هه‌یبه‌تی كورسیه‌كه‌ت ناشیرین مه‌كه….حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ
هه‌یبه‌تی كورسیه‌كه‌ت ناشیرین مه‌كه
حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د رهسوڵكه ده‌ڵێین كورسی، مه‌به‌ستمان له پله‌وپایه‌ی به‌رپرس و كارمه‌ند و مامۆستایانه له گشت داموده‌زگا فه‌رمی و ئه‌هلیه‌كاندا به تایبه‌ت ئه‌و جێگایانه‌ی كه هه‌ستیارن و گرێدراون به خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شكردنه‌وه به هاووڵاتی و هاونیشتمانیه‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنج و تێبینیه ئه‌وه‌یه كه له‌م وڵاته هه‌ناسه‌سارده‌ی ئێمه‌دا و به درێژایی مێژوو زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی كه كورسی و پله‌وپایه ده‌گرنه ده‌ست پاش ماوه‌یه‌ك ده‌بنه كه‌سێكی بوغرا و خۆپه‌رست و خۆسه‌پێن. لێره و له‌وێش ده‌نگۆ و مقۆمقۆی گه‌نده‌ڵی و ده‌ستپیسی و داوێن پیسییان باسده‌كرێت.
له راستیدا ئه‌م دیارده‌یه له زۆرێك له‌م وڵاتانه‌ی رۆژهه‌ڵات و ئاسیا و ئه‌فریقادا بڵاو و باوه. هۆكارگه‌لێكی كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی له پشته‌وه‌یه و له خۆوه‌ڕا نه‌هاتۆته ئاراوه. له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه هه‌بونی جۆری حوكمڕانیه كه له فه‌رمانڕه‌وایه‌تی تاكڕه‌وی و شمولی و دیكتاتۆریدا خۆیان ده‌بیننه‌وه، هۆكاری سیاسی یه‌كه‌مین هۆكارێكه كه دروشمی (كه‌سی شیاو بۆ جێگه‌ی شیاو) ئاوه‌ژوو ده‌كاته‌وه، به‌دوای ئه‌ودا ناسه‌روه‌ریی یاسا ده‌هێنێت، كه‌واده‌كات به‌پرسێكی سیاسی له سه‌رووی یاساوه دابنێ، چونكه حیزب و ده‌سه‌ڵاتی شمولی خۆی له سه‌ر عه‌رشی خواوه‌ند ده‌بینێ و هاووڵاتیش به بونه‌وه‌ری گرگن و گزگل ده‌بینێت. بڕوای به یاسا و ده‌ستور و مافی هاوڵاتی و حوكمی دیموكراسی نیه. خۆی كورسیه‌كان دابه‌شده‌كات و هه‌ڵبژاردنیش داخراو و كارتۆنی ده‌بێت. هه‌ربۆیه‌شه له وه‌زیره‌وه بۆ گزیر خۆی فه‌رمانی له سه‌ر ده‌دات و ئیمزای له سه‌ر ده‌كات.
بۆیه له وڵاتێكدا كه حیزبی نادیموكراسی و خۆسه‌پێن حوكمبكات، كورسی ده‌دات به‌و كه‌سه حیزبیانه‌ی كه خۆی متمانه‌ی پێیانه، ئیتر بڕوانامه و زانایی و خزمه‌ت و شاره‌زایی له به‌ڕێوه‌بردن و دڵسۆزی له ده‌ستپاكیدا نابێته هیچ پێوه‌رێك و دروشمه ستاندارده‌كه پێچه‌وانه ده‌بێته‌وه، ده‌بێته "كه‌سی ناشیاو بۆ شوێنی ناشیاو". هۆكارێكی دیكه‌ی گرنگ له‌م دیارده‌یه‌دا، نه‌بوونی ئه‌قڵییه‌تی ره‌خنه‌گرانه‌ی هاووڵاتی و میلله‌ته له‌مجۆره وڵاتانه‌دا. كه به پێچه‌وانه‌وه ده‌بێته هانده‌ر بۆ تۆختركردنه‌وه و دوباره‌كردنه‌وه‌ی دیارده‌ی كورسی په‌رستن و گه‌نده‌ڵكردنی به‌رپرسی سه‌ر كورسیه‌كه. هاووڵاتی خۆی دانیشتوی سه‌ر كورسییه‌كانی وڵات فوو تێده‌كات و بوغرایان ده‌كات، هاووڵاتی خۆی شیعری غه‌زه‌لی و په‌خشانی ستایشكردنیان به سه‌ردا ده‌هۆنێته‌وه. هاووڵاتی مه‌ڕی قه‌ڵه‌و و فه‌رشی كاشان و ویسكی سكۆتله‌ندی و ژنی شۆخ و گۆشتنیان بۆ ده‌باته ماڵه‌وه و مه‌سینه‌یان بۆ داده‌نێت و كه‌وشه‌كانی پێیان بۆ ده‌سڕنه‌وه.
