Skip to Content

Wednesday, May 1st, 2024
ئیسلامی سیاسی بە هەڕەشەیەكی جیدی دەزانم بۆ سەر ئازادییەكانمان …كاروان محەمەد سابیر

ئیسلامی سیاسی بە هەڕەشەیەكی جیدی دەزانم بۆ سەر ئازادییەكانمان …كاروان محەمەد سابیر

Closed
by March 17, 2009 گشتی

ئیسلامی سیاسی بە هەڕەشەیەكی جیدی دەزانم بۆ سەر ئازادییەكانمان

 

 دیمانەی کوردستان راپۆرت لەگەل کاروان محەمەد سابیر


چوارچێوەی كاری رێكخراوەی قوتابیانە و خوێندكارانە لە كوردستاندا لەگەڵ رەوتی سەردەم و رێچكەی نوێدا جۆرێك لە گۆرانی پێوە دیارە ئەم گۆرانەش دەكرێ جێگای پرسیار و هەڵوەستەی زیاتری لەسەر بكرێت بۆ زیاتر وردبوونەوە و شۆڕبوونەوەی جیدیانە لە كاری رێكخراوەیی قوتابیانە بە پێویستمانزانی كاروان محەمەد سابیر كارگێڕی مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی قوتابیانی كوردستان و بەرپرسی راگەیاندنی ئەو رێكخراوە و بەرپرسی سەنتەری خامە بۆ راگەیاندن و لێكۆڵینەوەی قوتابیان لەبەردەم چەند پرسارێك بووەستینن.
دیمانە: سۆران خەڵەف

