هه‌تاو…کنێر حه‌سه‌ن
هه‌تاو
کنێر حه‌سه‌ن
هه‌تاو ئه‌ڕژێ، به‌سه‌ر گه‌ڵا به‌سه‌ر گوڵ و به‌سه‌ر ئێمه
هه‌تاو بۆته‌وه هاوسێمان
ماڵی خۆی هێناوه‌ته‌وه ته‌نیشت ماڵمان
دوێنێ ئێواره داوه‌تم کرد
ئه‌و گوڵه نێرگزی پێ‌بوو ڕووێکی گه‌ش چه‌پکێ به‌هار
منیش پێشوازیه‌کی عاشقانه‌و چه‌ند خه‌نده‌یه‌کی ته‌نیایی و
پێکێ مه‌ستیش له شه‌رابێکی سووری تۆخ
هه‌تاو پێکه‌نینه‌کانی ئه‌گاته ماڵی ئێمه، من نازانم ئه‌و به چی پێئه‌که‌نێ
به‌ڵام له‌گه‌ڵی ئه‌خه‌نمه‌وه‌و حه‌زئه‌که‌م هه‌ر هاوسێمان بێ
دوێنێ وتی ساردی زستانت پێوه‌دیاره خۆ دڵیشت وا ناڕوانێ؟
من نه‌مزانی چی پێ‌بڵێم.
هه‌تاو ئه‌ڕژێ به سه‌ر گه‌ڵا به‌سه‌ر به‌هار به‌سه‌ر گوڵان به‌سه‌ر تۆ‌و من و ژیان
منیش رۆژانه کتێب وگوڵ ئه‌کڕم و ئه‌یانبه‌مه‌و ه‌بۆ ماڵێ
نازانم به دیاری بیانده‌م به کێ
بیانده‌م به خۆم یان به تۆ
یان به درۆکانی خۆشبه‌ختی یان به به‌هار
یان به هه‌تاوی هاوسێمانتۆ ئه‌ی "کۆتایی" وه‌ره من ئاماده‌م هه‌موو شتێکت له‌گه‌ڵدا بگۆڕمه‌وه
هه‌تاو، هاوسێیه‌تی، به‌هار ،عه‌شق، خۆشبه‌ختی ،هه‌موو بۆ تۆ
من بێزارم له "خۆم" ، که نازانم بۆ هاتوه‌و له کوێ هاتوه
له گه‌ڵ تۆ ئه‌ی "کۆ تایی " ئه‌چێ بۆ کوێ
من بێزار بووم له هه‌موو ئه‌م جوانیانه‌ی که نه‌مبینین و نایانبینم
ئه‌زانم تۆ پێئه‌که‌نی و ئه‌ڵێی: بێزار بوون له شته نه‌هاتوه‌کان !!!؟؟
پێئه‌که‌نی و نیشانه‌ی سه‌ر سوڕمانێکیشی ئه‌خه‌یته پاڵ
پێبکه‌نه ئه‌ی "کۆتایی" ،تۆ زۆر جوان به ئێمه‌و به به خته‌وه‌ریه نه هاتوه‌کان و ئاواته‌کان پێئه‌که‌نی
پێبکه‌نه، ته‌نها تۆش ئه‌زانی بۆ بێزارین له م خۆشه‌ختیانه‌ی نایێن و نایانبینین
پێبکه‌نه و باکم نیه، تۆ تێئه گه‌ی که ژیان چه‌نده کاتیه‌و
خه‌مباری و گه‌شانه‌وه‌ش ئۆرگینال نین
تۆ ئه‌زانی ئێمه بۆ نێرگزمان خۆش ئه‌وێ و
بۆنی وه‌نه‌وشه ئه‌که‌ین و ڕۆ ئه‌چینه ماڵی جوانی
تۆ ئه‌زانی خۆدزینه‌وه‌کان له ون بوون بۆ کام لامان ڕاپێچ ئه‌که‌ن
خۆ هه‌ڵواسینمان به کاته ڕۆشنه‌کان بۆ کوێمان ئه‌بات و
هیلاک بوونمان له پێناو به دواهاتنی خه‌وتنێکی ئارام چۆن فۆرمی ژیانمان ئهڕێژێتۆ کۆتایی وه‌ره با منیش بێباک به ده‌م تۆوه پێبه‌که‌نم
تۆ هه‌میشه به ئێمه پێئه‌که‌نی
ئه‌مجاره من به تۆ پیئه‌که‌نم و به‌خته‌وه‌رم بۆ ژیانێک خه‌مبارنیم
که شایه‌نی گریان نه‌بێ دوای کۆتایی
من هه‌ندێ جار بێزارم له م گه‌رمیه‌ی که دڵی ساردم ئه‌با بۆ به هارو هه‌تاوی پێئه‌ناسێنێ
من به دز ی هه‌تاوی هاوسێمان و به‌هار ئه‌گریم و
په‌نجه‌ره‌کان جوان دائه‌خه‌م ئینجا ، ئه‌گریم
نه‌بادا هه‌تا و بمبینێ
من ئارایش ئه‌که‌م و ژوان ئه‌گرم له گه‌ڵ هاوڕێیان
