یاسه‌مینه‌كانی مردن، یان یاسه‌مینه‌كانی شیعر
یاسه‌مینه‌كانی مردن، یان یاسه‌مینه‌كانی شیعر
خوێندنه‌وه‌یه‌كه بۆ دیوانی (یاسه‌مینه‌كانی مردن)ی ماردین ئیبراهیم
محه‌مه‌د كوردۆ
د.خلیل الموسی – ده‌ڵێت:
((ئه‌دۆنیس له قۆناغی یه‌كه‌می نووسیندا، نه‌ك شاعیرێكی ئاسایی به‌ڵكو له‌وه‌ش بچووك تربوو))(1)
شاعیر هه‌ن دوای ساڵانێكی زۆر له نووسین و بڵاوكردنه‌وه، ئینجا وه‌ك شاعیرێكی باش ده‌ناسرێن.
شاعیریش هه‌ن له یه‌كه‌مین قۆناغی دهستپێكردنیانهوه، وه‌كو شاعیری باش ده‌رده‌كه‌ون.
ماردین ئیبراهیم، له ڕێگای (یاسه‌مینه كانی مردن)ه‌وه، كه یه‌كه‌مین به‌رهه‌می چاپكراوێتی و (3) قه‌سیده‌ی له‌خۆ گرتووه، وه‌ك شاعیرێكی باش و ئومێد به‌خش هاتۆته نێو جیهانی شیعره‌وه.
هیوادارم ماردین له‌و شاعیرانه نه‌بێت كه (زوو دێن و زۆر نامێننه‌وه). به‌ڵكو به هه‌مان گه‌رم و گوڕی و عه‌شقه‌وه په‌ره به شیعره جوانه‌كانی بدات و تادێت به‌ره‌و ئاسۆی فراوانتریان ببات.
خوێنه‌ر دوای خوێندنه‌وه‌ی یاسه‌مینه كانی مردن هه‌ستده‌كات له مێرگێك گوڵ و وه‌نه‌وشه‌دا ڕاكشاوه، هه‌ستده‌كات له حه‌وزێك گوڵاودا مه‌له‌ی كردووه، بیری ده‌كه‌وێته‌وه كه لێشاوی شیعره بێگیانه‌كان له‌به‌رئه‌وه نییه، زه‌مه‌نی شیعر به‌سه‌رچووبێت، وه‌ك هه‌ندێك وایبۆده‌چن، یان راستتر ده‌یانه‌وێت وای پیشانبده‌ن.
به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌یه خه‌ڵكێك شیعریان سه‌رقاڵ و ماندووكردووه كه شاعیر نین..! به‌لای منه‌وه ئۆباڵی ئه‌و هه‌موو شیعره بێگیانانه، به‌ر له‌هه‌موو كه‌سێك له ئه‌ستۆی هه‌ندێ له رۆژنامه و گۆڤارهكاندایه.
چونكه ده‌بێت بزانن كه ئیشی ئه‌وان ته‌نها ریزكردن و نۆرهدانان نییه بۆ ئه‌و شته سه‌یرو سه‌مه‌رانه‌ی به‌ناوی شیعری داماوه‌و بهدهستیاندهگات، به‌ڵكو ئیشی ئه‌وان دۆزینه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی شیعر و دڕاندنی ناشیعره كانه.(2)
كورد وتویه‌تی: ((هه‌میشه جامی به‌تاڵ ده‌نگی له جامی پڕ زۆرتر دێت)).
زۆرێك له خاوه‌نی ئه‌و شیعره بێگیانانه، ئیدیعای گه‌وره گه‌وره ده‌كه‌ن و شیعری بچووك بچووك ده‌نووسن.
جامی به‌تاڵن و زه‌ڕیان لێوه‌دێت.
وه‌لێ ماردین ده‌زانێت كه شیعر قسه و ده‌نگ و ره‌نگ و ته‌نانه‌ت وجودی شاعیره، له‌به‌رئه‌وه قسه‌ناكات و شیعر ده‌نووسێت.
