ئاوه‌ز و بیرکردنه‌وه‌یان ئاوێته بووه و دهۆگماتیستییانه بڕوایان پێی هه‌یه.. ئه‌و کهمایهتیۆکه که‌مه‌شی که تا ئێستا نیشانه‌ی کۆمۆنیستبوونیان پێوه ماوه و له‌نێو حیزبه‌کان ماون وا خه‌ریکه هورده هورده ریزه‌کانیان جێده‌هێڵن.. ئه‌وانه‌شی هه‌ر ده‌مێننه‌وه ئه‌وا به‌رهه‌می ماندووبونیان له‌لایه‌ن بیرۆکراسه رامیاربازهکانی نێو حیزبه‌کان لرف ده‌کرێ، ئه‌وانه بۆخۆی وایکردووه که نه‌ک هه‌ر حیزبه کۆنه‌کان به‌ره‌و توانه‌وه‌ی یه‌کجاره‌کیی بچن به‌ڵکه هه‌رچی حیزبی به‌نێو نوێی کۆمۆنیستیی و کرێکاریش دروستبوونه له خۆخواردنه‌وه و پتر بترازێ هیچیتر به‌شیان نه‌بێ.
لێره‌دا سه‌رنج بۆ ئه‌وه رادهکیشین که ئه‌و نابووتبوون و داڕووخانه‌ی حیزبه‌کان نه‌ک هه‌ر جێی شادمانیی نییه که کۆمۆنیزمیان به‌و ده‌رده بردووه به‌ڵکه ئه‌وه شکستێکی زۆر گه‌وره‌یه و به درێژایی مێژووه‌که‌شی له‌گه‌ڵی هاتووه بۆیه زۆریشی ده‌وێ تا رێچکه‌ی ئاسایی خۆی که رێچکه‌ی ناحیزبییه ده‌گرێته‌وه به‌ر ، دیاره ئه‌و باره‌ی حیزبایه‌تیی و حیزبه‌کان له‌به‌رئه‌وه نییه که سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی به‌هۆی سه‌رکه‌وتنی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سۆشیالیستیی بهلارێداچووی سۆڤیه‌تیی و سه‌پاندنی نه‌زمی نوێی جیهانیی و پایهدارتربوونی رژێمه‌که‌ی توانای باشتری هه‌یه بۆ به‌رانگژبوونه‌وه و شکستپێهێنانیان به‌ڵکه به پێجه‌وانه‌وه ئێستا سه‌رمایه‌داریی به‌هۆی بهتاکجهمسهریی که‌وتنه‌وه‌که‌ی قه‌یرانه ئابوورییه‌کانی پتر قووڵبوونه‌ته‌وه له‌لایه‌ک و له‌لایه‌کیدیش به‌هۆی فره‌جه‌مسه‌رییه نێوخۆییه‌که‌ی هێزی دژ به‌یه‌کی پتری تێدا دروست بووه و هه‌موویان له‌نێوخۆ که‌وتوونه‌ته وێزه‌ی یه‌کتر و له‌هه‌مان کاتیش‌دا تا دێ مڵملانێی کرێکاران و ته‌واوی چه‌وساوانی جیهان به‌رامبه‌ر کار و هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی رژێمی سه‌رمایه‌داریی له ته‌واوی جیهان به شێوه‌ی خۆپیشاندان و مانگرتن و کۆچکردن و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی تر له دژی بێکاریی و برسیێتیی و شه‌ڕ و تیرۆر و ره‌گه‌زپه‌رستیی و …هتد پتر خۆده‌نوێنن، جگه له‌وانه‌ش بزاڤی کۆمۆنیستیی و کرێکاریی خاوه‌نی چه‌ندین ده‌سکه‌وتی مه‌زنن بۆرژواکان ناتوانن پێشێلیان بکه‌ن و هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌شدا کۆمۆنیسته‌کان به شکاندنی کۆتی بهسهرخۆداخراوهیی له‌به‌رده‌م ره‌خنه‌له‌خۆگرتن و به‌خۆداچوونه‌وه‌یه‌کی گشتگیر و گرتنه‌به‌ری ره‌وتێکی تازه و چاکتر دان.. هه‌ڵبه‌ته ئه‌و بارودۆخانه‌ی لێیدواین خۆبه‌خۆ له‌بارترن بۆ سه‌رهه‌ڵدانی رێکخراوبوونی کۆمۆنیسته‌کان به تایبه‌تییش کۆمۆنیسته کرێکاره‌کان.