![شانۆ و خواوه‌نده‌كان ….ئه‌نتوان ئاڕتۆ شانۆ و خواوه‌نده‌كان ….ئه‌نتوان ئاڕتۆ](https://dengekan.ca/wp-content/uploads/gcMigration/untitled_861511946.jpg)
شانۆ و خواوه‌نده‌كان ….ئه‌نتوان ئاڕتۆ
شانۆ و خواوه‌نده‌كان
ئه‌نتوان ئاڕتۆ
وه‌رگێڕانی: كاردۆ
نه‌هاتووم بۆئه‌وه‌ی په‌یامێكی سوریالیزمی ڕابگه‌یه‌نم، هاتووم بۆئه‌وه‌ی بڵێم سوریالیزم له فه‌ره‌نسادا وه‌ك مۆده‌یه‌ك به‌سه‌ر چوو، نه‌ك له به‌ر ئه‌وه به‌ڵكو له‌م ووڵاته‌دا زۆر شتی تریش وه‌ك مۆده تێپهڕكراون و له ده‌ره‌وه‌ی ووڵات لاسایی كراوه‌نه‌ته‌وه، هه‌روه‌ك بڵێی نماینده‌ی هزری ئه‌م ووڵاته بن. هه‌ڵوێستی سوریالیزم هه‌ڵوێستێكی نێگه‌تیڤ بوو، هه‌روه‌ها هاتووم بۆئه‌وه‌ی بڵێم ته‌واوی گه‌نجانی ئه‌م ووڵاته تینوی چاره‌سه‌ری پۆزه‌تیڤن، ده‌یانه‌وێت چێژ به ژیان ببه‌خشنه‌وه و ته‌واوی بۆچوونه‌كانیشیان خودی خۆیان ئه‌نجامی بده‌ن. ویست و ئاره‌زووی نوێی لاوانی فه‌ره‌نسا بابه‌تێك بتوانین له دووتوێی كتێب و ڕۆژنامه‌كاندا وه‌ك نه‌خۆشیه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ر یان په‌تایه‌كی سه‌یر كه هیچ وابه‌سته‌گییه‌كی به ژیانه‌وه نییه له باره‌یانه‌وه بدوێین. په‌تایه‌كی فیكری كۆنترۆڵی جه‌سته‌ی لاوانی فه‌ره‌نسای كردووه، ناشێت وه‌ك نه‌خۆشییه‌ك ده‌ست نیشانی بكه‌ین، وه‌لێ پێداویستییه‌كی ترسناكیشه هه‌روه‌ك یه‌كێكه له تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه. ئیدی هزر ته‌نها هزر نییه، به‌ڵكو ئاره‌زوویه‌كه و ڕووه‌و پراكتیزهبوون ئه‌چێت. حاڵی حازر له باكگراوه‌ندی سه‌رجه‌م گۆڕانكاریه فیكریه‌كانی فه‌ره‌نسادا ئیرادهیهكه هه‌یه كه له توانایدایه پراكتیزه بێت. كاتێك وێنه‌كێشی لاو ( بالتوس ) وێنه‌ی ئافره‌تێك ده‌كێشێت، ئه‌وه گوزارشت له ویستی خۆی ئه‌كات بۆ گۆڕینی بارودۆخی ئافره‌ت به‌پێی بیركردنه‌وه‌كانی خۆی، ئه‌و له‌میانه‌ی تابلۆكه‌ی خۆیدا گوزارشت له چه‌مكێكی ترسناك و پڕ بایه‌خی خۆشه‌ویستی و ژن ده‌كات، ده‌شزانێت كه په‌یڤه‌كانی خۆی بێ مانا نین، چونكه تابلۆكه‌ی نهێنی جووڵه له‌خۆی ده‌گرێت، ئه‌و وه‌ك كه‌سێك وێنه ده‌كێشێت كه نهێنی بروسكه‌ی لابێت. ئێمه نهێنی بروسكهمان پراكتیزه نه‌كردووه جیهانیش پێیوایه ئه‌مه سوژهیهكه و په‌یوه‌ندی به زانسته‌وه‌یه، بۆیه بۆ زاناكانی به‌جێدێڵت. به‌ڵام ڕۆژێك دادێت كه‌سێك نهێنییه‌كه پراكتیزه بكات كه دواتر ده‌بێته مایه‌ی داڕمانی جیهان، ئه‌و كاته‌ش جیهان ئه‌كه‌وێته هه‌ڵسه‌نگاندنی نهێنییه‌كه. گه‌نجان داوامان لێده‌كه‌ن په‌یوه‌ندی له نێوان نهێنی شته‌كان و به‌كارهێنانه هه‌مه‌جۆره‌كانیان دروست بكه‌ین. له‌م ووڵاته‌دا