ده‌زانێت (سه‌عدی شیرازی ) له‌خۆیه‌وه نه‌یوتووه:
((میسك ئه‌وه‌یه خۆی بۆنی بێت، نه‌ك عه‌تار هاواری بۆ بكات ))(3)
* * * * *
ماردین له‌به‌رئه‌وه‌ی
خۆی
به گریانی ئه‌و ده‌سكه نێرگسانه به‌خه‌به‌ردێت
كه له پهرداخهكاندا دیلن…
له‌به‌رئه‌وه‌ی:
مناڵانی وڵاته‌كه‌ی
به مارشی خه‌مباری سه‌ربازه‌كان و
گونده‌كانی وڵاته‌كه‌ی
به ناڵه‌ی برینداره‌كان هه‌ڵده‌ستن و بێدارده‌بنه‌وه..
له دڵخۆشی هه‌نار سه‌ری سووڕده‌مێنێ..!
لێره‌وه ده‌شێت یه‌كێك له سیما دیاره‌كانی شیعری ماردین ده‌ستنیشانبكه‌ین، كه خه‌مێكی قووڵه‌و له هه‌رسێ قه‌سیده‌كه‌یدا، ئاماده‌یی هه‌یه.
خه‌مێكی قووڵ كه راستگۆیانه ته‌عبیری لێكراوه و به‌شێكی گه‌وره له جیهانبینی شاعیر پێكده‌هێنێت.
ئه‌وه‌تا:
له وه‌ڕینی سه‌گه‌كانه‌وه تێده‌گات
كه گونده‌كان ئاسووده‌یی نابینن…
به‌زه‌یی به نه‌زیفبوونی كانیدا، دێته‌وه و
خه‌م بۆ ئه‌و كۆڵانانه ده‌خوات
كه ته‌م وه‌ك سوارێكی ناشی سواری ملیان ده‌بێت. .
گه‌رمیان و كوێستانی په‌ڕه‌سێلكه‌كان،
به هه‌وڵدانێكی بێهووده‌ی تر بۆ به‌ختیاری
لێكده‌داته‌وه.
لای ئه‌و:
ژیان هێشووهترێیهكه له‌به‌رده‌م زه‌رده‌واڵه‌كانی عه‌ده‌مدا..
لای ئه‌و:
ژیان ژوورێكی ئینفیرادییه له مه‌نفاكانی گه‌ردووندا…
به كورتی، ده‌كرێت له ڕێگای ده‌ستپێك و كۆتایی شیعره‌كانه‌وه تاڕاده‌یه‌كی باش له خه‌مه قووڵه‌كه‌ی ماردین تێبگه‌ین.
با ته‌ماشابكه‌ین:
*شیعری (تاعوون)
به خوێنی كۆتره‌كان
ده‌ستپێده‌كات و به‌م رسته‌یه كۆتایی پێدێت:
وه‌یش ..ئه‌م هاواره چه‌ن له مردنی ئه‌سپه‌كان ده‌چێت.
*شیعری (یاسه‌مینه‌كانی مردن)
به هێرشی مردن
ده‌ستپێده‌كات و به‌مجۆره كۆتایی پێدێت:
ئۆف ..مردن هه‌میشه له په‌نجه‌ره‌كانه‌وه دێت.
*شیعری (ماریانا)
به سه‌ڵی شكاو
ده‌ستپێده‌كات و به
نائومێدبوون له گه‌یشتین به هه‌ره‌می مه‌رقه‌ده‌كان
كۆتایی پێدێت.
به وردبوونه‌وه‌یه‌كی خێرا له‌م ده‌ستپێك و كۆتاییانه، به‌تایبه‌تی وشه‌كانی (وه‌یش) و (ئۆف) تێده‌گه‌ین كه ماردین چ ناڵه‌یه‌كی له‌دڵدایه و له نێو جیهانبینیی ئه‌ودا چ خه‌مێكی قووڵ شته‌كان رهنگڕێژدهكات..!!
