
باران له ته‌وه‌ری چیرۆك‌و نوستالوژیا دا
باران له ته‌وه‌ری چیرۆك‌و نوستالوژیا دا
ئاماده‌كردنی: توانا ئه‌مین
www.Tanyaee.Kurdblogger.com
كۆمه‌ڵێك چیرۆكنووسمان له‌مه‌ڕ په‌یوه‌ندی نوسین‌و زه‌مه‌ن، به‌دیاریكراویش زه‌مه‌نی له‌ده‌ستچوو دواند. به‌وحوكمه‌ی دواجار نووسین له‌ژانرێكی نێو ئه‌ده‌بیاتدا به‌ر له‌هه‌ر شتێك مامه‌ڵه‌یه له‌گه‌ڵ كاتداو به‌تایبه‌تیش چیرۆك كه بۆ خۆی مه‌خلوقێكی مێژووییه، ئه‌وا نوسه‌ره‌كانی كه‌خه‌ریكی نوسینه‌وه‌ی زه‌مه‌نن، له‌هه‌ر كه‌سێكیتر باشتر ده‌توانن زه‌مه‌ن شیبكه‌نه‌وه.
به‌گریمانه‌یه‌ك ده‌ستمان پێكرد، ده‌كرێ گریمانه‌ی بونه‌وه‌رێك بكه‌ین ئێستا هاتبێته بوون‌و له‌هه‌مانكاتیشدا توانا نوسین‌و خوێندنه‌وه‌ی هه‌بێت، ده‌توانرێ له‌م بوونه‌وه‌ره داوای چیرۆك بكرێت؟.. یان هه‌ر تێكستێكی سه‌ردی تر؟.. رابردوو.. یاده‌وه‌ری.. نوستالوژیا.. ئه‌مانه چۆن دێنه ناو چیرۆك‌و خۆیان ده‌نووسنه‌وه؟ ئه‌گه‌ر كه‌مێك مه‌به‌سته‌كه‌م له‌پرسیارێكدا چڕتر بكه‌مه‌وه: لای ئێوه چیرۆك نوسین چه‌ند خۆ نوسینه‌وه‌یه؟ ئێوه چیرۆك ده‌نوسن بۆ ئه‌وه‌ی له ڕابردوو قوتارتان بكات، یان چیرۆك ده‌نوسن بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕینه‌وه رابردوو؟ ئه‌و په‌یوه‌ندیه چۆن پێناس ده‌كه‌ن؟ ئێمه به بێ رابردوو شتێكمان ده‌بێت به‌ناوی چیرۆك؟باران:
گه‌ر سروشتی خه‌یاڵكردن و كرداری نووسین كاتێكی پێشوه‌ختیان نه‌وێت! چیرۆك یان هه‌ر تێكستێكی سه‌ردی تر، ئه‌وه‌نده‌ی توانای تێڕامان و ئاره‌زووی تۆماركردنیان پێویسته، ئه‌وه‌نده بوونی ڕابردوویه‌كیان پێویست نییه، وه‌ك ڕووداو.
چیرۆك وه‌ك مه‌مله‌كه‌تێكی هاوئاهه‌نگ به هه‌موو ده‌مه‌كانی ڕابڕدوو، ئێستا و داهاتوو، تایبه‌ت و جیاشه به هه‌ر یه‌كێكیان. به‌ده‌ریش له مانا لاوه‌كییه‌كه‌ی چیرۆك كه به‌سه‌رهاته، ئه‌مڕۆ زۆر داهێنان و ده‌قی شایستە مۆركی چیرۆكیان وه‌رگرتووه. به‌مه چیرۆك چ وه‌ك چه‌مك و چ وه‌ك ناوه‌ڕۆك فراوانتر ڕێڕه‌وی كردووه. به‌جۆرێک که دەکرێت هه‌ر هۆنینه‌وەیه‌کی تایبه‌ت و دوور له بیرەوەریی و به‌کارهێنانی ڕابردووش چیرۆکێک بێت.