بۆچوونێكی كولتوری له ئارادایه كه له نێوان خوێندنگاكاندا بوونی نیه، چونكه له‌و دیوی ئه‌م بۆچوونانهدابیرۆكهیهكی ژیاری هه‌یه كار له‌سه‌ر بێزاركردنی خوێندنگه‌كان ئه‌كات و پڕۆسه‌ی فێركردنیان لێده‌شێوێنن، بهپیویستیشی ئه‌زانێت ئاگر له خۆپیشاندانه‌كانی هزری مرۆڤایه‌تیدا ئاماده‌گی هه‌بێت. لای هه‌مووانیش ئاشكرایه وێنای ئه‌و هزره‌ی كه گڕی له گه‌شه‌سه‌ندن دایه له شانۆدا بوونی هه‌یه، هه‌روه‌ك پێمانوایه شانۆ ته‌نها بۆئه‌وه ئافه‌ریده بووه كهبهرجهستهی بكات، كه‌چی ئه‌مرۆ زۆرێك پێیانوایه شانۆ په‌یوه‌ندی به‌واقیعه‌وه نییه،كاتێك له باره‌ی شتێكه‌وه ئه‌دوێین كه حه‌قیقه‌ت ده‌گۆڕێته كاریكاتۆر، هه‌ر هه‌موو پێیانوایه مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ندی به شانۆوه هه‌یه، ڕاستییه‌كه‌ی ئێمه له فه‌ره‌نسادا پێمانووایه ئه‌ركی شانۆی ڕاسته‌قینه ئه‌وه‌یه حهقیقهتهكانمان بوً ئاشكرا بكات، ئه‌وروپا له دۆخێكی شارستانی هاو چه‌رخ دایه، ده‌مه‌وێ بڵێم زۆر ناته‌ندروسته، هزری گه‌نجی فه‌ره‌نسایش ڕوبه‌ڕووی ئه‌م دۆخه شارستانییه‌ته پێشكه‌وتووه ئه‌بێته‌وه و پێویستی به كێسێرلینگ و سپێنگله‌ر نییه بۆ به‌دبه‌خت كردنی گه‌نده‌ڵی جیهانێك كه له‌باره‌ی ژیانه‌وه پشت به كۆمه‌ڵێك بیركردنه‌وه‌ی هه‌ڵه ئه‌به‌ستێت، كه له سه‌رده‌می ڕێنیسانسه‌وه بۆی ماوه‌ته‌وه.
پێمانوایه ژیان له وونبوونێكی دژواردایه، بۆئه‌وه‌ی هه‌ست به‌و دۆخه وونبوونه بكه‌ین ده‌بێ ته‌نها په‌نا به‌رینه به‌ر فه‌لسه‌فه‌یه‌كی نوێ، بارودۆخه‌كه گه‌یشتۆته ئاستێك بتوانین بڵێین گه‌نج به‌دوای خۆشه‌ویستیدا ئه‌گه‌ڕێت، ئه‌مه‌یش له چه‌ندین قۆناغی دیكه‌ی ژیاندا ڕووی داوه، به‌ڵام گه‌ر به هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم، له جه‌وهه‌ردا به‌دوای ئه‌م ژیانه‌وه هه‌نگاو ئه‌نێت. ئه‌و ده‌یه‌وێت له هۆكاری ناته‌ندروست بوونی ژیان بگات، ئه‌و فاكتهرهیش بدۆزێته‌وه كه بۆته مایه‌ی ئه‌وه‌ی تێڕوانینی خراپمان هه‌بێت بۆ گه‌نج. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به ته‌واوی گه‌ردووندا ده‌چێته‌وه، ده‌یه‌وێت له سروشت و مرۆڤ تێبگات، وێڕای ئه‌وه‌ش نایه‌وێت له یه‌ك ڕووه‌وه بڕوانێته مرۆڤ، به‌ڵكو له ته‌واوی ڕووه‌كانه‌وه، نموونه‌ی ئه‌مه‌ش سروشته، كاتێك له باره‌ی سروشته‌وه قسه‌ی بۆ ئه‌كه‌ین پرسیاری ئه‌وه ده‌هێنێته ئاراوه كه ئاخۆ ئه‌مڕۆ ئێمه به‌نیازین له‌باره‌ی چ سروشتێكه‌وه بدوێین، ئه‌و ده‌زانێت هه‌روه‌ك جۆن خۆی خودان سێ جیهانی له ناو یه‌كتره، ئاوهاش سێ سروشتی یه‌ك له دوای یه‌ك هه‌ن، به‌بۆچوونی ئیمپراتۆر (جولیان) سێ خۆر هه‌یه ته‌نها یه‌كێكیان