كوردستان راپۆرت: كاك كاروان بەرای ئێوە ئەدای ئێستای كاری رێكخراویی لە كوردستان لە چ ئاستێكدایە، بەتایبەتی رێكخراوەكانی قوتابیان؟
كاروان محەمەد سابیر: بەگشتی كاری رێكخراوەیی لاوازە، ئەمەش پەیوەندی بە هەندێك هۆكاری سیاسی و كۆمەڵایەتیەوە هەیە، بەداخەوە رێكخراوەكان لە ئەرك و بەرپرسیارەتی خۆیان دوور كەوتوونەتەوە، زۆر رێكخراو هەیە تەنها ناوە یان كۆمەڵە شەخسێك بەرژەوەندی ماددی لە دەوری رێكخراوێك كۆی كردونەتەوە، بەڵام ئێمە لە رێكخراوی قوتابیانە(یەكێتی قوتابیانی كورستان) رۆڵ و كاریگەرییمان دیارە و پێویست بە باسكردن ناكات، بەڵام لە جێی تموحی خۆشماندا نییە و دەمانەوێ كارتربین.
كوردستان راپۆرت: لە نێو قوتابیاندا پرسیارێك هەیە دەكرێ ئێمەش بە كۆپی كردن هەمان پرسیار ئاڕاستەی جەنابت بكەی(بوون و نەبوونی رێكخراوەكانی قوتابیان چ مانایەكی هەیە)؟
كاروان محەمەد سابیر: مانای زۆرە كاكە، ئەگەر رێكخراوی قوتابیان نەبێ كێ نوێنەرایەتی ئەم توێژە دەكات. بۆ خۆی هەبوونی ئەم فرە رێكخراوەییە. مانایەكی جوان دەبەخشێ بە كەشی دیموكراسی و بەرەو مەدەنی بوونی كۆمەڵگەمان(بەمەرجێ رێكخراوەكان كارا بن). ئێمە پردێكین لە نێوان قوتابیان و دەسەڵاتدار، پەیامی قوتابیان دەگەیە نین، ئێمە چ لە رێگای یاداشت و پرۆژەكانیەوە چ لە رێگای فشاری مەدەنی و جەماوەرییمانەوە داواكارییەكانی قوتابیان بەهاوكاری دەستگە پەیوەندیدارەكان جێبەجێ دەكەین،
كوردستان راپۆرت: رێكخراوەكانی دیكەی قوتابیان كە بە حەجمێكی بچووك بەشداری لە فیدراسیۆنی رێكخراوە(قوتابی و خوێندكارییەكان) هەیە گلەیی لە ئەدای كاری بەرێزتان دەكەن كە توندی لە هەڵوێستی حزبیەكانت و دەڵێن حزبیانە مامەڵە دەكەی؟
كاروان محەمەد سابیر: جارێ هیچ رێكخراوێك بچووك و گەورە نییە لە فیدراسیۆن، بەڵكو هەر رێكخراوێك خاوەن یەك دەنگە لە دەنگدانەكانی ناو فیدراسیۆن، لە بارەی جەوهەری پرسیارەكەتەوە، ئەو گلەییمان بیستۆتەوە، راستیەك هەیە باپێتان بڵێم: قەبوڵ ناكەین هیچ رێكخراوێك موزایەدەمان لەسەر بكات، ئاخر كاكە هەر رێكخراوێك سەر بە حزبێكە، كەچی هەندێكیان نەك هەموویان بە ئێمە دەڵێن: ئێوە حزبین، منیش وتومە ئەی ئێوە چین و سەر بە كوێن؟
هەندێكجار شتی ناواقیعی دەوترێت و منیش تەقەبوولی ناكەم، خەڵكانێك هەن فێری شتێكی سەیر بوون، كە حزبی بوون تاوان بێ یان شەرم بێ، كاكە وا نییە، فەرموو با رێكخراوێك لە دەرەوەی رێكخراوەكانی حزب بتوانێ جەماوەرێكی زۆر لە چالاكییدا كۆ بكاتەوە، دەبێ ئێمە واقیعی بین، لەگەڵ ئەوەشدا رێزی هەموو بۆچوونێكی جیا دەگرین وەلێ قەبووڵی ئەوە ناكەین تیر و توانج لە پیرۆزییەكانمان بدرێت؟
كوردستان راپۆرت: دوای 56 ساڵ كاری رێكخراوەیی و لەیكترازانی جۆری خەبات ئێوە لە ئێستا و ئایندەدا میكانیزمێكی دیكەی كاركردنتان لە بەردەستە؟
كاروان محەمەد سابیر: ئێمە بەپێی واقیع مامەڵە دەكەین، واناسراوین كە زۆر واقعین دەبێ زەمینە و هەلومەرج لە بار بێ هەر بەرنامەیەكی تازە كە بمانەوێ جێبەجێ بكەین، ئەگەر سەرنج بدەی لە هەر وێستگەیەكی خەباتی یەكێتی قوتابیانی كوردستاندا گۆڕانی بەدی دەكەی لە جۆری كاركردنی، ئەگەر پێش راپەڕین(ی.ق.ك) خەباتی پێشمەرگەیی و چەك لە شانی كردبێ، ئەوا ئێستا كاری ئێمە بە مەدەنیكردن و هۆشیار كردنەوەی تاكی كوردییە، بەرنامەی جیدیمان هەیە و گۆڕانكاری جەوهەریش دەكەین ئەگەر دەرفەت و هەلومەرج لە باربێ.
كوردستان راپۆرت: ئێوە لە رووی تەنزیمەوە شانازی بە رێژەی زۆری ئەندامەكانتانەوە دەكەن، چەند ئەندامتان هەیە؟
كاروان محەمەد سابیر: ئەو شتانەی پەیوەندیان بە كاری تەنزیمەوە هەیە نیهێنی كاری رێكخراوەیین و بۆ ئێمەیە نەك بۆ راگەیاندن.
كوردستان راپۆرت: هەندێك مامۆستا و بەرپرسی پەروەردەیی و لە ئەحزابە ئیسلامیەكان باس لە دەستێوەردانی زەقی ئێوە لە نێو ناوەندە پەروەردەییەكان دەكەن. ئایا ئێوە سنورێكتان بۆ دەستێوەردان هەیە؟