* * * * *
راسته ئه‌م شیعرانه تارمایی خه‌ڵكی دیكه‌یان تێدا ده‌بینرێت و هێشتا سیمای خۆیان به ته‌واوی روون نییه، .به‌ڵام ئه‌دۆنیس وته‌نی:((ئه‌وه‌ی هه‌ناسه‌بدات ده‌شكه‌وێته ژێر كاریگه‌رییه‌وه)).(4)
ته‌نانه‌ت له (ته‌ورات) دا، ده‌سته‌واژه‌یه‌كی سه‌یر هه‌یه، ده‌ڵێت:
((هیچ شتێك له‌ژێر ئه‌م ئاسمانه كۆنه‌دا، تازه نییه)).(5)
ره‌نگه مه‌سه‌له‌كه به‌و ره‌هاییه نه‌بێت كه ته‌ورات باسیده‌كات، به‌ڵام تاڕاده‌یه‌كی زۆر راسته.
د. خلیل الموسی-ش ده‌ڵێت:
((ده‌بێت خوێنه‌ر ئه‌وه بیری خۆی بهێنێته‌وه كه ده‌قی ئه‌ده‌بی له كۆمه‌ڵه ده‌قێكی دی پێكهاتووه كه ده‌شێت پێش یان هاوزه‌مانی خۆی بن و خاوه‌ن ده‌ق له بیره‌وه‌ری خۆیدا خه‌زنی كردبن، تا ده‌قه‌كه‌ی له چه‌ند ده‌قێكی نادیار- غایب –دروستبكات، ده‌قی نادیار ده‌قئاوێزان – التناص.)).(6)
من پێموایه خاڵی گرنگ له‌م رووه‌وه ئه‌وه‌یه شاعیر یان خاوه‌ن ده‌ق، تاچه‌ند ده‌توانێت ئه‌و ده‌قه نادیارانه، له‌نێو ده‌قه‌كه‌ی خۆیدا بتوێنێته‌وه.
ده‌بێت جیاوازی له‌نێوان ئه‌و دوو خاوه‌ن ده‌قه‌دا بكرێت كه یه‌كه‌میان ده‌نگی خۆی له‌ناو ده‌نگی خه‌ڵكانی دیكه‌دا ونده‌كات و دووه‌میان ده‌نگی خه‌ڵكانی دی له‌ناو ده‌نگی خۆیدا ونده‌كات.
ده‌شێت له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و جیاوازیانهشدا كه له‌نێوان هونه‌رو ئه‌ده‌بدا هه‌ن، كامكاره‌كان به نمونه بهێنینه‌وه. كامكاره‌كان كه گۆرانییه‌كی فۆلكلۆری ده‌ڵێنه‌وه، هه‌ر هه‌مان گۆرانییه فۆلكلۆریهكهیه، به‌ڵام له‌تێكڕای جوڵه و ده‌نگ و ئیقاع و لهرهكانیدا كامكاره‌كان ده‌بینیت.
با بگه‌ڕێینه‌وه لای ماردین…
*من دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كۆپله‌یه، كه له‌گه‌ڵ یه‌زدان ده‌دوێت:
ئێمه له‌ته‌نیایی كوشنده‌ی تۆ تێناگه‌ین
بۆ كاڵبوونه‌وه‌ی ته‌نیایی خۆت ئێمه‌ت خوڵقاند.
شیعرێكی خه‌یامم بیر ده‌كه‌وێته‌وه، كه ده‌ڵێت:
گه‌ردوون وه‌كو منداڵه له‌به‌ر بێكاریی
خستینیه ده‌رێ وه‌ك مت و مور بۆ یاریی
تاوێكی له‌به‌ر ده‌ستی ئه‌وا دێن و ده‌چین
ده‌خرێینه‌وه سندووقی نه‌مان یه‌كجاریی(7)
*دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كۆپله‌یه:
تێتاگهین كه سه‌فه‌رو چركه‌چركی میله‌كانی كاتژمێری مه‌رگ وه‌ك یه‌كن.