ئه‌بینرێت، (جولیان لاپۆستان) تاوانبار نیه به‌وه‌ی نوقمی ڕوحگهرایی كرستیانی بووبێت، هه‌ر ئه‌و به یه‌كێك له دوایین نوێنه‌رانی بواری (زانسته دێرینه‌كان*) ده‌ژمێردرێت. گه‌نجی ئێمه زانست ئه‌خزێنێته نێو سروشته‌وه، هه‌روه‌ها پێیوایه چه‌ندین پۆلێنكاری ده‌ره‌كی هه‌یه كه ده‌خزێته نێو سروشته‌وه، مرۆڤیش یه‌كێكه له‌و پۆلێنكاریانه. گه‌نجان ده‌زانن كه ده‌شێت شانۆ مافی ئه‌و بۆچوونه باڵایه‌ی پێ ببه‌خشێت كه له‌باره‌ی مرۆڤ و سروشته‌وه هه‌یه‌تی. پێی وانیه ئه‌م تێڕوانینه باڵایه‌ی خۆی كه له باره‌ی شانۆوه ده‌رهه‌ق به ژیان ناپاكی ئه‌نجام دابێت، به پێچه‌وانه‌وه پێی وایه شانۆ یارمه‌تی ده‌دات بۆ چاره‌سه‌ركردنی ژیان. هه‌زاران شێواز هه‌ن كه بتوانن له میانایانهوه گرنگی به ژیان بده‌ن ئینتیمایان بۆی هه‌بێت، ئێمه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌وه‌سان بوونی ڕاشناڵهكان (عه‌قڵانیه‌كان) به‌رامبه‌ر به ته‌نها بۆچوونێك له جیهانێكی ناڕێكدا، له چیه‌تی تاوه‌ری (عاجی*) یش تێنه‌گه‌یشتووین، ئێمه كۆكین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ڕاشناڵهكان بتوانن ئاوێته‌ی سه‌رده‌می خۆیان بن، به‌ڵام بۆ ئه‌و مه‌به‌سته هیچ ڕێگایه‌كی دیكه‌یان له به‌رده‌مدا نییه،جگه له‌وه‌ی كه ئه‌بێت ڕووبه‌ڕوی سه‌رده‌می خۆیان ببنه‌وه و له پێناو ئاشتیدا بجه‌نگن.
ئێمه هۆكاری به‌دبه‌ختی ئه‌قڵی ئه‌م سه‌رده‌مه ئه‌گه‌ڕێنینه‌وه بۆ ئه‌و جه‌هله گه‌وره‌یه‌ی كه هه‌یه، له به‌رامبه‌ردا ته‌وژمێكی به‌هێز هه‌یه ده‌توانین له میانییه‌وه ئه‌و جه‌هله كهویی بكه‌ین، مه‌به‌ستم كهویكردنێكی زانستیانه‌یه، ژیان به‌لای ئێمه‌وه كه‌ڕه‌نتینه (محجر صحی) و نه‌خۆشخانه نییه، ته‌نانه‌ت تاقیگهیهكیش نییه، له‌لایه‌كی تره‌وه پێموانیه بتوانرێت كو‌لتور له سه‌ر ووشه و بۆچوونه‌كان ڕابهێنرێت، هه‌روه‌ها هیچ شارستانییه‌ك ناتوانێت له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م نه‌ریتانه درێژه به به‌رده‌وامی خۆی بدات، به‌ر له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م گه‌له‌دا هاوسۆز بین. له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێكده‌كه‌وین سیفه‌ته چاكه‌كانی گه‌ل كه بیرچوونه‌ته‌وه سه‌رله نوێ زیندوویان بكه‌ینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت هه‌نگاوی به‌ره‌و پێش بنێت. كه‌وایه ده‌ڵێم گه‌نج نیگه‌ران نییه، به‌ڵكو مایه‌ی نیگه‌رانییه، چونكه ئه‌وه‌ی كه دێته به‌رهه‌م له‌گه‌ڵ بیركردنه‌وه‌ی ئه‌ودا ناگونجێت، هه‌ڵبه‌ته تاوانه‌كه ئه‌گه‌ڕێنینه‌وه بۆ جه‌هلی ڕۆژگار و چاوه‌ڕوانی شۆڕشێك ده‌كات بۆ له ناو بردنی.