دیاره به‌مانه نامانه‌وێت شتێك له قودسییه‌تی یاده‌وه‌ری و نوستالۆژیا كه‌م بكه‌ینه‌وه، به پێچه‌وانه‌وه، گێڕانه‌وه و گه‌ڕانه‌وه هه‌میشه ته‌ژین له‌و سیحرە تایبه‌ته‌ی که چیرۆک هه‌رگیز ناتوانێت به‌یه‌کجاری دەستبه‌رداریان بێت و بینینه‌وەی چیرۆک خاڵیی له کاریگه‌ریی و تێرمی ڕابردوو، ئاسته‌م و ناسانایه. وه‌كتریش چی له‌وه خۆشتره بتوانیت بگه‌ڕێیته‌وه سه‌رده‌مێكی تێپه‌ڕیوو. دووباره ژیانه‌وه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌مه به‌سه‌رچووه‌كاندا چه‌ند جوانه. چ جای چێژداریی توانای گۆڕینی ڕووداوەکان، که به‌دیهێنانی ئاوات و بریای زۆرینه‌مانه! ئه‌مانه دەشێت سوکناییه‌ک بن، ته‌ریب و کۆک به‌و ئازارانه‌ی له دەمی نووسینه‌وەدا تووشی نووسه‌ر دێن. زۆر جاریش ڕووداوه‌كان خۆیان له‌سه‌ر زه‌وی واقیع، هێنده‌ی سه‌ر په‌ڕه و سه‌ر نووكی قه‌ڵه‌م، هه‌ستیار و كاریگه‌ر نابن، ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که یاده‌وه‌ریی هه‌میشه به سروشتی خۆی، ته‌نك و هه‌ستیار خۆی ده‌نوێنێت و ڕابردوو له خۆنووسینه‌وه‌یدا خاوه‌نی وه‌ها هێزێكه كه ده‌توانێت له ئێستات بكات!
من به چیرۆكنووسین، چ وه‌ك نووسینه‌وه‌ی خود و چ وه‌ك خوێندنه‌وه‌ی ده‌وروبه‌ر، یان وه‌ك داڕشتنه‌وه‌ی هه‌ر شتێك كه جوڵاندبێتمی.. ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستم له پاراستن و له چوارچێوه‌گرتنی تابلۆكانی ژیانه، له دوتوێی چیرۆكدا، ئه‌وه‌نده مه‌به‌ستم له ڕاكردن یان خۆ به‌تاڵكردنه‌وه نییه لێیان!
دیاره ئه‌ركی چیرۆكنووس ته‌نیا یاداشتكردنی شته‌كان نییه، به‌ڵكه گه‌یشتنه خاڵی ئاوێته‌بوونی خوێنه‌ر به ده‌ق و جێهێشتنی جێده‌ستێكه. لێرەوە پێده‌چێت هه‌ندێك جار دووره‌په‌رێز بوون له گێڕانه‌وه‌ی ده‌قاوده‌ق و ڕابردوو پێویست بێت و نووسینه‌وه‌ی ئێستا و ئه‌گه‌ره‌كانی خه‌یاڵ و داهاتوو، چێژێكی تایبه‌ت ببه‌خشێت. بۆ من، كه ده‌می نووسین هات، په‌یبردن و هه‌ستكردن به سه‌ره‌داوێكی مه‌لمووس و ڕاستیی، به‌سه بۆ هۆنینه‌وه‌ی ساباتێك له فه‌نتازیا، كه ده‌شێت یاده‌وه‌ریی و ڕابردوو ڕۆڵی باڵایان تێدا هه‌بێت و ده‌شێت نا!
لێرەدا وەک ڕووانگه‌ی گشتیی تێگه‌شتن و دیدێک، دەتوانین بڵێین، مه‌حاڵه به‌بێ ڕابردوو چیرۆکمان هه‌بێت، به‌ڵام نه‌ک ڕابردووی ڕووداو، به‌ڵکوو ڕابردووی فێرگه و کاریگه‌ریی. ڕابردوو وەک کاتێک بۆ دەسته‌به‌رکردنی توانای دەربڕین و نووسین. یان کاتێک بۆ گه‌ڵاڵه بوون و خوڵقاندن.
که‌واته به گریمانه‌ی وەها بوونه‌وەرێکیش که به‌بێ ڕابردوو توانای نووسین و خوێندنه‌وەی هه‌بێت، ناتوانرێت داوای چیرۆک بکرێت. به‌ڵام ڕەنگه بشێت گریمانه‌ی نووسینی تێکستێکی نوێی لێ بکه‌ین!