ئه‌و وته‌یه‌ی سامۆئیل بیكیتم، بیرده‌كه‌وێته‌وه، كه ده‌ڵێت:الرحیل انتحار ..(8)
واته كۆچكردن یان سه‌فه‌ركردن خۆكوشتنه.
*هه‌ره‌وها دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كۆپله‌یه:
ماریانا خه‌تای ئاده‌م بوو ئاده‌م
بۆخواردنی سێوێك،
فڕكردنی په‌رداخێك له‌زه‌ت لهمهركانهكانی حه‌وادا
ئێمه‌ی له فیرده‌وسه‌وه ئاواره‌ی عه‌ده‌ن كرد…
شیعرێكی حافزی شیرازیم، بیرده‌كه‌وێته‌وه، كه ده‌ڵێت:
من ملك بودم و فردوس برین جایام بود
ا‌دم اورد درین دیر خراپ ابادم (9)
واته من فریشته بووم و به‌هه‌شتی به‌رین جێگه‌م بوو
ئاده‌م هێنامی و ئه‌م وێرانه‌یه‌ی پێئاوهدان كردمه‌وه
ده‌شێت له نێو شیعره‌كانی ماردیندا بۆنی هه‌ندێك خه‌یاڵی مه‌حوی و به‌ختیار عه‌لی و خه‌ڵكی دیكه‌ش بكه‌ین، ئه‌مه‌ش كارێكی ئاساییه، چونكه:
*یه‌كه‌م:
شاعیره گه‌وره‌كانی جیهانیش كه‌وتوونه‌ته ژێر كاریگه‌ری شاعیرانی دیكه‌وه و سوودیان لێبینیوون، نه‌ك شاعیرێكی گه‌نجی وه كو ماردین.
بۆدلێر كه به باوكی شیعری نوێخوازی ئه‌وروپی ناسراوه، تاڕاده‌یه‌كی زۆر كه‌وتۆته ژێر كاریگه‌ریی شاعیری ئه‌مه‌ریكی ئه‌دگار ئالان پۆوه.(10)
وه‌ك ئه‌دمۆن ولسن-یش ده‌ڵێت: ئهلێوت له‌وێرانه خاكدا لانیكه‌م (35) جار سوودی له نووسه‌ران و شاعیرانی دیكه بینیووه.(11)
له شیعره‌كانی سوهراب و ئه‌دۆنیس-یشدا هه‌ست به كاریگه‌ری باشۆ-ی شاعیری ژاپۆن ده‌كرێت.(12)
*دووه‌م: ماردین تاڕاده‌یه‌ك، كه كه‌م نییه، توانیویه‌تی ئه‌و شتانه تێكه‌ڵ به‌جیهانبینی خۆی بكات و كارێكی وابكات ده‌نگی خۆی له نێو ئه‌و ده‌نگانه‌دا ون نه‌كات.
ته‌نانه‌ت ته‌وزیفكردنی به‌یتێكی فۆلكلۆری له شیعری تاعووندا، به‌لای منه‌وه یه‌كێك بوو له وێنه شیعرییه زۆر جوانه‌كانی نامیلكه‌كه‌ی.
به‌یته فۆلكلۆریهكه ده‌ڵێت:
پاوانه‌كانی ده‌زرنگێته‌وه
قافڵه له عه‌جه‌م ده‌گێڕێته‌وه.
ماردین-یش به‌مجۆره‌ی ته‌وزیفكردووه:
كه پاوانه‌كانی به‌ختی ئێمه ده‌زرنگایه‌وه
چۆن توانیت له ئاست خه‌مساردی قافڵه چیه‌كان بێده‌نگ بیت؟
پاوانه‌كانی به‌ختی ئێمه ده‌زرنگێته‌وه و
قافڵهكانی رێگه‌ی عه‌جه‌م گاڵته‌یان به برینه‌كانمان دێت.
لێره‌دا توانای شاعیرانه‌ی ماردین به شێوه‌یه‌كی ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێت.