كاتێك گه‌نج بۆی ڕوون ده‌بێته‌وه كه چینه‌كان توانیویانه له ڕێی (الفا*) وه چاره‌سه‌ری په‌تای (كۆلێرا) بكه‌ن، له‌كاتێكدا چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و په‌تایه له ئه‌وروپا جگه له ڕێگه چاره‌ی دڕندانه و سووتاندنی ته‌رم، هیچ چاره‌سه‌رێكی دیكه نییه، ته‌نها به‌وه ناوه‌ستێت كه ئه‌و جۆره پزیشكه تێكه‌ڵ به میدیكاڵی ئه‌وروپایی بكات، به‌ڵكو له كه‌م و كوڕییه‌كانی فكری ئه‌وروپی تێده‌فكرێت و هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه چاره ئه‌دات. گه‌نج گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی (چین) توانیویه‌تی تێگه‌یشتنێكی قوڵی هه‌بێت بۆ په‌تای كۆلێرا ئه‌ویش خودی كولتوره. چه‌ندین نهێنی دیكه‌ی كو‌لتور هه‌ن كه له دووتوێی تێكسته‌كاندا نادۆزرێنه‌وه. هاوكات له‌گه‌ڵ بوونی كولتوری ئه‌وروپی كه وابه‌سته‌ی تێكستی نووسراوه، وامان به خه‌یاڵدا دێنێت گه‌ر تێكسته‌كان له‌ناو بچن ئه‌وا ئه‌و كولتوره‌ش له ناو ئه‌چێت، من ئه‌ڵێم له‌به‌رامبه‌ردا كولتورێكی دیكه‌ش هه‌یه كه له‌ناو ته‌نگژه‌یه‌كی تردا ژیاوه، دروست بوونی ئه‌م كولتوره لهناوچووهش له‌سه‌ر بیرۆكه‌یه‌كی ماتریاڵه كه (عه‌قڵ) بهرههمهێنیهتی.
به‌رامبه‌ر به‌مرۆڤی ئه‌وروپی كه ته‌نها ئاشنای جه‌سته‌ی خۆیه‌تی و نه‌یتوانیوه خه‌ون به ڕێكخستنی سروشته‌وه ببینێ، مرۆڤی چینی له‌ڕێگای عه‌قڵه‌وه ده‌گاته مه‌عریفه‌ی سروشت، ئه‌و بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕۆح له‌پله‌كانی چڕی و بۆشایی شاره‌زایی ته‌واوی هه‌یه، بهپَیی پرۆسه‌ی فیزیكی ڕۆح كه پێكهاتووه له (380) پۆینت. چینییه‌كان ئه‌توانن سروشت و نه‌خۆشیه‌كانی په‌نی بكه‌ن، ده‌كرێ بڵێین گه‌یشتونه‌ته ئه‌وه‌ی كه له سروشتی نه‌خۆشییه‌كان بگه‌ن.
