Skip to Content

Friday, September 20th, 2024
سەرکردەو گەندەڵى…کەمال ڕەئوف

سەرکردەو گەندەڵى…کەمال ڕەئوف

Closed
by February 4, 2008 گشتی

   ئەمڕۆ لەکوردستان قسەکردن لەسەر گەندەڵى بوەتە بنێشتە خۆشەى سەرزمان وهەموو کونوقوژبنێکى ژیانى گرتوەتەوە، مناڵان، گەورەکان، هەموو توێژەکانى ناو کۆمەڵ تەنانەت هەندێ لە ئەندام پەرلەمان و بەرپرسى حزبى و حکومیش لەگەڵ تەوژمەکەدا دەڕۆن و باس  لەگەندەڵى دەکەن. ئەمڕۆ کەس نییە دەیان و سەدان نمونەى گەندەڵى لەبەرچاو نەبێت، هەر بۆیە لاى خەڵک قسەکردن لەسەر ئەم دیاردەیە ئیتر خەریکە دەبێتە مۆدیلێک لە دەستپێکردن و سەرەتاى وتووێژکردنى یەکترى ناسین، لەناو تەکسى وپاس، لاى دکتۆر وفیتەر، لەقوتابخانەکان وتەنانەت لەشوێنە گشتیەکان و ناو میدیاکانیش هەرباس باسى گەندەڵی و دەوڵەمەندبونى حزبەحاکمەکان و سەرکردەکانیانە. ئەکرێ بەگریمان بڵێن: ئەشێ هەندێک بێویژدانى بە قەبارەى بوونى گەندەڵیەوە بکەن و زیادە ڕوێى بکەن بەم مەسەلەیەوە، بەڵام لەبەرانبەریشدا خۆناکرێت بڕوا بەخۆمان بهێنین وبڵێن هەموو ئەو چیرۆک وبەسەرهاتانەى لەمەڕ گەندەڵى دەکرێ، هەموو ئەو ژمارانەى وەک سەروەت و سامانى ئەوان بەیان دەکرێ، بە درۆیەکى بێ ماناو بێ ناوەرۆکیان بزانین! باشە ئەى ئەگەر وایە و گەندەڵى لەنێو حزب و ئیدارەى حکومەتدا هەیە، ئەى ئاخۆ کێ بەرپرسى سەرەکیە لەوەى کەئەم دیاردەیە هەیە؟ ئاخۆ چارەسەرى ئەم دیاردە ترسناکەى کە "شوڕشگێرى" دوێنێ دەکاتە دزو گەندەڵچى ئەمڕۆ و پاروى ناوگەروى مناڵان دەرفێنێت، بەوە بکرێ وەک ئەوەى بەرپرس و سەرکردەى حزبەکان خەریکن لەپێش گەندەڵیدا چارەسەرى "درۆ بوختانەکان"بکەن؟ خەڵک هەقیەتى بپرسێت ئاخۆ بڵاو بوونەوەى هەواڵى ڕاست و ناڕاست لەسەر ئەم دیاردەیە هۆکارن لەدروست بوونى گەندەڵی یان بەپێچەوانەوە ئەوە بەرئەنجام و ئاکامى بوونى گەندەڵى ونەبوونى شەفافیەتە کە وادەکات هەواڵى جۆراو جۆر لەسەر ئەوان دروست ببێت؟ کاتێک گەندەڵى وادەکات کە مناڵانى شەش، حەوت ساڵان لە بوونى نەوت و زۆپا مەحروم بکات و بەهیواى فێربوون لە پۆڵێکى ساردو سڕا بەدیار مامۆستاوە دایاننێ، کاتێک گەندەڵى مرۆڤ لە ئاوى خواردنەوەى پاکژ مەحروم دەکات، کاتێک دەبینرێت بەبێ بەرنامە بەدەیان بازار و بیناى چەند نهۆمى بەپارەى حزب بەرپرسى حکومى دروست دەکرێ و لەولاشەوە مناڵان لەبەر نەبوونى قوتابخانە  سێ دەوام لە قوتابخانەیەکى ساردو سڕدا دەکەن، کاتێک خەڵک دەزانن بە هەڤدەساڵ ئیدارەو حکومەت کردن تەنها