له به‌یته فۆلكلۆریهكهدا روانینێك و له كۆپله شیعره‌كه‌ی ماردیندا روانینێكی دیكه هه‌یه،
له به‌یته‌كه‌دا هه‌ناسه‌یه‌ك و له شیعره‌كه‌دا هه‌ناسه‌یه‌كی دی هه‌یه، كه جیاوازییان ئێجگار زۆره..
ئه‌مه‌ش قسه‌یه‌كی نزار قبانی-م بیردێنێته‌وه، كه ده‌ڵێت:
((به‌رد له‌سه‌رده‌ستی رۆمانیه‌كان و فیرعه‌ونه‌كانیش بوونی پێبه‌خشرا.
گرنگ ئه‌وه‌یه سه‌رچاوه‌ی گه‌وره، له هه‌موو پرۆسه‌یه‌كی، داهێناندا ئه‌و ده‌سته‌یه كه دروستده‌كات، نه‌ك ماده دروستكراوه‌كه)).(13)
ماردین-خه‌یاڵێكی شاعیرانه‌ی باشی هه‌یه، كه بێگومان خه‌یاڵ وه‌كو ئاوی حه‌یات وایه بۆ شیعر و هیچ شیعرێك ناتوانێت به‌بی خه‌یاڵێكی شاعیرانه‌ی قووڵ ده‌ستی به نه‌مریی بگات. ئه‌و خه‌یاڵه شاعیرانه‌یه لای ماردین ئاماده‌ییه‌كی باشی هه‌یه و له هه‌رسێ قه‌سیده‌كه‌دا له رێگای وێنه‌ی شیعری ساده و له‌هه‌مانكاتدا قووڵه‌وه، به‌رجه‌سته‌كراوه.
ئه‌مه‌ش وه‌ڵامێكی جوانه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه پێیانوایه شیعری باش ناتوانێت هه‌م ساده و هه‌م قووڵ بێت.
من له‌م رووه‌وه زۆر جار وێنه شیعرێكی له‌تیف بێ‌باك-م بیرده كه‌وێته‌وه، كه له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕی ساده‌ییدا، ئه‌په‌ڕی قووڵی و ئیحابهخشیی تێدایه.
بێ‌باك ده‌ڵێت:
دارا دوو داری شكاوی دی (14)
ئه‌م وێنه‌یه ده‌شێت زۆر خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت.
یه‌كه‌م:
بێزاربوون له دووباره‌بوونه‌وه، تاكه‌ی دارا هه‌ر ئه‌و دوو داره ببینێت؟!
دووه‌م:
ئاخۆ دوای ئه‌و هه‌موو گۆڕانكارییه گه‌ورانه‌ی له هه‌موو بواره‌كاندا روویانداوه و زۆر شتی گه‌وره و بچووكیان شكاندووه و شتی دیكه‌یان لهجێگاداناون، كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه ئێمه‌ش ئه‌و دوو داره بشكێنین؟!
سێیه‌م:
له‌گه‌ڵ ئه‌و كاره‌ساتانه‌دا كه به‌سه‌ر كوردستاندا هاتن، داره‌كانی داراش شكان.
ئاخۆ ئه‌مه ته‌عبیرێكی باش نییه له‌وه‌ی كه شاعیری به‌سه‌لیقه ده‌توانێت به‌و په‌ڕی ساده‌یی، قووڵترین مانا‌و ده‌ربڕین و ئیحا به‌خوێنه‌ر ببه‌خشێت؟!