پێئه‌که‌نم و ده‌نگم بۆ سه‌ر مێزه‌کانی ته‌نیشتمان ئه‌ڕوا
میوانانی یانه‌که نازانن من بۆ پیئه‌که‌نم
هاڕێیان له گه‌ڵم ئه‌خه‌ننه‌وه‌و
ئه‌وانه‌ی لێشمانه‌وه نزیکن و ده‌نگمان ئه‌چێ بۆ لایان
وا ئه‌زانن من دڵخۆشم
به ڵام تۆ ئه‌ی کۆتایی ته‌نها تۆ ئه‌زانی چیت به‌سه‌ر هێنام و
پێکه‌نینه‌کانیشم بۆ هێنده زانایانه ده‌وری شادی ئه‌بینن و
خه‌مبارن له ناوه‌رۆک
به ته‌نها تۆ ئه‌زانی هاتنی تۆ به‌ر له هاتنی جوانیه‌کان چه‌ند ئازار به‌خشه
تۆ هه‌میشه به ئێمه‌یله‌کانی ڕۆژگار هه‌واڵ ئه‌نێری و
په‌له‌م لێ ئه‌که‌ی وه‌ک ده‌نگی مه‌لایه‌ک له ئیمساکدا
پێم ئه‌ڵی ی خێرا دوا پارووت بخۆ وا من هاتم
پیم ئه‌ڵێ ی سفره‌که‌ت بپێچه‌وه من گه‌یشتم
ده‌نگت هه‌راسانم ئه‌کات وام لێئه‌کات بێزار بم له چاوه‌ڕو‌انی جوانیه‌کانی، که نایه‌ن
تۆ بێبه‌زه‌ییانه کات ڕائه‌پێچی و خێر ائه‌ڕۆی
منیش له خه‌مباری و بێهێزی جێ ئه‌هێڵی و
بێباکیم به‌سه‌ردا ئه‌بارێنی
به ده‌م گریانه‌وه ئه‌لێم وه‌ره "کۆتایی" چیتر هه‌واڵ به باو به سنه‌وبه‌ره‌کان مه‌نێره
وه‌ره من بپێچه‌وه … من ئیستا هێزم نیه و
ئاواته‌کانیش هه‌ر دوورتر رائه‌که‌ن ،کاتێ ناتوانم له یادیان که‌م
من خه‌ریکه تاقه‌تی چوونم به دوای هیواکان و ترساندنه‌کانی تۆ له ده‌ستبده‌م
تۆ" کۆتایی " هه‌ر به دوامه‌وه ڕائه‌که‌ی و هیواکانیش له پێشه‌وه‌ن و،دوور دوورن لێمه‌وه
من نازانم له تۆ و مه‌ترسیه‌کانی تۆ هه‌ڵێم یان به دوای ئه‌واندا بچم
ئای ژیان چه‌نده سه‌ریری
له نێو ماراسۆنی من و، ئاواته‌کان، که له پێشه‌وه‌ن و
مه‌ترسی ‘ کۆتاییش" که‌به دوامه‌وه ڕائه‌کات
چه‌نده جوان و قه‌ره‌باڵغ دائه‌باری
بێ ئه‌م سه‌رکێشیه و ئه‌م ڕاکه ڕاکه‌ی دوای جوانیه‌کان و هه‌ڵاتن له " کۆتایی "
هیچ نه‌بوویت..کاتێ جوانیت و هیچ نیت..
وه‌ره له گه‌ڵم خۆشم ئه‌وێیت بێ ئاواته‌کان و ترسی کۆتاییش شه‌نگ نیت
بێ ئه‌م نائارامی و ئه‌م ڕ اکردنه‌ی به ئێمه‌ت داوه، بێ ڕهنگیتله وه‌ته‌ی هه‌تاو بۆته‌وه هاوسێمان
په‌نجه‌ره‌کانی من بێ په‌رده‌ن وجلی هاوینی ئه‌پۆشم
شاد ئه‌بم کاتێ هه‌تاو بێ پرسیار کردن
ئه‌ڕژی به‌سه‌ر جه‌سته‌ی من و گه‌رمیه‌کانی ئه‌گه‌یه‌نێته‌وه دڵم
هێزم پێ ئه‌دا بۆ ڕاکردن به دوای ئاواته کان و
هه‌ڵاتن له" کۆتایی "و عاشق بوونه‌وه‌م به ژیان
هێزم ئه‌وێ له ده‌نگت له ڕۆحت و له هه‌ڵاتنت
هیزم ئه‌وێ له ڕۆیشتن و نه‌هاتنه سه‌خته‌کان و تیشکه‌کان
هێزم ئه‌وێ تا که پێئه‌که‌نم ڕاستگۆ بم و
که له "کۆتاییش" نا‌ترسم بێباک بم و،که ده‌نگیشم ون ئه‌که‌م
به زمانی چاو ستایشی به‌هار بکه‌م و پێی بڵێم
هه‌تاو بۆته‌وه هاوسێمان