Skip to Content

Sunday, June 23rd, 2024
ته‌می دڵ  ……نوری حه‌مه‌ ئه‌مین

ته‌می دڵ ……نوری حه‌مه‌ ئه‌مین

Closed
by March 26, 2009 ئەدەب

ته‌می دڵ                                 
                                                                 
له‌ وه‌خته‌ نازک و دڵ ته‌نگه‌کاندا،
بێ ده‌نگی، بڵێسه‌ی شێت بوون و هاڕه‌ی شوشه‌یه‌..
دڵ ده‌هۆڵی ده‌ست سه‌رمه‌ستێکه‌و زرمه‌ به‌ ته‌پوتۆز ده‌سپێرێ،
یان
په‌نجه‌ره‌ی لێواری ته‌مه‌و،گۆگۆختی به‌رده‌داته‌ ته‌نگه‌به‌رێکی بێ هه‌وه‌س.
ده‌گه‌ر هاتی هێواش وه‌ره؛‌
هێواش له‌ به‌ر حاڵم دا ڕاوه‌سته،
نه‌کا دابڕانم لێڵ بێ و نیگات تێر لێ ی نه‌خواته‌وه‌
دره‌نگ وه‌خته‌، ئاسمان له‌ بان سه‌رم وه‌ک پۆلێک‌ باڵنده‌ی وه‌ڕس ده‌وروژێت.
نیگام ڕژانی ڕه‌نگه‌کانه‌و له‌ سه‌ر قاڵی ئه‌م غه‌ریبیه‌ نابێته‌وه‌
وه‌ک کاروانێک مه‌یلی بۆ پشته‌وه‌ی چه‌مابێته‌وه،‌
له‌ مۆردابی ڕۆح دا گرێ یه‌و
دوو تنؤک بارانی نیشتمان ده‌یکاته‌وه؟!
خۆشم ده‌وێن ئه‌ی هه‌ساره‌ به‌رزه‌ ده‌ست پێ نه‌گه‌یوه‌کانم
بڵێسه‌تان سکونی جه‌نگی قه‌ده‌ره‌.
من نیشتمانم لای سه‌مای دوو ماسی یه‌ که‌ ڕامان به‌ ئاو ده‌به‌خشێت،
ئای له‌ گیرۆده‌یی ڕامانێک که‌ مل له‌ به‌رده‌م کێردی ته‌م دا ڕاده‌گرێت.
من
هه‌وه‌سم له‌م ته‌مه‌دا نوقم ده‌بێت
ده‌ کاتێک هاتی تۆش، تکایه‌ هێواش وه‌ره‌
سوک له‌ به‌ر ئه‌م حاڵه‌مدا ڕاوه‌سته‌!

26/04/2002
دۆڤه‌ر
نوری حه‌مه‌ ئه‌مین

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.