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ش حیزبایه‌تیی به‌پێی بوون و بنچینه ره‌سه‌ن و راستییه‌که‌ی خۆی چه‌شنه بۆچوون و خه‌سڵه‌تێک بۆ ئه‌ندامانی حیزب دروست ده‌کا که له لایه‌ک رامیاریی وه‌ک پیشه وه‌ربگرن له لایه‌کیدی حیزب وه‌ک ئامانج چاو لێبکه‌ن نه‌ک هۆ.. بۆیه ده‌روێشییانه په‌یڕه‌وی هه‌موو راسپارده و بڕیارێک ده‌که‌ن که له‌لایه‌ن ” کۆمیته‌ی بیرۆکراسیی ” و ” نووسینگه‌ی پلۆرالیستیی ” و سکرتێری پێرسۆنالیستیی ” بۆیان دێته خواره‌وه.. ته‌نانه‌ت کاری رۆژانه‌ی ژیان و گوزه‌ران و ئازادیی و بیرکردنه‌وه و هه‌ست و سۆز و تاموچێژه‌کانی ژیانیان له‌پێناو حیزب داده‌نێن، ئه‌و کاتانه‌ش که حیزب پێگه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ریی بۆ خۆی دروست ده‌کا و هه‌ندێک ده‌سکه‌وتی مادیی وهدهستدههێنێ ئه‌وا له‌پاش ئه‌وه‌ی که سه‌رکردایه‌تیی و کادیره ناوه‌ندییه‌کان تێروپڕ ده‌کا و له‌به‌ریان ده‌ڕژێته‌وه یارمه‌تییه‌کی که‌م بۆ ئه‌ندامانی خواره‌وه ده‌بڕنه‌وه و کاره‌کانیان پێ راده‌په‌ڕێنن و ده‌یانکه‌ن به پاسه‌وانی مشه‌خۆریی و بیرۆکراسیی.. به کورتییه‌که‌ی له کۆتاییدا حیزب ده‌بێته کۆمپانیایه‌کی مادیی و به‌رهه‌مه‌که‌ی له رووتاندنه‌وه‌ی خه‌ڵکی هه‌ژار و بێده‌ره‌تان وهدهستدههێنێ و دابه‌شکردنه‌که‌شی وه‌ک دابه‌شکردنی نێوان ” بۆرژوا و کرێکار ” له‌نێوان به‌رپرسان و ئه‌ندامانی خواره‌وه دابه‌شده‌کرێ.
هه‌ربۆیه کۆمۆنیسته‌کان به به‌خۆداچوونه‌وه‌یه‌کی هێمنانه و ره‌خنه و رهخنهلهخۆگرتنێکی هورد و زانستییانه و به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و بارودۆخانه‌ی ئێستای خه‌بات و بڕوای ته‌واویان به گۆڕان و تازه‌گه‌ریی و له‌ژێر رۆشنایی پوخته‌ی ئه‌و تێڕوانینانه‌ی لێیدواین هێنانه‌ئارا و دامه‌زرانی رێکخراوبوونێکی رامیاریی و ناحیزبیی له یه‌کگرتنێکی ئازادانه به چه‌مک و کارکردێکی تازه له یه‌کێتییه‌کدا که پێیده‌گوترێ (کۆمۆن) به‌شێوه‌یه‌کی رۆشن و دوور له هه‌موو ئاڵۆزیی ته‌مومژێک و ئه‌و یاسا و رێسا پۆڵاینیی و هاوکات پلاستیکییانه‌ی حیزبایه‌تیی به پێویستییه‌کی مێژوویی و چارهنوسسساز ده‌زانن بۆ بزاڤی تێکڕای چه‌وساوانی ئیستای جیهان و تێکۆشان له‌پێناو له‌نێوبردن و بنه‌بڕکردنی چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تیی که سه‌ره‌نجام تێکوشانێنێکی مرۆییه له‌پێناو رزگارکردنی مرۆڤه‌کان و کۆتاییهێنان به ملمڵانێنێی مرۆڤ له‌گه‌ڵ مرۆڤ.
٢٧\٢\٢٠٠٩
dara@emrro.com