هەر گوێ بیستى بەڵێنى ناڕاست و درۆ دەبێ، ئاخر چیتر خەڵک ناتوانێ لەمەترسیەکانى گەندەڵى نەترسێ و بەمەترسى لەسەر خۆى و ژیانى ماڵ و منداڵى نەزانێت ولەبارەیەوە قسەنەکات، چیتر ناتوانێت بڕیارو دادگایەک بەدادپەروەر بزانێ کە لە گەندەڵى و درۆکانى ئەوان نەپرسێتەوە وڕۆژنامەنوسانیش قوڕقەپ پێبکات! باشە ئەگەر گەندەڵى هێندە ترسناکە کەناکرێت لە سەر لاپەڕەى ڕۆژنامەکان باسى لێوە بکەین و کراوەتە خەتى سور، ئەى ئاخۆ چیە وابکات کە "سەرکردە شوڕشگێرەکانى دوێنێ و دۆستە خەمخۆرەکانى جەماوەر" بیرێک لەچارەسەرى ئەم دیاردەیە نەکەنەوە و بەخەمساردیەوە لێى بڕوانن؟   ئاخر ئەگەر وانیە ئەى بۆچى پێمان ناڵێن، ئەى کوا بەرنامەو پلانى ئێوە چییە بۆ نەهێشتنى گەندەڵى؟ بۆ باسى ئەوەناکەن ئێوە سەرکردەکان خۆتان لەکوێى ئەم گەندەڵیەدا وەستاون و بۆ سنورێک بۆ ئەم دیاردەیە دانانێن؟ جاران بەهانەو پاساو بۆ خەمساردى و گەندەڵى ئەوەبوو کە خاوەن حکومەت وئیدارەکى ساوابووین، کەچى ئێستا تا حکومەت پیرتر بێت کەندەڵترو تاحیزب دەستڕۆیشتو تربێت چاوبرسى تردەبێ، بەدرێژایى هەڤدەساڵ دەسەڵاتدارێتى بەبەهانەى جۆرواجۆر دیاردەى گەندەڵى نەک هەر بەرى پێنەگیراوە و چارەسەرێکى گونجاوى بۆنەدۆزراوەتەوە، بەڵکە وا خەریکى دروستکردن و پەروەردە کردنى نەوەیەکى گەندەڵچى وایە کەسلوکى گەندەڵى ڕۆچوەتە ناخەوە و ئەستە بتوانرێت بیر لەوە بکرێتەوە ئەوان و گەندەڵى لەیەکتر جیابکرێنەوە، تارمایى و دوکەڵى گەندەڵى ژیانى لەخەڵک هەراسان کردوەو خەریکە دەبێتە بەشێک لەهەڵوسوکەوتى ئاسایى ڕۆژانەى خەڵک و دەگاتە لوتکەو پێشبڕکێى ئەو وڵات ولایەنانەش دەکەین کە وەک مەرجەعى گەندەڵى لەناوچەکەدا دەناسرێن.
ئێستا چیتر هەقمانە لەسەرکردەکان بپرسین، کێ بەرپرسە لەو هەموو نەهامەتیەى کە لەپشتى گەندەڵیەوەیە؟کێ بەرپرسە لە بەهەدەردانى سەروەت و سامانى ئەم وڵاتە؟ هەقمانە بپرسین ئاخۆ ئێوە بەدادگایى گەیاندنى ڕۆژنامەنوسان لەسەر باسکردنى گەندەڵى بە بەشێک لەچارەسەرى گەندەڵى دەزانن؟ ئاخۆ ئێوە لاتان وایە ئەگەر چیتر قسە لەسەر گەندەڵى نەکرا برینى ئەم دیاردەیە سارێژ دەبێ؟ یان بەپێچەوانەوە هەوڵدان بۆ داخستنى دەمى ڕۆژنامەنوسان و شوێنە گومێ پێکردن وخەفەکردنى دیاردەى گەندەڵى، خۆى بۆ خۆى بەشێکە لەگەندەڵى و داکۆکى کردن لێى وهەرکەس و لایەنێکیش بچێتە پشتیەوە ئەوا بەئاشکرا شانى خۆى  بەتەپوتۆزى گەندەڵى ئارداوى دەکات ودەبێتە گەندەڵچى. 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.