جاكوب بۆیهیم كه ته‌نها باوه‌ڕی به ڕۆحه، هه‌روه‌ك وه‌سفی بارودۆخی تووڕه بوونی ڕۆح ده‌كات له‌نێو ته‌واوی سروشتدا، هه‌موو ئه‌مانه‌ش جارێكی تر له باره‌ی مرۆڤه‌وه بیرۆكه‌یه‌كی نوێمان پێده‌به‌خشن. دیسان كۆكین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌روه‌ك چۆن له قۆناغی ژیاندا مرۆڤیان ناسیووه، ئه‌بێ ئێمه‌ش بزانین مرۆڤ كێیه: واخه‌ریكه ئه‌و له‌مپه‌ر و یاساغانه ئاشكرا ئه‌كه‌ین كه له لاین زانستێكی ترسنۆك و بودهڵهوه خراونه‌ته به‌رده‌م پاشماوه‌كانی زانستێك كه توانای شیكردنه‌وه‌ی ژیانی هه‌بووه. سه‌باره‌ت به ئه‌وروپا شاعیر ئه‌و كه‌سه‌یه كه بتوانێت له ڕێی قیژه و هاواری خۆیه‌وه بگاته‌وه به (ڕه‌شه‌با)، به‌ڵام به‌لای ئێمه‌وه كه تێگه‌یشتنێكی پێكهاتهییمان هه‌یه بۆ كو‌لتور پێمانوایه په‌یوه‌ندی كردن به قیژه و هاواری (ڕه‌شه‌با) دووباره دۆزینه‌وه‌ی ژیانه. ئه‌مڕۆ له جیهاندا ڕه‌وتێك له ئارادایه داخوازییه‌كی كولتوری هه‌یه، داخوازییه‌ك خودان بیركردنه‌وه‌یه‌كی ئۆرگانی و قوڵی ئه‌و كولتوره‌یه كه له توانستیدایه قۆناغه‌كانی (فكر) شیبكاته‌وه. ده‌زانم كولتوری ئۆرگانی كولتورێكه له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندی نێوان هزر و ئۆرگانه‌كان هاتوه‌ته كایه‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌و هزره‌ی كه نوقمی ئۆرگانهكانه، به‌ڵام له هه‌مانكاتدا كارایه. ئه‌م بۆچوونه كولتورێكی سپه‌یسی (فه‌زایی) له خۆده‌گرێت و ئه‌وه‌ش ده‌ڵێم كولتوری ڕاسته‌قینه جگه له سپه‌یس ناكرێت له هیچ شوێنێكی دیكه‌دا ئاشنای ببین، هه‌روه‌ها كولتورێكی ئاڕاسته كراوه، شانۆش ئاراسته‌ی كو‌لتورێك ده‌كرێت كه له‌نێو سپه‌یس دایه، مه‌به‌ست له كولتوری هزرێكه ته‌نها به هه‌ناسه دان و هه‌ستكردن به ژیان له نێو سپه‌یس دا ناوه‌ستێته‌وه، به‌ڵكو وه‌ك بابه‌تی فكری خۆی داوای كۆكردنه‌وه و له‌خۆگرتنی پێكهاته‌كانی نێو سپه‌یس ده‌كات، به‌ڵام وه‌ك هزرێكی جێگیری ناوه‌ندی سپه‌یس، واتا دروست له نێو پۆینتی مردوویدا. بیرۆكه‌ی پۆینتی مردوویی سپه‌یس، تاڕاده‌یه‌ك بیرۆكه‌یه‌كی میتافیزیكیه كه له میانیهوه (هزر) گوزه‌ر بكات، وه‌لێ به‌بێ میتافیزیك كو‌لتور بوونی نییه، ئه‌ی مه‌به‌ست له چه‌مكی سپه‌یس چیه كه له پڕێكدا هاته نێو كولتورهوه، گه‌ر جه‌خت كردن نه‌بێت له‌سه‌ر هاوتابوونی كو‌لتور به ژیان.
(تاوتۆ كینگ دۆلاو تسیۆ) ئه‌ڵێت" (30) تیشك به‌ره‌و خولگه (میحور) ئه‌چن، به‌ڵام ئه‌و بۆشاییه‌ی كه له ناوه‌ڕاستیدایه ته‌نها ئه‌و ڕێگه به به‌كارهێنانی ڕهوڕهوهكه ئه‌دات، هه‌ركات مرۆڤه‌كان هاوبیر بوون، ئه‌و كات ده‌شێ بڵێین ئه‌و هاوبیرییه به‌ره‌و فۆڕمهیشن (تشكیل) بڕوات، به‌مه‌رجێ له نێو بۆشایی مردووی سپه‌یسدا نه‌بێت، كو‌لتور بزافێكی فیكرییه له بۆشاییه‌وه به‌ره‌و فۆڕمهیشن ئه‌ڕوات، له‌وێشه‌وه به‌ره‌و بۆشایی، پاشان به‌ره‌و مه‌رگ، ڕۆشنبیربوون واتا سووتاندنی فۆڕمه‌كان له‌پێناو به ده‌ستهێنانی ژیان. مه‌سه‌له‌كه‌ش په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه چۆن بتوانیت له نێو بزاوتی به‌رده‌وامی ئه‌و فۆرمانه‌ی كه یه‌ك له‌دوای یه‌ك تێكیان ده‌شكێنین به پشتڕاستی بمێنینه‌وه.
