Skip to Content

Monday, December 9th, 2024
هەر شکۆدار بێت ئیرادەى سەربەخۆی رۆژنامەوانان!!..حەسەن جودی

هەر شکۆدار بێت ئیرادەى سەربەخۆی رۆژنامەوانان!!..حەسەن جودی

Closed
by February 4, 2008 گشتی

رێکەوتى (2008118) لەمەودوا دەبێتە رۆژێکى پڕشنگدار لە ژیانى رۆژنامەوانى کوردی بەتایبەتى و رووناکبیری کوردی بەگشتى. چونکە لەو رۆژەدا زیاتر لە حەفتا رۆژنامەوانى کورد لەسەر بنەماى دەرککردن بە بەرپرسیارێتى نەتەوەیی و دیموکراتی هەڵوێستێکى پڕ واتادار دەنوێنن و بە دەسەڵاتى کورد دەڵێن:" ئەگەر تۆ خەتى سوورت بۆ  مەسەلە نەتەوەیی و دیموکراتییەکان نییە و بۆ پاراستنى دەسەڵاتى خۆت هەموو بەها نەتەوەیی و دیمکوکراتییەکان دەکەیتە قوربانى ئەوا ئێمە پێت دەڵێین" ئیتر بەسە".
بێگومان گرنگێتى ئەو چالاکییە لەوەدایە کە هەر تەنیا لەپێناو داخوازییەکى پیشەیی، یان پێداویستییەکى توێژاڵی نییە، بەڵکو کرۆکى چالاکییەکە لەبەرامبەر بڕیارێکى نانەتەوەیی و نادیموکراتیانەی حکومەتى هەرێمە، تەنانەت لەناواخنى ئەو بڕیارەدا پیلانگێرٍییەک و رێککەوتنێک هەیە لەگەڵ رژێمى تورکیا و ئەمریکا بۆ سەرکوتکردنى بزاڤى ئازادیخوازى گەلەکەمان و زیاتر بەرتەسککرکردنەوەى رووبەرى ئەو بڕە ئازادییە کە گەل بەخوێن و گیانى خۆی بەدەستى هێناوە…بۆیە چالاکییەکە چالاکییەکى تەواو نەتەوەیی و دیموکراتی مەزنە و لەو باوەڕدام کە لەگەڵ خۆیدا بەهاى پڕ مەزن دەئافرێنێت. دەتوانم بڵێم ئەو چالاکییە یەکێکە لەو چالاکییانەى کە بەتەواوى لەدەرەوەى بازنەى حزبایەتى و بەرژەوەندى توێژاڵی ئەنجام دراوە. ئەمەش ئاماژەیەکى گرنگە بۆ خۆرێکستەکردنى چین و توێژەکانى گەل لەدەرەوەى پانتایی پارتەکان، هەروەها داواکارییەکان و ناڕەزاییەکان ئیدى سنوورى داخوازى و ناڕەزایی چین و توێژەکان تێدەپەڕێنێت و رەهەندى نەتەوەیی و دیموکراتى لەخۆوە دەگرێت. ئەمەش  سەرەتاى وەرچەرخانێکە لەناوەرۆک و شێوازى ناڕەزایی و چالاکی نواندنەوە.
بۆیە وا مەزەندە دەکەم کە ئەو چالاکییە ببێتە هەوێنى زنجیرە چالاکییەکى دیکەى نەتەوەیی و دیموکراتى بەرفراوان. بەتایبەتى دواى هەموو ئەو شکستانەى کە سەرانى کورد لەئاستى ئێراق و باشوورى کوردستان خواردیان، هەر لەمەسەلە چارەنووسسازەکانى وەک گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕێندراوەکانى باشوور، سنووربەزاندنەکانى تورکیا، تادەگاتە نیشاندانى خراپترین نموونەى دەسەڵات و بەڕێوەبردن، بەڕادەیەک گەندەڵی گەیشتۆتە ئاستى هەرە مەترسیدارى خۆی، کە ئیدى تەواوى دەستکەوتە نەتەوەیی و دیموکراتییەکانى گەلی کوردى خستۆتە ژێر مەترسییەوە.
 ئەوەى لێرەدا گرنگە پاراستنى گەوهەرى نەتەوەیی و دیموکراتیانەى چالاکییەکانە، بەردەوام بوون و کۆلنەدان و فراوانکردن و مەزنکردنى پانتایی چالاکییەکانە لەرووى چەندایەتى و چۆنایەتییەوە.  بەمەش چالاکییەکە بەشکۆدارى خۆی دەمێنێتەوە مسۆگەر ئیرادەی سەربەخۆ و ئازادیخوازانەى رۆژنامەوانانى ئازاد، مەفرەزەکانى قەڵەم، مەفرەزەکانى وشە و هەڵوێست و جورئەت….

Previous
Next