ماردین-له‌م رووه‌وه توانایه‌كی باشی هه‌یه:
سه‌یری سهگهكانم ده‌كرد
كه به گومانه‌وه به مانگه‌شه‌و ده‌وه‌ڕین…
خه‌یاڵێكی چه‌ند ساده و چه‌ن جوانه؟ وشه‌ی گومان لێره‌دا زۆر شت ده‌وروژێنێت، ئاخۆ ئه‌و وه‌ڕینه هه‌وڵدانێكی بێهووده‌ی تر نییه بۆ به‌ختیاری؟
یان هه‌ر له بناغه‌وه ته‌عبیر له بێهوده‌ی ژیان ناكات؟
ده‌بێ كڕوزانه‌وه‌ی سه‌گ بێت له‌ده‌ستی ته‌نیایی خۆی، یان كڕوزانه‌وه‌ی سه‌گه بۆته‌نیایی مانگ؟
ده‌بێت جوێندان یاخود گۆرانیوتن بێت بۆ مانگ؟
ئه‌و وه‌ك مۆمێكی ترسا‌و
كه شه‌وه زه‌نگ
ده‌ستی لێوهشاندبێ
به‌تاریكی حوجره‌كاندا رای كرد…
مۆمی ترسا‌و ئیحایهكی چه‌ند جوانی هه‌یه؟
باشه ئه‌گه‌ر مۆمه‌كان له‌تاریكی بترسێن ئێمه چیبكه‌ین؟!
ئه‌ی نه‌یانده‌وت: تاریكایی هه‌موو دنیا ناتوانێت رووناكی مۆمێك بشارێته‌وه؟!
باشه تاریكییه‌ك له‌ده‌ست له مۆمهكانمان بوه‌شێنێت، چی له خۆمان ده‌كات؟!
وامزانی یه‌خسیركردنی خۆر گه‌مه‌یه‌كه و هه‌وره‌كان له‌گه‌ڵ مندا ده‌یكه‌ن.
ره‌سوڵ هه‌مزاتۆف-ده‌ڵێت:
))پێویسته شاعیر به ریشداری له‌دایك بێت و به‌ره‌به‌ره، به‌ره‌و مناڵی بگه‌ڕێته‌وه)).(15)
ماردین-چه‌ند منداڵانه باس له ونبوونی خۆر ده‌كات له‌نێو هه‌وره‌كاندا؟ تهفسیرێكی بۆ ده‌كات كه له هیچ یاسایه كدا نییه.
ئه‌ی نه‌وتراوه: ((شیعر له سه‌رووی هه‌موو یاساكانه‌وه‌یه؟)). (16)
له‌پیربوونی هه‌نجیره ورد ده‌بوونه‌وه…
یه‌كێك له بۆچوونه‌كان ده‌ڵێت: ئه‌و داره‌ی كه ئاده‌م و حه‌وایان له‌سه‌ری به‌هه‌شت به‌ده‌ركرد، هه‌نجیر بوو. (17)
ده‌شێت لێره‌دا دال-ی هه‌نجیر، خاوه‌نی مه‌دلولێكی جنسیی بێت.
ده‌شێت پیربوونی هه‌نجیر، به پیربوونی هۆیه‌كانی یاخیبوون لێكبدرێته‌وه.
شیعره‌كانی ماردین پڕن له‌و ته‌عبیرو ده‌سته‌واژانه‌ی كه خه‌یاڵی شاعیرانه‌یان لێدهچۆرێتهوه، بۆ نموونه:
پژمینی رێحانهكان
حه‌یزی مانگانه‌ی گوڵ
هه‌نجیری خه‌وخۆش
شه‌نگه‌بی وههم
پیاسه‌ی كوكوختی به‌ناو سنهوبهرهكاندا
مه‌رهه‌می راكردوو له برین
گێلاسه حه‌رامه‌كانی جوانی
شۆسته‌ی به ویقار
شه‌ونمی بیره‌وه‌ری
هه‌ناسه‌بڕكێی ئاسووده‌یی
ئاوه حهپهساوهكان
مه‌كری رێواس به‌سه‌ر به‌فردا
نازی قورسی دارگوێز به‌سه‌ر باخه‌وانه خهوتووهكاندا
لیمۆكانی نه‌دامه‌ت
گه‌وره كچه چاو بادامییهكهی زه‌مه‌ن
ئه‌و سه‌عاتانه‌ی كه سه‌ده‌یه‌ك دواكه‌وتوون
مه‌نجه‌نیقی وه‌سڵ و زهمههریی فیراق
بێڕهواجی توحفه‌ی عه‌قڵ له بازاڕی شێتی‌دا
شه‌رمنی هه‌نار
عیشوه‌ی پرته‌قاڵ
دۆلفینه عهیارهكان
نازنازه خۆش گلهیییهكان وهتد…سه‌رچاوه و پهراوێزكان:
1)النص الشعری ومستویات القرا وه/ د.خلیل الموسی/ مجله (المعرفه) السوریه/ العدد((428-1999ص 80.