مه‌كسیكیه كۆنه‌كان جگه له هاتوچۆی نێوان مه‌رگ و ژیان شتێكی تریان نه‌زانیوه، ئه‌م وێستگه ناوه‌كییه (داخلی) ترسناكه و ئه‌م جموجۆڵی هه‌ناسه‌دانه ئه‌و كولتوره‌یه كه له یه‌ككاتدا له نێو سروشت و هزر دا جموجوڵی هه‌یه، ئه‌مه‌ش (میتافیزیك) ه گه‌رچی ئێمه ناتوانین له نێو میتافیزیكدا بژین، به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌بێ سه‌رله نوێ ژیان بچێته‌وه نێو میتافیزیك، ئه‌مه‌ش ئه‌و دۆخه دژواره‌یه كه مرۆڤی ئه‌مڕۆی شێت كردووه، دۆخی ته‌واوی ئه‌و ڕه‌گه‌زه ڕه‌سه‌نانه‌یه كه به‌رده‌وام له یه‌ككاتدا خۆیان له نێوان مه‌رگ و ژیاندا بینیوه‌ته‌وه، بۆیه كو‌لتور نانووسرێته‌وه، هه‌روه‌ك ئه‌فلاتون ده‌ڵێت "ئه‌و ڕۆژه‌ی كه یه‌كه‌م ووشه نووسرا هزر له ناوچوو" نووسین واتا رێگه گرتن له جمووجوڵهكانی هزر له‌نێو فۆرمه‌كاندا، هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه كه نووسینه‌وه ده‌بێته مایه‌ی چه‌ق به‌ستنی هزر له نێو فۆرمێكدا، فۆڕمیش ئه‌بێته ئه‌نگیزه‌یه‌ك بۆ سه‌رهه‌ڵدانی شێتی و دێوانه‌یه (الهیام)، شانۆی ڕاسته‌قینه‌ش چۆن كو‌لتور هیچ كاتێك نه‌چۆته نێو پڕۆسه‌ی نووسینه‌وه، شانۆ هونه‌ری سپه‌یسه، به‌و پێیه‌ی كه شانۆ له‌سه‌ر هه‌ر چوار پۆینته‌كه‌ی سپه‌یسدا جێگیر بووه، هێنده‌ی نه‌ماوه بگاته‌وه به ژیان و ژیانیش وێناكانی خۆی له نێو ئه‌و سپهیسهدا ئه‌دۆزێته‌وه كه شادی تێدایه، ئه‌مڕۆ بزافێك له ئارادایه هه‌وڵی جیاكردنه‌وه‌ی شانۆ ده‌دات له ته‌واوی ئه‌و شتانه‌ی كه سپه‌یس نین، هه‌روه‌ها هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات زمانی ده‌ق بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ دوتوێی كتێب، كه له ڕاستیدا ده‌بوو چوارچێوه‌ی كتێبی به‌جێ نه‌هێشتایه، ئه‌م زمانه سپهیسیهش كارده‌كاته سه‌ر حه‌ساسیه‌ت و ده‌مارگیری و گه‌شه ئه‌دات به پرۆسه‌ی نمایشی خوارووی خۆی، من ناچار به‌وه‌ی جارێكی تر ئه‌م تیۆریه دووباره بكه‌مه‌وه كه سه‌باره‌ت به بوونی شانۆیه له نێو سپه‌یسدا و هاوكات له ڕێی جووڵه و ده‌نگه‌وه كاریگه‌ری خۆی جێده‌هێڵێت، له‌گه‌ڵ پڕكردنه‌وه‌ی سپهیسیشدا به‌دوای ژیان و هێزدا ده‌گه‌ڕێت،ئه‌ویش به‌مه‌به‌ستی ده‌ربازبوون له پۆینته‌كان، دروست وه‌ك ئه‌و خاچه شه‌ش په‌له (فرع) ه وایه، كه به ته‌یمانی هه‌ندێك له په‌رستگاكانی (مه‌كسیك) ه‌وه هه‌ڵواسراوه، هه‌وه‌ها ئه‌و خاچه‌ی كه به‌رده‌وام له ناوه‌ڕاستی تیمانێكی داخراودایه به ئه‌ندازه‌یه‌كی په‌نهانی هه‌یه و له بیرۆكه‌یه‌كی ئه‌فسووناوییه‌وه وه‌رگیراوه، مه‌كسیكیه كۆنه‌كان بۆ دروست كردنی (خاچ) له نێو پانتاییه‌كی بۆشدا جێگیر ئه‌بوون و به ده‌وری خۆیاندا بازنه‌یه‌كیان له خاچ دروست ئه‌كرد، خاچی مه‌كسیكی سه‌مبولێك نییه بۆ سپه‌یس هه‌روه‌ك زۆربه‌ی زانایانی ئه‌مرۆ پێیانوایه، به‌ڵكو خاچێكه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگایه‌ك