كاروان محەمەد سابیر: جارێ حزبە ئیسلامیەكان نابێ باسی دەستێوەردان بكەن، چونكە خروقاتی ئەوان نایەتە ژماردن، بۆ ئەوە دەستێوەردان نییە لە كاری حكوومەت و پەروەردە كە دژی تێكەڵكردنی كچ و كوڕن لە قۆناغەكانی خوێندن! ئیسلامیەكان بە زۆر قوتابی لە كونجی ماڵەكانیاندا فێری سیاسەتی دەكەن، بە فكری توندڕەو پەروەردەیان دەكەن. سەبارەت بە ئێمەش، ئێمە دەستێوەردان ناكەین، بەشێوەیەكی شەرعی و نوێنەرایەتی قوتابیان دەكەین، ئێمە هاوكاری دەستگا پەروەردەییەكانین، موكینە لەبەرئەوەی زۆر لە سەر مافی قوتابی دێنە وەڵام مامۆستایان وا هەست بكەن كە ئێمە دەستێوەردان دەكەین.
-كوردستان راپۆرت: روانین وەك رۆژنامەیەكی قوتابیانەیە زۆر پرسی تێدا دەوروژێنرێ و دەگوترێ پرسەكان هەرزەكارانە و دوورن لە ئەخلاقیەتی كۆمەڵایەتی، وەڵاممتان چیە؟
كاروان محەمەد سابیر: نازانم پێناسەی ئەو خەڵكە بۆ ئەخلاق چیە؟ روانین رۆژنامەیەكی ئازادانەی قوتابیانە و رۆژنامەیەكی گەنجانەیە، كار لەسەر ئەو حاڵەتانە دەكەین كە نەشازن و دەمانەوێ نەبێتە دیاریدە نیگەتیڤ و باسیان دەكەین و دەیان وروژێنێ تاكو لایەنە پەیوەندیدارەكان چارەسەری بۆ دابنێ. بە پێچەوانەی قسەی(ئەو خەڵكە ژمارە كەمە) ئێمە زۆر بەرپرسارانە لە راگەیاندندا رەفتار دەكەین، رەچاوی ئەخلاقی رۆژنامەنووسی و واقیعی كۆمەڵایەتیشمان دەكەین، بەڵام دەمانەوێ ئێمە بەشێكی كارای ئەو گۆڕانە دادپەروەرییە كۆمەڵایەتیە بین، نەك لە پەراوێزدا بین.
كوردستان راپۆرت: ئایا لە كاری رێكخراوەییتاندا شەفافیەت پەیرەو دەكەن؟
كاروان محەمەد سابیر: شەفافیەت لە بەڕێوەبردنی ئۆرگانێكدا رێژەییە، بەدڵنیاییەوە شەفافیەت پەیڕەو دەكەین.
كوردستان راپۆرت: كەواتە بودجەی رێكخراوەكەتان چەندە؟
كاروان محەمەد سابیر: بڕواناكەم پێویست بەوە بكات بۆ ئێوەی ئاشكرا بكەین.
كوردستان راپۆرت: ئەی شەفافیەتەكەتان لە چیدایە؟
كاروان محەمەد سابیر: وتم رێژەییە، ئەو شتانە نهێنی ناو كاری بەڕێوەبردنن، ئێمەش پابەندی كۆمەڵێك پرەنسیپ و دیلسپلینی رێكخراوەیین.
كوردستان راپۆرت: پێتوانیە زۆر حزبیانەیت لەم بۆچوونەتدا؟
كاروان محەمەد سابیر: ئێمە رێكخراوێكی ئازادین لە كاركردن و وابەستەی پارتین، واتە نەك ئاساییە حزبی بین، بەڵكو بەشانازییەوە دەیڵێن، حزبی بوونمان عەیبە نییە، بەڵكو ئەوە ئێمەین خزمەت دەكەین و لە رێگای پرۆژە و چالاكیەكانمانەوە حزبیشمان خستۆت خزمەت قوتابیانەوە.
كوردستان راپۆرت: دەڵێن كوتلە و كوتلەكاری لە ناو یەكێتی قوتابیان هەیە وتۆش تەكەتول دەكەی؟
كاروان محەمەد سابیر: حەز دەكەم شتێكتان پێ بڵێم: ئەم مەوزوعە ئەسڵ و ئەساسی نییە. تەنیا ئەوە نەبێ خەڵكانێكی لاواز ئەو شتەیان دروست كردووە بۆ شكاندنی هەیبەتی یەكێتی قوتابیان و ناوزڕاندنی ئێمە. كاكە لای ئێمە تەكەتول لە موخەدەرات قاچاخترە، نە ئێمە نە پەیڕە و كاری رێكخراوەییمان نە بیروڕای سیاسی و حزبیمان قبوڵی ئەوە ناكەین تەكەتول هەبێ.
كوردستان راپۆرت: مەبەستت لە خەڵكی لاواز كێیە؟
كاروان محەمەد سابیر: مەبەستم نەیارانی ئێمەیە، خەڵكانێك هەن دژ بەو پرۆسەیەن و شەخسیەن چاویان بە جموجۆڵ و چالاكی ئێمە هەڵنایەت، ترسنۆكانە دەچن لە سایت و رۆژنامەكان دەڵێن لە قوتابیاندا تەكەتول هەیە، بەداخەوە برادەر هەیە كە هۆشیارییەكی سیاسی و رۆشنبیری نییە باوەڕ دەكات، ئێمە باش تێدەگەین كە ئەوە دەستێكی تێكدەرانەیە و دەیەوێ ئاژاوەمان لە ناو دروست بكەن، بەڵام ئەو هەوڵانە نەزۆكانەیە و سەرناگرێ.
-كوردستان راپۆرت: ئەگەر داوا پرسیارمان ئاراستەی خۆت بكەین وەك كادیرێكی ئەم رێكخراوە بۆچی ئەوەندە توندی بەرامبەر ئەحزابی ئیسلامی سیاسی لە كوردستان كە زۆربەی بابەتەكانت بەدیار دەكەون؟
كاروان محەمەد سابیر: ئیسلامی سیاسی بە هەڕەشەیەكی جیدی دەزانم بۆ سەر ئازادییەكانمان، هەڕەشەیەكی مەترسیدارە، ئێمە پێویستمان بە دەزگای تایبەت هەیە بۆ لێكۆڵینەوە لە دیاردەی ئیسلامی سیاسی و مەترسیەكانیان بۆ سەر پێشكەوتن و ئازادی. نەوەی نوێ پێویستی بە هۆشیاری ساسی و كۆمەڵایەتی هەیە، دەبێ لەوە تێبگەیەنرێت كە ئیسلامی سیاسی دیاریدەیەكی هاوردەیە و هەڵقوڵاوی ناو واقیعی كوردستان نییە، جا دەبێ ئەو شتانە بۆ خەڵكی روون بكرێنەوە، دەبێ رابردوو و كاری ئێستا سەرچاوەی دارای و رەفتارەیان بخرێتە ژێر پرسیارەوە، خۆیان رۆژ تا ئێوارە رەخنە دەگرن، كەچی بە رەخنەی رۆژنامەنووسێك هەڵدەچن.

ئەم دیمانەیە لە ژمارە(603) سێ شەممە 17/3/2009 ی كوردستان راپۆرت بڵاو بووەتەوە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.