2)له نووسینێكدا به‌ناونیشانی (قه‌یرانی شیعر و رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان ) به درێژی قسه‌م له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه كردووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه نووسینه‌كه (6) مانگ زیاتره له رۆژنامه‌ی (كوردوستانی نوێ) یه‌و تا ئێستا بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه.
3) گوڵستانی سه‌عدی/ وه‌رگێڕانی مسته‌فا سه‌فوه‌ت/ لا182(ساڵ و شوێنی چلپی له‌سه‌ر نییه).
4) النص الشیعری و مستویات القرا وه / د. خلیل الموسی/ مجله (المعرفه) ص 70.
5) چاوپێكه‌وتن: به رۆژ ئاكره‌یی (رامان) ژماره (30) ی ساڵی 1988 لا 103.
(6 النص الشعری و مستویات القرا وه/ص 69 / زاراوه‌ی دهقئاوێزانم بۆ (التناص) له نووسینێكی (عه‌بدوڵڵا تاهیر به‌رزنجی) وه‌رگرتووه.
7) چوارینه كانی خه‌یام/ وه‌رگێڕانی: هه‌ژار/ انتشارات صداو سیمای جمهوری اسلامی ایران/ لا 46.( ساڵی چاپی له‌سه‌ر نییه).
8) غاده السمان. غربه تحت الصفر (بیروت: 1986) ص 159.
9) حه‌سه‌ن زیره‌ك به مه‌قام ده‌یڵێت و له دیوانی (حافزی شیرازی) شدا ده‌كه‌وێته لاپه‌ڕه (227) ه‌وه.
10) ئه‌حمه‌د مه‌لا فه‌تاح ئه‌م شیعره‌ی حافزی بۆی كردووم به كوردی.
11) د. مجید الراچی. الروح الحیه فی السیره الژاتیه :الفرد والجیل الادبیه فی العراق بین جیلین (مجله المدی- العدد 23 )
(12) گه‌ڕان له دووی خود. حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن. به‌شی دووه‌م (گۆڤاری رامان ژماره -23 ی ساڵی 1988 لا 27).
(13 بڕوانه الپقافه الا جنیه. (العدد 1 السنه . ص 163 1985-199).
14) عن الشعر والجنس والپوره/ نزار قه‌بانی/ ص 26.
(15ده‌سنووسه و تائێستا بڵاونه‌كراونه‌ته‌وه.
16) شاعیری داغستان ره‌سوڵ هه‌مزاتۆف. وه‌رگێڕانی رزگار شوانی. (رۆژنامه‌ی رێگای كوردستان ژماره ((165 ساڵی 1997).
(17 قصیده النپر والا حتمالات الموجله :الجژور. حاتم الصكر. مجله (الادیب المعاصر.العدد 41 لسنه 1990).
18) ادونیس، علی احمد سیعد. الپابت والمتحول: بحپ فی الاتباع عند العرب. الكتاب الاول. الگبعه الپالپه(بیروت: 1980 )ص 220.mhamadkurdo@yahoo.com
*ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه له ژماره (3)ی گۆڤاری (ئاینده)ی ساڵی 1999 و دواتریش له كتێبی (لاله‌زاری وشه)دا كه كۆمه‌ڵێك ره‌خنه و بابه‌تی ئه‌ده‌بییه، بڵاوكراوه‌ته‌وه.