به‌كاردێت له پێناو ئاوێته بوونی ژیان به سپه‌یس و جارێكی تریش دۆزینه‌وه‌ی قوڵایی ژیان له ده‌وری سپه‌یس دا، هه‌میشه بۆشایی، هه‌میشه ئه‌و پۆینته‌ی كه له ده‌ورووبه‌ریدا مادده‌كان چڕ ئه‌بنه‌وه، بۆیه خاچی مه‌كسیكی سومبولی ڕابوونی ژیانه، زۆرجار له نێو (كۆدێكس) ه‌كاندا خواوهندهكانم بینیوه، وه‌ی ده‌بینم كه ئه‌م خواوه‌ندانه پێشتریش له نێو سپه‌یسدا خواوه‌ند بوونه، میتۆلۆژیای كۆدێكسهكانیش نهێنی خواوه‌نده‌كانی پاراستووه كاتێك كه له سپه‌یسدا بوونه، هه‌روه‌كو كونه شادۆییهكانن به جۆرێك كه ژیان ئه‌چێته‌وه نێو كونهكان ، ئه‌مه‌ش به‌ده‌ر له ئه‌ده‌ب ئه‌وه ئه‌گه‌یه‌نێت بوونی ئه‌م خواوه‌ندانه به ڕێكه‌وت نییه، به‌ڵام له شانۆدا چۆنه له ژیانیشدا هه‌روایه، هه‌روه‌ك چوار به‌شه‌كه‌ی هه‌ستی مرۆڤ پڕ ده‌كاته‌وه، له نێو ئه‌و به‌شانه‌دا هه‌ریه‌ك له ده‌نگ و جووڵه و ئه‌و هه‌ناسه‌یه‌ی ژیان ئهدركێنێت جێگای خۆیان ئه‌كه‌نه‌وه. كێ تا ئێستا پێیوایه هه‌ست به بوونی خواوه‌نده‌كان ئه‌كات و له شوێنیان ئه‌گه‌ڕێت، گه‌ڕان به‌دوای شوێنی خواوه‌ند، واته گه‌ڕان به‌دوای هێزی خواوه‌ند، تا ئه‌بینه هێزێكی ئیلاهی، ئه‌وروپا پێیوایه ئه‌و خواوه‌ندانه پهرستگارن، به‌ڵام هزری هیندۆسی ئه‌زانێت به چ شێوازێك و له میانه‌ی مۆسیقای هێزییه‌وه هێزی خواوه‌نده‌كان ببزوێنێت، شانۆش له ڕێگه‌ی دابه‌شكردنی مۆسیقای هێزه‌كانه‌وه هێزی خواوه‌نده‌كان ده‌خوازێ، خواوه‌نده‌كانیش له میانی هاوارێك یا ڕوخسارێكهوه به‌ره‌و ڕوومان دێن، هه‌روه‌ك ڕه‌نگی ڕوخسار هاواری خۆی هه‌یه، هاواریش شوێنی وێنه‌یه‌كی نێو سپه‌یس ده‌گرێته‌وه، ئه‌و سپهیسهش كه گه‌شه به ژیان ئه‌دات.
سه‌باره‌ت به من پێموایه ئه‌م خواوه‌نده لاده‌ر (منحرف) و شلهَژاوانه له‌پێناو گه‌یشتن به سپه‌یس له باره‌ی دروست بوونی ژیانه‌وه میتۆدێكی ئاشكرا ده‌خه‌نه ڕوو، هه‌روه‌ك بڵێی ترسی ئه‌وه‌یان هه‌بێت به‌باشی هه‌ست به ژیان نه‌كه‌ن، ترسی هونه‌رمه‌نده مه‌كسیكییه‌كان به‌رامبه‌ر به بۆشایی (فراغ) كه وایان لێده‌كات هێڵه‌كان بخه‌نه سه‌ر یه‌كتر، ته‌نهاش داهێنانی ئه‌و هێڵ فۆڕمانه نیه كه به‌رامبه‌ر به (چاو) نه‌رم و نیانی ئه‌نوێنن، به‌ڵكو ئاماژه‌یه بۆ پێویستی و گرنگی سپه‌یس، خواوه‌نده مهكسیكیهكانیش كه به‌ده‌وری بۆشاییدا ئه‌خولێنه‌وه و شێوازێكی ده‌گمه‌ن ئه‌خه‌نه ڕوو بۆ دووباره دۆزینه‌وه‌ی هێزه‌كانی سپه‌یس، دیاره به‌بێ ئه‌و هێزانه واقیع هیچ بوونێكی نییه، پێموایه له كۆتایشدا خواوه‌نده مه‌كسیكییه‌كان خواوه‌ندی ژیانن، هه‌روه‌ها سهرچاوهیهكشن بۆ به‌ده‌ست هێنانه‌وه‌ی ووزه و سووڕی فیكری. ئه‌و هێڵانهشی كه به باڵایشیدا سه‌رده‌كه‌ون شێوازێكی دڵگیر و ڕیتم ئامێز ( ئیقاعی) پێشكه‌ش ئه‌كه‌ن له پێناو باڵابوونی هزرێك به‌سه‌ر هزرێكی دیكه دا،خواوه‌نده‌كان ئه‌خوازن هزر قاوغگیر نه‌بێت و گوزه‌ر بكات.