ئیدی به‌رپرسی سه‌ر كورسی خۆی لێ ده‌بێته فریشته و خواوه‌ندی باڵگرتووی حه‌وت نهۆمی ئاسمان. ورده ورده چاوی كز ده‌بێت و خواروخێچییه زۆره‌كانی خۆی و هاوه‌ڵه‌كانی نابینێ، گوێی كز ده‌بێت و هاوار و داد و سكاڵای میلۆنه‌ها هه‌ژاری وڵاته‌كه‌ی نابیستێ. ده‌میشی ده‌بێته ته‌ڵه‌ی ته‌قیو، كه ناتوانێ ره‌خنه له خۆی و له حیزبه‌كه‌ی و له ستایڵی حوكمڕانی وڵاته‌كه‌ی بگرێت. گیرفانه‌كانی كون ده‌بن و قاسه‌كانی ماڵه‌وه و بانكه‌كانی ناوه‌وه و ده‌روه‌ش هه‌ر پڕ نابنه‌وه. خۆپه‌رستی و چاوچنۆكی ئه‌م خواوه‌نده‌ی سه‌ر رووی زه‌وییه هه‌تاكو مه‌حشه‌ر و قیامه‌ت هه‌ر نابڕێنه‌وه..به‌ڵام بێگومان له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی رۆژئاوای گۆی زه‌میندا ئه‌م دیارده‌یه كه‌متر و به رێژه‌ی زۆر كه‌متر ده‌بیندرێن، چونكه ئه‌و كه‌سه‌ی كورسی پێده‌درێت پێی نابه‌خشرێت (به گوته‌ی جۆن ستیوارت میل) به‌ڵكو به خزمه‌تی به‌رده‌وام و به ماندووبوون و به وه‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه و به دڵسۆزی و به كارامه‌یی خۆی وه‌ده‌ستی دێنێ و هیچ جۆره به‌خشش و مه‌كره‌مه‌یه‌ك نییه له پادشا یان له‌حیزبه‌وه پێشكه‌ش به‌م كارمه‌نده‌ی سه‌ر كورسیه كرابێت.
كاتێك كورسی هه‌یبه‌ت و شكۆداریه‌كه‌ی ون ناكات كه ره‌قیبێكی یاسایی و ده‌ستوری به سه‌ره‌وه بێت و له هه‌ڵه‌كانی بپرسێته‌وه و له تاوان و له‌گه‌نده‌ڵییه‌كانی بپێچێته‌وه و سزای بدات. دانیشتوی سه‌ركورسیه‌كه‌ش خۆی له سه‌رووی یاساوه دانانێت و خۆی لێ نابێت به خواوه‌ند و به فیرعه‌ون..
هه‌ركاتێك دروشمی كورسیدار و پایه‌دار ئه‌وه بوو كه ته‌نها بۆ خزمه‌تی خه‌ڵك و بۆ خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شكردن ته‌رخانه و سوێندی شه‌ره‌فی پیشه‌كه‌ی خوارد، كه ده‌ستپاك و دڵسۆز و داوێنپاك و خزمه‌تكاری نیشتمانه‌كه‌ی بێت ئه‌وا هه‌یبه‌تی كورسی و ره‌ونه‌قی كاروئیشی حیزبایه‌تی و به‌ڕێوه‌بردنی داموده‌زگا فه‌رمی و حكومی و ئه‌هلیه‌كانیش جوان و شكۆدارتر ده‌بێت. ئه‌گه‌ر كورسیش له سه‌روی یاسا و ماف و هه‌یبه‌تی هاووڵاتی و نیشتمانه‌وه بوو، ئه‌وا زۆر چاك بزانه كه گه‌نده‌ڵی دانیشتوی سه‌ر كورسیه‌كه گه‌یشتۆته چاڵی چاومان…!