(( له جه‌نگه‌كه‌دا به‌ره‌و پێش ئه‌چم ))
پێده‌چێت ئه‌مه زمانحاڵی ئه‌و خواوهندهبێت كه جۆره چه‌كێكی به ده‌سته‌وه‌یه و له به‌رده‌م خۆی دایناوه، هێڵێكی دره‌وشاوه‌ی بان سه‌ری ئه‌ڵێت "بانگی ئه‌و هێزانه ئه‌كه‌م كه لێیانه‌وه هاتومه‌ته ده‌ر" هه‌ر بۆیه ئه‌م خواوه‌ندانه له وێنای نا هیومانی خۆیاندا جگه له به‌ژن و باَلا ئاساییه‌كانیان كه له شێوه‌ی به‌ژن و باڵای مرۆڤن، پێمان ده‌ڵێن كه چۆن مرۆڤ له توانایدایه خودی خۆی تێپه‌ڕ بكات و جێیبهێڵێت، سه‌رباری ئه‌وه‌ش پێموایه هاڕمۆنیایهك له نێوان هێلهكاندا هه‌یه، جۆرێك ئه‌ندازه‌یی گرنگه كه له‌گه‌ڵ وێنه‌ی ده‌نگدا ئه‌گونجێت. له شانۆدا هێڵ ده‌نگه، جووڵه و موزیكه، ئه‌و جووڵه‌یه‌ی كه له ده‌نگه‌وه سه‌رچاوه ئه‌گرێت وه‌ك ووشه‌یه‌كی واتاداری ڕوونی نێو ڕسته‌یه‌كه.
خواوه‌نده مه‌كسیكییه‌كان خودان هێڵی كراوه‌ن، ئاماژه بۆ ته‌واوی ئه‌و شتانه ده‌كه‌ن كه ده‌رده‌چن و دێنه ئاراوه، هاوكات ئه‌وه‌مان بۆ ئه‌خه‌نه ڕوو كه به چ شێوازێك تێكه‌ڵ به شتێكی دیكه ببین. میتۆلۆژیای مه‌كسیك، میتۆلۆژیایهكی كراوه‌یه، هه‌روه‌ك مه‌كسیكی دوێنێ و ئه‌مڕۆ چه‌ندین هێزی كراوه‌ی بۆ خۆی پاراستووه، پێویستی به‌وه نییه بایه‌خ به‌و هێزانه بدات كه لێی دێنه ده‌ر، ته‌نها شوێنێكی سه‌ر زه‌ویه كه پێشنیازی ژیانێكی په‌نهان ئه‌كات، هه‌روه‌ها پێشنیاریش ئه‌كات ڕووبه‌ری ژیان بگرێته‌وه.
*زانسته دێرینه‌كان : زانستی ته‌لیسم و جادووگه‌ری و ئه‌ستێره‌ناسی.
*تاوه‌ری عاجی : تهریكبوون و دابڕانی هونه‌رمه‌ند و فه‌یله‌سوفه‌كانه له ژیان، زاراوه‌كه له داهێنانی شاعیری فه‌ره‌نسی (سانت بیف) ه كه بۆ یه‌كه‌مجار له‌ساڵی 1837 له شعرێكی خۆیدا به‌كاریهێنا.
*ئه‌لفا : دۆخی به‌ر له نووستنی ته‌واو، یان ساتی به‌ر له بێ‌دار بوون.